فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

حەمەکەریم عارف:  قەوارەی زمانی ستاندار بە ئەندازەی قەوارەی سیاسی گرنگە

حەمەکەریم عارف: قەوارەی زمانی ستاندار بە ئەندازەی قەوارەی سیاسی گرنگە

بەکارهێنانی زاراوەی بیانی لەنێو قسە، هەستکردنە بەخۆ بە کەمزانی…

 

 

ئا: غازی حەسەن

یەکێک لە نووسەرە دیار و  وەرگێڕ و چیرۆکنووسە گەورەکانی کوردستان (حەمە کەریم عارف)ە. ئەو دەنووسێت و دەنووسێت و دەنووسێت، چونکە نووسین لای ئەو پیشەیە و دەزانێت بۆچی دەنووسێت و  ب چ زمانێک و  لەبەرچی و بە چ شێوازێک دەنووسێت و بەرهەمە دانسقە جیهانییەکانیش وەرگێڕێت. ئەو لەرێگەی زمانەوە نایەوێت خیانەت لە دەقی وەرگێردراو بکات، نایەویط لەپەنای هیچ دەقێک نێوبانگ پەدیا بکات، چونکە ئەو دەزانێت بەهای دەق چەندە و چییە.
ئەو لە کەرکووک گەورە دەبێت و  لەشاخ لەسەردەمی خەباتی چەکداری وەکو نووسەرێک سەنگەری تێکۆشان بە قەڵەم هەڵدەبژێرێت. لە شار وەکو مامۆستا و وەرگێڕ و نووسەر ناسراوە.
بە هەڵوێست و زمان و نووسین نووسەرێکی کوردستانییە. لە کەس ناچێت و  کەسیش بێزار ناکات، دەنووسێت و بیر دەکاتەوە و دەخوێنێتەوە. لە هەڵبژاردنی بابەت و ڕۆمان و کتێبی گرنگ و بەنێوبانگ کەسێکی بوێرە، هەمیشە بەگژ دەقی قورس، ئاڵۆزدا دەچێت.
لە ژیان چەپە، لە خودانکردنی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی کتێبدارە لە سایەی بەرهەمەکانی، ئەو خاوەنی پتر لە سەد کتێبی نووسین و وەرگێڕدراوە.
من تەنیا یەک شت دەزانم کە لە کوردستان تەنیا یەک (حەمە کەریم عارف) هەس، ئەویش تەنیا لە خۆی دەچێت.
دەرگای گفتوگۆ لەبارەی زمان و ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و زانکۆکان و ڕۆڵیان لە پەرەپێدان و خەساندنی زمان، دەسەڵاتی ڕاگەیاندن و زمان و چەندین بابەتی دیکە، ئێمە پرسیارمان کرد و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە:
پ١: پێتان وایە زمانی کوردی و پاراستنی زمانی کوردی پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١ پتر بایەخی پێدەدرا و وەکو دۆزێکی نەتەوەیی و فیکری سەیر دەکرا ، یان دوای ئەم ڕووداوە مێژووییەی کە بووە هۆکار بۆ گۆڕانکاری لە زۆر بواردا؟

و١: زمان، یەکێکە لە کۆڵەکە و پایە هەرە گرینگەکانی بوونی نەتەوەیی وەکو قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت سیاسیش.

زمان ناسنامە و بڕبڕەی پشتی نەتەوەیە، زمان ڕوح و ژیانی نەتەوەیە، کە ئەمە گرینگی و بایەخی زمان بێ، مانای وایە بایەخدان بە زمان، بەتایبەتی بۆ نەتەوەی بندەست و پارچەپارچەکراو، نەک هەر ئەرکێکی ئاساییە، بەڵکو دەچێتە خانەی خەباتی زۆر جدییەوە و فەرامۆشکردنی یەجگار پڕ مەترسییە. هەر نەتەوەیەک زمانەکەی بمرێ ، بەخۆیشی دەمرێ ؛ مەرگی زمان یەکسانە بە مەرگی نەتەوە… هەڵبەتە زمانی نەتەوەیی ( زمانی خوێندن و نووسین ) بەپلەی یەکەم ئەهلی قەڵەم و ئەدەبیات جڵەوداری دەکەن . ئەهلی ئەدەب و قەڵەمیش ، مەعلوومە کە بابەتی بەر و دوایان مرۆڤ و ئازادی مرۆڤە ؛ وێڕای ئەوەی کە لە سەریانە خۆ لە قەرەی مالیجەی گرفتە جیهانی و گەردوونیە مرۆڤانیەکان بدەن ، دەبێ ئەوەشیان لەبیر بێ کە جەماوەرێکی تایبەتی و دیاریکراو بە زمانێکی دیاریکراو دەدوێن و ئەم دوو تایبەتمەندییە ، دەلالەتی کارە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانیان دیاریدەکات ، بەرلەوەی نێوەڕۆکی جیهانی دیاریبکات . هەر میللەتێک زمانی نەتەوەیی ( زمانی خوێندن و نووسینی یەکگرتووی ) نەبێ ، بە تایبەتی کە بندەست و بێ دەوڵەت بێت ، ئەوا یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرینگەکانی بەڕەڤانی و بەرخۆدان لە دەست دەدا ، ئەگەری پارچەپارچە کردن و بە چەند نەتەوە کردنی زۆر زیاد دەبێ . ئەگەری مەرگی نەتەوەی دایک و لە دایکبوونی چەند وردە نەتەوەیەکی بێ شەخسیەت و لاواز دێتە ئاراوە . ڕەنگە هەندێ لەو خوردە نەتەوانەش بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار بەیەکجارەکی زمانی زکماکی خۆی تەرک بکات و زمانی نەتەوەیەکی دیکە وەربگرێ و بەمەش خۆی دەدۆڕێنێ و لە نێو ئەو نەتەوەیەدا دەتوێتەوە کە پێشتر زمانەکەی وەرگرتووە . هەموو دەزانین کە پرۆسەی تواندنەوەی نەتەوەی کورد ، لە هەردوو ئاستی واقیعی و مەعنەوییەوە لە مێژە لەگەڕدایە ، کەم و زۆر لێرە و لەوێ ، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سەری گرتووە . دیارە ئەم هەوڵ و پرۆسانەی دژمنان و داگیرکەرانی کورد ، خۆی لەخۆیدا نیشانەی ئەوەیە کە بایەخ و گرینگی زمانی نەتەوەیی ( زمانی خوێندن و نووسینی یەکگرتووی کوردی ) بە ئەندازەی بایەخی قەوارەی سیاسی گرینگە و هەندێجار گرینگتریشە… واتە ڕەنگە هەندێجار نەبوونی قەوارەی سیاسی وەکو دیفاکتۆ ، بەخۆرتی بێتە سەپاندن و ئاسایی بنوێنێ ، بەڵام نەبوونی قەوارەی زمانەوانی ، هەرگیز ئاسایی نییە و ئەگەر خۆمان خۆمان بین و خاوەنداریەتی زمانەکەمان بکەین ، کە لە هەمان کاتدا دەکاتە خاوەنداریەتی بوونی کۆمەڵایەتی خۆیشمان ، بە تۆپزی نایەتە سەپاندن . بۆیە پابەندبوون و خۆبەستنەوە بە زمانی نەتەوەییەوە ، خۆی لە خۆیدا سەنگەرێکە بۆ بەگژا چوونەوەی پرۆسەی تواندنەوەی نەتەوەی کورد ، بۆیە هەر هەوڵدانێکی نووسین بۆ ئەوەی بە زمان و لەهجەی ناوچەیی بخوێنرێ و بنووسرێت کارێکی نابەجێیە و لە سەر حیسابی زمانی ستانداردی کوردیە و ئاوە و ئاشی دژمن دەکرێ ، چونکە هەر لەهجەیەکی ناوچەیی کە بوو بە خاوەنی کەلەپووری نووسراو ، کار بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە دەکات ، نەک بۆ یەکێتی و یەکگرتن و دەوڵەمەند کردنی زمانی ستاندارد . پێویستە زاراوەکانی زمانەکەمان بە ئاراستەی زمانی ستانداردا لێکدی نزیک بکەینەوە و کێشە و ئاریشەی زمانەوانی ناپێویست بۆخۆمان دروست نەکەین و لە مەنهەجییەت دوور نەکەوینەوە و ئەنارشیزمی حیزبایەتی تەسک بۆ نێو زمانەکەمان نەیەنین ، با هاوسەنگی زمانەکەشمان لە دەست نەچێ.

