فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

حەسەن زیرەک شوناس و زایەڵەی نەتەوە و نیشتمانێک

حەسەن زیرەک شوناس و زایەڵەی نەتەوە و نیشتمانێک

د. ئامانج غازی/ مامۆستای زانکۆ و رەخنەگری مۆسیقا/ هەولێر

بەیادی (٥٢) ساڵەی ماڵاویی( حەسەن زیرەک) کانیاوی گۆرانی کوردی
ئامانج غازی ٢٠٢٤
ئەم بابەتە ئەمڕۆ بە سپاسەوە بە دوو لاپەڕە لە ڕۆژنامەی (هەولێر) بڵاوکراوەتەوە
(خۆشەویستانم:-
لەبەر ئەوەی کێشەیەکی گەورە لە دابەزاندنی پەرەگرافەکانی ئەو نووسینەم هەیە و پیتەکان لەیەکتر دادەبڕێن، بە داوای لێبووردنەوە ناچار بووم ئەم نووسینە بە چوار بەش بڵاو بکەمەوە).
کاری موزیکیی لە دونیای ڕۆژهەڵاتدا لە دایکبوونێکی سروشتی نەبووە، لە ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە، موزیک پەیوەندییەکی ئەوتۆو ڕەنگدانەوەی بە ئێستاوە نەبووە و موزیکی ڕۆژهەلاتی نەیتوانیوە پردی پەڕینەوە بۆ کارەکانی، لە نێوان کلتوورە جیاجیاکان دروست بکات.
موزیکی ڕۆژهەڵات لە خۆیدا هیچ توانایەکی دەربرینی نییە، بۆیە تەواوی ئەزموونی موزیکیی ئێمە تەنیا لە گۆرانیدا سنووردارکراوە، ئەگەر بە دوای موزیکی بێگەرددا بگەڕێیت، تەنیا ئارگیۆمێنتی بچووک و سووکی سەرەتایی دەدۆزیتەوە، کە بابەتێکی ئەوتۆ دەرنابڕن شیاوی باسکردنبێ و لە بنەڕەتیشدا هیچ پەیوەندییەکی بە گۆرانییەکانەوە نییە، سەرەڕای ئاسانیی تێگەیشتنیشیان، بچووکترین کاریگەری لە سەر بینەران جێناهێڵن، چونکە ئەم بابەتە بە بێ هۆنراوەی گۆرانییەکە، بە تەواوی بێدەسەڵاتە و ئامانجی خۆی ناپێکێ.
بۆیە ئێمە هێشتا لە قۆناغی گوێگرتنەوە نەگوێزراینەتەوە بۆ قۆناغی گوێگرتنێکی دەروون ئامێز، هەموو خۆشیێکمان چێژێکی وەدەستهێنانی هەست و سۆزدارییەکی سنووردارە ، کە لە مۆنۆتۆنی ئەو ڕیتمەوە سەرچاوەی گرتووە و بانگهێشتمان دەکات بۆ پشوودانێکی کاتی نەوەک

 بیرکردنەوەیەکی هزریی قووڵ. بۆیە موزیکی ڕۆژهەڵات هەمیشە هەستی گوێگر دەقۆزێتەوە، نەوەک هزر و ڕوانینەکانی، ئەوەش کاریگەری خۆی لە سەر هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی تاک لاواز دەکات، چونکە کاریگەری هەست، لێرەدا بە زەمەنێکی دیاریکراودا بەستراوەتەوە وکاتێک ژەنینی پارچە موزیکەکە تەواو دەبێ، ئاوا ئەوکاریگەرییەش دیار نامێنێت.
