فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئایینی سۆمەری… شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن بەشی نۆیەم و دەیەم

ئایینی سۆمەری… شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن

 بەشی نۆیەم و دەیەم

نووسینی خەزعەل ماجدی

  شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن محەمەد وەسمان /  هەولێر

بڵاوکردنەوەی دارئەلشروق -19

 

 

بەشی نۆيەم
بیروباوەڕی ئایینیی سۆمەرییەکان

 

٢- دامەزراوەی پێشگۆیی- المؤسسة الكهنوتية

سیستەمی ئایینیی پێشگۆیی سۆمەری وردە وردە پەرەی سەند و لە سەرووی ئەم سیستەمە لە سەرەتای سۆمەردا پاشاکانی بەرایی بوون ، کە لە ھەمان کاتدا سەرۆکی پێشگۆباڵاکان بوون و پاشا- پێشگۆکەش پێی دەگوترا (باتیزی) یان (ئینسی Ensi )، پاشان ئەم پەیوەندییە تێکچوو، بۆیە پاشا ناوی لێنرا (لۆگال Lugal) و سەرۆک پێشگۆکان ناوی لێنرا (ئین En )، واتە بەڕێز-گەورە، ئەم پێشگۆیە لەگەڵ مێپێشگۆی باڵا جووت دەبوو، کە بە سۆمەری پێی دەوترێت (نندنگر)، واتە (خانمە خوداوەند)، و بە زمانی ئەکەدی (ئینتو Entu)، بە واتای (خانم).

(پێشگۆیی ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەڕێوەبردن و پاراستنی پەرسگا و رِيَوشويَنە ئاینییەکانیدا.

پێشگۆکان (-priests الكهنة )بەرپرسیار بوون لە ئەنجامدانی قوربانی پێشکەشکردن بۆ خوداوەندەکان و لێکدانەوەی نیشانە و خەونەکان و پێشکەشکردنی ڕێنمایی و ئامۆژگاری بۆ خەڵک. هەروەها بەرپرسیار بوون لە پاراستنی شتە پیرۆزەکانی پەرسگاکە و سەرپەرشتیکردنی پاراستنی پەرستگاکە.)

سەبارەت بە پلە پێشگۆییەکانی دیکە، بەسەر دوو پلەی بنەڕەتیدا دابەش بوون:

١- بەرزترین ئاست: ئەمانەلەخۆ دەگرێت:

و- پێشگۆیەباڵاکان، و پێیان دەوترێت (سانکا sanga) ، یان (ماخ).

ب- پێشگۆیە پاسەوانەکان و پێیان دەوترێت (ئۆریکالۆ).

ج- پێشگۆیە تایبەتمەندەکان، ئەم پێشگۆیانەش، کە ھەریەکەیان جۆرێکی دیاریکراوی کار لە ناوەوە و دەرەوەی پەرستگاکە ئەنجام دەدەن، و ئەوانیش بریتین لە:

(پاککەرەوەکان،

پاکۆکەرەوەکان،

لەئاوھەڵکێشەکان،

ڕۆن لێدەران ،

نووشتەکاران،

خەونلێکدەرەوەکان،

پێشگۆکانی نھێنییەکان، شاگردەکان، ماتەمگێڕەکان، سروود بێژان).

٢- پلە ی ئاسایی: سێ جۆر پێشگۆ و پێشگۆی ژنیش لە خۆ دە گرێت:

و- پێشگۆ ژنەکان: ژیانی ئایینی سۆمەریەکان پڕ بوو لە سەرھەڵدانی پێشگۆ ژنەکان، ھەندێکیان پلەی پێشگۆی باڵایان ھەبوو (ناندانگار)، کە لە بۆنە پیرۆزەکانی ھاوسەرگیری پیرۆزدا لەگەڵ پاشاداجووت دەبوو وەک نوێنەری خوداوەندی ئینانا .

ھەروەھا پێشگۆژنەپلە باڵاکان ھەن کە خەونەکان بە تایبەتی لێکدەدەنەوە.

پایەکانی پێشگۆژنەکان بەم شێوەیەن:

١- ڕەبەن پێی دەوترێت (لوکورLukur)، ئەویش ئەو ئافرەتەیە کە سوێندی خواردووە لە پەرستگای یەکێک لە خوداوەندەکان خزمەت بکات. ئەو ئافرەتەمافی منداڵبوونی نەبووە.

