فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

عەتا نەهایی شەڕەفی ئەدەبی گێڕانەوەیی کورد

عەتا نەهایی شەڕەفی ئەدەبی گێڕانەوەیی کورد

 

ڕەسوڵ سوڵتانی/ شاعیر و وەرگێڕ/ کەنەدا

* تێبینیەک لە دامێنی ئەم نووسینە هەیە، پێشتر ئەو بخوێنەوە، ئینجا بگەڕێوە خوێندنەوەی بابەتەکە:

 

لە ئەدەبی هەر میللەتێکدا، هەندێک قەڵەم و ناو دەبنە بناخەیەکی پتەو و پێناسەیەکی جێگای متمانە. هەم لە چوارچێوەی جوانیناسیی ئەو ژانرە ئەدەبییەدا کە تێیدا دەقیان بەرهەم هێناوە و هەم وەک نوێنەرێکی بە توانای ئەدەبیاتی ئەو نەتەوەیە.

یەکێک لە سیما دیار و داهێنەرەکانی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی، کە ماوەی چل ساڵە نووسینەکانی بەردەوام وزەی تازە و داهێنەرانە و جوانییان لێ دەبارێ. مامۆستا “عەتای نەهایی”یە.

ئەو نووسەرە داهێنەرە یەکێک لە نوێنەرانی چیرۆکی مودێرنی کوردییە. پاش ئەزموونی مامۆستا “حەسەنی قزڵجی” لەو بوارەدا، لەو قەڵەمە جددیانەیە کە حەولی دا بە شێوازێکی دیکە ئاستی ئەدەبییەتی دەقی ئەدەبی کوردی بەرێتە سەرێ و ئەدەبیاتی کوردی بە شێوەیەکی هونەری بە کورد و تەنانەت بە گەلانی دیکە بناسێنێ.

یەکێک لە سیما دیار و داهێنەرەکانی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی،  مامۆستا “عەتای نەهایی”یە

 

نەهایی هەر لە یەکەم کارەکانییەوە، واتە لە کۆمەڵە چیرۆکەکانی “زریکە”، “تەنگانە” و «ئەو باڵندە بریندارە کە منم”دا حەولی دا شان بە شانی چیرۆکنووسە هەرە بەتوانا و تەکنیکییەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، چیرۆکێک بنووسێ کە هەم هەڵگری شوناسی کوردی بێ و کاراکتەرەکانی لەو کەسانە هەڵبژارد کە هەر لەو کۆمەڵگایەدا دەژین و هەم لە باری فۆرم و تێکنیکەوە ئاستی کارەکانی ئاستێکی ناوچەیی و جیهانییان هەبوو. هەر بەو هۆیەشە کە لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای هەتاویدا، گەورە چیرۆکنووسی ئێران “هووشەنگی گۆڵشیری” پێوەندیی پێوە دەکا و بە بڵاوبوونەوەی چیرۆکی “ئێرە ماڵی منە” بە زمانی فارسی و لە گۆڤاری “کارنامە”دا ئاستێکی دیکەی لە نووسینی هونەری کوردی بە گەلانی سەردەست نیشان دا. ئەو چیرۆکە کە لەسەر ڕووداوی حەڵەبچە نووسراوە لە باری فۆڕم و تێکنیکەوە قەڵەمبازێکی گەورەیە و کۆڕ و بنکە ئەدەبییەکانی راچڵەکاند و توانیی سەرنجی ناوەندە گرنگە ئەدەبییەکەی ئێران و یەک لەوان “کانوونی نووسەرانی ئێران” بۆ لای دەقی کوردی و داهێنانی کوردی لە بواری گێڕانەوەدا ڕابکێشێ.

