فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لۆژیکە شیعر و ناوونیشانێکی ( نوری بێخاڵی)

لۆژیکە شیعر و ناوونیشانێکی ( نوری بێخاڵی)

غازی حەسەن/ نووسەر/ ئەمەریکا

لۆژیک

زانستێکە دەرک بە هەقیقەتی شتەکان دەکات، واتە زانستی شتەکانە و زانین و دەرک پێکردنێکی هەقیقی هەقیقەتە، یان هەستپێکردن و پێزانینی شتەکانە، یانژی دەکرێت بێژین زانستە بۆ زانینی شتەکان و وەرگرتنیان. لۆژیک زانستێکە لە دەرەنجامی دروست و جێگەی متمانە دەکۆڵێتەوە و بایەخ بەشێوازی تایبەتی لۆژیک و پاساوهێنانە دەدات و لەئاخاوتن و کرداردا پشت بە عەقڵ و حووکمدانی دروست دەبەستێت.

(بڕوانە فەرهەنگی ئینگلیزیی و  عەرەبی) بۆ شیکردنەوەی ئەم زاراوەیە. (  https://www.dictionary.com/browse/logic).

گوتاری لۆژیکی شاعیر

 

شاعیر بەدوای لۆژیکدا ناگەڕێت، چونکە هەمێشە دەیەوێت هەقیقەتی شتەکان بەشێوەیەک و شێوازێک گوزارشت لێ بکات، کە ڕەنگە خۆ لەپاساوێکی گونجاو بدزێتەوە، بەڵکو دەیەوێت لەنێو وێنە شیعرییەکانیدا لۆژیک تێکبشکێنێت و وێنەیەک و تێڕوانین و لێکدانەوەیەک جیاواز لە شتە هەقیقییەکە دروست بکات، کە خەڵک بیری لێ ناکاتەوە. ئەمە لە گوتاری شیعریی شتێکی قورسە، بەڵام گونجاوە.

لەهەمان گاڤدا بەکارهێنانی زمان باشترین ئامراز و کەرەستەیە بۆ بەدیهێنانی ئەم بڕیار و حووکمە عەقڵییە لەنێو گوتاری شیعر. بۆ نموونە لۆژیک پێمان دەڵێت ئەشکەوت هەقیقەتی ئەشکەوتە و بەڵگە و پاساو و سەلماندنی ڕاستەقینە بۆ ساخکردنەوەی لۆژیکی بەکارهێنانی ئەشکەوت وەکو سروشتێکی جوگرافی هەیە. وەلێ لۆژیکی وێناکراوی شیعری (ئەشکەوت) جیاوازە لەو ئەشکەوتە سروشتییەی هەیە، چونکە شاعیر بەدوای دۆزینەوە پاساوێکی گونجاو دەگەڕێت و دەکرێت مانا لۆژیکییە شیعرییەکە بریتی بێت لە (ڕابردوو، کەلتوور، مێژوو، کۆن، مرۆڤی سەرەتایی، ژیانێکی ناشارستانی، سەرما، مرۆڤی تەریوەی تەزیوی برسی، مرۆڤێکی ترساو، خۆشاردنەوە… تاد) ئەمانە پاساوی لۆژیکی نیشانەداری هێماچی دەستکردن، بۆ لۆژیکێکی سروشتی.

 

لەهەمان گاڤدا بەکارهێنانی زمان باشترین ئامراز و کەرەستەیە بۆ بەدیهێنانی ئەم بڕیار و حووکمە عەقڵییە لەنێو گوتاری شیعر

زمان لە دەقەکە و فکرە و وێناکان گرنگترە، چونکە زمانە دەتوانێت پێناسە و نەخشە و لێکدانەوەی (فکر و وێنا و تێڕوانینە شیعرییەکانمان) بۆ پێناسە بکاتەوە.

لە (فەیس بووک و سایتی دیاسپۆرای نووسەرانی کوردستان) شیعرێکی (نوری بێخاڵی) شاعیرم خوێندەوە. بەناوی (دەنگی برینێک لە سەرمدا دەزرینگێتەوە)… بەڕاستی بەپێی پێناسەی لۆژیک بەدوای ئەوەدا گەڕام، ئایا برین دەزرینگێتەوە؟) لە واتا فەرهەنگییە زمانەوانییەکە گووتم، لۆژیکێکی لاوازی، نەزانانەی جێی بەزەییە و دوورە لە هەقیقەتی خودی شتەکە. دواتر قیچەک تێی فکریم گووتم، لەبیری نەکەی ئەمە شیعرە، لە شیعردا ئەگەر (ئاسمان میز بکات، ئاساییە)، بۆ نابێت شاعیر پاساوێکی دیکە بۆ زرینگانەوەی برین دروست بکات.