ئەوڕەخنە سەرەکییەی ئاراستەی موزیکی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لە ناوچەی ئێمەدا دەکرێت، بەستنەوەی گوێگرە لە ڕێگەی ڕیتمێکی دووبارەوە، کە بەبەردەوامی لەگەڵیەتی. ئەمەشیان ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر سیستەمی هەستەوەرییەوە، گوێگر لێرەدا تەنیا لە ڕێگەی هەستەوە ئاڵوودەی ئەو ڕیتمە دەبێت، نەک لە ڕێگەی خەیاڵێکی فراوانەوە، بۆیە ئەم گوێگرتنە جۆرێکی زۆر سەرەتاییە و هیچ پەیوەندی بەخەیاڵەوە نییە و توانای بەرزە فڕی خەیاڵی خۆی ناداتە گوێگر، بەم شێوەیە چێژ لەو ئەزموونە جوانکارییە وەرناگرێت. ئەم کێشەیەش تەنیا لەلایەن ئاوازدانەرەکانمانەوە دروست ناکرێت، بەڵکو ئەو لە تەمەنێکی زووەوە لە سەر ئەم شێوازە سنووردارەی گۆرانی چڕین ڕاهاتووە، کە لە سنووری دەربڕینی پەیوەست بە هەستە سەرەتاییەکانەوە تێناپەڕێت.
ئەم گوێگرتنە جۆرێکی زۆر سەرەتاییە و هیچ پەیوەندی بەخەیاڵەوە نییە و توانای بەرزە فڕی خەیاڵی خۆی ناداتە گوێگر، بەم شێوەیە چێژ لەو ئەزموونە جوانکارییە وەرناگرێت
حەسەن زیرەک وەک خاوەن بەهرەیەکی خۆڕسک، کۆمەڵێک کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی و هونەریی نێو کۆمەڵگەی کوردی لەپێناو سەرهەڵدانی ئەفراندنەکەی تێکشاندووە، لەهەرکوێیەک جوانییەکی سەرنجڕاکێشی بینیبێ بۆی نوشتاوەتەوەو کانیاوی میلۆدی ودەقی شیعری نێو ناخی هەڵایساوی لە گەردنیدا ئاڵاندووە. بۆیە لەنێو بۆتەی گۆرانییەکانیدا کۆمەڵێک خاسیەتی هونەری و کەلەپووری و کلتووری کۆمەڵایەتی هەن کەدەبێ بە وردی هەڵوەستەیان لەسەربکەین و شرۆڤەیەکی موزیککاریشی بۆ بکەین. لە دیارترینییان:-
١- بوێری حەسەن زیرەک لە دەربڕینی هونەریدا.
٢- کارنامەی گۆرانییەکانی وەک مەسجێکی نەتەوەیی.
٣- ئاواز و میلۆدی وەک گۆڕانکاری لە ڕەوتی گۆرانی دانراوی کوردیدا.
٤- ڕیتم وەک شوناسی ناسینەوەی مۆرک و پێرفۆرمەری دەنگ.
٥- تێکستی ئەدەبی وەک کودەتایەک بەسەر شیعری گۆرانیدا.
٦- دەسپێکی گۆرانییەکان وەک بانگەوازێکی سەرتاسەری بۆ بوونی پرۆسەی چێژ لە پێرفۆڕمەنس و چڕیندا.
٧- کەدێنزی گۆرانییەکان وەک سەپاندنی دەسەڵاتی هونەرمەند بەسەر کایەکانی گۆرانیدا.
ئەوەی لێرەدا خراوەتە ڕوو بەشێکی ئەو توێژینەوەیە کە لە داهاتوودا وەک دیۆکۆمێنتێکی زانستیی شیکردنەوەی موزیکیی بڵاو دەکرێتەوە.
١- بوێری حەسەن زیرەک لە دەربڕینی هونەریدا.
‎گ ئامانج لەم کارلێکە، ڕۆشنکردنەوەی تایبەتمەندییە نەتەوەیی و مرۆییەکانە، لە پێکهاتەکانی کەسایەتی تاکی کورددا بۆ قۆناغەکانی دواتر و بوونی هێڵێکی جیای جوانی و پاکی و بێگەردیی ئەم تاکە لە ڕەفتار و دانانی بیرۆکە و پابەندبوون بە داب و نەریتە کەلەپوورییەکان، هەمیشە بەڵگەکانمان پشتڕاست دەکات
دەسکراوەیی هونەریی حەسەن زیرەک کاتێک دەکەوێتە بەر ڕۆشنایی، کە ئەو ویستوویەتی، بە واتایەکیتر، هیچ زاتێک بوێری ئەوەی نەبووە پێی بڵێ:- ئا ئەو دەقە شیعرییە، یاخود ئەو میلۆدییە هەڵبژێرە، چونکە بۆ دەنگتان دەشێت!!
