فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

رۆمانێک لەبارەی سیمۆن دو بۆڤوار

رۆمانێک لەبارەی سیمۆن دو بۆڤوار

 

نيهاد جامی/ نووسەر و شانۆکار/ فەرەنسا

 

 

نووسینی ڕۆمان لەبارەی ژیانی تایبەتی فەیلەسووف و نووسەر لەبنەڕەتدا گواستنەوەی ئاستی ڕەگەزی هەواڵە بۆ ئاستی گێڕانەوە و دیالۆگ، تاوەکوو سەر لەنوێ کۆی زانینی هەواڵی ژیانی تایبەتی و کولتووری وەک گێرانەوەی ئەدەبی خۆی بخاتە ڕوو، ئەوەيش کارێکە گەر چی زەمینەی بیرۆکە پەیوەستە بە ژیاننامەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا سەختیيەکی تەواوی تیایە، بەو پێیەی ناچارت دەکات پابەندی ڕووداوە تایبەتیيەکانی ژیانی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەت بیت، هەردوو نوسەر ژولیا کۆربیک و ژولیا بێرنارد پابەندی ئەم دۆخە مێژوویيە دەبن، لە ڕۆمانی “سیمۆن دو بۆڤوار: من هەموو شتێکم ئەوێت لەژیان” رۆمانەکە بە زمانی ئەڵمانی نووسراوە، ساڵی پار چاپکراوە، ئەمساڵیش وەرگێڕانە فەرەنسيیەکەی چاپ و بڵاوکرایەوە، لەلایان گایا مانیکوان- رۆگۆزیک وەرگێردراوەتە سەر زمانی فەڕەنسی.

نووسینی ڕۆمان لەبارەی ژیانی تایبەتی  گواستنەوەی ئاستی ڕەگەزی هەواڵە بۆ ئاستی گێڕانەوە و دیالۆگ، تاوەکوو سەر لەنوێ کۆی زانینی هەواڵی ژیانی تایبەتی و کولتووری وەک گێرانەوەی ئەدەبی خۆی بخاتە ڕوو

 

بۆ ئەوەی ڕووداوەکان لەیادداشتی مێژوویی، کە وەک سەرەتا ناومان برد بە ئاستی ڕەگەزی هەواڵ بگوازرێتەوە بۆ ئاستی گێڕانەوە، تەکنیکێکی سادە دەگیرێتە بەر، بەڵام لەهەمان کاتدا چێژی خوێندنەوە وەک ڕۆمان دەخاتە ڕوو، ڕۆژنامەنووسێک دێتە پاریس بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانی لەتەک ژیان و کارە فەلسەفیەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی سیمۆن دو بۆڤوار ساز بکات، بە زەحمەت دەتوانێت ئەدرەسەکە بدۆزێتەوە، بڕوای وایە هەموو شوێنەکان لەپاریس لەیەک دەچن، سەرەنجام لەکاتی خۆی دەگاتە بەردەرگای ماڵەکەی و خانمی فەیلەسووف پێشوازی لێ دەکات، بەناو ماڵەکەدا تێدەپەڕن کە بەهەموو لایەک کتێب و تابلۆیە، دوو ساڵ بەسەر مەرگی ژان پۆل سارتەر تێپەڕیووە، خوێنەر لەم ساتەدا لەوە تێدەگات دەبێت خۆی ئامادە بکات، بۆ هەموو ئەو ڕووداوانەی ژیانی خانمی فەیلەسووف لە مناڵیەوە تا ئەم ساتەی دیدارەکەی تیا ئەنجام دەدرێت، لێرەوە گرنگی ڕۆمانەکە چەندە وەک ژیاننامە خۆی دەنوێنێت، هێندەيش ئاشنایەتی بە خوێنەر دەبەخشێت بۆ نهێنی چیرۆک، وەک ڕووداوی ڕاستەقینەی ژیان.

 

لێرەوە گرنگی ڕۆمانەکە چەندە وەک ژیاننامە خۆی دەنوێنێت، هێندەيش ئاشنایەتی بە خوێنەر دەبەخشێت

ژیانی مناڵی و پەروەردە بوونی کچێک کە جیاواز لەهەر مناڵێکی تر خولیایەکی تەواو جیاوازی هەیە بۆ خوێندنەوە و گەڕان بەدوای بیرکردنەوە، جۆرێک نامۆبوونی لەناو خێزان بۆ دروست دەکات، ئەوەیان پەیوەندی بە خەمۆکی و دۆخی دەروونیەوە نیيە، هێندەی پابەند نەبوون بە خواستی مناڵانەی خۆی و هاوکاری نەکردنی دایکی بۆ کاری ئاشپەزخانە.

