فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیکردنەوەی دەقێکی منداڵان: کە شاعیر دەبێتە قسەکەری نێو دەق، سەگەکەشی ئاماژە پێکراو

شیکردنەوەی دەقێکی منداڵان

کە شاعیر دەبێتە قسەکەری نێو دەق، سەگەکەشی ئاماژە پێکراو

غازی حەسەن/  نووسەر/ ئەمەریکا

دەرفەتم هەبێت حەز دەکەم ئەدەبی منداڵان بخوێنمەوە و سەرنجیان لێ بدەم و شتی نوێیان لێ فێربم. فێربوون هەر تەنیا لەنێو دەقی باش، یان سەرکەوتوو و چێژ بەخش نییە، بەڵکو هەندیک جار لەڕێگەی خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی هەندێک دەق شتی نوێ دەدۆزیتەوە، ئەم نوێ دۆزینەوە فرستەتسازیت بۆ دەکات، بیربکەیتەوە و پەلەکان بدۆزییەوە، کە پێشتر سینگیان نەگرتووی، یان هەستت پێ نەکردوون.

کاک (کاروان عەلی) یەکێکە لە پسپۆرەکانی بورای ئەدەبی منداڵان و چەندین کتێبی لەم ماوەیە چاپ و بڵاوکردۆتەوە و هەڵە نەبم لە وەزارەتی پەروەردەش پلە و بەشداری لە داڕشتنی بەرنامەی خوێندن و منداڵان هەیە، لە ڕۆژنامەی هەولێریش سەرپەرشتی لاپەڕەی منداڵان دەکات و خوا وزەی پتر بدات وابزانم لەهەموو ژمارەیەکی ئەم ڕۆژنامەیە بابەتێک لەنووسینی خۆی لە شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت بۆ زارۆکان لە سەکۆی ڕۆژنامەکە دەخاتە بەر دیدی خوێنەران.

کارێکی سەرکەوتووە، کە (گیانەوەر) لەنێو دەقی منداڵان شوێنێکی شایستە و گرنگی پێ بدرێت، چونکە لەم ڕێگەیەوە هەم سەرنجی زارۆکان بکێش دەکرێت

 

کارێکی سەرکەوتووە، کە (گیانەوەر) لەنێو دەقی منداڵان شوێنێکی شایستە و گرنگی پێ بدرێت، چونکە لەم ڕێگەیەوە هەم سەرنجی زارۆکان بکێش دەکرێت، هەمیش بەزمانێکی سادە گفتوگۆ و قسە لەسەر زاری گیانەوەرەکان بەتایبەتیش ئەوانەی لەگەڵ مرۆڤ لەنێو ماڵ و دەوروبەری ماڵ وەکو گیانەوەرێکی ماڵی، یان باڵندەیەکی کەوی دەژین.

سەگ لەکۆنەوە لەنێو ئەدەبی کوردی بەکارهێنراوە، ڕێزی لێگیراوە، لەهەندێک شوێن وەکو نیشانە و هێمایەک بۆ وەسفی خراپی مرۆڤیش بەکارهێنراوە. لەنێو دەقی منداڵان وەکو گیانەوەرێکی بەوەفا و خۆشەویست و بەسوود سەیر کراوە. لەبەر ئەوە لە شیعری (سەگەکەم) کە نووسینی (کاروان عەلی)یە، هەر هەمان شت دەبینین، کە ئەوە نزیکەی سەدەیەکە لەنێو ئەدەبی کوردی هەمان شت دەگوترێتەوە.