هەر دوو چەمکی (دەق و میلۆدی) لە نێو کارە هونەرییەکانی حەسەن زیرەک تەنها خواست و پێویستییەکی گرنگی ژیانی هونەریی ڕۆژانەی خۆی بووە، بە بەڵگەی ئەوەی کاتێ سەرقاڵی وەدەستهێنانی بژێوی سەختی ژیانی ڕۆژانەی بووە بەتایبەت کە هاتۆتە باشووری کوردستان و بە دیاریکراویش لە (بەغدا) وە پێویستی بەوە نەبووە کاتێکی گونجاو بۆ خۆی فەراهەمکات بۆ ئەوەی لە ئاهەنگێکدا بتوانێ بە باشترین شێوە دەربکەوێ، هەندێجار لە تۆنی ئامێرەکانەوە، یاخود لە میلۆدییەکی پچڕپچڕەوە کە بۆیەکەمین جار گوێبیستی بووە، ئاوازێکی نەمری داهێناوە کە بێگومان دەقەشیعرییەکەی عەیامێک بووە لە نێو سینەی پر کەفوکوڵییەوە پەنگی داوەتەوەۆرانی لە کۆمەڵگەی کوردیدا وەک شێوازێکی ڕەفتاری شارستانییانە، کارلێک لەگەڵ بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکات و
حەسەن زیرەک شووناس و زایەڵەی نەتەوەو نیشتمانێک
بەشی دووەم
بەیادی (٥٢) ساڵەی ماڵاویی( حەسەن زیرەک) کانیاوی گۆرانی کوردی
ئامانج غازی
٢- کارنامەی گۆرانییەکانی کەلەپووری( فۆلکلۆری و
میللیی) وەک مەسجێکی نەتەوەیی.
موزیک و گۆرانیی کوردی هیچ کاتێک لە مێژووی خۆی دانەبڕاوە، چونکە هیچ شارستانێتییەکی بێ پەیوەندی و کارلێک لەگەڵ شارستانیەتێکی هاوسێ و دراوسێدا نایەتە کایەوە. (فەرهاد پیرباڵ) ی توێژەر پێویستیی پەرەسەندنە کۆمەڵایەتییەکان و زەرورەتی تێکەڵبوونی کلتووریی قۆناغەکانی پەیدابوون و هاتنەکایەوە و پێگەیشتنی موزیکی کوردیی بەپێی ناوەڕۆکی جوانی بۆ سێ قۆناغ گەڕاندۆتەوە، کە بریتین لە قۆناغەکانی: بەرایی و ئایینی و لیریکی.
بەو شێوەیە موزیک واتە ئاواز و میلۆدی لای کوردەکان، هەمیشە ئامرازێک بوو بۆ ڕێکخستنی کارو کردەوەکانی خۆیی و دەربڕینی خۆشنوودی، هەروەها خەمەکانیشی لە هەمانکاتدا.
‎پانتایی موزیکی میللیی کوردی پێگە و شوێنێکی گرنگی مێژوویی داگیرکردووە و یەکێکە لە کۆڵەگە کلتوورییە موزیکییەکان کە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە ناسینەوەی تایبەتمەندییەکانی موزیکی ڕۆژهەڵات دەکات، چونکە لە ویژدانی گەلی کورد چێندراوە، هەروەها ڕەنگدانەوەی ڕەسەنێتی و بەشێک لە مێژوو و خۆزگەکانی و واقعییەتی کۆمەڵایەتی و هزری و کلتووریی خۆیەتی، چونکە، لێرەدا پەیوەندییەکی توند و تۆڵ لە نێوان موزیک و پێداویستییە
ڕۆحییەکانی ژیانی مرۆڤی کورددا هەیە.