٢- پیرۆزیارەکە –القدیسە ناوی (نو.گیگ Nu. gig)ە، و ھەندێک لە لێکۆڵەران بە ھەڵە وەریانگێڕاوە بە (ھەوەسخوازی پەرستگا)، و لە ژێر ڕۆشنایی ئەویشدا بووە بە شوێنێک بۆ ئەنجامدانی لەشفرۆشی و ناوی لێنرا لەشفرۆشخانە، لەکاتێکدا وەرگێڕانەدروستەکەی بە وردی بریتیە لە (خانەقا)، و ناوی ئەم پێشگۆژنە بە واتای (دوور لە نەخۆشی)دێت).

٣- نەزر کراو (نو بار Nu. bar)، کە تایبەتە بە خوداوەندێکی دیاریکراو و زۆربەی جاران لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندەوە ھاتووە.

٤- یاوەر (سوگی Su.ge)، پەیوەندی بە ڕێوڕەسمەکانی ھاوسەرگیری پیرۆزەوە ھەیە، مافی ئەوەی ھەبوو منداڵی ببێت.

٥- ژنەدەرگاوان (سال. زیکروم Sal. Zikkrum) ، ھەندێکجار بە نێرە ژن وەریگێڕدراوە، پێشتر لە پەرستگادا کاری خزمەتی ئەنجام دەدا.

ئێمە لێرەدا پێمان خۆشە ئەو شتە پووچەڵ بکەینەوە کە لە ژیانی ئایینی سۆمەریدا زۆر باسی (لەشفرۆشی پەرسگاکان) دەکرا، بەو پێیەی شتێک نەبووە بە ناوی لەشفرۆشی پەرسگاکانەوە ، بەڵکو لەشفرۆشەکان لە ماڵە تایبەتییەکانی خۆیان ، یان لە باڕەکانی فرۆشتنی شەرابدا لەشفرۆشییان دەکرد، پەرسگاکەش بە ھیچ شێوەیەک ئەو جۆرە ژنانەی تێدا نەبوو.. ھێرۆدۆت ئەمەی لەسەر پەرسگا کۆنەکانی خوارووی میسۆپۆتامیا بڵاوکردەوە بەبێ ئەوەی سەردانی بابل بکات، بەڵکو زیاتر لە ژێر کاریگەری دەوروبەرەیۆنانییەکەیدا بوو ، ڕەنگە سەرچاوەی ئەم سەرلێشێواوییە ئەوە بێت، کە لە ئەنجامدانی جووتبوونی پیرۆز لە نێوان پێشگۆی باڵا و پاشا لە ڕێوڕەسمی ھاوسەرگیری پیرۆزدا ڕووی دەداھاتبێتە ئاراوە ، کە لە سەرەتای ساڵی نوێدا لە میانەی ئاھەنگە ئایینیە گەورەکان ئەنجام دەدرا.

 

بەشی دەيەم
بیروباوەڕی ئایینیی سۆمەرییەکان

 

٣- پەرسگا سۆمەریيەکان

پەرسگا سۆمەریيەکان شوێنی ھاوبەش بوون بۆ خوداوەندە سۆمەریيەکان و پێشگۆکان پێکەوە، خانوو-ماڵی زەمینی بوون بۆ خوداوەندەکانيان ، پێشگۆکانی ئەم ماڵانەش وەک خزمەتکاری خوداوەندەکان بوون، ڕێوڕەسم و ڕێوڕشوێنیان بۆ ئەنجام دەدا و ھەمووثيَويستيَكى ئەوان و پەیکەرەکانیان دابین دەکرد .

گومانی تێدا نییە کە پەرسگا سۆمەرییەکان لە پەرسگاکانی سەردەمى عوبەید نزیکەی ٤٥٠٠ پ.ز – ٣٨٠٠ پ.ز و ئاریدەوە پەرەیان سەندووە، کە لەگەڵ سەرەتای پەرسگای کالکولێتیت (بەردينی کانزایی) دەرکەوتوون،ڕەنگە کۆنترین پەرسگاکان ئەوانەبن لە ھەزارەی پێنجەمی پێش زایین لە ئێریدو (چینی شانزەھەم) دۆزراونەتەوە، تایبەت بوون بە خوداوەندی ئاو وپەندزانی- حیکمەت (ئینکی) و پەرسگایەکی سادە بوو، کە پێکھاتبوو لە داڵانێک و شوێنێکی پیرۆز و پیرۆزگەی پیرۆزییەکان- قدس الاقداس.

پاشان ئەم پەرسگایە فراوانتر بوو و بوو بە نێوەندێک کە بە ژووری دیکە دەورە دراوە ، لەسەرنشینگەیێک ،یا سەکۆیێک دروستکراوە، بە کۆمەڵێک پلیکانە بەرەو دەروازەی پەرسگاکە سەردەکەون ، بەگشتی دەتوانین پەرسگا سۆمەرییەکان دابەش بکەین بۆ ئەم جۆرانەی خوارەوە:

1-پەرسگای سادە: ئەمانە ئەو پەرسگایانەن کە مێژووەکەیان بۆ نێوان (٥٠٠٠-٣٥٠٠) پێش زایین دەگەڕێتەوە ، لە چەند شوێنێکی زۆر سادە پێکھاتبوون ، پێکھاتبوو لە داڵانێک و شوێنێکی پیرۆز و پیرۆزگەی پیرۆزییەکان- قدس الاقداس ، نموونەکانی لە پەرسگاکانی ئێریدو (٨-١٨ چین ) و پەرسگای تەپەگورە (چینی ١٨) ديارن .