قسەکەری نێو گوتاری شیعرەکە (خۆی/ منی شاعیر/ قسەکەری ڕاستەوخۆی/  م / من)ە. بابەتەکە (باسکردنی خەوە، خەو زڕانە). بابەتێکی دیکەی گریمانەدار هەیە ئەویش (بوونی دەنگێکی غەمگینە) و (ئەوی قسەکەر/ خودی شاعیر/ برینداری چەقۆی تیژە) و (بێ پێزانین فڕێدرایە سەر لێواری مردن). ئەو (بریندارە، نیوە مردووە، بەپێی پەتی بەناو بەفرادا دەڕوات) و مەسەلە بنەڕەتییەکە بریتییە لە یەکەم (بێداری) و دووەمیش (یادەوەرییەکانی، کە بریتین لە دوو پێی ئازار چەشتووی نێو بەفر). پەیامەکەشی لە دیماهیدا، کە بریتییە لە ئامانج و بیرۆکە و خواستی سەرەکی گوتاری دەقەکە، بەم شێوەیە چڕکردۆتەوە (خۆزگە لە وەرزێکی سارد/ لەناو سڕ و سایەقە/ لە ئەشکەوتێکی سارنجدا دەخەوتم و/ زەین و ئاگاییم دەیانبەست!).

(زەین و ئاگایی) لەم سەردەمەدا بە هۆکاری زۆر کێشە دادەنرێن، بۆیە شاعیر دەیەوێت لەپێناو خۆدەربازکردن لە ژاوەژاوی ڕابردووی ئێستا

 

(زەین و ئاگایی) لەم سەردەمەدا بە هۆکاری زۆر کێشە دادەنرێن، بۆیە شاعیر دەیەوێت لەپێناو خۆدەربازکردن لە ژاوەژاوی ڕابردووی ئێستا، ئایندەیەکی بەستراوی زهنبەستووی بێ جووڵە و هەستە. لەنێو گوتارە شیعرییەکەیدا وەکو چارەسەرێک، ئاکامێک بۆ دەربازبوون لەم هەموو (بێخەویی و زرینگانەوەی سەر و ڕۆیشتن بەپێخواسی لەنێو بەفر و کوڵانەوەی برینەکان) وەکو لۆژی نمایش دەکات و ڕێگایەک بۆ دەربازبوون وەکو پاساوێکی لۆژیکی دەدۆزێتەوە، کە بریتییە لەوەی (زەین و  ئاگایی ببەستێت). واتە لۆژیکە دروستکراوەکەی نێو لۆژیکە تێکشکێندراوە باوەکە بریتییە لە (بەستنەوەی هەموو شتێک بە زەین و ئاگایی)ەکانیشەوە. واتە (مردن، بێ مردن، کۆتایی بێ کۆتایی، شکانی بێشکان).

دایکم دەیگووت (فڵانە کەس زەین کۆرە/ کوێرە). دایکم دەیزانی زەین چاوی نییە هیچ شتێک ببینێت، بەڵام ئەو لۆژیکێکی لەنێو لۆژیکێکی خۆرکە لێدراوی باو دروستکردووە، چەند شاعیرانەیە. لەجیاتی لێکدانەوە و ئاماژە بە گوتاری (هۆکار، کێشەکان، کێشە پەیوەندیدارەکان، دەوروبەر، هەقیقەت و خەیاڵ، کات و وشوێن، هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و بەدەنی و دەوروبەر و ژینگە و ئاستی ڕۆشنبیریی… بە مانای نەزانین و نەخوێندەواریی و کەمدەسەڵاتی عەقڵی…  تاد لەبارەی زەین کوێری) دایکم بەیەک وشە (زەینی کۆرە)ی بۆ گوزارشت لەهەقیقەتێکی دروستکراوی لۆژیکی بەکارهێناوە. بەم تەکنیکە سادەیە هەقایەت و گوتار و وێنە و لێکدانەوە و بیروڕا و شتەکانی دەخستنە بەردەم هەمووان. دەکرێت خەڵک بێ ئەوەی بیانەوێت شاعیر بن، بەڵام زۆر وێنەی چڕ و جوانی شاعیرانە دروست بکەن. وەکو چۆن هەندێک شاعیریش وێنەی شیعری سەراوژێر دەکەن و وەکو کەری کلکبڕاوی بیبەرتێکراوی لێ دەکەن، یان لەجیاتی زینکردن لغاوی وێنەی شیعریی دەکەن.

ئاسانە ئێستا لەنێوەڕۆکی شیعر بگەین. هیچ لۆژیکێک لەبەستنەوەی وێنە شیعرییەکان لە بەکارهێنانی زمانێکی سروشتی باوی ئاسایی نییە

 

تەواو، ئاسانە ئێستا لەنێوەڕۆکی شیعر بگەین. هیچ لۆژیکێک لەبەستنەوەی وێنە شیعرییەکان لە بەکارهێنانی زمانێکی سروشتی باوی ئاسایی نییە، واتا لۆژیکی بەکارهێنانی زمانی ئاسایی هەمان لۆژیکی زمانی شیعریی نییە. ئەگەر زمانەکە سادەبێت، هیچ گرفت نییە، بەڵام ئەگەر خەونەکان و گوتاری شاعیر هەمان گوتاری خەڵکی ئاسایی، خوێنەری ئاسایی و هەقایەتخوانی ئاسایی بوو، لەم دۆخەدا ئەوەمان بۆ ساخ دەبێتەوە لۆژیک شاعیری کەویی کردووە، نەک شاعیر لۆژیکی کەویی کردبێت، ژبەر هەندێ بیرۆکەکانی خۆی دەستبەستراو کردووە و وێناکانی نێو دەقەکەی ڕادەستی نەبینی نێو تاریکی کردووە.