پانتایی موزیکی میللیی کوردی پێگە و شوێنێکی گرنگی مێژوویی داگیرکردووە
ڕەنگدانەوەی کلتووری چەسپاوی لادێ و کلتووری گۆراوی بەردەوامی شار لە نێو بۆتەی گۆرانییە کەلەپورییەکان( فۆلکلۆری و میللیی)یەکانی حەسەن زیرەک دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هەڵێنجانی بابەتی گۆرانیی لە نێو کایەکانی کۆمەڵگە سەرمایەیەکی لەبن نەهاتوو بە هونەرمەند دەبەخشێ، بەڵام کام هونەرمەند؟ ئەو هونەرمەندە دەبێ خاوەن ئەو دەنگە ( خام) ە بێت و ئەو دەنگەش هەڵگری بنەما و تایبەتمەندییەکانی مۆڕک و تیمبەری تایبەت بەخۆی بێت. بۆیە شوناسی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک هەر لەسەرەتای بیستنی موزیکەکانیانەوە دەناسرێنەوە، چ جای ئەوەی کە دەگاتە شوێنقوڕگی زێڕینی ئەو. سەرچاوەی ناسینەوەی ناسنامەی کەلەپووری گۆرانی لە موزیکەکانیانەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەو باکگراوندەی کە موزیکی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک خۆیان هەڵگری سرووش و سەچاوەی زیندووی گۆرانییەکانن.
٣- ئاواز و میلۆدی وەک گۆڕانکاری لە ڕەوتی گۆرانی دانراوی کوردیدا.
‎موزیکی کوردی بە مێژووی خۆیەوە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دانەبڕاوە، لەبەر ئەوەی هیچ شارستانیەتێک بەبێ ئەوەی بەرکەوتن و کارلێکی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ شارستانیەتەکانی دراوسێیانیدا نەبێت بوونی نییە، حەتمیی پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان پێویستی بە درووستبوون و سەرهەڵدانی ئاوێتەکراوی کلتووری هەیە، چونکە کلتوورە جیاجیاکانی گەلان، سنووری سیاسی و بەربەستی ناوچەیی ناناسن.
‎پێکهاتەی تۆنالی موزیکی ڕۆژهەڵات لە گۆشەی تیۆرییەوە لە شێوەی ڕەگەزەکان تێتراکۆرد (Ttracord) ڕێکدەخرێت. چوار تێبینیی بە شێواز وئاراستەی جیاواز پەیڕەوی دەکەن و دەبێت چەندین فاکتەری تەکنیکی بنەڕەتی تێدا ئامادەبن بۆ بەدەستهێنانی کارەکتەر وەک سروشتی جووڵەی ڕێڕەوی میلۆدیو کەش وهەوای سۆزداری و دەروونی و خێرایی پێرفۆڕمەنسی(تێمپۆ) وشێوازی تێکەڵبوون وپێکەوە و بەدواییەکهاتنی ڕەگەزەکان
لە نێو گەلانی جیهاندا کۆمەڵێک ئاواز و میلۆدی هەن کە دەکرێ لەرووی بەراوردکاری ڕستەو دەستەواژە موزیکییەکانیەوە وەک بابەتگەلێکی هاوبەش ببیندرێن، بەپێی ئەوەی میلۆدییەکان هیچ کاتێک پێویستییان بە پاسپۆرتی پەڕینەوە نابێ لە نێو سنوورە دەستکردەکانەوە!! ئەم تیۆرەش بەڕای ئێمە دەبێ سرووشی داهێنەرانەی خۆی لەو وتە سەراسیمەیە وەرگرتبێ کە دەڵێ:-
( هیچ بابەتێکی ڕەسەن لە نێو گەلاندا بوونی نییە، بەڵکو بابەتەکان بەدەستەجەمعی گەلانەوە وەدەستهێنراون و دواتریش لە نێو بۆتەی موزیک و گۆرانیی و ئەدەب و فۆلکلۆرەوە ئاوێزەو ئاوێتەی یەکترکراون).
کەواتە کاتێ حەسەن زیرەک دەست بۆ گۆرانییەکی (ئازەری) یاخود بابەتێکی فۆلکلۆری یان میللیی هەر میللەتێک دەبات، ئەم کارە دەبێ وەک وەرگیراوێک یاخود گەڕاندنەوەی کەلەپوورێکی زیندووی هاوبەشی گەلانی دراوسێ یاخود بەیەکتر ئاشنا سەیر بکەین.
