فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

یەکەم کتێبی تایبەت بە ” ئێستێتیکای موزیکی فیلم”

یەکەم کتێبی تایبەت بە “ئێستێتیکای موزیکی فیلم”

نایف محەمەد ئەحمەد / هونەرمەند/ هەولێر

 

سەرەتایی ساڵانی دوو هەزار لەڕێگەی دەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیاری بواری دراما و تەلەفزیۆن لەسازدانی یەکەم میهرەجانی کورتە فیلم ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە پرس و بابەتەکانی فیلمسازان بووم.

بەندە جگە لەوەی موزیکی کورتە فیلمی دەستپێکی میهرەجانەکەم ئامادەکردبوو، لەلایەکی دیکەشەوە ئەندامی لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەو میهرەجانە بووم.

لەزۆر بابەت و پرسە هونەرییەکانی بواری فیلمسازی گوێبیستی دەرهێنەران و دڵسۆزانی ئەو بوارە هەستیار و پڕ هونەرە دەبین. ئەوانیش

سەرباری هەموو کێشە و گرفتەکانیان خۆشبەختانە لەهەموو لایەکەوە بە دڵسۆزییەوە بەپێی توانای خۆیان درێخیان نەکردووە، لەئەنجامدانی فیستڤاڵی هەمەجۆر بۆ سازدانی دیداری هونەریی تایبەت بە پرسەکانی ئەو هونەرە .

لەبەر ئەوەی ژمارەیەک لە هونەرمەند و هونەرکارانی ئەو بوارە لەنزیکەوە دەناسم، کەم تا زۆر ئاگاداری هەندێک گیروگرفت و کێماسی و کار و چالاکییەکانی بواری فیلمسازیم، یەکێک لەو بوارانەی، کە زۆر کێماسی و هەژاریی پێوە دیارە؛ مامەڵەکردن و بەکارخستنی موزیکە لە کارە درامییەکان و فیلمسازی کوردی بەگشتی، بۆیەش دەمێک بوو پڕۆژەی وەرگێڕانی سەرچاوەیەکم لەلای خۆم گەلالە کردبوو، پاش هیلاکی و ماندوو بوونێکی زۆر لەوەرگێڕانی کتێبەکەم بوومەوە. لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر و بەندی پێداچوونەوەی زمانەوانی کتێبەکە بووم لە بازاڕی هەولێرێ لەنزیک کۆتری ئاشتی تووشی یەکێک لەو دەرهێنەرە ناسراوانەی کوردستان بووم، کە کارەکانی لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە لەڤیستڤالەکان خەڵاتیان بەدەستهێناوە و وەک سەرۆکی ڤیستیڤاڵ و کارەکتەری دیاری کوردستان ناوە ناوە لە میدیاکان بەدەر دەکەوێت.

زۆر دڵخۆش بووم لەدڵی خۆم گوتم ئەوەی لێی دەگرام خۆیەتی، دوای هەواڵ پرسین و چاک و چۆنی پێم گوت ئەرێ خۆ دەیان جار ئێوەی دەرهێنەران و کارەکتەرانی فیلم هەر گلەیی لەلاوازی و هۆشیاری موزیکی فیلم دەکەن وا کتێبەکەم ئامادەیە بۆ چاپ دەفەرموون لەپەراوێزی ڤیستڤالەکەتان ئەو کتێبەش چاپ بکەن وەک یەکەم کتێب بەزمانی کوردی تایبەت بە موزیکی فیلم ؟

 

دوای ئەوەی بەمتمانەیەکی زۆرەوە ئەو داوایەم لە بەڕێزیان کرد، چاوەڕوانی وەڵامێکی ئەرێنی بووم، لەبەر ئەوەی ساڵانێک لەنزیکەوە یەکترمان ناسیوە و لە دامەزراوەیەکی ڕاگەیاندن بەیەکەوە بەریەکەوتنمان بووە و زۆر جاران لەساڵانی رابردوو گەنگەشەی کێماسییەکانی پەیوەست بەو بوارەمان لەگەڵ یەکدا کردبوو، کەچی زۆر بێباکانە پڕ بەدەم گوتی؛ نەخێر نە بەخوا لە توانامان نییە وەک ڤیستڤاڵ ئەو کتێبە چاب بکەین .

وەک ئەوەی داوام لێی کردبێت ڕۆمان و کورتە چیرۆک و بابەتێکی ئاسایم بۆ چاپ بکات، لەوەش سەیرتر دوای وەڵامەکە ڕاستەوخۆ ڕووی تێکردم و گوتی:

“بەڕاستی ئەو بابەتە زۆر گرینگە تاکو ئێستا کتێب و سەرچاوەی ئاوامان نییە لەبواری سینەما کە چاپت کرد دانەیەکم بە PDF بۆ بنێرە”.

سەڕێکم بۆ لەقاند و خودا کەریمێکی وەک بێ باکی خۆیم بۆی هەڵدا؛ خودا حافیزیمان لەیەکتر کرد .

دوای ماوەیەک پەیوەندیم بە برای بەڕێزم (هاوار مستەفا خان) ی سینەماکار کرد؛ کە سالانێکی زۆرە لەو بوارەدا دەروێش ئاسا خزمەت بە سینەما و بڵاوکردنەوەی مەعریفە و کەلتووری سینەما دەکات لە کوردستان. لەبەر ئەوەی بەڕێزیان ئاگاداری وردەکارییەکانی بوارەکەی خۆیەتی لەو پەیوەندیەدا بەبیستنی ناونیشانی کتێبەکە ڕاستەوخۆ دڵخۆشی و سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی و بەگەرمی پێشوازی لە چاپکردنی کتێبەکە کرد.

لە خولی چوارەمی ساڵی 2023 بەبۆنەی ڕۆژی سینەمای کوردی لەڕیزی کۆمەڵێک کتێب کتێبەکەی ئێمەشیان چاپکرد و بانگهێشتی فەرمیشیان کردین بۆ ڕێوڕەسمەکەیان لە شاری سلێمانی .

تێبینی: ئەو نووسین و پێزانینەم بەئەرک زانی بۆیە لێرەدا یاداشتم کرد و بڵاوم کردەوە. .

لەکۆتایدا سپاسی تایبەتم بۆ هەریەک لە بەڕێزان ( د. ئامانج غازی) و نووسەرو ڕەخنەگری شانۆ ( موحسین محەمەد) کە لەماوەی رابردوو لە دوو کات و شوێنی جیاواز پەسنی ناوەڕۆکی کتێبەکەیان کردووە.