فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فیلمی “بەردبارانکردنی سۆرایا میم” ویژدان دەهەژێنێت

فیلمی “بەردبارانکردنی سۆرایا میم” ویژدان دەهەژێنێت

بەکر شوانی/ وەرگێڕ و رۆژهەڵاتناس/ ئەڵمانيا

 

سەر لە ئێوارەی ڕۆژی 17/11/2010 لە سینەمای فیلم پالێتە لە کۆڵن سەیری فیلمی “بەردبارانکردنی سۆرایا میم”م کرد کە چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە و باس لە چۆنییەتی بەردبارانکردن و کوشتنی ژنێکی ئێرانی دەکات بە تۆمەتی زیناکردن. دەرهێنەر لەم فیلمە خوێناوییەدا بینەران لەگەڵ دزێوترین و دڕەندەترین شێوازی هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە ئیسلامییە داخراو و دواکەوتووەکان بەرامبەر بە ژنان ڕووبەڕوو دەکاتەوە و وێنەیەکی پڕ واتا و ئازار لە چەوساندنەوەی ژنان و وەرگرتنەوەی مافی ژیان لێیان بە بینەران دەگەیەنێت. فیلمی “بەردبارانکردنی سۆرایا میم” ساڵی 2008 لە گوندێکی وڵاتی مەغریب وێنەی گیراوە، لە بەرهەمهێنانی بەرهەمهێنەری ئەمەریکایی ستیڤن مەکیڤیتی و دەرهێنانی سیروس نورستەیە و کۆمەڵێک ئەکتەری بەتوانای ئێرانی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. ستیڤن مەکیڤیتی هەمان کات بەرهەمهێنەری فیلمی “ئازارەکانی مەسیح”ە کە ساڵی 2004 لە سینەماکانی وڵاتانی جیهان پێشان درا و گفتوگۆ و گەنگەشەیەکی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێنایە ئاراوە. فیلمی “بەردبارانکردنی سۆرایا میم” تا ئێستا لە چەند بۆنەیەکی وەک فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە ویلایەتی ئیندیانا و فیستیڤاڵی فیلم لە لۆس ئانجلۆس و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە تۆرنتۆی کەنەدا کۆمەڵێك خەڵاتی وەک خەڵاتی باشترین بابەت، دەرهێنەر، دراما و نواندن بەدەست هێناوە و هەمان کات بۆ چەندین فیستیڤاڵی تری نێودەوڵەتیش پاڵیوراوە.

بەرهەمی ئەمەریکایە، بەڵام لە سینەماکانی ئەڵمانیا پێشان نادرێت

ئەم فیلمە ئەگەرچی ماوەی ساڵێک و چەند مانگێکە لە سینەماکانی ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی تردا پێشان دەدرێت، بەڵام هێشتا هیچ کۆمپانیایەکی پێشاندانی فیلم لە ئەڵمانیا ئامادە نییە لە سینەماکانی ئەڵمانیادا پێشانی بدات. بۆیە ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی سەوزی ئەڵمانیا لە پەرلەمانی فیدراڵی و لە چەند پەرلەمانێکی هەرێمەکان بە دەستپێشخەریی خۆیان و بە هاوکاری لەگەڵ هۆڵەکانی سینەمای ئەڵتەرناتیڤیدا، وەک هۆڵی سینەمای فیلم پالێتە لە کۆڵن، فیلمی “بەردبارانکردنی سورەیا میم” پێشان دەدەن. ڕێوڕەسمی پێشاندانی فیلمەکە ئێوارەی 17/11/2010 لەلایەن ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەسەر لیستی سەوز کرستینا مویلەر و ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی نۆردڕاین-ڤێستفالن لەسەر هەمان لیست ئارند کلۆکەوە بەڕێوە برا. لە وەڵامی پرسیارێکی مندا سەبارەت بەوەی بۆچی سینەماکانی ئەڵمانیا بواری پێشاندانی ئەم فیلمەیان نەداوە، کرستینا مویلەر گوتی: “هیچ زانیارییەکەم نییە لەو بارەیەوە. ئەمەی لێرەدا دەیڵێم، بۆچوونی خۆمە. ئەم فیلمە باس لە ڕووداوێکی ڕاستەقینە و تراژیدی دەکات. ناوەڕۆکێکی زۆر سەخت و بەهەندی هەیە و فرە خوێناوییە. لەوانەیە کۆمپانیاکانی پێشاندانی فیلم لە ئەڵمانیا بیریان لەوە کردبێتەوە لەبەر ئەو هۆیانە ئەم فیلمە بینەر پەیدا نەکات و ئەوان لە ڕووی دارایییەوە زیان بکەن. بەڵام ئێمە وەک پەرلەمانتارانی سەوز لێرە و هاوڕێکانیشمان لە شارەکانی تری ئەڵمانیا بەم جۆرەی ئەمڕۆ فیلمەکە پێشان دەدەین و دواتریش گفتوگۆی لەسەر دەکەین و دەمانەوێت ڕای گشتیی ئەڵمانیا بەرەو بابەتی بەردبارانکردنی ژنان ڕابکێشین. بەتایبەتیش لەم کاتەدا کە لە ئێران سەکینە ئاشتیانی بە تۆمەتی زیانکردن ڕووبەڕووی سزای بەردبارانکردن بووەتەوە.”

