فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

عەقڵ وەک دەرهاوێژی زمان، زمان وەک دیالیکتیکی بوون

عەقڵ وەک دەرهاوێژی زمان، زمان وەک دیالیکتیکی بوون

 

 عەبدولقادر نيازی/ نووسەر و ڕەخنەگر / مەهاباد

 

قەناعەت هێنان بە لاکان کە پێی وایە: ئەوە مرۆڤ نییە لە ڕێی زمانەوە ئاخافتن دەکا بەڵکوو ئەوە نەست و ناخودئاگایە کە لە ڕێی مرۆڤەوە دەدوێ، ڕێک قەناعەت هێنان بەو دیالیکتیکەی هێگلە کە تێیدا زمان نێوانگری تێپەڕاندنی ناخودئاگایە بەرەو ئاگامەندکردن و کۆنکرێت کردنی عەقڵ کە خۆی بریتییە لە گواستنەوەیەکی مەعریفی و ڕانانی ئۆبێکت بەرەو دۆخێکی پەتی و داماڵراو. بەو پێیە زمان نەک کەرەسە کە دۆخێکە بۆ دەبەرێکدا دانانی بوونناسانەی ئیگۆ و ئەویتر وەک ئۆبێکت(ابژە). ئەگەر چی زمان دە ڕووتترین حاڵەتیشدا زۆر جار چییەتێکی مێتافۆڕیکه (استعاری)، بەڵام، لەو زەروورەت و کاتمەندییە بەدەر نییە کە بکەوێتە نێو دۆخێکی ئێسنۆبیسمیک و ئازاد تەوەر. ئەگەر چییەتی مێتافۆڕیکی زمان ئەوە بێ کە خۆی وەک تێرمی مێتافیزیکی دەربخا و دواتر خۆی لە دوو تۆی دۆخێکی شاراوە بەڵام شیاوی دۆزینەوەدا ئاشکرا بکا، ئەوە بەر لەوەی کردەی زمانی بێ گڕمۆڵە کردنی نەست و بە مێتافیزیک کردنی عەقڵە بە واتای نواندنی عەقڵ وەک خۆی. ئەوەی لەو ڕەوتەدا خۆی پتر دەخاتە ئاراوە نەک ئەمر و کردەی زمانی کە پرسی زمانە کە ئاتۆریتەی قەبە دالێکی وەک ناخودئاگا بە شکاندنەوە دێنێتە نێو خۆی. واتە نەست و ناخودئاگا دادەبەزێ بەرەو کردە و لانیکەم مەیلێکی ئینسانی وەک دەکارهێنەری عەقڵ و پەلکێش کردنی عەقڵ بەرەو دۆخێکی پڕاکتیکاڵ و کردەیی. لەو ڕووەوە زمان تەواو سیاسییە. لایەنی ئێگزیستانسی زمان کە هایدگەر زۆری بایەخ و سەرنج پێ داوە هەر ئەو لایەنە سیاسییەی زمانە کە عەقڵییەتی یەکگرتنەوە و تێکەڵاوی ئاگایی و خودئاگایی وەک تۆتۆلۆژیک کردنی مەعریفەناسانەی ئۆبێکت و سۆبێکت دەخاتە ڕوو. ئەوەیکە هایدگەر لایەنی بوونناسانەی مرۆڤ لە بوونی زمان گرێ دەدا هەمان بەرجەستەکردنەوەی عەقڵە وەک دەرهاوێژی زمان و گۆڕینی دۆخ. واتە هەمان پڕاکتیکاڵ کردنی عەقڵ. لە مەڕ زمانی کوردی پێویستە لایەنی پڕاکتیکاڵی زمان وەک کردەی لانیکەم بوونناسانە بێتە ئاراوە، نەک وەک سەرقاڵی و چێژ کە وەک کەڵک و پڕاتیک. بوونی کورد شتێک نییە جگە لە تێگەیشتن لە خۆی و زمان. بە بێ زمان و فەلسەفە، نە توانای کەشف کردنی نەتەوە بەدی دەکرێ نە پاڕادایمی دەوڵەت/نەتەوە مسۆگەر. ئەوەيش پێویستی بە زمان و فەلسەفە و دیالکتیک هەیە نەک پێداگری لە ڕادەبەر و خەست و خۆڵی تێئۆئیدئۆلۆژیک و چەقبەستوو. ئەوەی کورد پێویستی پێیە بیری مێترۆپۆلیک و یۆنیڤێرسال و دابڕان لە سروشتە نەک خۆ بە بەشێک لە سروشت دانان و جەبرگەرایی. عەقڵ دەو دیالکتیکەدا کردەی لکاو و ئینزمامی و نێوانگرە. بەو پێیە زمان یانی پڕۆسەی بە کۆنکرێت کردنی عەقڵ و سیاسی کردنی نەست بۆ بە پڕۆسە کردنی بوونێتی و بوون، نەک بە بیۆلۆژیک کردنی هەبوون.