زمان و گەشەکردنی زمانیش ، پەیوەندی بە ئازادیە حەیاتیەکانەوە هەیە ، بۆیە دەبینین هەموو بزوتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی کوردەواری ، یەکێک لە داخوازیەکانیان ، بەڕەسمیەت ناسینی زمانی کوردی بووە و ، لە سنووری توانا دا مومارەسە کراوە و بایەخی پێدراوە… بۆ نموونە سەرنجی چالاکیە زمانەوانیەکانی ساڵانی ڕێکەوتنی یازدەی ئازار بدەن ، یان پێشتر ئەزموونی عەمر کورتی کۆماری کوردستان لە شاری مەهابادا… واتە ئەم چالاکیانە لە ژینگەیەکی سنووردار و تا ڕادەیەک دیاریکراوەوە ئەنجام دراون و دەدران . بەڵام ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی  ١٩٩١، وەرچەرخانێکی یەجگار گەورە بوو نەک هەر لە کوردەواریدا ، بەڵکو لە هەموو دەڤەرەکەدا ، مژدەی گۆڕانکاری یەجگار گەورەی لە هەموو کایەکاندا بەگوێی میللەتانی دوور و نزیکدا دا . قۆناغێکی تازە بوو لە دیرۆک و چاندی کوردا ، ئینسان دەبێ بەگوێرەی هەر قۆناغێک ئەوزاری بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێ ، ئێمەش لە پێش ڕاپەڕینا لە ژینگەیەکی داخراوی گۆشەگیرا دەژیاین ، دەنگ و ڕەنگمان نەدەگەییە هیچ شوێنێک ، تەنانەت نەدەگەییە هەموو کون و قوژبنێکی کوردستانی باشووریش ! بەڵام لە دوای ڕاپەڕین بە حوکمی کەڵەکەبوونی ئەزموونی خودی و فاکتەرێن بابەتی و تەشەنەکردنی گلوبالیزم ،  دنیا زۆر بچووک بووەوە ، مرۆڤی ئەم سەردەمە بە حوکمی عەولەمە وەکو ئەوەیە لە یەک ماڵدا بژی ، بەڵام بەجیهانی بوون و بەشداریکردن لە جیهانیەتدا ، لە ڕێگەی گەلێکی دیاریکراو و خەڵکێکی دیاریکراوەوە دروست دەبێت … بۆیە دەبێ هزرینمان لۆکاڵی و بۆچوونمان جیهانی بێ ، تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، هەموو لەمپەڕەکانی ڕاماڵیوە و ئێمەی کوردیش لە دەرهاوێشتەی ئەم گۆڕانکاریانە بەدەرنین و لە قووڵایی دیاردە و ڕووداوەکانی نەک هەر کوردستاندا ، بەڵکو جیهانیشدا دەژین و بەئاشکرا ڕەنگدانەوەیان لە چالاکیە چاندی و فەرهەنگیەکانماندا دیارە ، لە ژینگەیەکی زۆر کراوەدا دەژین و ئەم کرانەوەیە بە چالاکییە چاندی و زمانەوانیەکانمانەوە دیارە و چالاکی زمانەوانی دوای ڕاپەڕین زۆر زیاتر و ڕەساترە لە هی پێش ڕاپەڕین ، ئەگەرچی هەندێ پاشاگەردانی پێوە دیارە ، کە ئەو پاشاگەردانیەش ، دەرهاوێشتەی هەر گۆڕانکارییەکە و، هەرکە خۆی دۆزییەوە ، ئیدی ئارام دەگرێ و دەکەوێتە سەر سکەی خۆی ، ژینگەی کراوە ، کرانەوەی فەرهەنگی بەرهەم دێنێت..

  زمان و گەشەکردنی زمانیش ، پەیوەندی بە ئازادیە حەیاتیەکانەوە هەیە ، بۆیە دەبینین هەموو بزوتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی کوردەواری ، یەکێک لە داخوازیەکانیان ، بەڕەسمیەت ناسینی زمانی کوردی بووە

 

 

پ٢: زانکۆکان هەمیشە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی زمان و ئینجا لێکۆڵینەوەی زانستی لە بواری زمانەوانی و پەرەپێدانی تواناکان و پێگەیاندنی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا هەیە، ئایا دوای ڕوخانی ٢٠٠٣ و بەتایبەتیش لەم ساڵانەی دوایدا زانکۆکان لەم بوارەدا کاریگەرییان زیادی کردووە، یان شایانی ئەوەن ڕەخنەیان لێبگیرێت، لە هەردوو دۆخدا بۆچی؟

و٢: کە باسی زانکۆ دەکرێ یەکسەر ئەوە دێتە بەرچاو و خەیاڵ کە مەڵبەندێکی گەورەی ئازادییە ، مەڵبەندی زانست و داهێنانە ، دوورە لە هەر وەعز و وەعزدانێک . قوتابی لەوێ فێری زمانی ئازادی دەبێ ؛ فێری ئەوە دەبێ زمانی ئازادی بە ڕاستگۆییەوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکار بێنێ… فێری واقیعبینی دەبێ ؛ واقیعبینی ئەوەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەکەی ، نەک واقیع وەکو چۆن هەیە بگێڕێتەوە . زمانی ئازادی ، زمانی گومانە ، زمانی پرسیارە ، هەموو شتێک دەخاتە بەر پرسیار ، هیچ حاڵەت و دیاردەیەک نابوێرێ ، ئەمەش تاقە ڕێگەیە بۆ بەشداریکردن لە مێژوو و بەرهەمهێنانی مێژوودا ، زمانی ئازادی وەڵامدەرەوەی پێویستیە حەیاتیەکانی کۆمەڵە ، لەم ڕێگەیەوە هاوچەرخاتی و هاوچەرخاندن دەست پێدەکات..

من یەک لەباری خۆم زانکۆ بە مەڵبەندی شۆڕش و شۆڕشگێڕاندن دەزانم ؛ شۆڕش بەمانای ڕزگارکردن وئازادکردنی مرۆڤ و زەمینەسازییە بۆ خەمڵینی بەهرە و تواناکانی مرۆڤ بۆ گۆڕینی ئەو جیهانەی کە تیایدا دەژی..

لە کوردستانی ئازیزمان ، لە سێ شاری بچووکدا ، پتر لە ٣٥ زانکۆ هەیە ، تێکەڵەیەکە لە زانکۆی فەرمی و ئەهلی ، لە هەر گەڕەک و کۆڵانێکدا زانکۆیەک قوت کراوەتەوە ، واتە هەولێرییەک یان سلێمانییەک یان دهۆکییەک ، لە باخچەی منداڵانەوە تا زانکۆ تەواو دەکات ، لە گەڕەکەکەی خۆیان زیاتر نابینێ ، واتە بەهەمان دەقی کۆمەڵایەتی لۆکاڵی خۆیەوە دەمێنێتەوە ، لە کاتێکا ، حەشر و نەشری کۆمەڵایەتی دەورێکی زۆر گرینگ لە ڕیشاژۆکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا دەبینێ و لە ڕووی زمانیشەوە لەهجە جیاوازەکان لە یەکدی نزیک دەکاتەوە … بەشێکی زۆری زانکۆکان ؛ بەتایبەتی ئەهلیەکان کۆمپانیان و خەڵکی بەرپرس و دەسەڵاتڕانیان لە پشتە ، دیارە دەسەڵات لە جەوهەر و نێوەڕۆکدا خۆپەرستە و دەسەڵاتڕان ، بەتایبەتی ئەگەر بڕێک نەدیتکە و نەدی و بدی بێ ، خەڵکانێکی لاپرەسەن و فزوڵێن و ئەگەر بۆیان بکرێ نەک دەستوەردان لە کاروباری زانکۆ ، لە کاروباری خواشدا دەکەن !

  سی و پێنج زانکۆمان هەن و پرسیار قاتیە ، قەیرانی بێ پرسیاری دەستی ناوەتە بینمان ، هەر میللەتێک پرسیاری نەبێ وەکو کوێر وایە ، خۆیشی نازانێ چ کەند و لەندێک چاوەڕوانیەتی… سی و پێنج زانکۆمان هەیە و هێشتاش میتۆدی فێرکردن و پەروەردەی تەڵقینکاری زاڵە ! لەم میتۆدەدا گیانی پرسیار و پرسیارکردن زندە بەچاڵ دەکرێت . قوتابی دەکرێ بە گوێگرێکی گوێڕایەڵ و گیانی ملکەچی لا دروست دەکرێ و پرۆسەی فێرکاری لە نێوەڕۆکە شۆڕشگێڕییەکەی بەتاڵ دەکرێتەوە و قوتابی لە میتۆدی فێرکاری دیالۆگی دوور دەخرێتەوە . هەڵبەتە فێرکاری دیالۆگی ، ئەو گوت وبێژە نەزۆکانە نییە کە زۆرجار دەکرێ ، بەڵکو جۆرێکە لە هەستکردن بە واقیعی مرۆڤانی ، پەیبردن و هۆشیارییە بەواقیعی مرۆڤانی ؛ مرۆڤ کە واقیعی خۆی ناسی ، بیەوێ و نەیەوێ دەستپێکی خۆناسینی لا دروست دەبێ و بەمەش پێویستی بە پەیوەندییەکی دیالۆگی دەبێ ، ئیدی دیالۆگ لەگەڵ خۆیدا ، دەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵگەی خۆیدا ، لە گەڵ ئەو دنیایەدا کە تیایدا و لەگەڵیا دەژی . جا هەرکاتێ ئەم پەیوەندییە دیالۆگیە دروستبوو ، خزمەتی هۆشیاری و بێداربوونەوەی خەڵکی دەکات ، ڕێگەی هەموو ئازادیەکیش لە بێدارییەوە دەست پێدەکات ، ڕێگەی هەموو گۆڕانێکیش لە ئازادیەوە دەست پێدەکات ، واتە سێکوچکەی بێداری و ئازادی و گۆڕان تەنیا بە دیالۆگ مەیسەر دەبێ … ئایا ڕەوتی زانکۆکان بەم ئاراستەیەدایە ، یان بە ئاراستەی حیزباوی بووندایە ؟ هیوادارم زیاتر بە ئاراستەی یەکەمدا بێ ، کە  درەنگ یان زوو بیەوێ و نەیەوێ دەبێ ئەم ئاراستەیە هەڵبژێرێ ، چونکە ئاراستە دروستەکەی خۆیەتی ، دەنا ناسنامە مەعریفیەکانی خۆی لە دەست دەدات و دەبێ بە پاشکۆی حیزب ، لە کاتێکا هاوکێشەکە پێچەوانەیە!..

قوتابی پارە دەدات ، بە پارە دەخوێنێ ، نابێ بەو مەبەستە بخوێنێ کە ئەنجام ببێ بە کارمەندێکی مووچەخۆر ، بەڵکو لە پێناوی وەدەست هێنانی مەعریفەت دا بخوێنێ… مەعریفەت ببێ بە چرای بیرکردنەوە و ژیانی . کە پارە دەدات ، دەبێ لە هەنبەر ئەو پارەیەدا شتێک وەربگرێ ، کە زانی مامۆستایەک زیرەکە و شتی پێیە ، دەبێ بەهەر نرخێ بووە ئەو شتەی لێدەربێنێ ، کە مامۆستایەک تەمەڵ بوو ، شتێکی ئەوتۆی پێ نە بوو ، نابێ پێی ڕازی بێ… ئەوەی لەلا عەیان بێ تەنیا پێشمەرگایەتی قارەمانیەتی نییە ، بەڵکو فەتح و دەستکەوتە زانستی و ئەدەبی و هونەرییەکانیش ، قارەمانەتیە و قارەمانیەتی گەورەشن..