 

ئەم فیلمە ئەگەرچی ماوەی ساڵێک و چەند مانگێکە لە سینەماکانی ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی تردا پێشان دەدرێت، بەڵام هێشتا هیچ کۆمپانیایەکی پێشاندانی فیلم لە ئەڵمانیا ئامادە نییە لە سینەماکانی ئەڵمانیادا پێشانی بدات

 

ناوەڕۆکی فیلمەکە بە کورتی:

ڕۆژنامەنووسی فەرەنساییی بەڕەچەڵەک ئێرانی فەرەیدوونی ساهیبجام لە ناوەڕاستی ساڵانی 1980دا لە ئێران بە ئۆتۆمبیل ڕوو لە سنووری ئەفغانستان دەکات و بەنیازە بە دواداچوون بۆ شەڕی سوپای ڕووس و ئەفغانەکان بکات. لە ڕێگە ئۆتۆمبیلەکەی تێک دەچێت و بەمەبەستی چاککردنەوەی، ڕوو لە شارەدێیەکی ئێرانی دەکات. لەوێ بە ڕێککەوت بەسەرهاتێکی دەست دەکەوێت کە نەک تەنیا بەرنامەی سەردانەکەی بەرەو ئەفغانستان، بگرە تەواوی ژیانی دەگۆڕێت. ژنێک بەناوی زەهرا (شۆهرە ئاغداشلو) بەهەر شێوەیەک بێت خۆی دەگەیەنێت بە ساهیبجام و چیرۆکی بەردبارانکردنی سۆرەیا (مۆژهان مارنۆ)ی خوشکەزای بۆ دەگێڕێتەوە. زەهرا بەڵێنی بە سۆرەیا داوە چیرۆکی ئەو بگەیەنێت بە هەموو جیهان و ئەم بەڵێنەشی لە ڕێی ساهیبجامەوە دەباتە سەر. ئەمیش پاش گەڕانەوەی بۆ پاریس، بەسەرهاتی سۆرەیا دەکات بە کتێبێک و بڵاوی دەکاتەوە و هەموو جیهان لە کارەساتی جەرگبڕی ئەو خاتوونە بە ناھەق کوژراوە ئاگادار دەکاتەوە.

ڕیتواڵی بەردبارانکردندا بەشداران زۆریان مەبەستە بەردەکان بچووک بن، بۆ ئەوەی ژنی بەردبارانکراو زوو گیان لە دەست نەدات و زۆرترین ئازار بچێژێت

 

