فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نەفرەتی نەوبەهاران

نەفرەتی نەوبەهاران

 

ڕێڤان جاف/ نووسەر/  هۆڵەندا

 

نەفرەتی نەوبەهاران، ڕۆمانێکی ئاڵۆز و غەمگین و خوێناوی یە، چیرۆکێکی کۆمەڵایەتی یە، ئەم ڕۆمانە لە نووسينی نووسەر بەختيار عەلييە، چیرۆکی کامێرا و وێنەیەکە باس لە پیاوێکی عاشق دەکات بەهۆی عەشقی بیئەندازەی هاوسەرەکەی لە ساتی ترس و غەمباری و لەدەستدانی دا بە بێئاگایی خۆیی بۆ یادگاری وێنەیەکی ڕووتی دەگرێت. هەروەک هەموومان دەزانین ئابڕووی ژنان لەناو کەلتووری شەرەفدا زاڵە و پشکی شێری شەرەف بەر خانمان کەوتووە، جەستەییان بڤەیەکی مەترسیدارە و لە خانەی ستەملێکراوانە و لێدانی ئازادە، ئەم وێنەیە وەک نەفرەتێکی ڕەش خانمی نەوبەهارانی کردە قوربانی، قوربانی خێزان و سەردەم وکەلتوور و سیاسەت و دین و دەسەڵات، وێنەیەک دەبێتە سەراوبنکردنی چارەنووسی کەسانێکی زۆر، پەرتەوازەکردنی بنەماڵەیەک و چەواشەکردنی مێژوویەک، شکۆی مێژوو بەرەو دۆخێکی کێشەئامێزی خوێناوی دەگۆڕێت، وێنەیەک دەست بۆ هەموو هاوسەنگيیەکان دەبات، وێنەیەک وەک تەڵەیەکی گەورەی قڕکردن و شەڕوهەراو و بەگژداچوونەوە و تەگەرەنانەوە و تۆڵەسەندەوە ناوچەیەکی بۆ دۆزەخ و گۆڕستان گڕی. بەناوی شەرەفی ژنەوە دونیایەک ناپاکی و کاولکاری و فیتنەی خیانەت کرا، لە بنەڕەتدا (شەرەفی ڕاستەقینە ڕاستگۆییە لە کردار و بیرکردنەوەدا ) دوور لە ژیانێکی دوالیزمەیی، دوور لە نواندن و ساختەچێتی و دووڕوویی.

نەفرەتی نەوبەهاران، باس لە گرفت و بەریەککەوتنی عەقڵیەتی کۆمەڵگەی داخراو و خێڵەکی و گەشەسەندنی داهێنانە نوێیەکان دەکات، باس لە ٥٠ ساڵ پێش ئێستا دەکات کە کامێرا تاک و تەرا لێرە و لەوێ پەیدابووە، ڕووداوەکانی ئەم چیرۆکە بۆ سیستەمی تەکنیکی نوێی ژیان و دۆخی گەیشتنی ڕەوتی تەکنەلۆژیا و بەرهەمە ئەلەکترۆنیەکانی دونیای تازەگەری ئەم سەردەمەيش شیاو و گونجاوە. ئەو سەردەمە زۆرینەی خەڵک وایان دەزانی هەر ئامێرێکی تازە و پێشکەوتوو خەڵکی دەخاتە سەر باری نائومێدییەکی ڕەش، لە هەمووی ترسناکتر لایان وابوو خەڵکی زیاتر لە دین و دیانەت دووردەخاتەوە، خۆڕاگری و شان خستنەبەر ئەم گوشارەی دونیای ئامێرەکان بەلایانەوە زۆر زەحمەت و قبووڵنەکراو بوو، هەموو هەوڵ و کۆششیان بۆ خۆیەکلاکردنەوە تەنها بە لای دونیای ڕابردوودا بوو.