 

  سی و پێنج زانکۆمان هەن و پرسیار قاتیە ، قەیرانی بێ پرسیاری دەستی ناوەتە بینمان ، هەر میللەتێک پرسیاری نەبێ وەکو کوێر وایە ، خۆیشی نازانێ چ کەند و لەندێک چاوەڕوانیەتی

 

پ٣: ڕاگەیاندن و پەروەردە دوو بواری یەجگار گرنگن ، یەکەمیان زامن بەکار دەهێنێت و کاریگەری لە سەر گەشەکردن ، یان شێواندنی زمان و هەتا عەقڵ و شێوازی ئاخاوتنی خەڵکیش هەیە ، پەروەردەش بەهەمان شێوە دەتوانێ نەوە دوای نەوە لە ڕێگەی زمان و چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان دروست بکات ، ئەگەر سەیر بکەین ، لەم ساڵانەی دوایدا لە ژێر کاریگەری زمانی پەروەردە و ڕاگەیاندن منداڵان و هەتا کەسانی هەرزەکار و بەتەمەنیش هەندێک زاراوە و دەستەواژە بەکار دەهێنن کە پێویستیان بە وردبینی دەبێت ، ئێوە پێتان وایە ئەمە چۆن دەبێت ؟

 

و٣: ڕاگەیاندن ، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، پەروەردە بە ڕادەیەک گرینگە کە پتر لە نیوەی دیموکراتیەت لە هەر دیار و دەڤەرێکا دابین دەکات ، بەجۆرێ تێکەڵ بەژیانی خەڵکی بووە کە بووەتە دەنگی زۆرینە بێدەنگەکەی جەماوەری خەڵک ، بۆیە میدیاوانان و ئەهلی فیکر و میدیاکاران لە سەریانە هەموو ڕاستی و ئامار و بەڵگە و قەواڵەکان بخەنە بەردەستی جەماوەی خەڵک… تا زەمینەیان بۆ خۆش بێ بەشداری پراکتیکی و ڕاستەقینە لە قەرارە چارەنووس سازەکاندا بکەن و هیچ کەچڕەوییەک لە دەسەڵاتێن یاسادانان و جێبەجێکردن و دادڤانی قەبووڵ نەکەن و ، لە نزیکەوە چاودێری هەڵەکانی دەسەڵات بکەن… هەڵبەتە دەسەڵات ، بەتایبەتی دەسەڵاتە دکتاتۆریەکان ، ئەم حەقیقەتە باش دەزانن ، بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ڕاگەیاندن بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بیخەنە ژێر دەسەڵات و سانسۆری خۆیانەوە و بەدڵی خۆیان ، ئاراستەی بکەن.. ڕاگەیاندن ڕەگی لە دیموکراتیەتدایە بۆیە ئازادی ڕاگەیاندن پێوەرە بۆ هەموو دیموکراتیەکانی دی.

دیموکراتیەت تەنیا سیستەمێکی حوکمڕانی نییە ، بەڵکو شێوازێکە بۆ ژیان و کاری هاوبەش . بۆیە گەورەترین ئافاتی کاروانی دیموکراتیەتی ڕاگەیاندن لە بونیادی خودی ڕاگەیاندنەکەیە . ئەگەر لە سەرێ ڕا بۆ خوارێ ئاراستە بکرێ ، خێر بۆ کەس ناداتەوە ، لەو حاڵەدا کەمینە قسە دەکات و زۆرینە بە بێ ئەوەی بەشداری لە دیالۆگەکان بکات ، دەکرێت بە گوێگر ، لە کاتێکا ئەرکی ڕاگەیاندنە کە هاوڵاتی بکات بە ئەندامێکی چالاک و چەلەنگ و کارای کۆمەڵ و تەنیا گوێگری باش نەبێت ، بەڵکو گەنگەشەکاری باشیش بێ .

سەبارەت بە زمان ، بە حوکمی ئەوەی کەرەسەی سەرەکی ڕاگەیاندن زمانە ، پێویستە زمانی ڕاگەیاندن زۆر ڕوون ، ڕەوان ، سادە و عەوام فام بێت ، بە زمانێ بدوێ کە لە تێگەیشتنی هەموو کوردێکەوە نزیک بێت و بە ئاراستەی زمانی ستانداردی کوردی دا بێ ، دیموکراتیەت پتر ڕیشاژۆ بکات ، دیارە پێچەوانەش پێچەوانەیە . کادری ڕاگەیاندن دەبێ زمانێکی زۆر لەبار و گونجاو و عەوام فام بۆ گەیاندنی مەبەستەکانی بەکار بێنێ . نەک کۆمەڵێک وشە ڕیز بکات و لە کۆتاییدا بڵێ فڵان کەس ئەمەی وت ، وا وێنا بکات تازەگەری و داهێنانی کردووە ! یان وشەی تەندروست بە هەڵە بەکار بێنێ و وابزانێ هەنگوینی لە دارا دۆزیوەتەوە… گوێ بەوە نەدات : قسە کەوتە زاران دەیڵێنەوە هەزاران ، ئەمانەت و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و زمانپاکی دەبێ بەردی بناغەی هەموو ئەو بابەتانە بێ کە لە کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو دەکرێتەوە ، هەڵبەتە لە چوارچێوەی پرەنسیپی : لا حریة بلا مسؤلیة.

دیموکراتی ڕاگەیاندن لە سەر بناغەی گەنگەشە و دیالۆگ ڕۆدەنرێ نەک سەپاندنی یەک بۆچوون لە سەرێ ڕا بۆ خوارێ .

هەزار کەناڵمان هەیە و بەپارەی خۆمان و لە قوڵایی ماڵی خۆمانەوە ڕۆژانە هەزاران جنێوی  سەر بە کوڵکە بە خۆمان دەدەین

 

ئەمڕۆ ڕاگەیاندن و تۆڕێن میدیایی هەموو سنوورەکان دەبەزێنێ و بێ هیچ لەمپەڕێک خۆی بە هەموو وڵاتێکا دەکات ، خۆی بە هەموو ماڵێکی دنیادا دەکات ، بۆیە پێویستە کورد وەکو سەنگەرێکی شارستانیانە لە هەموو بوارێکی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و… هتد بەکاری بێنن و لەو ڕێگەیەوە خۆمان بەدنیا بناسێنین و بە جدی بچینە ناو پرۆسەی دیموکراسییەوە .

ئێمە لە هەرێمی کوردستانی ئازیزدا پتر لە هەزار کەناڵی میدیاییمان هەیە ، بە ڕادەیەک حیزباوی کراون و بوون ، جنێوی هێندە بازاڕیان لێوە پەخش دەکرێ ، بخرێتە سەرنان سەگ بۆنی پێوە ناکات ، بە زمانێکی هێندە زبر و جەڵەبی دەدوێن گوێگری بەڕێز لە شەرمان هەموو گیانی وەسەر ئاو دەکەوێ..

هەزار کەناڵمان هەیە و بەپارەی خۆمان و لە قوڵایی ماڵی خۆمانەوە ڕۆژانە هەزاران جنێوی  سەر بە کوڵکە بە خۆمان دەدەین ، غافڵین لەوەی کە ئەو زمانە زمانی گۆشکردن و پەروەردەی منداڵان نییە ، کە ئاڵاهەڵگری ئایندەن… هەزار کەناڵمان هەیە و بە درێژایی ئەم سی ساڵەش ، نەگەیشتینە زمانی ستانداردی کوردی ، لە کاتێکا قەوارەی زمانی ستاندارد بۆ ئێمە ئەگەر لە بوونی قەوارەی سیاسی گرینگتر نەبێ ، کەمتر نییە . لە هیچ کەناڵێک چاودێری زمانەوانیمان نییە!… زمانی سەقەتی ڕاگەیاندن ، درێژەی زمانی قوتابخانەکانمانە کە زۆر خراپن .

 

پ٤: پرۆسەی وەرگێڕان لەم ساڵانەی دواییدا ، لەبەر ژمارەیەک هۆکار وادادەنرێت ، زمانی کوردی شێواندووە یان کەوتووەتە ژێر کاریگەری زمانی بیانی ، ئێوە ڕاتان چییە ؟

و٤: دیارە وەرگێڕان چالاکییەکی ڕۆشنبیریی زمانەوانی گرینگە ، زەروورەتێکی حەیاتی کۆمەڵگە بەشەرییەکانە ، تا تیرەی بەشەر بەزمانی جیاواز ، هزر و فەلسەفە و هونەر و زانست و ژیان و ژیار و شارستانیەت بەرهەم بێنن ، بەناچاری دەبێ پەنا وەبەر وەرگێڕان ببرێ… چونکە هیچ میللەتێک لەم سەردەمە لەزگین و جەنجاڵەدا فریای ئەوە ناکەوێ هەموو کایە ئەپستمولوجیەکانی خۆی بە تەنیا بەرهەم بێنێ ، بۆیە دەبێ لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە ڕێگە ئەپستمولوجیەکان قەدبڕ بکات ، هەر ئەمەش وایکردووە بەرهەمی وەرگێڕاو ڕێژەیەکی زۆری کتێبخانەی نیشتمانی هەر میللەت و نەتەوەیەکی پێک هێناوە . وەرگێڕان دان و سانێکی ڕۆشنبیریی زۆر جدییە لە نێوان دوو زماندا .