 

 ئێمە تەنیا و تەنیا لەنێو (مێشکدا دەمرین). نەک لەدەرەوەی مێشک. ئێمە لەنێو مێشکدا (دەخەوین) نەک لەنێو جەستەدا

 

دەگەڕێمەوە سەر لۆژیکی بەکارهێنانی زمان. کورد دەڵێت (مێشکم دەزرینگێتەوە، نەک سەرم) دەزانی بۆچی؟  لەبەر ئەوەی یەکەم مێشک شتەکان وەردەگرێت و شینا دەکاتەوە و بڕیاریان لێ دەکات و فەرمانی بەکارهێنانیان دەدات، دووەمیش (برین لێرە دیاردە و ڕووداوێکی فکری و دەروونی نابەرجسەتەیە، وێنەیەکی شیعرییە) و ئەم جۆرە وێنە و بەکارهێنانە دەچنە نێو (خانەی مێشکەوە) نەک (دیواربەند و ئەشکەوتی کەللەی ڕەقی سەرەوە). بۆ؟ چونکە ئەگەر لۆژیکی سروشتی خەڵک پێمان بڵێت (سەر)، ئەوە تێکشکاندنی ئەم لۆژیکە باوە پێمان دەڵێت لەبیری نەکەی شاعیری وریا بەکارهێنانی (مێشک) بۆ پاساوی لۆژیکی شیعریی دروستە، چونکە تۆ ئاماژە بە دیاردەیەکی قووڵتر لە سروشت و پڕماناتر لەواقیع و چڕتر لە وێنە ئاساییەکان وئاڵۆزتر لە هەقیقەتی شتە هەقیقییەکان دەکەیت. ئەمەش هەموویان دەچنە نێو ئەشکەوتی هەزار بەهەزاری (مێشک)، کە ئێمە تەنیا و تەنیا لەنێو (مێشکدا دەمرین). نەک لەدەرەوەی مێشک. ئێمە لەنێو مێشکدا (دەخەوین) نەک لەنێو جەستەدا. ئێمە لەنێو مێشکدا هەست بە برین و ئازار و تەنیایی و زرینگانەوە دەکەین، نەک لە پێیە تەزیوەکانمان. بۆیەشە شاعیر دەبێژێت (زەین و بیرەوەرییەکانم ببەسترێت!!).

 

دەتوانم بێژم زۆربەی شیعرە هاوچەرخەکانی کورد بە تەکنیک و کەرەستە و بابەتی کلاسیک و هاوشێوەی پێش کلاسیکیش دەنووسرێن

دیماهی

دەتوانم بێژم زۆربەی شیعرە هاوچەرخەکانی کورد بە تەکنیک و کەرەستە و بابەتی کلاسیک و هاوشێوەی پێش کلاسیکیش دەنووسرێن، لەفۆرم و زاراوە و بیرۆکە و کەرەستە و لۆژیکی هەقیقەتدا هێشتا لەنێو بیرکردنەوە و بیردەرەوەی کۆندا دەژین،  لەکاتێکدا سەدەی بیست و یەک سەدی تەکنیک و ئامرازی پەیوەندیی نوێ و کەرەستی نوێی ئەلەکترۆنی و ئەخلاقی و مرۆیی سەردەمانەیە.

بەکارهێنانی (بۆشایی ئاسمان لەجیاتی ئەشکەوت)، (میمۆریی و عەقڵی کپمپیۆتەر لەجیاتی سەر)، (بوونە ئامێر و پشوو نەدان لەبڕی خەوتن) و (ئامێری نوێی گواستنەوە و تاسکی ئاسمانی لەشوێن پێخواسی… تاد ) ڕەنگە هەندێک لە مانا و پێگە و تەکنیک و مەبەستی شتەکان بگۆڕێت. ناتوانم بێژم ئەڤە ڕەخنەیە، نەخێر ئەمە تەنیا دید و تێڕوانینە لەچۆنیەتی بەرهەمهێنانی گوتاری شیعری نوێ، بە تەکنیک و کەرەستە و بابەت و مەبەستی جیاوازتر لە سەردەمی پێشەخۆی. مەبەستم ئەوەیە لێرەدا لۆژیکی شاعیر گەڕانەوەیە بۆ (ئەشکەوت/ بیرەوەریی/ ڕابردوو) لە گاڤێکدا شیعر ئاماژەیە بە سبیەنێ..  لۆژیکی شیعر گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی هەقیقەتی شتەکان لە سبەینێ. سبەینێیەکی جیاوازتر لەهەموو سپێدەکانی دیکە و جیاوازتر لە خڕ بەیانییەکانی ئەوانی دیکە.