2-پەرسگاکانی بە سەکۆ: زۆربەیان کەوتوونەتە نێوان (٣٥٠٠-٣٠٠٠) پێش زایین ، پاشكۆکانیان – مرفق پەرەیان سەندووە، و بووەتە ھۆی ناسینی ئەو خوداوەندانەی کە بۆیان تەرخان کراون ، لەوانەش پەرسگاکانی (ئینانا لە وەرکا) و (ئەریدو) و خەفاجی بۆ خوداوەند نانا (مانگ) و پەرسگای گرد براک بۆ خوداوەندی چاو و پەرسگای تەپە گورە .

3- پەرسگاکان بە سەکۆ و شێوەی جیاواز: زۆربەیان لە سەردەمی شارەدەوڵەتەکانی سۆمەری (٣٠٠٠-٢٤٧٠) پێش زایین دەرکەوتوون ، تایبەتمەند بوو بە سەرھەڵدانی شێوە ئەندازەییە جیاوازەکانی وەک :ھێلکەیی و بازنەیی و چوارگۆشەیی و لاکێشەیی… لەنێویاندا پەرسگای نانخێرساگ لە تەل عوبەید، پەرسگای ئەنلیل لە نیپور-نەفەر، پەرسگای چوارگۆشەی خوداوەند (ئابو) لە تەل ئەسمەر و سێ پەرسگای خەفاجی (ھێلکەیی ، نینتۆ، سین)، پەرسگای شارا لە تل ئەجرەب و پەرسگای عیشتار لە ئاشوور و شەش پەرسگای ماری (ئینانا، نەنخراساگ، ئوتو، عیشتارات، ننی زازا، و زیگورات).

٤- زیگورات: بریتین لە پەرسگاکانی بە شێوەی چین لە نێوان (٣-٧) چین دروست کراون، ھەر دوو چین بە پەیژەیێک بەیەکەوە بەستراونەتەوە، ھەروەھا چینەکانی لەگەڵ زیادبوونی بەرزی زیگوراتە کە بەرینیان کەمتر دەبوویەوە،ھەتا ھەندێکیان بە ژوورێک کۆتایی دەھات تەرخانبوو بۆ خوداوەندی ئەو پەرسگايە.

گرنگترینی ئەم زیگوراتانە لە سەردەمی بنەماڵەی سێیەمی ئور (٢١٢٤-٢٠٠٦) پێش زایین ،لە شارەکانی ئور، ئێریدو، نەفەر، ئوروک دەرکەوتوون.

(پەراوێز: بە سۆمەری زیگورات ziggurat ، بە ئەکەدی: ziqqurratum، zaqārum ، هاوتایە لەگەڵ زەقەری عیبری (zaqar ) ،زیگورات-الزقورة- البرج المدرج-سەکۆی پەیژەدار-سەکۆی باڵا-بابلییەکان بەم بنیاتەیان دەوت(زیگوراتی)-یا (زقارو-زکارو) بەواتای بەرز وبڵند . د.فرج بصمةجی –مجلة ( سومر)-مجلد ١١-ج ١ – ١٩٥٥ –ل ٥٤ .

(لە سەردەمی ئورنممو پەرستگە دروست کردن گۆڕانکاری بەسەرداھات لە پێشدا لە یەک سەکۆ –مصطبە ونوێژگە دروست دەکرا,یا لە دوو سەکۆی لەسەر یەک یا سێ سەکۆی لەسەر یەک دروست دەکرا,کەچی دواتر سەکۆکان زۆر بوون و لەسەریەک بەرزدەکرانەوە وپەیژەیان ھەبوو پلیکانەیان ھەبوو بۆ بەسەرکەوتن وەک قوللەیێکی بەرز ی بنکە شێوە چوارگۆشە یا سێگۆشە و بە زیگوراتى ناسران).

ڕەنگە زیگوراتی ئور کە تایبەتە بە پەرستنی خوداوەندی مانگ (نانا)، لە نێو ئەم زیگورانەدا بەناوبانگترین و خۆڕاگرترینیان بووبێت بەرامبەر بە رۆژگار، بەو پێیەی تا ئەمڕۆش وێرانییەکانی خۆڕاگرن.