وەرگێڕ بەدەم کاری وەرگێڕانەوە ، مامەڵە دەگەڵ دوو زمانی جیاوازدا دەکات ، زمان ، هەر زمانێک بۆخۆی مینجاڕێکی پڕ مەترسییە ، گەر بە شارەزایی تەواوەوە ، مامەڵەی دەگەڵدا نەکەی ،  هەموو ڕاز و ڕەمزەکانی هەڵنەیەنی ، لە ناکاوا پێتدا دەتەقێتەوە و ئەگەر نەتکوژێ سەقت و نوقسانت دەکات… وەرگێڕ ، بەدەم کاری وەرگێڕانەوە ڕوو بە ڕووی دوو مقاوەمەت دەبێتەوە ، یەکەمیان مقاوەمەتی دەقەکەیە ، کە بەئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات و دووەمیان مقاوەمەتی زمانی دووەمە کە بە ئاسانی پێشوازی لە دەقە بیانیەکە ناکات . بۆیە وەرگێڕ دەبێ دەقێک هەڵبژێرێ کە حەزی لێبکات و شارەزایی تەواوی لێی هەبێ و دەرەقەتی بێ و پێی بوێرێ ، زمانی دووەمیش زۆر بەباشی بزانێ وبەردەوام لەگەڵیا بژی و بەدواداچوونی وردی بۆ بکات و لە کاتی وەرگێڕاندا – ئەگەر وەرگێڕانەکە بۆ کوردی بێ – بە کوردی بیربکاتەوە و هەمیشە ئەوەی لە بیر بێ موخاتەبی ئەو کوردە . هەڵبەتە وەکو چۆن لە دنیادا دوو کەسی سەدی سەد وەکو یەک نییە ، بەو ئاوایە دوو زمانی وەکو یەکیش نییە ، بۆیە کاری وەرگێڕان زۆر هەستیارە و وەرگێڕ دەبێ مەمنوون بێ ئەگەر بتوانێ نزیکترین هاوتای دەقە ئەسڵەکە لە زمانی دووەمدا ، بە گوێرەی دەستوور و ڕێزمانی زمانی دووەم بخاتە بەردەستی خوێنەر . بەڵێ پاشاگەردانیەکی زۆر لە بزوتنەوەی وەرگێڕاناندا هەیە و زمانەکەش لە شێواندن بەدەرنییە و زۆر داڕشتنی زمانی بیانی داخزاوەتە نێو زمانی وەرگێڕانمانەوە ، کە ئەمە نەک دەوڵەمەندکردنی زمانی لێناکەوێتەوە بەڵكو شێواندنی زمانی لێدەکەوێتەوە ، بۆیە هەقە هەموو کارێکی وەرگێڕان ، لەلایەن چاودێری زمانەوانیەوە فیلتەر بکرێ و بە فیلتەری ئەودا تێبپەڕێ… من ڕام وایە ڕێگە نەدرێ هیچ بەرهەمێکی وەرگێڕدراو ، بەبێ پێداچوونەوەی ناوەڕۆک و بەبێ فیلتەری زمانەوانی چاپ و بڵاو بکرێتەوە… با لەڕێگەی وەرگێڕانەوە ، لەجیاتی خزمەت ، خیانەت بە زمانەکەمان نەکەین . با وەرگێڕ هەندێ خاکی بێ و خۆی لێنەبێ بە ئەرسۆ و چاک بزانێ هەر کەسێکی ئەهلی قەڵەم ، بەتەمای شۆرەت و ناوبانگ بێ، وەرگێڕ دەبێ مەمنوون بێ کە بەر تانە و تەشەر نەکەوێ ، کە زۆرجار ئەمەشی پێ نابڕێت..

بەبێ پێداچوونەوەی ناوەڕۆک و بەبێ فیلتەری زمانەوانی چاپ و بڵاو بکرێتەوە… با لەڕێگەی وەرگێڕانەوە ، لەجیاتی خزمەت ، خیانەت بە زمانەکەمان نەکەین

 

پ٥: کەسانێک بۆ ئەوەی نیشانی بدەن بەکارهێنانی دەستەواژەی ئینگلیزی و زمانانی دیکە لەکاتی ئاخاوتن ، یان نووسینی هەواڵ و وەرگێڕان لە نێو دەقە گوتراو ، یان نووسراوەکانیان ، پێیان وایە کەسایەتیان بە گەورە و لێوەشاوە دەردەخات ، ئایا ئەم جۆرە بیرکردنەوە و بەکارهێنانە لە نێو زماندا ڕەوایە ، یان لە کردەوەدا دەبێتە مایەی نەخۆش خستنی زمان و کوشتنی خودی زمانەکە ؟

 

و٥: زمان یەکێکە لە داهێنان و دەستکەوتە هەرە مەزنەکانی تیرەی بەشەر ، لەو تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتیانەیە کە هەرچی شارستانیەت و مەدەنییەت و دەسکەوتی مرۆڤایەتی هەیە قەرزارباری زمانن . چونکە زمان و هزرین دوو ڕووی یەک دراون و هەرگیز لێکدی جودا ناکرێنەوە ، هەرکە جیاکرانەوە ، لە بەها دەکەون ، دراوەکە دەبێ بە پارچە دراوێکی قەڵب و لە هیچ بازارێکدا ناچێت… وەکو چۆن خوێن و ڕەگەز و نەژادی خاڵیسە و پەتی نییە ، زمانی پەتیش نییە ، زمانی پەتی نیشانەی گۆشەگیری و دابڕانە لە هەر تەماس و کارلێکێکی فەرهەنگی ، لە کاتێکدا زمان بوونێکی زندووە ، هیچ شتێکی زندوو ، لە هاوکێشە و کارلێکی وەرگرتن و بەخشین ، هیچ زمانێک لە باندۆر و کاریگەری زمانانی پاش و پێش و سەردەمی خۆی بەدەرنییە . تەبیعەتی زمانیش وایە کە وشەیەکی بیانی وەردەگرێ ، زۆرجار لە هەردوو ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە لە قاڵبی خۆی دەدات ، وشە و زاراوەیەک وەردەگیرێ کە لە زمانی خۆتا هاوتا و هاومانا نەبێ.. خۆ بۆ ئەوەش ئەگەر بتوانرێ بەگوێرەی بونیاد و دەستوور و ڕێسا و یاسای زمانەکەی خۆت ، وشەو زاراوەی بۆ دابتاشرێ باشترە ، مەگەر وشە و زاراوەکە بووبێ بە جیهانی و لە هەموو زمانەکانی دنیادا بەکاربێت… خۆ دەبێ ئەوەش بڵێم بیرکردنەوە و گوزارشت کردن بەزمانی زکماک زۆر ڕەساترە لە بیرکردنەوە بەهەر زمانێکی بێگانە ، چەندیش تیایدا مەلەوان بی..

بە هەرحاڵ وشە لە هەر زمانێکدا سنووردارە ، ئەوەی سنووری نییە مانایە ، وشە ، لە هەموو کات و قۆناغێکدا لەوە کەمترە کە پێداویستیە مادی و مەعنەوی و دەروونی وبێرونی و حەیاتیەکانی مرۆڤ دابین بکات . بۆیە زمان چەند ئاوس بێ بە وشە و زاراوە و لە زاوزێی بەردەوامیشدا بێت ، هەر ناتوانێ هەموو واتا و چەمکە ئەقڵی و خەیاڵیەکانی مرۆڤ بگرێتەخۆ . بۆیە بە ناچاری دەبێ پەنا وەبەر وەرگرتن و داتاشینی وشە و چەمک و زاراوان ببرێ ، ئەم کارەش دەبێ بە بەرنامە و بەجۆرێک ئەنجامبدرێ کە لەگەڵ تەبیعەتی خودی زمانەکەدا بگونجێت و دەوڵەمەندی بکات و بە هەرسێ باری پانی و درێژی و قووڵیدا ڕیشاژۆی بکات . بەمەش کەمتر پەنا وەبەر بەکارهێنانی وشە و زراوەی زمانانی بێگانە دەبەین ، کە ئەگەر بە وریایی نەکرێ زمانەکەمان دەشێوێنێ ، بە تایبەتی کە زمانی ئێمە تا نهۆ زمانی بەخششی زانستی و هونەریی گەورە نییە . هەڵبەتە وشەی داتاشراو تا کورت و ڕیتمدار بێ ، مانا و مەبەستەکەی بنجبڕ و یەک مانا بێ ، زووتر و ئاسانتر دەکەوێتە سەرزاران و لە دنیای نووسیندا جێگەی خۆی دەکاتەوە .

دەبێ ئەو ڕاستیەش بگوترێ کە ناکرێ بە تەواوەتی ڕێ لە وشە و زاراوەی غەوارە بگیرێ ، چونکە تا پەیوەندی هەبێ ، ئەم دیاردەیەش دەبێ و ئەمەش بەندە بەجۆر و چۆنیەتی و چەندێتی ئەو پەیوەندییە بازرگانی و دەسەڵاتە زانستی و داگیرکارییە سیاسیانەوە کە لە نێوان خاوەنانی دوو زمان یان چەند زمانێکدا هەن .

ئەو خەڵکانەی وشە و زاراوەی قەبە و قەڵەوی بیانی بەگەڵ ئاخاوتن یان نووسینی خۆ دەخەن ، یان لە ژێر کاریگەری فەرهەنگی ئەو زمانەدان ، یان زیاتر بۆ خۆنواندنە و غافڵن لەوەی هزرین بەزمانی زکماک زۆر ئاسانترو و ڕەساترە لە زمانی بیانی چەندیش تیایدا مەلەوان بێ ، بەپێچەوانەوە ئەمە زادەی هەستکردنە بەخۆ بە کەمزانی… جۆرە سووکایەتیکردنێکە بە زمانی زکماکی خۆی و هەندێجار زادەی نەزانینی تەواوی زمانی زکماکە کە هەرکەسێ قسەی بابێ نەزانی… بە هەرحاڵ ئەمە وەکو ئەوەیە کەسێکی گومناو بێ لەگەڵ کەسێکی گەورە و ناودارا وێنە بگرێ و وابزانێ بەوە گەورە دەبێ ، غافڵە لەوەی کە بەو هەڵوێستە بچووکتر دەبێ نەک گەورە..

