فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لایەنە ئانتۆلۆژیکییەکانی دەنگ، ڕاستەقینە ئۆنتیکەکانی دەرد

 

لایەنە ئانتۆلۆژیکییەکانی دەنگ، ڕاستەقینە ئۆنتیکەکانی دەرد

 

(خوێندنەوەیەکی بوونناسانە لە مەرگی هونەرمەندی کورد،  عەلی زەندی)

 عەبدولقادر نیازی/ نووسەر/ مەهاباد

 

ڕاستەقینەی دەرد وەک تێرمێکی بوونناسانە و ئانتۆلۆژیک، بەردەوام بەستەیە بە شێوازی هەبوون لە نێو جیهانی بوون دا. لەو ڕووەوە شوێن کاتێیەتی و بوونێتی هونەرمەند پاڕادایمێکە کە بە هیچ شێوەیەک بەدەر نییە لە ئەکتیویتەی هونەری. ئەو شێوازە لە بوونێتی بەردەوام سازدەری دۆخێکی تۆتۆلۆژیک و بە ئەم ئەویدی کراوە کە تێیدا شوێن/کاتی هونەرمەند و ئاسەواری هونەری وەک چەمکێکی ڕاستەقینە بە شێوەیەک دەخاتە ڕوو کە هیچ چەشنە مەترسییەک بۆ دەرد بەدی ناهێنێ. ستاتیکای دەرد و لە گەشبینانەترین حاڵەت دا ئاسایی کردنی دەرد ئەو تێرمە دانەبڕاوەیە کە سەر و بنی مۆسیقای کوردی و سۆبێکتی هونەری تێک تەنیوە.بە تایبەت کاتێ کە هونەرمەندی کورد بەرەوڕووی مەنفا و دیاسۆڕا دەبێ. دە ڕاستیدا ئۆبژەی دەرد و ئاپاڕاتووسی هونەر بە تایبەت مۆسیقا ئەو خسڵەتە ئۆنتیک/ئانتۆلۆژیکییەن کە بە هیچ شێوەیەک لێک دابڕاو نین هاوکات بەرهەمهێنەری دۆخێکی مەترسی سڕینەوەشن لە دەرد. ژیانی هونەرمەندی ناودار “عەلی زەندی” چ لە مەهاباد و ورمێ و چ ئەو کات کە لە سنە بوو بە هیچ شێوەیەک بەدەر نییە لەو دۆخە تۆتۆلۆژیک و ئانتۆلۆژیکە کە هەم بارگراوەندێکی شاعیرانەی بوو هەم دەیڕوانییە سەر ئەو دۆخە تڕاژیکەی کە بەردەوام و بە شێوەیەکی نائاسایی، پێناسەکردنی دۆخێکی ئاوارتەیە بۆ هونەرمەندی کورد بە تایبەت ئەگەر کەوتبێتە بەر شاڵاوی ئەو دەمارگرژییە ئیدئۆلۆژیکەی وا دەسەڵات بە شێوەگەلی جۆراوجۆر دەیخاتە سەر سۆبێکتی هونەری لە کوردستاندا. بەو بەرئاوردە، ژیانی هونەری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت تاکەکەسی هونەرمەند عەلی زەندی تا کاتی مەرگی لە دیاسپۆڕا دا بە هیچ شێوەیەک لەو ئێگزیستانسە بە دەرداوی کراوە دوورە پەرێز نەبوو. بۆیە هونەرمەند عەلی زەندی و هاوبیرانی لە لایەن دەسەڵاتەوە خسترابوونە ناو مەغزێکی ئابجێکشێنەوە(الودە انگاری کریستوایی)، کە لە لایەن دەسەڵاتەوە تێکدەری نەزمی نمادین بوون. لە ڕاستی دا حەول دان بۆ دالۆسکەکردن و هەڵپەساردنی سۆبێکتی هونەری عەلی زەندی لەو شوێن/کاتـــە بوونناسانەی تێیدا دەژیا، خۆی دە خۆی دا بە غیابێکی مێلۆدیک دەگەییشت. غیابێک کە مەرگی نەک وەک بە نا/زیندوو کردنی لەش بەڵکوو وەک بێ دەنگی پێناسە دەکرد. بێدەنگی وەک کردەیەکی پەسیو و مونفەعیل کە بۆ سۆبێکتی هونەری بەتاڵە لە دینامیزم و فەرایەندی سۆبێکتییەتی. ئەو دۆخە ڕەنگە دۆخێکی ئاڕکی تایپیک و سەرچەشنانە بێ لە نەستی بە گشتی کراوی کوردا کە تێیدا مەرگ نە مردن دە شێوازێکی فیزیکی و کۆنکرێت دا کە دە نەبوونی دەنگ هەڵبڕین دا خۆی دۆزیوەتەوە. ئەگەرچی دەنگ و مۆسیقا بۆ کورد بەردەوام هەڵگری هەندێ دەلالەتی ئانتۆلۆژیکاڵ و بوونناسانە بووە جا چ دان پێدانانێکی یۆنیوێرساڵ بێ بۆ ڕزگار کردنی کۆبانی، چ دابەزاندنی مۆسیقا و نۆت بێ لە سەر شێعرە سینەماییەکانی مەولەوی کورد چ ڕاگوێستنی دەف بێ لە گۆشەی حوجرە