میلۆدی لای حەسەن زیرەک هیچ پەیوەندییەکی بە تێڕامان و وردبوونەوە لە بنج و بناوانی نییە، بەقەد ئەوەی ئاخۆ حەسەن زیرەک لە ئان و ساتی لەدایکبوونی میلۆدییەکە چ بەڕەژانێکی پێوە گرتووە تا بتوانێ سیماو مۆڕکێکی کوردی پێببەخشێ وبەو جۆرە بکەوێتەوە، ئا ئەوەیە نەشونمای داهێنان لە نێو ڕەحمی کەلەپووری گۆرانیی گەلانەوە.
٤- ڕیتم وەک شوناسی ناسینەوەی مۆرک و پێرفۆرمەری دەنگ.
ڕیتم خەسڵەت وتایبەتمەندییەکی هاوبەشە لە نێوان هەموو هونەرەکاندا، بەڵام لە موزیک وشیعر و سەمادا ڕوونتر دەردەکەوێت، وەک ئەوەی لە هونەرە بینراوەکاندا دەردەکەوێت و ڕیتم لە هونەردا بنەمایەکە بۆ هەر کارێکی هونەری و ئەدەبی لە سەر بنەمای چەند توخمێک، کە دیارترینیان دووبارەبوونەوە یان پەیوەندی نێوان توخمەکانی پێکهاتە هونەرییەکانە لە نێوان هێزی کاریگەر لەگەڵ یەکتردا، بۆ ئەوەی هیچ شتێکی باش لەگەڵ جوانی ئەوانی تردا نەڕوات و گوزەرنەکات.
ڕیتم دووبارەکردنەوەی لێدانێک یان کۆمەڵێک لێدانە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک، بە جۆرێک گوێ چاوەڕوانی دەکات کە کاتەکەی هاتووە
ڕیتم لەلای (ماکس پنشار) بریتییە لە: پێکهاتە و بەرجەستەکردنێکی دەرەکی لە پاڵنەر و ئەگەرەکانی موزیکێکی ڕێکوپێک وهاڕمۆنیزەکردنی پەیوەندی ماوەی نێوان دەنگەکانە، لە گۆڕانکارییە توندوتیژەکان وهەروەها لە جیاوازی چڕیدا وتایبەتە بە ئاواز وڕیتم بەپێی بۆچوونی دکتۆر فواد زەکەریا ڕیتم زاڵە بەسەر توخمی هاوئاهەنگی یان ڕێکخستنی جێگیردا: چونکە ڕیتم دووبارەکردنەوەی لێدانێک یان کۆمەڵێک لێدانە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک، بە جۆرێک گوێ چاوەڕوانی دەکات کە کاتەکەی هاتووە. ئەم جووڵەیە توخمێکە بۆ پەسندکردنی سترێس و توخمی ئازادکردن وهێورکردنەوە و لابردنی ئەم تەنگژەیە.
جڵەوی ڕیتم و تیمپۆ ( Tempo ) وەک یەکەیەکی دیاریکردنی سیماو بەرجەستەکردنی میلۆدی لە نێو گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک چ گۆرانی فۆلکلۆری ، میللیی، یاخود دانراو بێ، ئەو جڵەوە مانادارە تەنها و تەنیا بەدەست (حەسەن زیرەک)ەوەیە، بۆ وەدەستهێنانی زۆرترین ئێستێتیکای گوازرشتی هونەری حەسەن زیرەک ویستوویەتی ڕیتم وەک پێگەی ناسینەوەی مۆڕک و تیمپۆی تژی لە گۆڕانکاری بەردەوام وەک یەکەیەکی هونەری بژاردە بە ئێمە بناسێنێ، بە واتایەکیتر بەکار هێنان و خستنەکاری ڕیتم لە نێو گۆرانیەکانیدا هەڵگری مانا شارەوەکانی گوزارشکردنی دەنگی خۆیەتی لە نێو بۆتەی گۆرانییەکاندا، بەتایبەت ئەو گۆرانییانەی کە خاوەنی ئاوازی دانراون و لە ڕووی ڕێکخستنی تیپی موزیکیشەوە بە سیستماتیک کاریان بۆکراوە.
٥- تێکستی ئەدەبی وەک کودەتایەک بەسەر شیعری گۆرانیدا.