پ٦: کاریگەری ناونیشانی شوێنە گشتیەکان بەزمان و نووسینی بیانی چ کاریگەرییەکی دەروونی و ئەخلاقی لەسەر ئاسایشی نەتەوە و زمان دروستدەکات ؟

و٦: جارێ پێش هەموو شتێک هەرێمی کوردستان ، نەبووە بە دەڤەرێکی گەشتیاریی گەورەی ئەوتۆ کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیاری فرە ڕەگەز و نەژاد ڕووی تێبکەن و زەروورەتی کاسبی وابخوازێت بە ناونیشان، بیانی ڕاو بکرێن!… ئێمە کە دەوڵەتمان نییە ، دەبێ بە زمان و لە ڕێگەی یەکێتی و پاراستنی زمانەکەمانەوە قەرەبووی ئەم ئافاتی بێدەوڵەتیە بکەینەوە ، بە زمان بۆشاییە سیاسییەکان پڕ بکەینەوە ، لە کوردستاندا ، زمانی سەرەکی زمانی کوردی بێت… خۆ ئەگەر لە پاڵ ناونیشانە کوردییەکاندا ، بۆ مەسەلەی ڕیکلامی بازرگانی ناونیشانی بیانیش هەبێ کێشەیەک نییە ، بەڵام لە پاڵ بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە . هەرهیچ نەبێ لە ڕێگەی ناونیشانە کوردیە کانەوە، کۆمەڵێک وشە و زاراوەی کوردی ، وەکو زەروورەتی گەشتیاری دەکەوێتە سەرزاری خەڵکی بیانی و ڕەنگە دەوری ئەرێنێ لە ناسینی خۆمان و وڵاتەکەماندا هەبێ ، بۆ نموونە وشەی پێشمەرگە بۆتە زاراوەیەک ئەمڕۆ لە هەموو ئەنجوومەنە سیاسیەکاندا بووە بە رەمزی بوێری و ئازایەتی کورد ، هەرکە ئەو وشەیە بەکارهات ، یەکسەر دەزانرێ جگە لە کورد پەیوەندی بە هیچ میللەتێکی دیکەوە نییە… ئێمەی کورد دەبێ ڕژد بین لە سەر ئەوەی لە هەموو کایە حەیاتی و فەرهەنگیەکاندا زمانەکەی خۆمان بەکار ببەین ؛ چونکە ئەگەر بمانەوێ زمانی کوردی وەکو زمانێکی زندوو ببێت بە کەرەستەی بەرهەمهێنانی مەعریفە و ئیدراک ، دەبێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بێتە جەڕباندن و پێی بخوێنرێ و پێی بنووسرێ … زمان لە ڕێگەی پرۆسەی خوێندن و نووسینەوە گەشە و نەشە دەکات… هەر نەتەوەیەک زمانەکەی بمرێ بەخۆیشی دەمرێ… دەبێ ئاستی هۆشیاریی جەماوەری خەڵکی کورد ، بەڕادەیەک بەرز بکرێتەوە ، کە بزانن مەرگی زمان دەکاتە مەرگی نەتەوە ، هیچ میللەتێک ئامادە نییە ، بۆ هیچ مەبەستێک زمانی خۆی بکات بە قوربانی زمانی بێگانە !..

پ٧: پێتان وایە زمانی ستاندارد ، یان زمانێکی یەکگرتوو لە نووسیندا ، کاریگەری لە سەر دروستکردن و پاراستن و پەرە پێدانی بنەماکانی نەتەوە دەبێت یان بە پێچەوانەوە دروستبوونی نەتەوە شتێکی جیاوازە و هیچ پەیوەندییەکی بەزمانەوە نییە ؟

و٧: زۆر فاکتەر هەن دەوریان لە دروستکردن و پاراستن و پەرەسەندنی بنەماکانی نەتەوەدا هەیە ، لەوانە بەرژوەندی هاوبەش ، ئاین و ئۆلی هاوبەش ، زمانی ستانداردی یەکگرتوو ، کەلەپووری هاوبەش ، سیاسەت و خاکی هاوبەش بنەمای ئابووری کە دەکاتە شادەماری ژیان و باندۆری ڕاستە وخۆ و ناڕاستە وخۆی بە سەر هەموو کایەکانی ژیانەوە هەیە و… هتد ؛ زمانی ستاندارد فاکتەرێکی گرینگە بۆ ئەوەی لە ڕووی سایکۆلۆژی و سوسیولوجیەوە میللەت بە ئاسانی لێکدی نیزک بخاتەوە ، چونکە ناسنامەی ڕۆشنبیریی لە ڕێگەی زمانی ستانداردەوە ڕیشاژۆ دەبێت و داهێنانی ڕۆشنبیریی سەرچاوەی پێشکەوتنی بەشەرە ، تەماحی ئەوەت دەخاتە بەر کە لە بە کاربەری ڕۆشنبیرییەوە بگۆڕێی بۆ بەرهەمهێنەری ڕۆشنبیریی و بە تایبەتمەندی نەتەوەییەوە بە شداری لە کاروانی بەرهەهێنانی مێژووی تیرەی بە شەردا بکەی . گەورەترین داهێنان و دەسکەوتی مرۆڤ زمانە ، ئیدی لەوێندەرەوە هەوڵی کەشفکردن و دۆزینەوەی ئینسانیەتی ئینسان دەستی پێکردووە . سەبارەت بە زمانی نەتەوە ،  زمان یەکێکە لە فاکتەرەکانی یەکخستنی نەتەوە ، مەرج نییە فاکتەری یەکەم بێ ، بۆ نموونە عەرەب خاوەنی چەندین قەوارە و دەوڵە تۆچکەی سیاسین ، لە ڕووی سیاسیەوە پەراگەندەن ، بەڵام قەوارەیەکی زمانەوانی یەکگرتووی ئەوتۆیان هەیە کە تاڕادەیەکی زۆر پەراگەندەییە سیاسیەکەیانی شاردووەتەوەو مەترسی توانەوەی لە کۆڵکردونەتەوە . یان جولەکە ، تا نەبوون بەخاوەنی خاک ، خەڵکانێکی ئاوارە و مشەختی بوون ، خاوەنی زمانی یەکگرتوو نەبوون… قەوارەی سیاسی پێش زمانی ستانداردیان کەوت..

بە هەرحاڵ ڕەنگە بۆ ئێستا و لەم سەردەمەدا ، یەکگرتنەوەی کوردستانی گەورە ، وێڕای ئەوەی ئاوات و ئارەزوویەکی ڕەوایە ، بەڵام هەندێ دووربێ ، بەڵام ڕەنگە چوار قەوارەی سیاسی لە فۆرمی فیدراڵی و کونفیدراڵیدا ، واقیعی تر بێ و بەسووکە دەستباری سیاسی بێتە دی… بۆیە زۆر پێویستە بە جدی لە خەمی زمانی ستاندارد ( خوێندن و نووسین ) و یەکگرتوودا بین و قەوارەی زمانەوانی خۆمان دابین بکەین ، کە لەم سەردەمی شۆڕشی ئەلکترۆنیەدا ، زۆر ئاسانتر لە سەردەمە داخراوەکانی پێشتر، دێتەدی . لە کاتێکا هەرێمی کوردستان زۆربەی دیالێکتە سەرەکییەکانی زمانی کوردی تێدایە..

 

ناسنامەی ڕۆشنبیریی لە ڕێگەی زمانی ستانداردەوە ڕیشاژۆ دەبێت و داهێنانی ڕۆشنبیریی سەرچاوەی پێشکەوتنی بەشەرە

 

پ٨ : پێتان وایە ئەوانەی بانگەشەی پسپۆڕی و شارەزایی لە زمان و سیاسەت و لێکۆڵینەوەی زانستی دەکەن ، ئەگەر نەیانتوانی بە زمانی دایک بنووسن نابنە هۆکار بۆ ئەوەی بە شێک لە پسپۆڕییەکەیان بکەوێتە ژێر گومانەوە ؟

و٨ : هەر بەرهەمێک ، نێوەڕۆکەکەی هەرچیەک بێ ، بە هەر زمانێک نووسراو بڵاوکرایەوە ، بە بۆچوونی خاکیانەی بەندە ، لە رووی زمانەوە ، موڵکی ئەو زمانە یە کە پێی نووسراوە ، زمان ناسنامەی دەقە . بۆ نموونە یەشار کەمال کە بە ڕای من ڕەمزی مەزڵوومیەتی کورد و زمانی کوردییە ، هیچ گومانێک لە کوردبوونی نییە ، هیچ گومانێک لە گەورەیی پێگەی ئەدەبی ئەوا نییە ، خودانی دەیان شاکاری ئەدەبی نەمرە ، زۆر داب و نەریت و فولکلۆری کوردی لە بەرهەمەکانیا تەوزیف کردووە ، چونکە بەرهەمەکانی بەزمانی تورکییە ، یەشار کەمال ، بە نووسەری تورک ناودەبرێ ، ئەگەر زۆر خاتری بگرن بە نووسەری تورکی کورد نەژاد ناودەبرێ ، هەرچەندە هونەر کە قافی هات ، دەبێ گوزارشت لە خۆی بکات ئیدی بە هەر زمانێک بێ ، چونکە هونەرمەندەکە وەکو ژنی دووگیان پێوەی دەجەڕێ و ئەگەر لە دایک نەبێ لە گینە بە سەریەوە بمرێ… هونەر زمانەکەی لێ دەربچێ، لە دوا ئەنجاما موڵکی هەموو بەشەرییەتە.

بە هەرحاڵ ، هەر بەرهەمێک بە غەیری زمانی کوردی بنووسرێت لە ڕووی زمانەوە خزمەت بە زمانی کوردی ناکات . بۆ نموونە ئەگەر بە ندە بمەوێ فەرهەنگێکی کوردی – کوردی دابنەم ، بە حەرفیش سوود لە و هەموو شاکارەی یەشار کە مال نابینم ، بەڵام ئەگەر تورکیك بیەوێ فەرهەنگێکی تورکی – تورکی دابنێ ، بە بەرهەمەکانی یەشار کەمالی – کورد خەنی دەبێت . قەوارەی زمانەوانی بۆ میللەتێکی بەشخوراوی غەدر لێکراوی وەکو کورد ، لە قەوارەی سیاسی گرینگتر نەبێ ، چیوای کەمتر نییە ، کە ئەمەیان لە چاو قەوارەی سیاسیدا ، لەم سەردەمی شۆڕشی ئەلیکترۆنیەدا زۆر ئاسانتر دێتە دی..