گوتاری شیعرەکە لەدوو کارەکتەر پێکهاتووە یەکەمیان کە سەرەکییە و ڕێبەر و ئامۆژگاریی کەرە (خودی شاعیرە ئەمەش لەڕێگەی بەکارهێنانی (ڕاناوی لکاوی کەسی یەکەمی تاک/ م) و (جێناوی کەسی یەکەمی تاک / من) دەناسرێتەوە. (سەگەکەش) لە لایەک ناونیشانی شیعرەکەیە، بۆیە دەبووایە کارەکتەرێکی سەرەکی و قسەکەر و راپەڕێنەری گوتاری دەقەکە بێت، ئەمەش لەبەر ئەوە دەڵێم چونکە ڕاستەوخۆ ناوی هاتووە و ئاماژە بە (سەگ) کراوە. کەچی وا دەرنەچووە، سەگەکە تەنیا لاشە و ناوێکی ئاماژەپێکراوی بێ ئەرک و جوولەیە، ناڕاستەوخۆ لەنێو دەقەکە بێ ئەوەی مافی نووقە کردنێکی هەبێت، وێنا کراوە.

 

سەگەکە تەنیا لاشە و ناوێکی ئاماژەپێکراوی بێ ئەرک و جوولەیە، ناڕاستەوخۆ لەنێو دەقەکە بێ ئەوەی مافی نووقە کردنێکی هەبێت

سیفەتەکانی سەگەکە لەم وشانە کورتکراوەتەوە (هاورێی منە، وریا و شەرمنە،  ژیر و جوان و دڵسۆزە، هاوسۆزە، ئارەزووی هاوکارییە، حەزی لەیارییە، بەدەم گەزە لەکەس ناگرێ) ئەمە لەبارەی سەگەکە.

خودی شاعیر بەم شێوەیە وەسفی خۆی لەنێو دەقەکە دەکات، وەکو (سەگەکەم واتە خاوەنداریەتی سەگەکە دەکات، هاوڕێی منە، لەگەڵمدا هاوسۆزە، خواردنی باشی پێدەدم) لەکۆتایی شیعرەکە بەم شێوەیە جارێکی دیکە باسی خۆی دەکات: (کاتـێـک پـێویـستـی پێمه/ چونک باشترین هاوڕێمه/ هـاوکـاری دەبـم هەردەم/ هـیچکات لێینابم بێخەم).

نزیکەی (٩) جار ئاماژە بە سیفە جوانەکان و باشەکانی سەگەکەی دەکات و لەهەمان کاتدا پتر لە (٧) جاریش ئاماژە بە سیفەتە باشەکان و هاوسۆزی خۆی لەگەل سەگەکەی نمایش دەکات، لە کردەوەدا لە شیکردنەوەی زمانەوانی دەگەینە ئەوەی کە شاعیر لەم دەقەدا دەیەوێت سیفەتەکانی خۆی بە منداڵان نیشان بدات، کە ڕەوشت و ڕەفتاری فرە باشن. لەبارەی سەگەکەش تەنیا گێڕانەوە و ئاماژەیە بە ئامادەبوونێکی نادیارە و ڕەفتار و ڕەوشتی سەگەش وەکو ئاماژەیە، بە ئەرک و پیشە سەپێنراوی سەگەکە دەچێت. ئەوەی خۆشی ئەرک و گەورەیی و پەروەردکارییە.  ئەو (شاعیر خۆی ئامادەی نێو دەقەکەیەتی و هەموو کار و کردەیەک بۆ خۆی دەبەستێتەوە و ئەو لێرەیە و لە نێو کاتی ئێستای قسەکردنە) و (سەگەکەش لێرە نییەوە و لە ڕابردووە و ئامادەی نێو شوێن و کاتی گێڕانەوە نییە، تەنیا وەکو شتێکی ئاماژەپێکراو نەبێت).