‎ئێتنۆمۆزیکناسەکان زۆرجار ئاماژە بەو بیرۆکەیە دەکەن کە، موزیک بە یەکێک لە جێگیرترین توخمەکانی کلتوور دادەنرێت، هەرچەندە هۆکارەکانی ئەم گریمانەیە بە دەگمەن ڕوون دەکرێنەوە یان بەڵگەداردەکرێن. ئەمەشیان بەبەردەوامی بەربەستێکە لەبەردەم لێکۆڵینەوە لە دیاردەکان وهۆکارەکانی فرەچەشنی لە پێکهاتەی موزیکدا. زۆرینەی توێژینەوە پەیوەندیدارەکان وەک دیسیپلینێکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ موزیکدا دەکەن، بەرهەمەکە وەسف دەکەن، بەڵام کەمتەرخەمی لە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی سەقامگیری و گۆڕانکاری دەکەن، کە ڕەنگە لە دەرەوەی بەرهەمەکەدا بن، بەدیاریکراویش ئەو بابەتانەی خۆیان لە چەمک و پڕۆسەی ڕەفتارو لە پێکهاتەی موزیکدا لەم توێژینەوەیەدا دەبیننەوە
دەق و تێکستی شیعری لای حەسەن زیرەک بریتین لەو هەناسە گەرم و ئاهە ساردانەی کە بۆ ژیانێکی ئەسەف خواردوو داویەتەوە، لە هەموو ئەو ئانوساتانەی کە دڵی ئەو خورپەی بۆ جوانێک لێداوە ئەوا چەکی شیعرێکی گوزارشتکەری تەڕ و بادە ئامێز ئامادەیە، لەنێو ئەو شیعرانەدا کە خۆی خاوەنییەتی هەندێ جار ترۆپک و هەیبەتی شیعرەکانی شاعیرانی کلاسیکی کوردی دەبنە فریادڕەسی هەڵوێستە دڵدارییەکانی و بە ئەسپایی دەیگەێننە کەنارەکانی ئارامی و بەو جۆرە تێکست و دەقی شیعریش مانا هونەرییەکانییان لەدەست نادەن.
دەق و تێکستی شیعری لای حەسەن زیرەک بریتین لەو هەناسە گەرم و ئاهە ساردانەی کە بۆ ژیانێکی ئەسەف خواردوو داویەتەوە
‎گۆرانیی کەلەپووریی و دانراوی کوردی نمایشێکی ڕێکخراوەیی مێژووی خۆیەتی، لە شێوەی ئاواز وشە و بە شێوازی گۆرانی چڕین و گۆڕاوەکانی ناسراوە، چونکە ئەوەی گوێ لە گۆرانی چڕینی کوردی بگرێت، هەست بە مێژووی گەشەکردنی ئەم گۆرانییە دەکات وئەزموونیشی لەگەڵدا پەیدا دەکات. گۆرانی چڕینی کوردی بەڕوونی وەک گۆرانییەکی بنچینەیی بە چڕیی و خاوەن ناوەرۆک پێناسە دەکرێت، بەهۆی بوونی دینامیکی هونەری و لە ڕووی قەبارە و فۆرم و گەورەیی ڕۆحی وهێزی گوزارشتەوە، ئاماژە بۆ ئاسۆی فراوانی خۆی دەکات. گۆرانی چڕینی کوردی هونەرێکی پتەوی ئاکار ڕوونە. ئەو گۆڕانە مێژووییەی لە ڕەوتی گۆرانیدا ڕووی داوە، لە هەموو قۆناغەکانی درێژکراوەدا شوناسی جیاوازی خۆی دەسەلمێنێ، بەڵام ئەوەی ئەم قۆناغانە بەیەکەوە کۆدەکاتەوە، دووبارە بەرهەم هێنانی هونەرێکە گرێدراوی کەلەپوور و کەلتووری زیندووی نەتەوەیە، ئەو بەردەوامییەی قۆناغەکانی گەشەکردنی هونەری ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پێشکەوتنی گەلان بە گشتی و گەلی کوردیش بە تایبەتی
٦- دەسپێکی گۆرانییەکان وەک بانگەوازێکی سەرتاسەری بۆ بوونی پرۆسەی چێژ لە پێرفۆڕمەنس و چڕیندا.