 

پ٩: ئایا زمانزانین ، شارەزایی لە بواری زمانەوانی پەیوەندی بە بڕوانامەی ئەکادیمی هەیە یان نا و ، بۆچی؟

و٩: زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە و لە کۆمەڵگە بەشەرییەکاندا سەری هەڵداوە و بە گوێرەی پێداویستیە حەیاتی و کۆمەڵایەتیەکان نە شونمای کردووە . خۆ ئەگەر خڕبوونەوەی بەشەر لە دەوری یەکدی نەبوایە و پێویستیان بە هاوکاری و لێکدی حاڵی بوون و گۆڕینەوەی هزر و بۆچوونان نە بوایە و زەروورەتی دەربڕینی خولیا و کەڵکەڵە مادی و مەعنەوییەکانی بەشەر نەبوایە ، زمان بەم ئاوایە و بە مانای زمان چێنە دەبوو… واتە زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە و وەکو هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دیکە سەری هەڵداوە و زادەی زەروورەتە حەیاتیە مادی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگەیە ، لە ژیانی کۆمەڵگە و پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەوە سەری هەڵداوە و بەگەڵ ڕەوتی ژیان کەوتووە و گەشەی کردووە… پەیوەندییەکی بەهێزی دەگەڵ دیاردەکانی تری وەکو دیاردەی کۆمەڵایەتی ، دەروونی ، مێژوویی و جوگرافی و سروشتی و فیزیولوژی و بایولوژی و ئەنتروپولوجیەوە هەیە.. کە هەموو ئەمانە ڕەنگە بچنە خانەی ئەرک و کاری زانای زمانەوە .  زانای زمان سەروکاری دەگەڵ دیاردە زمانەوانیەکانی وەکو دیالیکتولوجی ، لیکسیکولوجی، مورفولوجی ، مورفولوجیای فێرکاری ، مێژوویی ، و مورفولوجیای بەراوردکاری و فۆنەتیک و سیمانتیک و ئیتیمولوجیا و بونیاد و فیقهی زمان و… هتد هەیە… کە مخابن ، لە کوردەواریدا زانای زمانمان کەمە ، بەڵام زمانزان ، ئەوانەن کە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زماندا مەعلانن و خودانی فەرهەنگی دەوڵەمەندی زمانن و شارەزایی باشیان لە کە لەپووری زمانەوانی نەتەوەی خۆیاندا هەیە و کاریگەری و باندۆری فولکلۆری کوردی لە حیکایەت و بەند و بە یت و پەند و قسەی نەستەق و لاوژە و لاوک و حەیران و بەستە و هۆرە و سیاچەمانە و… هتد بە سەرەوە هەیە ، کە لەم ڕووەوە ناودارێن باشمان هەیە… وەکو مامۆستایان عەلادین سەجادی ، هەژار ، هێمن ، شکور مستەفا و شێخ محەمەدی خاڵ و برایانی موکریانی و… هتد . ئەکادیمیا زیاتر سەروساختی دەگەڵ زانست و فیقهی زماندا هەیە ، واتە ڕێگەی زانستی زمانەوانی نیشان دەدات ، نەک زمانزانی ، کە سەرچاوەی زمانزانی ژینگە و ئەنجوومەنە کۆمەڵایەتیەکانە ، نەک ئەکادیمیەکان …

 

پ١٠ : ڕۆژانە چاپکراو و تەنانەت کتێبی وا بڵاودەبنەوە ، نەک بە یەک ڕێنووسی یەکگرتوو نانووسن ، بەڵکو لە نێوان بابەتەکان و لە نێوی خودی یەک بابەتیشدا ڕەنگە پەیڕەوی ڕێنووسی جیاواز بکەن ، ئەمە چۆن لێکدەدەنەوە ؟

و١٠: هەڵبەتە گومان لەوەدا نییە کە مامەڵەیەکی شوڤینیستی دەگەڵ زمانی کوردیدا ،  لەلایەن داگیرکەرانی کوردەوە ، ئەوانەی دەوڵەتەکانیان لە سەر حیسابی دەوڵەتی ئەنفالکراوی کورد ڕۆنراوە ، دەکرێ ، هەر ئەمەش بۆ خۆی نیشانەی گرینگی زمانە لە ژیانی میللەتاندا ، بە تایبەتی بۆ میللەتانی بندەست . دیارە قەدەغە کردن و دژایەتی زمانی کوردی لە لایەن داگیرکەرانی کوردەوە ، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان نانە ، بەداگیرکاری خۆیان و بە هەبوونی زمانی کوردی و لە ترسنۆکی خۆدا بە مشتووی نێو هەمبانەکەی دەزانن .

بە هەرحاڵ مەسەلەی ڕێنووسی زمانی کوردی ، ئەگەر کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان ، یەک ڕێنووس بەکاربەرن ، ئەمە بۆ خۆی دەکاتە  فاکتەرێکی نزیکبوونەوەی ڕۆڵەکانی کورد لە یەکدی ، کە ئەمە بە ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان و کورد بە ئاسانی قووت ناچێت . بۆیە ئەو ڕێنووسانەی ئێمە بەکاری دێنین ، خۆمان بە ئارەزووی خۆمان و بە ئازادی هەڵمان نە بژاردووە ، لەو وڵاتانەدا کە کوردیان داگیرکردووە ، ئەلفبای زمانەکەی خۆیان بە سەردا سەپاندووین ، چونکە جیاوازی ئەلفبایەکان جۆرێک لە گومان و پرسیار دروست دەکات ، کە پرسیار هەمیشە تاقیب و تاقیبکاری بە دوودا دێ و لە تاقیب و تاقیبکاریدا نهێنیان کە شف دەبێ… بۆ نموونە لە تورکیا ، ئەگەر بەڕێکەوت ڕێگەی چاپکردنی کتێبێکی کوردی بدرێت ، دەبێ بە ڕێنووسی لاتینی بێ ، چونکە ڕێنووسی زمانی تورکیە کە زمانی فەرمی دەوڵەتە ، یان لە ئێرانا ، خۆ مەحاڵە ئەگەر بەڕێکەوت ڕێگە بە بڵاوکراوەیەکی کوردی بدرێ ، دەبێ بە هەمان ڕێنووسی زمانی فەرمی دەوڵەت کە فارسییە ، بێتە بڵاوکردنەوە… هەرچەندە ، هەر خوێنەوارێکی کورد ئەگەر تەمەڵی نەکات و خۆی بیەوێ ، بە دوو سێ سەعاتان فێری هەر ئەلف بایەک دەبێ ، هەڵبەتە جۆرە پاشاگەردانیەک لە بەکارهێنانی ڕێنووسی کوردیدا ، بە تایبەتی لە کوردستانی باشووردا بەدی دەکرێ ، رەنگە ئەمە  بۆ کوردێک زۆر کێشە نەبێت ، بەڵام بۆ بیانیەک کە بیەوێ فێری کوردی بێ ، جێگەی پرسیارە . لە زمانی کوردیدا پێشگر و پاشگر و ناوگر، دەوری گرینگی لە دروستکردنی وشەدا هەیە ، بەندە وای بۆ دەچم کە وشەیەک بە پاشگر و پێشگر ماناکەی گۆڕا ، هەقە فۆرمەکەشی بێتە گۆڕان ، چونکە مانا خۆ بە خۆ فۆرمی خۆی بەرهەم دێنێت..

مەسەلەی ڕێنووسی زمانی کوردی ، ئەگەر کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان ، یەک ڕێنووس بەکاربەرن ، ئەمە بۆ خۆی دەکاتە  فاکتەرێکی نزیکبوونەوەی ڕۆڵەکانی کورد لە یەکدی

پ ١١:  زمان تەنیا ئەوە نییە کە  قسەی پێدەکرێت ، بە ڵکو بریتییە لە ( واتا و مەبەست و چۆنیەتی بەکارهێنان و فۆرم و ستایل ) هەندێک لە نووسین یان ئاخاوتندا ڕەچاوی ئەم شتانە ناکەن ، ئایا ئەمە دەبێتە هۆکار ، کە بەکارهێنانی زمان بە شێوەیەکی ڕەشۆکی و دوور لە بیرکردنەوە دەربکەوێت ؟ ئایا ئەمە چ کاریگەرییەک لە سەر زمان و پاشە ڕۆژی زمان دروست دەکات ؟

و١١ :  زمان لە بنەڕەتدا ، گوزارشت بووە ، گوزارشتێکی خۆڕسک و سروشتی بووە ، لە سۆز و گوداز و هەڵچوون و کەڵکەڵە دەروونیەکانی مرۆڤ ، کە هەموو دیاردە خۆڕسکەکانی وەکو شادمانی و خەمینی ، ژان و ژار و ترس و ئازار و شەرم و بێزاری… هتد لە خۆگرتووە و گوزارشتی لە حاڵەتێکی ویژدانی تایبەتی کردووە… بە هەرحاڵ زمانی قسەکردن زیاتر ئەوزاری لێکدی حاڵی بوونە ، مەرج نییە زمانێکی تۆکمە بێ ، کە مەسەلەکە ، مەسەلەیەکی گوزارشتەوانی بێ ، ئەوزاری لێکدی حاڵی بوون بێ ، خۆ بەزمانی ئاماژەش مەبەست دەگەیەنرێ ، بۆنموونە کەڕ و لاڵ زمانیشیان نییە و لە یەکتریش تێدەگەن… بەڵام زمانی ستاندارد زمانی ( خوێندن و نووسین ) ئەوزاری ڕامان و وردبوونەوە و بەرهەمهێنانی فیکر و فەلسەفە و تیکڕای کایە ئەپستمولوجیەکان و زانست و هونەرە ، هیچ زێدەگۆییەک قەبووڵ ناکات ، ئەوە قەبووڵ ناکات بە زۆر شتی لێ بار بکرێ ، دەبێ بە خۆی قسە بکات نەک بەخۆرتی بهێنرێتە قسە… هەرکەسێ سووکایەتی بەزمان بکات ، بە تۆپزی بیهێنێتە قسە ، زمان تۆڵەی خۆی لێدەکاتەوە و دووچاری کۆمەڵێک حەماقەتگۆیی لامسەرلایی ڕەوتەنی و بێ باندۆری دەکات و هەرچی دەکات و دەکۆشێ لە بازنەی زمانی گوزارشتەوانی دەرناچێت و ناگاتە زمانی ڕەمزیی دەلالی کە کەرەستەی سەرەکی نووسینە ، ئەدی نابینی بە شێکی زۆری نووسینی کوردی تینوویەتی و تامەزرۆیی خوێنەری کورد ناشکێنێت… حەز دەکەم ئەوەش بڵێم کە غیابی یەکێتی سیاسی ، دابڕان و غیابی یەکێتی فیکری و زمانەوانی لێدەکەوێتەوە ؛ نە زمانی بێ فیکر هەیە و نە فیکری بێ زمان هەیە… هەڵبەتە  دیالێکتەکانیش ، ئەگەر لە دەڤەری خۆیاندا ببن بە زمانی خوێندن و نووسین، دەبێتە مەترسییەکی دی بۆ سەر زمانی ستانداردی کوردی ، چونکە دیالێکت کە بوو بە خودانی پاشخانی کەلتووری نووسراو کار بۆ سەربەخۆیی خۆی دەکات ، نەک بۆ ئەوەی وەکو جۆگایەک بڕژێتە ناو ڕوباری  زمانی ستانداردەوە و دەوڵەمەندی بکات..

