فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕەنگستانی ئەفسانە یان ئەفسانەی ڕەنگستان؟

ڕەنگستانی ئەفسانە یان ئەفسانەی ڕەنگستان؟

عەبدوڵڵا سەڕاج/ نووسەر و ڕۆماننووس / فيلاند

 

 

شاعیرە کلاسیکیەکانی کورد ئاماژەیان بۆ نیگارکێشێکی بەتوانا کردووە، هەروەهايش شاعیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەویش حەزرەتی ( مانی) یە پێغەمبەرێکە کە لە پاش زەردەشت پەیامی خۆی بڵاوکردووەتەوە.

لەم میتا ڕۆمانەدا مانی دووەمم ئەفراندووە کە، هەمیشە شەیدا و عەبداڵی ڕەنگە بزوێنەرەکانە، خۆی ڕەنگەکانی خۆی ئامادە دەکات بەنمونە لە خوێنی پەپولەسلێمانکە ڕەنگی سوور.

دەچێتە بازاڕی پەلەوەران و پەپولەسلێمانکەیەکی گەورە دەکڕێ بە ڕکەکەوە (قەفەس) دەیهێنێتە ماڵەکەی خەریکی چەقۆ تیژ کردن دەبێت کە گوێی لە دەنگێك دەبێت !!! دەبێت کێ بێت بە خۆی دەڵێت، من ڕەبەن و تەنیام لەم خانگەدا. هێدی هێدی لە دەنگەکە نزیك دەبێتەوە، گوێی لە دەنگی پەپولەسلێمانکەکە دەبێت: من شای پەپولەسلێمانکەکانم، ئەگەر ئازادم بکەی ئەو ڕەنگانەت بۆ دێنم کە مەراقتە. بەڕەڵای دەکات و بۆ ڕۆژی دوایی چەندین ڕەنگ لەسەر دەلاقەکە دەبینێ. هەر بۆ ئەزمون نیگاری مەلێك دەکێشێت بە سەر چڵی دارێکەوە دەجریوێنێ.بۆ ڕۆژی دووەم بەیانی زوو بە لای کەڤاڵەکەیدا تێپەڕ دەبێت، دەبینێ مەلەکە فڕیوە و یەك دوو پەڕ لەسەر زەوی کەوتووە، تێدەگات کە ئەمە ڕەنگی ئەفسونە بۆیە ئەمجا نیگاری باڵدارێك لە ناو قەفەسێکدا دەکێشێ و بە لقە دارێکەوە هەڵواسراوە. دیسان بۆ بەیانییەکەی دەبینێ قەفەسەکە شکاوە و باڵدارەکە فڕیوە و دوو سێ پارچە تەختەی قەفەسەکەيش لە زەوی کەوتووە، دڵنیا دەبێت ئەو ڕەنگانە ئاواتی بەدی دێنن. ئەمجا بۆ سێیەم جار نیگاری هەڵۆیەکی زۆر گەورە دەکێشێ لەسەر بەردێك نیشتووە. بۆ ڕۆژی دوایی، شەبەقی و پێش گزنگدان هەڵۆی کەڤاڵی بە سەر دەکاتەوە دەبینێ وا پەڕەکانی و هەر دوو چاوی هەڵۆکە دەبزوێن گورج هەر دوو پای دەگرێ و ، چاو دەنوقێنێ هاکا خۆی لە ئاسماندا دەبینێ و دەیبات و دەیبات، لەجێیەك دایدەگرێ ،شوێنەکە کەسی لێنابینێ ، ئیتر بۆی دەردەکەوێ ئەو وا لە قەڵای دمدمی دێرینە پاش ئەوەی بەردێك بە شیوە تەنگەبەرەکەدا غلۆر دەکاتەوە دەنگی دم. ددم ددمی گوێ لێ دەبێ، ئیتر لەوێ ئاماژە بەو قەڵا دێڕینە دەکات و بەر لە ئێوارە دەچێتە لای هەڵۆکە و بەرز دەبنەوە بەرەو قوڵایی ئاسمان و، هاکا لە خانووەکەی خۆی دایدەگرێ.

لەم میتا ڕۆمانەدا ویستومە بێژم: دەبێ نیگارکێشان ، سترانبێژان، شاعیر و ڕۆماننووسان بە دوای بابەت و ڕەنگی نەبیستراو و نەبیندراو بگەڕێن، دەبێ ئاوازی ڕەسەن بچڕن و شەیدا و ئەڵهای وشەی پیرۆز و ڕستەی ئاهەنڴ گێڕ بن.