بیرکردنەوە لەنووسین، سەرەتای هەڵوەستەکردنە نەک لەوەی وەک نووسەرێک دەیەوێت بنووسێت، هێندەی دیالۆگی باوک ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە، کە چۆن ژنێک دەبێت بە نووسەر، وەک ئەوەی نووسین کاری پیاوەکان بێت، ئەو تێگەیشتنە تەواو ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە، گومانێک سەرەتای پرسیارکردنە، سەرەتا کاتێک لەگەڵ دایکی دەڕۆن بۆ شانۆ، ئەو گومانەی باوک وەک پرسیار دەخاتە ڕوو، سەرەنجام پرسیارەکە دەگوازرێتەوە ناو نووسین و جیاوازی ڕەگەزیی.

خوێندنی فەلسەفە و ژیانی زانکۆ بۆ ئەو توێژینەوە و گەڕانە بەناو پرسیار، بەواتایەکی تر بە پێچەوانەی زۆرینەی خوێندکارەکان، کەوا هاتوون بۆ ئەوێ بڕوانامە وەربگرن و خوێندن تەواو بکەن، تەنانەت لەگەشتەکانی زانکۆيش هێندەی پەیوەندی ڕۆمانسی نێوان هاوڕێکان بۆ هەمووان گرنگی گەشت دەردەخات، بەڵام بۆ سیمۆن سەر لەنوێ کتێب و پرسیارەکانی دەبنە دەرفەتێکی باش تا لەگەڵ کچە هاوڕێکەی مشتوومڕی لەبارەوە بکەن.

 

چۆن ژنێک دەبێت بە نووسەر، وەک ئەوەی نووسین کاری پیاوەکان بێت، ئەو تێگەیشتنە تەواو ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە

هەروەها هەر لەو نێوەندە ئەکادیمیەدا، ئێمە پەیوەندی هاوڕەگەزبازی دەبینین، وەک دیاردەیەکی ئەو رۆژگارە و بەتایبەت لەنێوەندی فەلسەفی فەڕەنسیدا بوونی هەبووە و نەشاردراوەتەوە، بۆیە لەرۆمانەکەيشدا ئەوە بەڕوونی دەبینین لەنێوان هەردوو ماوریس، میرلۆ پۆنتی و گاندیلاس.

لەنێوان ڕووداوەکان ئێمە دەگەڕێینەوە ناو گفتوگۆی خانمی فەیلەسووفی و خانمی ڕۆژنامەنووس، چ لەبارەی قسەکردن لەسەر ئەو ساڵانە یاخود هەندێک جار لەسەر جۆری خواردنەوە، تا بەدەم خواردنەوەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.

گێڕانەوە وابەستەی ژیانی تایبەتی سیمۆن و روانینی ناو کتێبەکانیيەتی، ئەوەيش وا دەکات ڕۆمانەکە وێنەیەکی پانۆڕامایی بەژیانی ئەو فەیلەسووفە ببەخشێت، گێڕانەوە نووسینەوەی ژیان و چێژی خوێندنەوەی کتێبە، بۆیە کاتێک خانەوادەکەی لەگەڵ سارتەر بۆ یەکەمجار لەناو سرووشتی نزیک ماڵەکەی دەیبینن، ئەو ئاگاداریان دەکاتەوە، کە بەنیازن لەگەڵ سارتەر کتێبێک لەبارەی مارکس بنووسن، هەڵبەت ئەو دیالۆگ و وێنەیە ئێمە پێشتر لەلایان سیمۆن خوێندومانەتەوە، کاتێک لەکتێبی “من و سارتەر و سیاسەت” باسی ئەو دیدارە دەکات، وەک چۆن ژیانی خوێندنی زانکۆ و چیرۆکی ناسینی بە سارتەر و پەیوەندیيەکەیان وێنەیەکی ڕوونی ناو ڕۆمانەکەیە، دەتوانین ڕۆمانەکە وەک دەسپێکێک ناوبەرین بۆ ناسینی خانمی فەیلەسووف.