زەهرا ژنێکی تەمەن مامناوەندیی ئێرانییە و بەتەنیا دەژی. خوشکەزایەکی هەیە بە ناوی سۆرەیا کە هاوسەری پیاوێکە بەناوی عەلی و چوار منداڵیان هەیە: دوو کچ و دوو کوڕ. عەلی لە دەزگایەکی ئەمنیی دەوڵەت کار دەکات و دڕندەیەکی بێبەزەیی لێ دەرچووە، بەردەوام بە بەرچاوی منداڵەکانەوە هەڵسوکەوتی دڕندانە لەگەڵ سۆرەیا دەکات، لێی دەدات و هانی کوڕەکانی دەدات ڕقیان لە دایکیان بێت و پێیان دەڵێت: “ئێوە پیاون و هەموو کاتێک پیاو لە ژن باڵاتر و باشترە.” کوڕەکانیش هەرچەندە تەمەنیان یازدە و دوازە ساڵە، لە دڵیاندا ڕقێکی کوێرانە لە بەرامبەر دایکیان چەکەرە دەکات. عەلی شەیدای ژنهێنانە بە شێوازی (سیغە) و دواجاریش بڕیار دەدات کچی لێپرسراوێکی دەوڵەمەند بهێنێت و هەوڵ دەدات سۆرەیا لە کۆڵ خۆی بکاتەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی دارایییەوە نەبێت بە بار بەسەرییەوە. هاشم فیتەرێکی دانیشتووی گوندە و منداڵێکی کەمئەندامی هەیە و ژنەکەی نەخۆش دەکەوێت و دەمرێت. عەلی کارێکی وا دەکات سۆرەیا بەڕۆژ لە ماڵی هاشم کار بکات و چاوی لە کوڕەکەی بێت. سۆرەیاش کارەکە پەسەند دەکات، چونکە لە سەرێکەوە ژنەکەی هاشم دەستەخوشکی خۆشەویستی بووە و لە سەرێکی تریشەوە ناچارە کار بکات بۆ ئەوەی بژێوی خۆی و دوو کچە بچووکەکەی دابین بکات. لەم نێوانەدا عەلی بە هاوکاریی ئاخوندی گوند خەریکی پیلانگێڕانە لە دژی سۆرەیا و لەپڕ واتەواتێک لە ناو دێدا بڵاو دەبێتەوە و باس لەوە دەکرێت گوایە سۆرەیا لەگەڵ هاشم دەچێتە جێگەوە. ئاخوند پێشتر داوای لە سۆرەیا کردووە بە شێوازی (سیغە) شووی پێ بکات، بەڵام سۆرەیا ئەو داوایە بەتوندی ڕەت دەکاتەوە، بۆیە ئەمیش ڕقی لێ هەڵدەگرێت و دواتر بەهەموو شێوەیەک هاوکاری عەلی دەکات لە نەخشەکەیدا دژ بە سۆرەیا. عەلی پشتقایم بە دەوڵەت و بە ئامادەبوونی ئاخوند هەڕەشە لە هاشم دەکات و پێی دەڵێت: “ئەگەر بە بەرچاوی هەمووانەوە نەڵێیت دەستت لەگەڵ سۆرەیا تێکەڵ کردووە، کوڕەکەت دەکەم بە هەتیو.” ئەمیش ناچار ئەو بوختانە گەورەیە بۆ سۆرەیا دەکات و دواجار ئاخوند و خەڵکی ئاوایی بڕیاری بەردبارانکردنی سۆرەیا دەدەن. لە چارەکی کۆتاییی فیلمەکەدا بە شێوازێکی زۆر جوان و بەرزی سینەمایی هەموو وردەکارییەکانی چۆنیەتیی بەردبارانکردنی ژنان پێشان دەدرێت. چاڵێکی تا ناوقەد قوڵ هەڵدەکەندرێت و سۆرەیای تێدا ڕادەگیرێت. هەردوو دەستی لە پشتەوە دەبەسترێتەوە و چاڵەکە پڕ دەکرێتەوە. ئێستا سۆرەیا لە نەمامێک دەچێت تا ناو قەد لە زەویدا چێندرابێت. داوا لە باوکی سۆرەیا دەکەن ئەو یەکەم بەردەم بگرێتە کچەکەی. ئەمیش چەند بەردێکی تێ دەگرێت، بەڵام نایپێکێت. لەو کاتەدا سۆرەیا ڕوو لە باوکی دەکات و هەزار و یەک پرسیار لەسەر ڕووخساریدا دەخوێندرێتەوە. پاشان عەلی بەردی داهاتوو دەگرێتە سۆرەیا و ناوچەوانی دەپێکێت. دواتر عەلی بەرد دەداتە دەستی کوڕەکانی و ئەوانیش سەری دایکیان دەپێکن. ئەمجار نۆرە دێتە سەر ئاخوند و ئەوانی تر. لەم ڕیتواڵی بەردبارانکردندا بەشداران زۆریان مەبەستە بەردەکان بچووک بن، بۆ ئەوەی ژنی بەردبارانکراو زوو گیان لە دەست نەدات و زۆرترین ئازار بچێژێت. بەردبارانکەران ناوبەناو پشوویەک دەدەن و “چێژ” لە ئازار و گیانکێشانی ژنی بەردبارانکراو وەردەگرن. هەست دەکەم ناتوانم بە نووسین وەسپی ئەو دیمەنە بەئازارانە بکەم. بۆیە پێشنیازتان بۆ دەکەم خۆتان فیلمی “بەردبارانکردنی سۆرەیا میم” ببینن.

 

 

 

تێبينی :  «ئەم وتارە لە 2010.11.18 نووسراوە.»