لە موزیکی میللیدا ئاواز هەمیشە ڕۆشن و ڕوون دەردەکەوێت و بە دەنگی تر دەورە نادرێت، لێرەدا ئاوازدانەر هەمیشە ئەو خاڵانە ڕەچاو دەکات، کە کارەکەی سنووردار دەکات لە دیاریکردن و بنیادنانی پێکهاتە و ڕێڕەوە میلۆدییەکان، بەتایبەتی لە گۆرانی میللیدا، ئەمەشیان بۆ دەوڵەمەندکردنی و کاریگەربوونە لە وەرگر یان گوێگردا، بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت، چونکە بەهۆی نەبوونی بیرۆکە هەمیشە هیچ بیرکردنەوەیەک لە بنیاتنانەکەیدا نابیندرێت.
ئەمە ئەو شتەیە ئێمە لە واقیعی هونەری خۆماندا هەستی پێدەکەین، کاتێک دەبینین (گوێگرێکی ڕۆژهەڵات هەمیشە بە دوای نامۆیی بەپەلەدا بۆ میلۆدییە بەردەوامەکان دەگەڕێت. ئەو توانای گوێگرتنی بە وریاییەوەی نییە،و پێویستی پێی نییە، بەڵام بە بێ پارێزراوی سەرسامی خۆی دەردەبڕێت، هەرچۆنێک بێت بیەوێت و هەر کاتێک بیەوێت چێژی لێ وەربگریت، یان هاوار بکات، گوێگرێکی بێدەنگ نییە، کە بتوانێ ڕێز لە موزیک بگرێت و بە هەموو هەستێکەوە پەیڕەوی بکات).
حەسەن زیرەک پێی وابووە تا موزیک و سۆڵۆی ئامێرەکان و دەست و پەنجەی داهێنەری ژەنیاران نەگەنە ترۆپکی گەیاندنی چێژی هونەری ئەوا مەحاڵە گۆرانیبێژ بتوانێ نهێنییەکان و کەفوکوڵی پەنگخواردووی نێو سینەی بدرکێنێ
لەدەسپێکی پێرفۆرمەنس و چڕینی هەر گۆرانییەکی حەسەن زیرەکدا ساتەوەختی ئەو دەستپێکردنە نادیارە، تەنانەت لە لایەن خودی موزیسیەن وژەنیارانیشدا ئەو دەستپێکە بە نادیاری ماوەتەوە. نهێنی ئەو هاوکێشە هونەرییە لەوەدا بەرجەستە دەبێ کە حەسەن زیرەک پێی وابووە تا موزیک و سۆڵۆی ئامێرەکان و دەست و پەنجەی داهێنەری ژەنیاران نەگەنە ترۆپکی گەیاندنی چێژی هونەری ئەوا مەحاڵە گۆرانیبێژ بتوانێ نهێنییەکان و کەفوکوڵی پەنگخواردووی نێو سینەی بدرکێنێ. خاسیەتی هەرە گرینگ و دوور مەودا و مانەوەی گۆرانی بە نەمری لە دووتوێ بەرهەمێکی شایستە لە دەستپێک و قفڵی گۆرانییەوە بەرجەستە دەبێت، بۆیە سەرنج و ڕامانی حەسەن زیرەک بۆ بەرهەمەکانی لەوە دەچێ کە ئەو هەر زوو زانیویەتی کە پەیامێکی پیرۆز و گەورە قورسایی شانەکانی لار کردۆتەوە، بۆیە پێویستە بەو تەنیایییەی خۆشیەوە لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتە مێژووییە بێت.
‎بۆیە بۆ ئێمە مانان زۆر گرینگە
‎زمانی ئامێرەکانی موزیکیی لە ڕێگەی سرووشگیری فۆلکلۆری کوردییەوە ڕۆحی موزیکی کوردی دەرببڕێت، بۆ پەرەپێدانی موزیکی هاوچەرخی کوردی، وەک وەرگرتنی سرووشگیری لە نموونەی نمایشکارانی کلاسیکی کورد،(گۆرانیبێژان وپێڕفۆڕمەنسەکانی فۆڕمی لیریکی کوردی)لەوانە هەندێ لە فۆڕمەکان کە سروشتێکی داستانییان هەبووە وەک
داستانە باوەکانی (لاوک)، هەروەها فۆڕمەکانی تر، لەوانە (حەیران) و(لاوژە) و (پایزۆک) .