 

(شاعیر خۆی ئامادەی نێو دەقەکەیەتی و هەموو کار و کردەیەک بۆ خۆی دەبەستێتەوە و ئەو لێرەیە و لە نێو کاتی ئێستای قسەکردنە) و (سەگەکەش لێرە نییەوە و لە ڕابردووە و ئامادەی نێو شوێن و کاتی گێڕانەوە نییە

 

دوو کارەکتەر لەنێو گوتاری ئەم شیعرە بوونیان هەیە، یەکەمیان ڕاستەوخۆیە و ئاشکرایە و هەیە (من/ کە خودی شاعیرە/ ئەمە خودی قسەکەری سەرەکی و چیرۆکخوان و هەقایەتبێژی نێو گوتاری دەقەکەیەتی)، ئەوی دیکەش سەگەکەیە (گوێگرە ئاماژە پێکراوکەشی/ کە هیچ قسە و بوونێکی ڕاستەوخۆ و ئامادەی نێو دەقەکەش نییە، تەنیا لەڕێی ئاماژە بۆ کردنەوە نەبێت، ئەویش خودی سەگەکەیە. دەزانی بۆچی تەنیا بۆ جارێک گوێمان لە نووزانەوەیەک، حەپەیێک، پازێک، لیستنەوەیەک، کلک لەقاندنێک و گوێ مووچکردنەوەیەک نەکرد؟) چونکە سەگەکە لەکاتی قسەکردن لەوێ نییە. ئایا ئەگەر زارۆکێک، وەکو من ئەم دەقە بخوێنێتەوە چی دەڵێت و چۆن وەسفی ئەرک و بوون و کردەەکانی سەگەکە دەکات؟ یان تەنیا هەست بە بوون و ئەرک و قسەکان و هەبوونی خودی شاعیرەکە دەکات.

 

لەم شتانە، لەم بیرۆکانە بیرم کردەوە

 

یەکەم: ئەم دەقە بەزۆر سەگێکی تێخراوە، تەنیا بۆ ئەوەی شاعیر باسی هەست و نەستی خۆی بەرانبەر  سەگ، یان گیانەوەرێک، وەکو کەسێکی بەبەزەیی و بایەخدەر بە گیانەوەر و سەگ نیشان بدات، واتە قسەکەر مەیلی بەلای باسکردنی خۆیەتی، یان لەبیری کردووە، دەبێت سەگەکە کارەکتەری قسەکەر بێت.

دووەم: شاعیر باسی خۆی و وەسفی خۆی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەنێو دەقەکە دەکات، سەگەکە بوونێکی لاوەکی نادیاری نا ئامادەیە.

سێیەم: دەقی منداڵان پتر چێژ بە منداڵان دەدات، لەڕێی سازاندنی زەمینەسازی بەکارهێنانی وشەسازی گونجاوسازی  گیانەوەرەکان لەگەڵ ژینگەی تەمەن و دەروون و  کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵگەی منداڵەکان. دەزانی چەندە مەفایە گیانەورەکە بەخۆی لەنیو دەقەکە بێت و  چالاک و زیندوو بێت و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری بەرهەمهێنانی فکر و جووڵە و ئامۆژگاری و گفتوگۆ و گوتاری دەقەکە بکات.

چوارەم: فکرەکە زۆر کلاسیکە، لەزۆر شوێن و بابەتی دیکەدا ئەم جەشنە ئاماژە و وەسف و ئاخاواتنانە لەبارەی سەگ و پشیلە و گاینەوەر و باڵندەی دیکە کراون.

 

فکرەکە زۆر کلاسیکە، لەزۆر شوێن و بابەتی دیکەدا ئەم جەشنە ئاماژە و وەسف و ئاخاواتنانە لەبارەی سەگ و پشیلە و گاینەوەر و باڵندەی دیکە کراون

