فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

(شانۆ) و کاراکردنی وشیاریی وەرگر

(شانۆ) و کاراکردنی وشیاریی وەرگر

ئەرسەلان دەروێش/ نووسەر و دەرهێنەر/ هەولێر

 

 

لەو رۆژەوە کە یەکەمین  شانۆنامەی کوردی بەناونیشانی (مەمآ ئالان)ی رەوانشاد (عەبدولرەحیم رەحمی ھەکاری)لە گۆڤاری (ژین) ساڵی ١٩١٩لە ئەستەمبوڵ بڵاوکرایەوە , لەو دەمەوە کە لەلایەن لیژنەی ھونەری قوتابخانەی (ئەربیل ئولا)ساڵی ١٩٢١ لە سەر قەڵاتی مێژوویی ھەولێرەوە شانۆگەری (سەڵاحەددینی ئەیوبی)پێشەکەش کرا, لەو وەختەی مامۆستا (فوئاد رەشید بەکر) لە شاری سلێمانی لەسەر سەکۆی ماڵێکی (بەھێ خانی) ژنی (شێخ مەحمودی نەمر) کە قوتابخانەی(ئەوەڵ)ی تیا دامەزرا بوو، شانۆگەری (عیلم و جەھل) ی لەساڵی ١٩٢٦دا نمایش کرد ….  تا بە  ئەمڕۆ دەگات بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا سەدەیەکی تێپەڕاندووە، لەم بەینەدا ھونەری شانۆ ئاشنایەتی و پەیوەندی لەگەڵ تەواوی شارو دەڤەرەکانی کوردستاندا بەستووە، تەنانەت لە شارۆچکە و ھەندێک لە گوندەکانیشدا سەردەمانێک بایەخی وەرگرتووە. چەندین نووسەر و ئەکتەر و دەرھێنەر و توێژەرو …ھتد تیادا ھەڵکەوتووە، وێڕای دامەزراندنی کۆمەڵە و تیپ و بەرێوبەرایەتیەکانی شانۆ و کۆلێژ و پەیمانگای ھونەرەجوانەکان و چەندین فێستیڤاڵ و چالاکی رۆشنبیری  کە ئەم ھونەرەیان لەئامێز گرتووە. لەنێو بڵاوکراوە کوردییەکانیشدا لە رۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبی و ھونەرییەکاندا و لە میانەی دەیان تێکست و کتێبی شانۆیی وەرگێڕدراو و کوردیدا لەلایەن دەزگاکانی چاپ و بڵاوکەدنەوەی کوردی برەوی پێدراوە .

 

رەنگە زانیارییەکی تازە نەبێت گەر بڵێین، شانۆکەمان بەردەوام لەژێر کاریگەریی و لەنێو پرۆسەی لاسایی کردنەوەی شانۆی گەلانی تردا بووە

شانۆ لە ژیانماندا درەوشاوە و کارا بووە، ساڵانێکیش رەوتەکەی ئەوتۆ نەبووە و پەراوێز خراوە. وەلێ زۆرکات ھەستمان کردووە ئەم ھونەرە خوازراوە، راگوزەر نییە و رەگ وڕیشەی لەنێو فەرھەنگ و کلتوورماندا رۆچووە و وەک شیعر و میوزیکی کوردی رەسەنایەتی پەیدا کردووە.

رەنگە (سەدیەک) ماوەیەکی دیار نەبێت لەئاست مێژووی دوور و درێژی شارستانی مرۆییدا، تەنانەت بە بەراوورد لەتەک تەمەنی خودی ئەم ھونەرەدا، کە بەراییەکانی سەرھەڵدانی بۆ بیست و پێنج سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش گەر لە دیدی ئەو وەرچەرخان و پەرەسەندنە مەزنانەوە لێی بڕوانین کە قۆناغی شۆڕشەکانی پیشەسازییە زانستی و گەیاندن و گلۆبالیزێشنی تیا ھاتۆتە دی، ئەوا ماوەکە وا کورت و بێ بایەخ نییە، بەتایبەتی کە لە نێوان دوو ھەزارەدا و بە رۆژگاری شۆڕش و ئەزموونەکانی فەرمانڕەوایی حکومەت و خود موختارییەکانی کوردا رەت بووە. ھەر لەسەردەمی حکومڕانی شێخی نەمرەوە تا بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونە درێژخایەنەکەی ئەمڕۆی دەگات. بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوەیە، لەم ماوەیەدا (بزووتنەوەی شانۆی کوردی) بەکوێ گەیشتووە و چ رۆڵێکی لە ژیانماندا گێڕاوە و دەگێڕێت؟

رەنگە زانیارییەکی تازە نەبێت گەر بڵێین، شانۆکەمان بەردەوام لەژێر کاریگەریی و لەنێو پرۆسەی لاسایی کردنەوەی شانۆی گەلانی تردا بووە، ھەر لەشانۆی رۆژئاواییەوە تا بە شانۆی عەرەبی دەگات. دیارە ئەم پرۆسیسە لەدیدی زۆر لە شانۆکارانمانەوە دیاردەیەکی نۆرماڵە و نەبووەتە جێگای گازەندەیەکی زۆر، چونکە ھێشتا لە قۆناغی وەرگرتن و بینینەوە و سەرسامیداین لەئاست ھونەرێکی وا نوێ لە ژیانماندا کە پەرەسەندنی پابەندە بە رادەی پێشکەوتنی ژیاریی گەلانەوە و کلیل و کەرەستەکانی فەراھەم نییە لەبەردەستی ئێمەدا.

