فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

  پاڵەوانێتیی _ ئەوروپا  _٢٠٢٤ تۆپی پێ و ئەدەب

  پاڵەوانێتیی _ ئەوروپا  _٢٠٢٤

تۆپی پێ و ئەدەب

بەکر شوانی/ وەرگێڕ و ڕۆژهەڵاتناس/  ئەڵمانيا

هەفتەيەکە لە ناو گەرمەی کێبڕکێ و ململانێکانی تۆپی پێی و هەر لە گەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی خوولی پاڵەوانیەتیی تۆپی پێی ئەوروپا-2024دا لە مارکێت و شوێنە گشتییەکانی شارانی ئەڵمانیا هەموو شتێک وێنەی تۆپی گرتووە؛ جلوبەرگ و پاکەتی خواردن و قوتووی خواردنەوە بە وێنەی تۆپ و یاریزانانی ناسراو ڕازێندراونەتەوە. تەنانەت هەندێک لە نانەواخانەکان نان لەسەر شێوەی تۆپ دەبرژێنن و دەیفرۆشن. گشت ئەو دیاردانە لە کاتی پاڵەوانێتییەکاندا و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەدی دەکرێن. بەڵام ڕەوش جیاواز دەبێت کاتێک ئەدەب ئامێز بۆ تۆپ دەکاتەوە. لە ئەدەبیاتی جیهانیدا تۆپی پێ کەرەستە و هەوێنی چەندین شاکاری ئەدەبییە کە بە هۆی وەرنەگێڕانیانەوە بۆ زمانی کوردی، خوێنەر و هاندەرانی وەرزشی تۆپی پێ لە کوردستان لە تام و چێژیان بێبەشن.

 

لە ئەدەبیاتی جیهانیدا تۆپی پێ کەرەستە و هەوێنی چەندین شاکاری ئەدەبییە کە بە هۆی وەرنەگێڕانیانەوە بۆ زمانی کوردی

لە سەروبەندی پاڵەوانیەتیی جامی جیهان-1990دا لە ئیتاڵیا، نووسەری ناسراوی ئیتاڵیایی ئومبیرتۆ ئێکۆ زنجیرەیەک وتاری ئەدەبی سەبارەت بەو پاڵەوانییەتە نووسی کە دواتر وەک بەناوبانگترین “کاری ئەدەبی لەسەر تۆپی پێ” دەنگیان دایەوە. نووسەری ئۆرۆگوایی ئێدواردۆ گالیانۆ-یش یەکێک لەو نووسەرە بەناوبانگانەیە کە ناویان ئاوێتەی تۆپی پێ بووە. گالیانۆ ڕۆمانێکی هەیە بە ناوونیشانی “تۆپی پێ لەبەر هەتاو و لە سێبەردا” و بۆ دەیان زمانی بیانی وەرگێڕدراوە.

 

ئومبیرتۆ ئێکۆ زنجیرەیەک وتاری ئەدەبی سەبارەت بەو پاڵەوانییەتە نووسی کە دواتر وەک بەناوبانگترین “کاری ئەدەبی لەسەر تۆپی پێ” دەنگیان دایەوە

لە ئەدەبیاتی ئەڵمانیشدا پەنجەی ئاماژە درێژ دەکرێت بۆ چیرۆکی “ترسی گۆڵپارێز لە کاتی پەنارتی لێداندا” لە نووسینی نووسەری نەمسایی پیتەر هاندکێ. نووسەری فەرەنسایی ئەلبێر کامۆ-یش لەبەرئەوەی خۆی پێشتر گۆڵپارێز بووە، تۆپی پێی وەک کەرەستە لە نووسیندا بەکارهێناوە. نووسەری ڕووسیایی-ئەمریکایی ڤلادیمیر نابوکۆڤ-یش بەهەمان شێوەی کامۆ گۆڵپارێز بووە و تۆپی پێ وەک کەرەستەیەکی سەرەکی چووەتە نووسین و کارە ئەدەبییەکانییەوە. نووسەری تورکی هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات ئۆرهان پاموک بەشێکی بەرچاو لە کتێبی “ئیستانبوڵ – شار و بیرەوەرییەکان”ی بۆ باسی تۆپی پێ لە ئیستانبوڵ و تورکیا تەرخان کردووە و ئاماژە دەکات بۆ بیرەوەرییەکانی خۆی کاتێک بە منداڵی لەگەڵ باوکیدا بۆ یاریگەکانی ئیستانبوڵ چوون. لە ناو عەرەبیشدا نووسەری میسریی هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات نەجیب مەحفوز زۆر حەزی لە تۆپی پێ بووە، لە گەنجایەتیدا یاری کردووە و وتارێکی درێژیشی سەبارەت بە تۆپی پێ نووسیوە.

داخۆ داخۆ کەی نووسەرانی کوردی وەرزشدۆستیش شاکاری ئەدەبی بە بۆن و بەرامەی تۆپی پێ دەخەنە بەردەستی خوێنەری ئێمە؟