پێنجەم: بەکارهێنانی زمان لەنێو دەقی منداڵان و هەڵبژاردنی وشە، لە مانا و مەبەست گرنگترە، چونکە دەقنووسی منداڵان پێش ئەوەی ئامۆژگاری منداڵ بکات، فێری زمانیان دەکات و  لەڕێگەی وشەکان و هەڵبژاردنی زاراوە و دەستەواژە و گوزارشتەکانەوە منداڵ فێری شتی نوێ  چاک و ڕەفتار و هەڵبژردنی شتی گونجاو  و شیاو دەکات. هەندێک دەستەواژە هەیە، لەڕاستیدا پێ دەچێت بۆ دروستکردنی (ئاواز و ڕیتم و مۆسیقا و قافیەی شیعرەکەی بەکارهێنرابن، یان لەنەزانین و لاوازیی تێگەیشتنە لە هێز و مانا و شوێن و ئەرکی سروشتی بەکارهێنانی وشەکانیان گۆڕیبێت)، لەوانە:

(سەگی شەرمن) ئەم وێناکردن و گوزارشتە لەکوێ سەرچاوەی گرتووە؟. یەکەم (شەرمن وشەیەکی نەگونجاوە لەڕووی پەروەردەیی، نابێت (شەرمنی لای منداڵ بەکارێکی سەرکەوتووی دەروونی و پەروەردەیی دابنرێت، بەپێچەوانە سەردەمی ئێستا، سەردەمی  هاندانی منداڵە ژ بۆ ئەوەی  (شەرم نەکات، پشکداری گفتوگۆ و پرس و شڕۆڤە بکات. ئەگەر نڤیسکار و هەڵبەستڤان گەرەکیەتی تشتەکی دیکەمان پێ بێژێت، دکاری چاکی بکاتەوە.

شاعیر دەڵێت:

ژیر و جـوان و دڵـسـۆزە

لـەگـەڵـمـدا هـــاوســۆزە

 

دەبێت لەچ دۆخ و شوێن و کات و کردەیەک و لەچ ڕوانگەیەکی دەروونیی و ڕەفتار و ئەخلاقێکەوە (سەگەکە هاوسۆزی شاعیر) بووبێت. (هاو+ سۆز)!!!! (سۆزی سەگ لەکوێ سەرچاوەی گرتووە لە (ژیری و جوانی و دڵسۆز)ییەوە، یان هۆکاری دیکەی پەیوەندیی نێوان (شاعیر و سەگەکەوە) سەرچاوەی گرتووە؟ ئەمە جێگەی لەسەر وەستان و پێتڤی بە شەن و کەوی پترە.

من بیر لە زارۆک لەناڤ دەقەکە ناکەمەوە، چونکە هیچ منداڵێک لەنێو دەقەکە بوونی نییە، ئەوەی قسە دەکات و ئامۆژگاریی و ئاماژە بە پلە و پایە و دەسەڵات و هێزی کراوە (خودی شاعیرە)

 

لە دوو دێڕی شیعرەکەدا پەیڤی (هاوکاری) بەکارهێناوە لەیەکەمیان دەڵێت (ئارەزووی هاوکارییە، بۆیە حەزی لە یارییە). پێم وایە، لە دوومیشدا دیسان دەبێژێت:

(کاتـێـک پـێویـستـی پێمه

چونک باشترین هاوڕێمه

هـاوکـاری دەبـم هەردەم

هـیچکات لێینابم بێخەم).

نازانم چ واتا و وێنە و پەیامێکی ل ڤی گوزارشتە دروستکردووە، (کاتێک پێویستی پێمە، چونک باشترین هاوڕێمە)، یانی چی؟ ڕستەیەکی زیادە، بەزۆر لێرە پەستێنراوە، کەواتە ئەگەر منداڵێک یەکێکی لە دەوری خۆی بینی و هاوڕێی نەبوو، بەڵام پێویستی بە یارمەتی ئەو بوو، نابێت یارمەتی بدات؟ پرسیارێکە و بەس. بەکارهێنانی وشە لە بەرهەمی منداڵان ئاسان و سووک و بێ گرێ نییە.