حەز دەکەم ئەوەش بڵێم کە غیابی یەکێتی سیاسی ، دابڕان و غیابی یەکێتی فیکری و زمانەوانی لێدەکەوێتەوە

 

پ١٢:  ئەدەبی منداڵان لە ڕووی پەروەردەیی لە هەموو ئاستەکاندا زۆر گرنگە ، ئایا پێتان وایە لە نێو ئەدەبیات بۆ منداڵانی کورد بایەخ  و گرنگی بە زمان و بەکارهێنانی زمان بە شێوەیەکی زانستی و دروست دراوە؟

و١٢: منداڵ ، ئاڵاهەڵگری ئایندەی میللەتە… ئەگەر منداڵ بە دروستی و زانستیانە پەروەردە بکرێت ، دەشێت لە میانی ئەوانەوە پێشبینی ئایندەی هەر میللەتێک بکرێت… هەڵبەتە پەروەردەکردن پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئارامی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو ژینگەیەوە هەیە کە تیایدا دەژی و پەروەردە دەبێت..

  ئاشکرایە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا ، بە ئێستاشەوە سەقامگیری و ئارامی بەخۆوە نە بینیوە . بە کورتیەکەی کورد ، خۆی خاوەنی خۆی نەبووە ، بە تەمای ڕۆژی سپی نەبووە : ” پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش ” لە ماڵی خۆیدا حیسابی بێگانەیەکی ناحەزی بۆکراوە ، هەزار و یەک سانسۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافی و چاندی و زمانەوانی خراوەتە سەر… هەڕەشەی سڕینەوەی بوونی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لە سەر بووە و لە سەرە… دیارە ئەمجۆرە هاماجە  سەرکوتکاری و داخراوە ، یارمەتی سەرهەڵدانی بزاڤێکی فیکری چالاک نادات ، لەم ڕەوشەدا بەرهەمێن هزری و چاندی و زمانەوانی کەم دەبن ، ئەو بەرهەمانەش کە دەبن ، ئەوەندەی بایەخی مێژووییان دەبێت ، ئەوەندە باندۆری ڕۆشنبیرییان نابێت و زیاتر شەقڵ و فۆرمی مقاوەمەت وەردەگرن… مقاوەمەت غەریزەیە ، کورد بە بێ ویستی خۆی خراوەتە ژینگەیەکی مقاوەمەت ئامێزی ئەوتۆوە کە وەکو پێویست نەیپەرژاوەتە سەر خۆپەروەردەکردنێکی ئاسایی ،  بەڵام وێڕای ئەوەش هەرکە کەمترین دەلیڤەی بۆ هەڵکەوتبێ بە پێی توانا ئاوڕی لەولایەنەش داوەتەوە… با لە ئاستی خۆزگە شدا نەبووبێ..

سەبارەت بە منداڵ ، ئێمە زیاتر منداڵ گەورە دەکە ین تا پەروەردە ، گەورەی دەکەین بۆ مقاوەمەت: ” بەرخی نێر بۆ سەربڕینە ” وێڕای ئەوەش بە گوێرە ی هەل و دەرفەت کەم دابێژێک ئاوڕمان لە پەروەردەش داوەتەوە. زۆر هەوڵی شیعری و چیرۆکڤانیمان بۆ منداڵان هەیە ، وێڕای حورمەت و دەستخۆشیم بۆ ئەو زاتانەی ئاوڕیان لەو بوارە هەستیار و گرینگە داوەتەوە ، چ لە ڕووی نیوەڕۆک و چ لە ڕووی زمانەوە ،  شەقڵی بەڕەڤانیان پێوەنراوە ، لە کاتێکا ئەدەبیات دەکاتە هونەراندنی چاند و زمان بە ڕەچاوکردنی قۆناغی تەمەن و ئاستی فامینی منداڵ… هونەر و هونەراندن کۆڵەکەیەکی زۆر گرینگی پەروەردە کردنە…

 

پ١٣: ڕێباز و بیرۆکەیەک ماوەیەکە دروستبووە کە مێژووی کورد و بوونی نەتەوە لە ڕێگەی زمانەوە ساخ بکرێتەوە، بەڵام پێناچێت هەموویان بتوانن ئەم ساخکردنەوەیە لە ڕێگەی زمان وەکو خۆی و دوور لە سۆز و ڕاکێشانی هەرموو شتێک بەلای کوردی کۆن لێکۆڵینەوەکان ئەنجامبدەن، هەندێک ڕەنگە جیاوازی لە نێوان لێکدانەوەی مێژووی زمان و مێژووی نەتەوە لە ڕێگەی زمان نەکەن، بەڕای ئێوە باشترین ڕێباز بۆ ئەم بوارە چییە؟

و١٣: جارێ پێش هەموو شتێک، غیابی یەکێتی سیاسی دابڕان و  پەراگەندەیی فیکری و زمانەوانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە دەشێت مێژووی زمان و مێژووی نەتەوە لە کارلێکی ئەرێنیدا یەکدی تەواو بکەن و لە زۆر خاڵدا یارمەتیدەری یەکدی بن، چونکە مێژوو ڕۆڵی گەورەی لە دروستبوونی نەتەوەدا هەیە، دەکرێ بگوترێ ئەو قاڵب و چوارچێوەیەیە کە سەرانسەری بنەماکانی دروستبوونی نەتەوەی تێدا دەخەمڵێت و بەرجەستە دەبێت و تەنانەت خودی مێژووش لە ناو جەرگەی مێژوودا پێکدێت.

هەڵبەتە مێژوو تەنیا ڕابردوو نییە، بەڵکو ئێستا و داهاتووشە . ئەو زەمانانە بەڕادەیەک ئاوێتە بوون و لە کارلێکدان ڕەنگە جیاکردنەوە و هاوێر کردنیان گەر مەحاڵ نەبێ ، ئەوا زۆر زەحمەت بێ!… چونکە مێژوو بازنەیەکی داخراوی چەق بەستوو نییە . بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە گەشەکردن و گۆڕانی بەردەوامدایە ، واتە زەمەنێکی وشکی مردوو نییە ، بەڵکو زەمەنێکی دینامیکی زندووە . خوێندنەوە و کەشفی فرە لایەن دەخوازێ بە پێی پیداویستیەکانی ڕۆژ… واتە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بەڵگەدار .

 

 

لە سەرمانە هەوڵی یەکخستنی مێژووی نەتەوەییمان بدەین و بیکەین بە زامنی یەکبوونی نەتەوەییمان

 

ئێمەی کورد ، هەر لە کۆنەوە نە‌هێڵراوە چاو بکەینەوە ، سەرکوت و چاوشکێن کراوین ، غەدری زۆر گەورە و خیانەتی نامرۆڤانەمان لێکراوە ، چ لەلایەن گەلانی دراوسێ و داگیرکەرمان چ لە لایەن وڵاتانی ئیستعماری دنیاوە بەهەردوو بلۆکی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییەوە ، ئەو غەدر و خیانەتەی لەمە کراوە و دەکرێ ، ئەو تراژیدیا و کارەساتانەی بەسەر کوردا هێنراون ، مایەی شەرمەزاری سەرلەبەری مێژووی مرۆڤایەتییە ، ئەلبێر کامۆ دەڵێت لە دنیادا هیچ ئابڕووچوونێ لەوە گەورەتر نییە، مرۆڤێ بدینی مامەڵەیەکی نامرۆڤانەی لەگەڵدا بکرێ… ئێمە لە هەموو ئارامی و ئاسوودەییەک مەحرووم کراوین ، کە خۆی لە خۆیدا فاکتەرێکی هەرە گرینگی خۆناسین و بەرهەمهێنانی ژیاری و شارستانیەتە و سەرەتای کارلێکە دەگەڵ مێژوودا . بۆیە نەتەوەیەکی چەوساوەی هەڕەشەلێکراوی وەکو کود لە سەرێتی ڕابردووی خۆی لە هەموو ڕوویەکی نەتەوەیی و زمانەوانیەوە بپشکنێ و بە ئێستاوەی گرێ بدات و بە ئاراستەی ئایندەدا بیخوێنێتەوە… خوێندنەوەی فرەلایەن… ڕاستە مێژوو گەلان دروست دەکات و گەلان لە ناو جەرگەی بونیادە مێژووییەکانەوە چێدەبن ، بەڵام گەلانیش وەکو بوونی کۆمەڵایەتی زندوو دەتوانن سەرلە نوێ مێژوو دروست بکەنەوە و بەشێوەیەکی مرۆڤانی ئاراستەی بکەن ، پێویستە مێژوو بە هەردووباری ئاسۆیی و ئەستوونیدا بخوێنینەوە و بیکەین بە فاکتەری هەرە کارای یەکخستنی نەتەوەکەمان. لە سەرمانە هەوڵی یەکخستنی مێژووی نەتەوەییمان بدەین و بیکەین بە زامنی یەکبوونی نەتەوەییمان و ڕێگە لە پارچە پارچە کردنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و زمانەوانی نەتەوەکەمان بگرێت کە ناحەزان و دژمنانی کورد ، بە بەرنامە کار بۆ ڕیشاژۆکردنی ئەو پارچە پارچە کردنانە دەکەن و دەیانەوێ لە کوردی بکەن بە دیفاکتۆ و قەدەر…

 

جەماوەری خەڵکی کوردستان ، واتە زۆربەی ڕەش و ڕووتی وڵاتی کوردەواری خەڵکانێکی یەکبوونخوازن نەک تەقسیم خواز