و خانەقاکانەوە بەرەو مۆسیقایی نۆتیک و ژێنێڕیکی ئێرانی لە لایەن بیژەنی کامکارەوە. گرینگ ئەوەیە دەنگ بۆ کورد بەردەوام وەک ڕێتۆریکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هونەری خۆی وەک ئاپاڕاتووسێک دە پڕەنسیپی کورد و کوردایەتی دا هێناوەتە ئاراوە بێ ئەوەی لە بووتیقای مێژووی کورد جودا بکرێتەوە. بۆ هونەرمەندی ناوداری کورد “عەلی زەندی”، کە بە شێوازێکی زۆر ڕەسەن و هاوکات نوێخوازانەوە ڕۆچووبووە ناخی لەیلاخ و هەورامان و ئیلام و لوڕستان و کرماشان و ورمێ و هەروەها ژانڕی هۆڕە، ئەو شێوازە لە بوونناسی و ئێگزیستانس وەک تۆپۆلۆژییەکی ساجێکتیو دەهاتە ئاراوە کە هەم خاوەنی سێ کوچکەیەکی دیالکتیکی بوو هەم یارمەتی ئۆبێکتی دەنگ و مۆسیقای دەدا بۆ بە فام کردنی مەرگ و مێژوو و ڕەسەنایەتی کە هاوکات تڕۆئیکای دیالکتیکین لە پڕۆسەی کوردییەت دا. ئەگەر باوەڕمەند بەو وتەیەی ژاک ئاتالی بین کە پێیوایە : حەول و پێداگری زانست ئەگەر بە درێژایی بیست و پێنج سەدە تەنیا بۆ سەلماندنی ئەوە بوو کە تەنیا شیاوی دیتن بوونی جیهانی نیشان دا، ئەوە مۆسیقا بە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئەو ئاپاڕاتووسەی زانست، خۆی وەک ڕەوایەتێکی بەهێز هێنایە ئاراوەیە کە جیهانی لە دۆخێکی تەنیا بینراوەییدا ڕاگوێزی دۆخی بیستران کرد. عەلی زەندی دە بەرهەمەکانیدا و ڕەفتاری میوزیکۆلۆژیکی خۆیدا و هەروەها ژیانی سیاسی و ئاوارەیی و دوورخران و دیاسپۆڕاشدا هیچکات بیسەر و بینەری لەو سەرێتییە مۆسیقاییەی جیهان و ئەو خسڵەتە سۆبێکتیوە بێ بەری نەکرد. هەمان ڕووکردی تۆتۆلۆژیک و هاوبەش و دابەش کردنی سۆبێکتی مۆسیقایی کە پێشتریش ئاماژەی پێ کرا. ئەگەر چی ئەو هاوبەش کردنە خۆی دە خۆی دا بە جۆرێک لە جۆرەکان، چەشنێک هاوبەش کردنی قەیرانی سۆبێکتی هونەری کورد و دابەشینی سووژەی مۆسیقایی و کێش داری کورد بوو بەڵام بەردەوام هاوکات هەڵگری بنچینەکانی ڕەسەنایەتی و کاتمەندی کوردیش بوو کە بە گوێرەی دیالکتیکی هێگلیشەوە هەمان ڕووحی زەمانە کە مێژووی کوردی بەر لەوەی وەک بەدوای یەک داهاتنی پەیتاپەیتا و لۆژیکی ڕوودا و شوێن/ کاتی کورد شڕۆڤە کا وەک کاتالیزۆرێک بۆ بەرەوپێش بردنی دیالکتیکی ڕووداوەکان دەهاتە ئاراوە. ئەوە هەمان فیگۆڕە بوونناسییەکەیە کە بۆ کورد خۆی دە دووتۆی دەنگدا دەدۆزێتەوە. ڕەچەڵەکناسی دەنگ لە نێو کورد دا بەو جۆرەی مێڕلۆپۆنتی ئاماژەی پێ دەکا، خۆی دە خۆی دا خاوەنی هەندێ دەلالەتی دیاردەناسانە، تەجروبی و کۆنکرێت و ئەزموونکراوە کە کۆتا دۆخەکەی هەمان موتڵەقییەت و ڕەهابوونێتییە کە کورد پتر وەک گوتار و پێڤاژۆیەکی بەهێز بەدی دەکا تا هەبوویەکی بۆش و بەتاڵ لە هەرچەشنە بنەمایەکی مەعریفی/بوونناسانە. بەو پێیە دەنگ و مۆسیقا و نۆت و مێلوودی بۆ کورد نە بە تەنیا سەرچاوەی فەلسەفە و نە دیاردەی دەنگ کە ژێئۆمووزیک/پۆلێتیکێکە لە بوون و بوونێتی پۆزەتیڤ کە هاوکات مۆسیقا و فەلسەفە وە سەما دەخا. هەر بەو شێوازەی کە عەلی زەندی بە دەنگی ڕەسەن و تۆنالۆژیکی خۆی، موکریان و لەیلاخ و هەورامان و ورمێ و ئیلام و کرماشانی وە سەما خست. سەما لە نێو دەرد و دەرک دا. سەما لە نێو دەرکی دەرد و دەردی دەرک دا. سەما لە گەڵ مەرگ و شێرپەنجە و دیاسپۆڕادا…