من بیر لە زارۆک لەناڤ دەقەکە ناکەمەوە، چونکە هیچ منداڵێک لەنێو دەقەکە بوونی نییە، ئەوەی قسە دەکات و ئامۆژگاریی و ئاماژە بە پلە و پایە و دەسەڵات و هێزی کراوە (خودی شاعیرە).پێمان دەڵێت چونکە (باشترین هاوڕێمە، بۆیە هاوکاری دەبێت هەردەم و لێی بێ خەم) نابێت. هەڵویستێکی جوان و چاکە، بەڵام (هاوکار) بە مانای (یارمەتی) نایەت. (هاوکار مانای دیکەی وەکو (هاوسۆز و هاوبەش) و (تضمان)ی عەرەبی دێت.

(بێخەم) بۆ؟ بۆ دەپرسم خێرە (بێخەم) لەو رستەیە بکارئانیە، کورد وای گۆ کردووە بێخەمبە (واتە پشتی خۆت لێ بکەوە و کارت تەواو). ئایا بەڕاستی ئێمە دەبێت (منداڵان) وا پەروەردە بکەین (بێخەم) بن، یان (بیر لە ژیان و پەیوەندیی و فێربوون و ڕێزگرتنی ئەوانی دیکە و پاک و خاوێنی و خوێندن و … تاد) بکەن. لەکاتێکدا ئەمە (ئاخاوڤتن و ئامۆژگاری خودی شاعیرە بۆ منداڵان).

یانژی دەڵێت (گاز لەکەس ناگریت بەدەم)! لەڕاستیدا منداڵی وریا دەپرسێت، ئەرێ سەگ بەچ گەز دەگرێت، بەدەم، یان کلکی؟. لەپێناو دروستکردنی قافیە لەگەڵ (پێدەدەم) وشەی (بەدەم)ی خستۆتە نێو ڕستەکەوە، کە لەکردەوەدا هیچ وێنەیەکی شیعری سەرکەوتوو نیشان نادات و لەجیاتی پێدانی بەها و زانیاری نوێ بە منداڵان، جۆریک لە کۆمیدیا دروست دەکات.

شەشەم: دەڵێت (خواردنی باشی پێدەم/ گاز لەکەس ناگرێ بەدەم). شاعیر هۆکاری (گەزە لێ نەدانی سەگەکە) بە (پێدانی خواردنی باش) بەستۆتەوە. ئەمە وەکو مەسەلە فیزیاوییەکە، وایە ئەگەر (خواردنی باش نەبێت) کەواتە (گەزەی خراپی بەدەم) دەبێت. ئایا دەبێت منداڵ لەسەر پەروەردەیەکی چاوچنۆکی و هەڵپەرستانە وبەدەستهێنانی شتێک لەپێناو شتێک رابهێنرێت، تا شتێکی باشی پێ نەدرێت، کردەوەیەکی باش و چاک نەکات، ئەم گوتارە جێگەی بەزەییە.

 

ژبیر نەکەین، ئەوەی خوێنەر دەیبینێت، مەرج نییە نووسەرەکە بیبینێت

برای هێژام دونیایەک دڵم خۆشە دەبینم کەسانێک هەن دەیانەوێت بەشێوەیەکی پسپۆر و تایبەتمەند بایەخ بە بەرهەمی منداڵان بدەن، کارێکە شیاوی هاندانە، بەڵام مانای ئەوەی نییە هەموو دەقێک، بەتایبەتی ئەگەر زۆر بوو، بووە کارێک لەشێوەی پیشەی ڕۆژنامەنووسی و لەپێناو (لاپەڕەیەک بەرهەم کۆبکرێتەوە) ، دەقەکەش ئەو هێز و تونایە دروست بکات، کە دەبێت بەرجەستەی بکات، ئەڤە وەکو ئەوە نییە، نووسەرێک لە دە ساڵ جارێک کتێبێک و لەنێو کتێبەکەشیدا چەند دەقێکی منداڵان بە هەموو مانایەکییەوە (پەروەدەریی و دەروونی و زمان و گوتارەوە) بۆ زارۆکان دەنووسێت.