 

نەفرەتی نەوبەهاران، باس لە گرفت و بەریەککەوتنی عەقڵیەتی کۆمەڵگەی داخراو و خێڵەکی و گەشەسەندنی داهێنانە نوێیەکان دەکات

وێنەیەک بوو بەهۆی کوشتنی هێز و ئیرادەی جەوهەری ژنان، نرخی وێنەیەک لە نرخی ڕاستەقینەی ژنێک بەهادارتر بوو، وێنەیەک بوو بە مێژوویەکی پڕ ترس و خوێن و هاڕین و لەناوبردن، بوو بە ئاگری ئەزموون بۆ زۆر کەس، نەفرەتی وێنەیەک وەک تاعونی ڕەش ژیانی چەندەها کەسی بێ خەتای داغان کرد، وێنەیەک بوو بەهۆی لەدەستدان و هەڵتەکاندنی شکۆ و سەروەری بنەماڵەیەک، ناوی عەشیرەتێکی پیس و لکەدار و ڕسواکرد، وێنەیەک بووە مۆتەکە و شەوانە پەلاماری براکانی دەدا و ترسێکی قووڵ لە ناخیاندا دەتەقیەوە، وێنەیەک وایکرد پلان بۆ دروستکردنی شارێکی داخراو و قایمی دوورە دەست و ئاوەدانی بکەنەوە بۆئەوەی ئابڕوویان لە دەست و چاوی چاوبگێڕ و ناحەزان بە دووربگرن و ژنان لە گۆشەی ماڵەکانیاندا قەتیس بکەن.

وێنەیەک نەک هەر شەرەف و ئابڕووی ژن وخێزان و بنەماڵەیەکی برد، بگرە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بووە هۆکاری بێڕەحمانەی ڕاوکردن و گرتن و لە سێدارەدانی کەسانی ڕێکخستنە نهێنیەکانی شۆڕش، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خەبات و ڕێکخستنەکان کرد، لە ڕێگەی ئەم وێنەیەوە ویستیان سەر بە یاخیيە کوردەکان شۆڕبکەن و دووبەرەکی زیاتر لە نێو تاقمە چەکدارەکانی سیاسی دا بخولقێنن، لە ڕێی ئەم وێنەیەوە شەرەفێکی گەورەتریان کردە ئامانج تا بیشکێنن، بۆئەوەی زیاتر قودسیەتی خاک و ئیرادە و شوناسی نەتەوەیەک ژێرپێ بخەن.

 

وێنەیەک سوڕێکی ترسناک و پەسەندنەکراوی بە ناو مێژوودا دروستکرد وەک نەفرەتێک پشتاوپشت دوای نەوە بە نەوە دەکەوێت

هەموو ئەوانەی ئەم وێنەیەیان لە سوود و بەرژەوەندی خۆیاندا بەکارهێنا لە پووچیی و بێدەربەستی و خەمساردی خۆیانەوە بوو، پیاوەکان بۆئەوەی شەرەفیان هەبێت بەسەر جەستەی ئەم وێنەیەدا سەرکەوتن، بۆئەوەی هێزی ئارەزوو و غەریزەکانیان تێربکەن ڕۆحی ئەم خانمەیان هەلاهەلاکرد، ئیمانداران بۆئەوەی ئیمانیان پتەوتر بێت و موعجیزەیەک دروستبکەن و زیاتر باوەش بە میهرەبانی خودادا بکەن بە جیهادی ئەکبەر بۆیان حیساب بکرێت و مەکانی ئەعلاییان هەبێت بەسەر لاشەیدا سەرکەوتن، جەردەوان و جاشە کوردەکانیش بۆئەوەی لە پەلامارداندا ڕوتبە و پێگەی بەرز و پتەوتریان هەبێت (لە کەسێکی بارنەبەرەوە بوونە شێری مەیدان).

وێنەیەک سوڕێکی ترسناک و پەسەندنەکراوی بە ناو مێژوودا دروستکرد وەک نەفرەتێک پشتاوپشت دوای نەوە بە نەوە دەکەوێت و دەبێتە بەشێک لە دڵەڕاوکە و مۆتەکەی خەونە ترسناکەکانیان، هەموو جارێک لەگەڵ دەرکەوتنی وێنەکەدا بە جۆرێکی تر تارمایی مەرگ خۆی دەنواندەوە، گیڤەی قامچی ئابڕووچوون بەسەر سەریانەوە دەخولایەوە و شلکوتی مەرگ و خوێن و ڕسوایی حەیاچوونی دەکردن. لە دوای ئەو سوڕە سامدارە ، لە دوای ئەو سەردەمە تاریکەی مێژوویی ئابڕووچوون، یاریەکی کوشندە و شەڕانگێزی تۆڵەکردنەوە سەریهەڵدا، خانمی قوربانیی و مناڵەکانی لە دۆخێکی سەخت و شڵەژاوی تۆڵەکردنەوەدا کەوتنە دروستکردن و کۆکردنەوەی ئەرشیفێکی ترسناک و قێزەوەن لە وێنەی ڕووتی پیاوان و ژنانی ناوچەکە تا بڕ و ڕادەی ئەم نامووس چوونە دامێنی ڕۆحی هەموو لایەک بگرێتەوە و لە مرۆڤبوونیان بخات، مردن بکەنە چارەنووسێکی هەڵبژێردراوی کۆتاییان.

