فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بوون، هەبوون، نەبوون : پێشەکییەک لە سەر سەرگرتن و نەگرتنی دازاین

بوون، هەبوون، نەبوون : پێشەکییەک لە سەر سەرگرتن و نەگرتنی دازاین

 

عەبدولقادر نیازی/ شاعیر و ڕەخنەگر/ مەهاباد

 

بوون، کردەی نێوانگری نادیاری و داپۆشراوییە. واتا بوون، ڕۆنراوییە لە حاند نەبوونێتی دا و هەروەها ڕۆنراوێتییەکی ڕەهایە لە هەر شتێک کە پێشتر خۆی دە خۆی دا هەبووە و بڕیارە ڕوو بدا. ڕوودان بە واتای زاڵبوونی کردەی نمادینە بە سەر دۆخی واقع دا. بە  واتای پڕبوونەوەی ئەو بۆشاییەی کە ئاگایی تێیدا هەڵپەسێردراوە. مەودای نێوان بوون و نەبوون، ئانتۆلۆژی سەلبییەتە و مەودای نێوان بوون و بوونێتی، پرسێکی تەواو ئۆنتیک و ڕەچەڵەکییانەی ڕووداو. ڕوودان هەمان کاتمەندی ” بوون” ە. واتە لێکەوتەی جەوهەر و کۆناتووس. کۆناتووس چەشنێک بوونێتییە و شەبەنگی هەمان بوونی بێ نێوانگر و هەروەها تەرخان کراوێتییە بە کات وەک ئۆنتۆلۆژی. کۆناتووس شەڕی مان و نەمان یا باشتر بڵێین بوون و نەبوونی ئێگزیستانسە. کۆناتووس، ستایلێکە لە دژبەرایەتی لە گەڵ زەمان و بێ کاتێیەتی. بێ نێوانگرێتی ئانتۆلۆژیک دەو دۆخەدا، دەلالەتە بە سەر نەبوونی بوون دا ئەو کاتەی بوون خۆی بە سەر نەبوون دا ناسەپێنێ بەڵکوو بە هەڵوێستێکی تاراو لە خۆی، خۆی دەلکێنێ. واتا بوون هەمان نەبوونە بە گۆشەنیگای ئێگزیستانسەوە. نەبوون سەلبییەتی وەدیهاتنی بوونە بە گوێرەی ئەو دۆخەی بوون تێیدا ڕوو دەدا. سەلبییەت بۆ ئێگزیستی سووژە هەمان دۆخی نادیار و بێ شوێن ـ کاتە. نە بە واتای نەبوون بەڵکوو بە واتای شاردراوێتی  بوون. کە باس لە بوون دەکرێ، نەک بە واتای حزووری فیزیکی بەڵکوو بە واتای خۆ نواندن و ڕۆنانی خۆ وەک پاشکۆیەکی دیالکتیکی. وەک ڕیزبەندکردنی تۆێخەکانی ئاگایی لە پەنا یەکتر. یانی هاوشوێن کاتکردنی ناهاو شوێن کاتەکان. نەبوونیش پتر لەوەی دەلالەت بکا بە سەر عەدەم یا نەبوونی فیزیکی، ئاماژەیە بە بێ هەڵوێستییەکی ئێگزیستانس لە حاند دۆخ و زەمان دا. نەبوون هەمان بەرگری کردنی مەعریفەناسانەیە لە ڕۆنران و نواندن و پێویستییەکانی وەک زەروورەتی بوون. نەبوون واتا لەمپەڕدانان لە بەرامبەر کردەی مومکین و ئیمکانی بوون دا. ئەپۆخە یا هەڵپەسێراوی بۆ پێرسۆنای ئیگزیستانس کاتێکە کە لە سەر لێواری ئەو دوو تەوەرە گیری کردووە. بۆ نموونە ئەنکیدۆ لە گیل گەمێش دا بەر و پتر لەوەی خۆی بە خاوەنی سروشت بزانێ، خۆی بە بەشێک لە سروشت دەزانێ. ئەوە یانی زمان دیلە و سووژە هەروا دە دۆخی پێش مێژوویی یا ئاڕکائیک دا دەژی، بەڵام نە مێژوومەندە نەک گەرەکیشییەتی مێژوو