ژبیر نەکەین، ئەوەی خوێنەر دەیبینێت، مەرج نییە نووسەرەکە بیبینێت، ئەو لە سروشتێکەوە دەنووسێت و خوێنەریش لە ژینگە و سروشتێکی جیاوازەوە سەرنج لە دەقەکە دەدات. لەبیری نەکەین، زۆربەری خەڵک ئەزموونی لەگەڵ منداڵ هەیە لە (ماڵەوە، لە دراوسێ، لە قوتابخانە، لە بەرهەمە جیهانییە تایبەتییەکان بۆ زارۆکان، لە کارتۆن و فیلمی تایبەت بە منداڵان و بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان و کتێب و گۆڤارە پرۆفیشنالییەکان… تاد).

ێیستاش لەبیرمە (پشیلۆکەی) (عەزیزی مەلای رەش) بۆ سەردەمی خۆی کاریگەر بوو، لەنێو شیعری شاعیرانی چلەکان بەدواوە، دەقی پڕ بەپێستی منداڵانە لەڕووی (زمان، تەمەن و پەروەردە و ژینگەی منداڵانە و بەکارهێنانی گیانەوەران) هەیە، کە بروا ناکەم هیچێکیان بروانامە و خوێندنی تایبەتیان لەبارەی دەروون و ئەدەبی منداڵان هەبووبێت.

 

دیماهی

 

لەبارەی سەگەکەش تەنیا گێڕانەوە و ئاماژەیە بە ئامادەبوونێکی نادیار و ڕەفتار و ڕەوشتی سەگەکەش وەکو ئاماژەیە، بوونی سەگەکە  زۆر لە بوونێکی سەپێنراوی بەپاشکۆکراو دەچێت. ئەوەی خوودی شاعیرەکەش ئەرک و گەورەیی و پەروەردکارییە.  ئەو (شاعیر خۆی ئامادەی نێو دەقەکەیەتی و هەموو کار و کردەیەک بۆ خۆی دەبەستێتەوە و ئەو لێرەیە و لە نێو کاتی ئێستای قسەکردنە) و (سەگەکەش لێرە نییەوە و لەڕابردووە و ئامادەی نێو کاتی گێڕانەوە نییە، تەنیا وەکو شتێکی ئاماژەپێکراو نەبێت). واتە بەکورتی و کرمانجی شاعیر لەژبیر کردییە باسی کسۆکەکە بکات، ئەو پڕ بەدلی خۆی ئاماژە بەبوون و ئەرک و هەبوونی خۆی دەکات، نەک (سەگەکەم).  ئەم وشەیە (سەگەکەم) ئەوە نیشان دەدات، دەبووایە سەگەکە کارەکتەری سەرەکی و ئامادەبووی ئێستا و ئێرەی کاتی گێڕانەوە و قسەکردن و گوتاری دەقەکە بووایە، نەک بەپێچەوانە.  سوپاس بۆ (کاروان عەلی) لەڕێگەی ئەم دەقە، دەرفەتی بیرکردنەوەیەکی جیاوازی بۆ دروست کردم.

 

دەقی شیعرەکە:

 

سـەگـەکـەم
سـەگـەکەم هاوڕێی منە
وریا و کـەمـێک شەرمنە
ژیر و جـوان و دڵـسـۆزە
لـەگـەڵـمـدا هـــاوســۆزە
ئـــارەزووی هــاوکـاریـیه
زۆر حــــەزی لــە یاریـیە
خواردنی باشی پێدەدەم
گاز لەکەس ناگرێ بەدەم
کاتـێـک پـێویـستـی پێمه
چونک باشترین هاوڕێمه
هـاوکـاری دەبـم هەردەم
هـیچکات لێینابم بێخەم
هەولێر ژمارە ٤٠٩٣   ڕۆژی ١٣-٦-٢٠٢٤ لاپەڕە ١٣