لەزۆربەی جاردا نەمانتوانیوە بە وشیارییەکی رەخنەگرانەوە رەھەندە مێژوویی و ھونەرییەکانی ئەو رێباز و تەوژمانە راڤە بکەین

 

رەنگە کێشەکە ھەر  لەوێدا بێت، کە ھێشتا لەم قۆناغەدا چەقیوین و ھەر وەرگرین و ھەوڵی دووبارە بەرھەمھێنانەوەی بەخششەکانی ئەوانی تر دەدەین, بەرادەیەک لەزۆربەی جاردا نەمانتوانیوە بە وشیارییەکی رەخنەگرانەوە رەھەندە مێژوویی و ھونەرییەکانی ئەو رێباز و تەوژمانە راڤە بکەین و ئاستی کاریگەری بۆسەر واقیعی ژیانمان بنرخێنین.

ئاشکرایە ھەر کۆمەڵگایەک بەپێی بونیادی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی خۆی ئامرازەکانی دەربڕینی ھونەریی سەبارەت بە پرس و قەیرانەکان  دێنێتە ئاراوە. شانۆ لەرۆژئاوادا بەدرێژایی مێژووی خۆی رەنگدانەوەی ئەو واقیعە بووە، ھەر لە سەردەمانی گریکەوە تا بە سەردەمی سەرمایەداری پیشەسازیی و دەرھاویشتە دەروونی و ئەنتۆلۆژییەکانی دەگات کە پرسی تەریکی و نامۆبوونی مرۆڤی رۆژئاوایی بەرجەستە کردووە.

ئێمە ھێشتا قۆناغی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی و پەیوەندی خێڵەکی بەرۆکی بەرنەداوین و لە رووی فیکریی و بەخششە ھونەرییەکانمانەوە ھێشتا  بە قۆناغی تەنویر نەگەیشتوین کەچی ئەوان مشتومڕ و دیالۆگی پۆست مۆدرێنەیانە رەت داوە.

کاتی ئەوە ھاتووە شانۆکاری کورد، پێگەکانی وەرگرەکەی دیاری بکات

 

کورد و کرمانج ئەوەی کاکڵەی بابەتەکەیە، پێویستە ئەو ھونەرمەندەی خاوەنی وشیارییەکی پێگەیشتووە لە پێشدا  سەبارەت بە کۆمەڵگاکەی و دواتر بە ھەموو ئەوەی لە دەورووبەری لە جیھاندا روو دەدات، ئەو بەرھەمە ھونەرییە بھێنێتە ئەنجام کە وشیاریی وەرگر کارا دەکات، لە ئاکامدا رۆڵی رووناکبیریی ھونەری شانۆ وەک کایە و پێگەیەکی جەماوەریی ھەرە کاریگەر لەنێو بزاڤی رووناکبیریی گشتی کۆمەڵگادا بەرجەستە بکات، ئەو بزاڤە رووناکبیرییەی کە گەلەکەمان لەسەر ئاستی ھەموو رێکەفەکانی ژیان ئەمڕۆ پێویستییەکی گەورەی پێی ھەیە.

کاتی ئەوە ھاتووە شانۆکاری کورد، پێگەکانی وەرگرەکەی دیاری بکات. خەسڵەت و سیما و جۆرەکانی ئەم( وەرگرە) لە میانەی رەوشی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و سیاسیی و ئاینیی و ئابوورییەوە لێکبداتەوە , بۆ دیاریکردنی سیما و گوتاری فیکریی و ستاتیکی شانۆکەی.

ئایا دەکرێت تێکڕای جەماوەر بەیەک ئاستی وشیاریی و کاردانەوەی ھەست و نەستیان  بەرانبەر بە شێواز و ناوەڕۆکی ئەو نمایشانەی پێشکەش دەکرێت،  چێژو ھەڵوێست وەربگرن؟ ئەدی چۆن لێکیان واڵا بکەین و ئاستەکانیان جیا بکەینەوە؟

 

کێ وەرگرێکی شانۆیی چاک و وشیارمان پێ دەبەخشێت؟ کۆمەڵگا پێشکەوتنی ئەو جەماوەرە دێنێتە کایەوە؟ یان ھزر و پرس و قەیرانەکان؟

 

بە چ پێوانەیەک و لەسەر چ بنەمایەک: چینایەتی، ئاینیی، ئایدۆلۆژیی، نەتەوەیی، رۆشنبیریی؟

ئایا دروستە پەیامەکەمان لە چوارچێوەی رۆشنبیریی گشتیدا یان رۆشنبیریی سەراپیگیردا بۆ تەواوی وەرگرەکانمان پێشکەش بکەین؟ جەختکردنەوەمان لەسەر(وەرگر) جەختکردنەوەیە لە رەگەزێکی سەرەکی شانۆ و جەمسەری یەکەمی ھاوکێشەی سەرخستنی ھەر پرۆسەیەکی شانۆیی راستەقینەیە. بەڵام کێ وەرگرێکی شانۆیی چاک و وشیارمان پێ دەبەخشێت؟ کۆمەڵگا پێشکەوتنی ئەو جەماوەرە دێنێتە کایەوە؟ یان ھزر و پرس و قەیرانەکان؟ یاخود جیھانگەرایی؟ یان ئەوە خودی شانۆیە وشیاریی و چەشەی بینەرانی دەوروژێنێت و ھەوڵی کاراکردنی دەدات بە ئاراستەی ژیانی خۆی و کۆمەڵگەکەی و ئەو پرسە گرنگانەی رێڕەوی ئێستا و ئایندەی پێوە بەندە؟ .