حەسەن زیرەک بەدەر لە هەموو گۆرانیبێژانی سەردەمەکانی پێشخۆیی و ئەوانەی لەگەڵیدا بوونەو هەروەها نەوەکانی دوای خۆشی بە دەستەڵاتێکی ڕەهاوە باڵا دەستی خۆی بەسەر کەدێنزی گۆرانییەکانییدا جێهێشتووە
٧- کەدێنزی گۆرانییەکان وەک سەپاندنی دەسەڵاتی هونەرمەند بەسەر کایەکانی گۆرانیدا.
ڕیتم و ئاواز لە ڕووی سۆز و شارستانی و نەتەوەیی و دیسپلینەوە ڕۆڵی گرنگیان لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، لەم ڕوانگەیەشەوە مرۆڤ هەستی وابەستەبوونی بە وڵات و زمان و کلتوور و مێژووەوە ڕوو لە زیادبوون دەکات، چونکە مەعریفەی پێشکەوتووی تێمی ئاواز و ڕیتم لە سنووری جێگیری خۆی بۆ سنوورە زیادکراوەکان و ستانداردە نوێیەکانی بابەتەکانی تێدەپەڕێت، تا ئەو ڕادەیەی پەیوەندییەکی زیندوو لەگەڵ جووڵەی ئێستا و نوێدا بگونجێنێت.
هەوڵدان بۆ گەڕان و پاراستنی تایبەتمەندی و تایبەتمەندییە ڕاستەقینەکانی شوناسی موزیکیی و باڵادەستی ڕیتم و موزیک لە ئاوازدا پەیوەستە بە چۆنییەتی و چەنداییەتیی بەرهەمەکەوە لە رووی دیسپلینە هونەرییەکانییەوە.
کەدێنز واتە قەفڵەی گۆرانی ( مسك الختام) لە لای حەسەن زیرەک شۆڕشێکی هونەری نەپساوەیە، بۆ ؟ حەسەن زیرەک بەدەر لە هەموو گۆرانیبێژانی سەردەمەکانی پێشخۆیی و ئەوانەی لەگەڵیدا بوونەو هەروەها نەوەکانی دوای خۆشی بە دەستەڵاتێکی ڕەهاوە باڵا دەستی خۆی بەسەر کەدێنزی گۆرانییەکانییدا جێهێشتووە. زۆرینەی هەر زۆری گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لە گۆرانییە ( فۆلکلۆر و میللیی و دانراو) ەکانیدا لە کۆتایی و تەواو بوونی ڕۆڵی ئامێری موزیکیی و دەنگە زوڵالەکەیدا بە خاوکردنەوە بە شێوەی ( Adlib) ویستوویەتی پەیامەکەی بگاتە مەبەست ، ئەمەشیان بە ڕای ئێمە بۆ دوو خاڵی گەوهەردار دەگەڕێتەوە:-
١- نیشاندانی باڵادەستی و کۆنتڕۆڵی گۆرانیبێژ بۆ هەموو کایەو کاراییەکانی گۆرانی هەر لە دەستپێکەوە تا دەگاتە دوا بڕگەی بابەتەکە.
٢- ڕوانینی حەسەن زیرەک بۆ گۆرانی ڕوانینێکی یەکبابەتیی بووە، واتە نەپساوەیی بابەت و دەقی شیعریی و تۆنی دەنگە زیر و بەم ( گڕ و تیژ)ەکان و کۆپلەو موزیک و سۆڵۆی ئامێرەکان گێڕانەوە و باکگڕاوندی بابەتێکن لە خزمەت گۆرانییەکەدان و گەیاندنی پەیامی ئەو گۆرانیتەش بێگومان بە گۆرانیبێژەوە سپێردراوە، بۆیە تا گۆرانیبێژ نەگاتە ترۆپکی گەیاندنی چێژی هونەری و چیڕۆکی بابەتەکەش نەگاتە دوماهی ، ئەوا جگە لە گۆرانیبێژ کەس بۆی نییە کۆتا بە گۆرانییەکە بهێنێ.