نەفرەتی نەوبەهاران، لە زەقککردنەوە و قووڵبوونەوەی کارەسات و لایەنە تاریکەکاندا بە جۆرێک چڕبۆتەوە، لایەنە مرۆڤدۆستیيەکەی پێکەوە ژیانی تەوق و لە خاچداوە

 

قۆناغە مێژووییەکانی ئەو هەرێمە تا بینەقاقای کەوتنە نێو نەفرەتی ڕەشەوە، کەوتنە بەر زەبری پووکانەوە، نزیکەی نیو سەدە دونیای مرۆڤایەتی لەو ناوچەیەدا لە ڕق و بێ هەڵوێستی و بێ دەنگیدا ڕووبەڕووی شەرمەزاریيەکی گەورە و خوێناوی بووەوە تا ئاستێکی ترسناک مرۆڤایەتی ئیفلیج کردبوو. کەسێک نەبوو بە ویژدانەوە بە هەڵوێستی مەردانە و ئازایەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم مێژووە نەفرەتیيەدا بکات. قارەمانێک نەبوو بوێرانە و ژیرانە دوور لە نیيەت و بەرژەوەندی تاکەکەسی ئەم ڕێگەی پووچەی ئابڕووبردن ببڕێنێتەوە و سەرقاڵ بێت بە مرۆڤایەتی و مرۆڤ بوونی خۆی پیشان بدات، جارێکی تر دەست بۆ پێناسەکردنی ئەو نەفرەتیيە ڕەشە ببات ( ژیان و پەیوەندی یەکان _ مرۆڤ و پێگەی پیرۆزی ژن ) داڕێژێتەوە و ژیرانە وەرچەرخاندنی تراژیدیای ئەو دۆزەخە بەرەو ژیان ببات.

لە درککردنی وێنە نەبینراو و تەمومژاوییەکانی ئەم چیرۆکەدا، لە نێو مێژووی هەموو ئەو ناکۆکیی و کاولکاری و خوێنڕشتنەدا، هەیمەنەت و فەرزی پیاوێتی لەناو جەرگەی دەسەڵاتی ستەمکاریدا زاڵە و بەردەوام مێینەی ژن دەداتە بەر تیری بچووککردنەوە و هەڕەشەی تانە و تەشەر و ژاراوی نەشتەری “کوشتن و کۆیلەبوون و قوربانی”.

نەفرەتی نەوبەهاران، لە زەقککردنەوە و قووڵبوونەوەی کارەسات و لایەنە تاریکەکاندا بە جۆرێک چڕبۆتەوە، لایەنە مرۆڤدۆستیيەکەی پێکەوە ژیانی تەوق و لە خاچداوە، ڕەشبینی بە قووڵیی و سەختی ڕەگی خۆی داکوتاوە هیچ تروسکەیەکی هیوا و دەربازبوونی نەهێشتۆتەوە، فکر و هۆشی خوێنەر دەکەوێتە نێو بیرکردنەوەی نەرێنی بەردەوامەوە و لە حاڵەتێکی نائومێدی قووڵەوە بۆ حاڵەتێکی قووڵتر و خوێناویتر لە ئازارەکانی مەرگ و سەرکوتکردن و تۆڵەکردنەوەی نەبڕاوە.

ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت:

بێ هەڵوێستی لەگەڵ بەهای مرۆڤبووندا نایەتەوە.

بێ دەنگیەکی گەورە، تراژیدیایەکی گەورەتر دروست دەکات.

لە پێناو شەرەفدا دەبێت ئازادیممان هەبێت.

لە پێناو ژیانێکی ئابڕوومەندانەدا دەبێت پرەنسیپی ئەم وتانە وەک فەرمانێک بە شێوەیەکی بێوێنە بەڕێوەببرێت.