سەرەتای دەرکەوتن، رۆژێک دەبێت بۆ دابڕان لەنێوان ژیانی سرووشتی و ژیانی نووسین، لەکاتێکدا ئەو لەسەر شەقامدا تێدەپەڕێت لەبەر خۆیەوە ناوی ئەو شتانە دێنێت کە پێویستە بیانکڕێت وەکوو هێلکە و ئارد و مەرەکەب و سابوون، کەچی لەولاوە کۆمەڵێک رۆژنامەنووس و بەخۆیان و کامێراکانی دەستیانەوە بەدوای هەواڵ دەگەڕێن، لەپڕ یەکێکیان خانمی فەیلەسووف بەسەر شەقام دەبینێت و هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە “سیمۆن.. سیمۆن دو بۆڤوار”، ئەو وێنەیە سەرەتای جیاکاری نێوان دوو کەسێتی مرۆڤە وەک ژیانی سرووشتی و ژیانی نووسین.

سەفەرکردنی بۆ ئەمریکا و پەیوەندی لەگەڵ فەیلەسوفی ئەمریکی برگسۆن، کەوا دەکات تێکست وێنەیەکی ڕاستگۆیانەی ژیانی فەیلەسووفێک بێت کە ڕووداوەکان لە یادداشتەوە دەبنە تێکستی ئەدەبی، تێکست وەک ئەوەی ژیانی ڕاستەقینە بێت.

 

کۆی گێڕانەوەی ڕووداوەکان وەک بیۆگرافیایيەکی ژیانی بۆڤوارە لەناو تێکستێکی ئەدەبیدا

لەگەڕانەوەی بۆ پاریس و کاریگەری کتێبەکانی بەسەر شەقامەوە دەبینین. چۆن بزووتنەوەی ژنان لەژێر کاریگەری کتێبەکانيیەوە دەبنە دەنگی ناڕەزایەتی و سەردانی دەکەن تاوەکوو ئامۆژگاریان بکات بۆ ساتی خۆپیشاندان، ئەو کاریگەريیە درێژەی دەبێت بەتایبەت دوای وتارەکەی “ئێمە خاوەنی زگی خۆمانین” لەگەڵ بڵاوبونەوەی لەرۆژنامەدا پیاوەکان وەک سوکایەتی وەری دەگرن و ژنەکان بەو پەڕی بوێريیەوە سەیری نووسینەکە دەکەن و ئەکتەری سینەمایی کاترین دینۆف پشتگیری وتارەکە دەکات، کە وتارەکە بەکردەوە گوازرایەوە ناو ژیانی ژنەکان و لەبەردەم دادگا خۆپیشاندانی ژنەکانی بۆ ساز دەکرێت، بەتایبەت لەکێشەی ماری کلێر کە لاقەی سێکسی کراوە و زگەکەی لەبار بردووە، ئەگەرچی دادگا لەم کەیسەدا لایەنگیری ماری کلێری تەمەن شانزە ساڵان ناکات، سەرباری ئازادکردنی، بەڵام پارێزەر و پسپۆرانی بوارەکە لەدادگادا پشتگیری هەڵوەشاندنەوەی یاسای ڕێگەنەدان بە لەباربردنی مناڵ دەکەن، هەڵبەت سیمۆن دو بۆڤوار یەکێکە لەو کەسانەی لە دادگا وتەی وەردەگیرێت و ئەویش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەکتێبی «ڕەگەزی دووەم» باسی لەو پرسە کردووە.

سەرەنجام پرسەکە بردرایە ناو هۆڵی پەرلەمان و زۆرینەی دەنگی وەدەست هێنا، کتێبە رۆژنامەوانیيەکەی ژنە رۆژنامەنووسە ئەلمانیيەکە لەگەڵ سیمۆن دو بۆڤوار کۆتایی دێت و بەم کۆتاییە و رۆیشتنەوەی بۆ زێدی خۆی و ماڵئاوایی لە خانمی فەیلەسووف ڕۆمانەکەيش تەواو دەبێت، کە کۆی گێڕانەوەی ڕووداوەکان وەک بیۆگرافیایيەکی ژیانی بۆڤوارە لەناو تێکستێکی ئەدەبیدا، لەشێوەی وێنەدار، کە کۆمەکی هەموان دەکات بۆ تێگەیشتن، بەواتایەکیتر کتێبەکە بەم ڕێگایە ئاسانکاری لەگوتاری فەلسەفی کردووە تا هەموو تەمەنێک بتوانێت بیخوێنێتەوە، لەهەمان کاتدا بۆ هەموو مرۆڤێکی بێگانەی هاوشێوەی ئێمەيش کە کێشەی زمانی هەبێت وەک ئاسانترین کتێب بتوانێت بیخوێنێتەوە و تێیبگات.