بۆیە دەبێ هزر و زەینێکی مێژوویی لە لای ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دروستبکرێ و ڕەنگە باشترین دەستپێشکەری لەم بوارەدا بریتی بێ لە خوێندنی مێژووی کورد لە قوناغەکانی خوێندندا . هەڵبەتە ئەم پرۆسەیە ڕۆڵێکی زۆر مەزنی دەبێت لە ڕیشاژۆکردنی مێژووی کورد و قوڵکردنەوەی لە هزر و بیری ڕۆڵەکانی گەلی کوردا و خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی زۆر گەورەیە بەرەو یەکخستنی مێژوومان ، ئیدی ئەو مێژووە دەبێت بە بەشێک لە زانیاری و ڕۆشنبیریی هەزاران هەزار قوتابی . دەبێتە سەدەمی ئەوەی نەهێڵێ ئەو مێژووە کوێر ببێتەوە و بەڵکو پەرەی پێبدرێ و بە ئاراستەی ئایندەدا گەشەی پێ بدرێ. ئەم پرۆسەیە ئەگەر بۆ خەڵکان و گەلانی دیکە زۆر پێویست نەبێت ، ئەوا بۆ نەتەوەی کورد کە لە قۆناغی خۆناسیندایە زۆر پێویستە و تا پەلەی لێبکرێ هێشتا هەر درەنگە .. ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ، ئەوەیە کە جەماوەری خەڵکی کوردستان ، واتە زۆربەی ڕەش و ڕووتی وڵاتی کوردەواری خەڵکانێکی یەکبوونخوازن نەک تەقسیم خواز و باند و دەستەباز ، واتە خەونی زۆربەی خەڵک بە دەوڵەتی یەکگرتووی کوردییەوەیە نەک بە ناوچەگەرێتیەوە . ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەگەر بە شێوەیەکی ئەرێنی نەتەوەییانە ونیشتمانییەوە ئاراستە بکرێ و بقۆزرێتەوە دەکاتە هێزێکی مەعنەوی گەورە و بە ئاسانی دەگۆڕدرێ بۆ هێزی مادی . هەڵبەتە ئەرکی هەرە گرینگ و بنەڕەتی لەم ڕووەوە دەکەوێتە ئەستۆی خەڵکی منەوەر و ڕۆشنبیرەکانی کورد کە دەتوانن بەزەبری هۆشمەندی و بەرزی ئاستی هۆشیارییان ، هەموو هەوڵێکی چەسپاندن و بە دیفاکتۆکردنی ناوچەگەرێتی بە هەر هەنجەت و بیانوویەک بێت ، پووچەڵ بکەنەوە و ئەوە ساغ بکەنەوە کە پەیوەندی و وابەستەگی نەتەوەیی ونیشتمانی لە هەر وابەستەگیەکی دی باڵاترە و تەنیا لە سایەی ئەم وابەستەگییەدا هەر کار و کردەوە و چالاکییەک هەر گەل و میللەتێک تاریخیەی پەیدا دەکات و دەڕژێتە نێو مێژووی مرۆڤایەتیەوە و بەمەش ڕاستەوخۆ بەشداری لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی فەرهەنگی و شارستانیەتدا دەکات… دۆڕانی شەڕێک یان زیاتر قەرەبوو دەکرێتەوە ، بەڵام دۆڕانی ئاشتی قەرەبوو ناکرێتەوە ، دەستکەوت گرینگە بەڵام پاراستنی گرینگترە…

یەکێتی سیاسی زۆر گرینگە ، هەندێجار بۆشایی زمانیش پڕ دەکاتەوە ، هندستان ، بەزمانی ئینگلیزی، ئینگلیزییەکی هندی چ بەخششێکی فیکری ، فەلسەفی ، هونەری و زانستی پێشکەش ناکات!…

 

پ١٤: زمان دەبێتە هۆکار بۆ دروستکردنی دەوڵەت ، بەڵام دەوڵەت ناتوانێت زمان دروست بکات ، پێتان وایە بۆ کورد کامە گرنگە دروستکردنی دەوڵەتێکی بێ زمانێکی یەکگرتوو یان زمانێکی یەکگرتووی بێ دەوڵەت؟

و١٤: بە قەناعەتی خاکیانەی خۆم قەوارەی سیاسی ( دەوڵەت ) و قەوارەی زمانەوانی تەواوکەری یەکترن . کورد زمانی هەیە ، زمان پەیوەندی بە خاک و خەڵک و دەسەڵاتەوە هەیە ، هەموو ئەو خەڵکانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا ، لە هەر بەشێکی کوردستانی بە نەهەق داگیرکراوا ، بە دیالێکتی جیاواز دەئاخفن ، بێ چەند و چوون خۆیان بە کورد دەزانن کە ئەم هەستی کوردێنییە ، ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ چێبوونی زمانی ستانداردی کوردی ( زمانی خوێندن و نووسین ) . ئێمە زمانمان هەیە ، لە زمانە ستانداردەکەمان کەمە ، کە یەکێک لە سەدەمەکانی غیابی قەوارەی سیاسی و دەوڵەتی کوردییە .

بنەمای سەرەکی دەوڵەت خاک و خەڵک و دەسەڵاتی یاساییە و خاک وخەڵک ، بێ زمان نابێ ، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەت و  زمانی ستاندارد تەواوکەری یەکدین… غیابی یەکێتی سیاسی ، دابڕان و پەرتەوازەیی فیکری و زمانی لێدەکەوێتەوە ، من پێموایە بوونی قەوارەی سیاسی هەندێجار لە پێشترە لە قەوارەی زمانەوانی ، دەوڵەتی ئیسرائیل ، یەکێکە لەو نموونانە…

هەر میللەتێک زمانی ستانداردی ( زمانی خوێندن و نووسین ) نەبێ بە تایبەتی کە بندەست و بێ دەوڵەتی سیاسی بێ ، ئەوا یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرینگەکانی بەرەڤانی لە خۆ لە دەست دەدات و ئەگەری پارچەپارچە کردن و بەچەند نەتەوە کردنی زۆر زیاد دەبێ ، کە ئەمە زیاتر لە ڕێگەی قەوارەی سیاسیەوە و لەڕێگەی بەرنامەی دام و دەزگای پەروەردەییەوە ، جێبەجێ دەکرێ … ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە قەوارەی زمانی ستاندار بە ئەندازەی قەوارەی سیاسی گرنگە . خۆ لە ڕووە ئەپستمولوجیەکەوە ڕەنگە گرینگتر بێ… بۆ نموونە عەرەب لە ئەنجامی پیلانی داگیرکەران و ناتەبایی خۆیانەوە ، لە ڕووی قەوارەی سیاسییەوە پارچەپارچە کراوە و بەسەر پتر لە بیست قەوارەی سیاسی فشەڵی بەڕواڵەت سەربەخۆ و لە ناوەڕۆکدا پاشکۆی سیاسەتی ئیمپریالیزمدا دابەشبووە و ئەوجاش خەتەر و مەترسی تواندنەوەیان لە سەر نییە ، چونکە قەوارەیەکی تریان هەیە کە لە قەوارەی جیوسیاسی گرینگترە و ئەویش قەوارەی زمانی ستانداردی عەرەبییە و لێرەدا پێش قەوارە سیاسییەکە کەوتووە… دیارە ئەم زمانە ڕیشەیەکی ئاینی هەیە ، بەڵام دژمنانی عەرەب زۆریان هەوڵداوە عەرەب لەم ڕووەشەوە لەت و پەت و پارچە پارچە بکەن… بەڵام لە دوا ئەنجامدا هەر نەیانتوانیوە ، قەوارە زمانەوانییەکەیان پارچە پارچە و داغان بکەن . هەر ئەم قەوارە گرینگەشە کە بووە بە پەرژینی پاراستنی عەرەب لە زۆر ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژییەوە … سەبارە بە زمانی کوردی ، مخابن تا نها زمانی ستانداردمان نییە ، واتە نووسینی کوردێکی باشووری کوردستان لە زێی گەورە هێوەتر ناچێ ، دیارە پێچەوانەش پێچەوانەیە . واتە قەوارەیەکی زمانەوانی ( ستاندارد ) ئەوتۆمان نییە کە کورد لە هەر شوێنێ بێ یەکیان بخات ، هەموو دەزانین زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە و هەموو گەشەکردنیكی کۆمەڵایەتیش هەندێک خاوە و ماوەیەکی تا ڕادەیەک زۆری دەوێ تا ئەنجام بە دەستەوە دەدات.

 

دووبارەی دەکەمەوە ، کە هەردوو قەوارەی سیاسی و قەوارەی زمانەوانی تەواوکەری یەکترن

 

ئێمە ناڵین زمانی ستاندارد بە قەرارێک دروست دەبێ ، بەڵکو بەجۆرێکی خۆڕسک و لە ئەنجامی پەرەسەندنی خۆیەوە بە پشتیوانی گەلێک فاکتەرێن ڕامیاری ، ئابووری ، بازرگانی ، ئاینی ، تەکنولۆژی ، ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی و فێرکردنەوە ئەو قەوارەیە دروست دەبێ و دەکەوێتە ناو پرۆسەی بەخششی ئەپستمولوجیەوە . بە نۆڕینی بەندە ئەو قەوارەیە گەر لە قەوارەی سیاسی گرنگتر نەبێ ئەوا هاوتای قەوارەی سیاسییە ، چونکە ئەگەری دروستبوون و دروستکردنی چەند وردە قەوارەیەکی سیاسی بۆ کورد زۆر بە دوور نابینم ، جا ئەم وردە قەوارە سیاسیانە ، قەوارەی زمانی ستاندارد  بەیەکەوەیان گرێ نەدا ، ئەوا ئەگەری ئەوە پەیدا دەبێ کە کورد بکرێ بە چەند وردە گەلێکەوە … هەڵبەتە سەتەلایت دەتوانێ دەورێکی یەجگار گرینگ لە نزیک خستنەوەی دیالێکتە کوردیەکان بە ئاراستەی زمانی ستانداردی کوردی بگێڕێ … کە مخابن سەتەلایتەکانمان لە ئاستی خۆزگەدا نین!..

لە کۆتاییدا دووبارەی دەکەمەوە ، کە هەردوو قەوارەی سیاسی و قەوارەی زمانەوانی تەواوکەری یەکترن.

 

 

سلێمانی ٣٠/٥/٢٠٢٤