بخوڵقێنێ. ئەپۆخە یانی جودا نەبوونەوە لە سروشت و بە هەڵپەسێراو مانەوەی بوون، نەک شڕۆڤە کردنی شیمانە و ئەگەرەکانی بوون بە گوێرەی دیاردەناسی ساحەی واقیع. بەو پێیە، بوونێتی، نەستی ڕووحە واتا سووژەبوونێتی نەست، واتا ئاخافتنی نەست لە ڕێگەی ئێگزیستەوە نەک دەرکەوتنی مرۆڤ بە یاریکاری زمانەوە. بوون، زمانی ڕووحە. ڕووح ئەگەر دەلالەتە بە سەر خودی خۆیدا، بوون هەمان سەلبییەتی نەک زەوتکراو کە لکێندراوە بە کات نەک زەمان. مێتافیزیک یانی ڕووح وەک خۆی. یانی چەسباندنی بوونێتی بە بوون. مێتافیزیک لەو گۆشەنیگایەوە نە تەنیا بێ شوێن/کاتە کە تەواو کاتێتییە واتا مێژوومەندی. ڕووح ساحەی واقعی مێتافیزیکە و بوون ساحەی سەمبۆلیک و نمادینی ڕووح. بوون تڕۆمای ڕووحە. ڕووح نەستی تڕۆما و هەمان مەنفییەتی ئاگاهییە. ئاگاهییەک کە زەفەر بە ڕووح نابا و نائاگا دەمێنێتەوە. ڕووح هەمیشە ڕووشاوە. ئاگایی لەو سووچەوە بەردەوام دەڵەمەیە وەک ئیدئۆلۆژی کە مەنفییەت و بۆشایی و ڕووشاوێتی خۆی دیهاوێژی دەکا. دیهاوێژی هەمان کردەی نێوبژی کراوی مرۆڤ بوو لە ڕۆژی یەکەمی خوڵقانەوە،  ئاگایی گوژمە و تێچووەکەی بوو. مرۆڤ ئەو کات نە پەیکەر یا جەستە کە دۆخێکی ئاوارتە بوو لە دۆخێکی ئاوارتەی تر دا… پڕۆسەی خوڵقان پتر ئاماژە دەکا بە شێوازی بوونایەتی مرۆڤ وەک بوونێتی نەک بوونی بە واتا و شێوازی جەستە و لەش. مرۆڤ بەرساختی ئاگایی بوو نەک لە خۆی وەک بوونەوەر بەڵکوو لە بوونێتی خۆی وەک مێتافیزیک. دابەزین یا هوبووتی مرۆڤ لە بەهەشت، هەمان دەست بزۆزی و ڕەمەکی بەهێزی بوون بوو کە مرۆڤی تووشی جەهەننەمی ئاگایی کرد، بەڵام نائاگا ماوە. مرۆڤ سەرپشک بوو لە نێوان عەقڵ و ڕووح و مێتافیزیکی بوون دا. شێوە ڕوانینی مرۆڤ لە خۆی، شێوەڕوانینێکی مێتافیزیکی بوو بەڵام بە پیلان یا پڕۆسە یا تەنانەت پلاتفۆڕمێکی نا سیاسی لە خۆی. سیاسی بوونی مرۆڤ هەمان بەرپەرچدانەوەی ئەرەستوویە کە مرۆڤی وەک حەیوانێکی سیاسی هێنایە ئاراوە کە زمانی هەیە بەڵام بێ ئێگزیستانسە. بەو پێیە جگە زمان، شێوازی بوونایەتیش تەقدیری مرۆڤ دیاری دەکا. لکاندنی تەقدیر بە زەمان نەک بوونایەتی کە خودی بوونە. بوون لکاندنی ئاگایی زەمانمەند و مێژوومەندە بە نەبوون. بوون هەمان زەمانمەندکردنی نەبوونە بە ڕووکردی پۆزەتیڤ و ئیجابییەوە واتە گۆڕینی دۆخی ئێگزیستانس لە قاڵبییەکی ئاسۆییەوە بەرەو شکڵێکی ئەستوونی. بوون، سەرووی هەموو شتێکە. سەرێتی بوون دەو ئیجابییەتەدایە کە بۆ مومکینی دەلوێنێ.مومکین وەک ئیمکان بەڵام نازەروور. کەواتە بوون واتا دژبەرایەتی کردن لە گەڵ نازەرووری بوون. بوون دابەشاندنی ئێگزیستانسە بە سەر ئۆبژەکاندا.