فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هاوڕێی ئازیزساڵیادت بەخێر

هاوڕێی ئازیزساڵیادت بەخێر

حوسێن بەفرين/ شاعير و نووسەر / سلێمانی

 

 

وا بوو بە پار كە لە بەرەبەیانی 27ی 6ی 2023دا هاوڕێ‌ ی مناڵیم دكتۆر(فایەق محەمەد ئەمین)ماڵئاوایی لە ژیان كرد و ئەستێرەی بوونی كوژایەوە.

ماوەیەك بە سەر كۆچكردنی ئەودا تێپەڕی كە(مەریوان)ی كوڕی باسی نووسینێكی باوكی بۆ كردم كە تیایدا داوای ئەوەی كردووە بەڵكوو من بۆی بكەمە كتێب،منیش وتم بیهێنە بە سەرچاو.كە هێنای تیایدا نووسی بووی:

(هەرچەندە ئەم نووسینە هەندێ‌ بە شەرمەزارییەوە ئەنووسم بەڵام بە داخەوە گڵا مەیل بڕە و هەموو كەس خۆشەویستە مردووەكانی زوو زوو بیرئەچێتەوە، بۆیە ئەڵێم نووسینەوەی ئەم یادگاریانەم خۆزگە نەفەوتایە بەڵكوو ڕۆژێك یەكێكی وەكوو برادەری خۆشەویستم(حسێن بەفرین)بیكات بە نامیلكەیەك.حسێن بەفرین هاوڕێ ی مناڵیمە) .

ئیتر منیش ئەوەی لە ڕووی داڕشتنی زمانەوە پێویست بوو،ئەنجامم دا، دواجاریش نەك نامیلكە بەڵكوو ئەم كتێبە قەشەنگەی لێ‌ دەرچوو كە لە بەر چاوی ئێوەدایە.

ئەو باسانە خۆبەخۆ بوونە گێڕانەوەی دەقێكی ئەدەبی و خۆبەخۆيش هەموو مەرجێكی ئەدەبی لە خۆگرتووە

 

ئەم كتێبە نووسینی بیرەوەیەكانی دكتۆر فایەقە وخۆی نووسیویەتی باسی ماوەیەكی كەمی ژیانی خۆی ئەكات،ماوەكەيش لە مانگی دووی 2023 وە دەست پێ‌ ئەكات بۆ27ی مانگی 6ی 2023 كە ڕۆژی كۆچ كردنیەتی.

وەكی تر دكتۆر لەو كاتەوە قسە لە سەر نەخۆشی یەكەی ئەكات كە پێی زانیوە و هەستی بە ترسی مردن كردووە، كاتێكیش پێی زانیوە كار لە كارترازاوە و نەخۆشیيەكەی لەپلەی چواردا بووە و چاك بوونی تەنهادرێژەدان بە ئازاركێشان بووە. ئیتر باسی ئەو ئازار و دەردە سەریانە ئەكات كە لێرە ولەچوونە ئەڵمانیادا تووشی هاتووە، جارجاریش لەڕێی (فلاش باكەوە)هەندێك ڕووداوی ڕابردوو ئەگێڕێتەوە.

ئەو باسانە خۆبەخۆ بوونە گێڕانەوەی دەقێكی ئەدەبی و خۆبەخۆيش هەموو مەرجێكی ئەدەبی لە خۆگرتووە، گرنگی ئەودەقەيش لەوەدایە بیركردنەوە و خەیاڵ و لێزانینی مرۆڤی لە پشتەوە نیيە، بەڵكوو كێشەكانی ژیان چۆن هاتوون بێ‌ دەسكاری و دەست تێوەردانی بیر و بیركردنەوەی مرۆڤ، وەها پێشهاتوون و دكتۆریش وەك كارئەكتەرێك تەنها گێڕانەوەی لە سەرە و هیچی تر، ئیتر ئەوە ژیان خۆیەتی ئیشەكانی تر ئەكات، بۆیە لام بەرهەمێكی جوانی ئەدەبییە، ئیتر ئەوە ژیان خۆی وایە، تۆ سەیری ئەم نووسینە ساڵێك پێش ئێستا لای نووسەرەكەی خۆزگەیەك بووە، كەچی ئێستا ئەو خۆزگەیەيش بووەتە ئەم كتێبە و چووتە جێی خاوەنەكەی، بەڵام ئەو كەسەی خۆزگەی پێخواستووە ئێستا لێرە نەماوە و بۆتە باسكردنی ڕابردوو.