حەولی عەتا نەهایی لە کورتە چیرۆکەوە بۆ ڕۆمان، حەولێکی جێگای سرنج و بایخە. لە بواری ڕۆمانیشدا دەرکەوتنی نەهایی بە ڕۆمانی “گوڵی شۆران”ەوە، هەواڵی هاتنە مەیدانی گێڕانەوەی ڕۆمانی لە لایەن ڕۆماننووسێکەوە بە خوێنەری کورد دا کە لە یاسا و ڕێساکان و گێڕانەوەی نەریتی دەرباز بووە و لەگەڵ گێڕانەوەیەکی مۆدێرن لە گوڵی شۆراندا ڕووبەڕوویە. لە ڕۆمانی “باڵندەکانی دەم بادا”ئەو ئەزموونە هێندی تر بەرەو سەر هەڵدەکشێ و زمان و گێڕانەوە گرینگیەکی زیاتری دراوەتێ و گۆشە نیگا مۆدێرنتر لە پێشوویە. دوایین ڕۆمانی بڵاوکراوەی “عەتا نەهایی” ڕۆمانی “گرەوی بەختی هەڵاڵە”یە.

 

بەرهەمەکانی بۆ زمانەکانی دیکە و بۆ وێنە زمانی قارسی و عەرەبی و لەو دوایانەشدا زمانی ئینگلیسی پشت راست دەکرێتەوە

 

گرەوی بەختی هەڵاڵە ڕۆمانێکی گلۆکاڵە. واتە کەڵکەڵەی ناوچەیی و جیهانیی تێکەڵ کردووە و ئەزموونێکی تازەی دیکە لە بواری گێڕانەوەی کوردیدایە. نەهایی لە کۆی کارەکانیدا حەولی داوە هاوسەنگی لە نێوان فۆڕم و ناوەڕۆگدا ڕابگرێ. گێڕانەوەی نەهایی گێڕانەوەیەکی خاوەن بیچم و بنەمایەکی پتەوە، بۆیە هەم لە ڕۆمان و هەم لە کورتە چیرۆکدا دەتوانێ بە شانازییەوە نوێنەرێکی بە توانای ئەدەبیاتی ئێمە بێت لە ئاستی جیهاندا. ئەو ڕاستییەش بە وەرگێڕدرانی بەرهەمەکانی بۆ زمانەکانی دیکە و بۆ وێنە زمانی قارسی و عەرەبی و لەو دوایانەشدا زمانی ئینگلیسی پشت راست دەکرێتەوە. ڕۆمانەکانی عەتا نەهایی بە زمانی فارسی بڵاو کراونەتەوە و بڵاوکرانەوەی ئەو ڕۆمانانە ڕووداوێکی لە بڕیاردانی بنکە ئەدەبییەکانی ئێراندا بەدی هێنا. دوا بە دوای بڵاوبوونەوەی باڵندەکانی دەم با و گرەوی بەختی هەڵاڵە بە زمانی فارسی، ناوەندی “خەڵاتی میهرەگان” کە خاوەن بایخترین ناوەندی خەڵاتی ئەدەبی گێڕانەوەی ئێرانە، بەشێکی بۆ ئەدەبیاتی کوردی تەرخان کرد و لە دوو ساڵی بەر و دوادا ڕۆمانەکانی عەتانەهایی وەک براوەی خەڵاتی میهرەکان دیاری کران.

لە لایەکی دیکەوە هەر سێ ڕۆمانەکانی عەتانەهایی و کورتە چیرۆکەکانی لە لایەن نەشری “ئاوێستا” و باقی نەشرەکان لە باکووری کوردستان هێندراونەتە سەر تیپی لاتینی و بە زاراوەی کرمانجیش بڵاو بوونەتەوە. شایانی باسە ڕۆمانی گرەوی بەختی هەڵاڵە لە لایەن دارلنەشرێکی بەناوبانگی عەرەبییەوە لە وڵاتی “کوەیت” وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەڕەبی و بڵاو بۆتەوە. کۆی ئەوانە منی نووسەری هۆگری ئەدەبیات و خوێندنەوەی ئەدەبیات گێڕانەوەیی بەو قەناعەتە دەگەیەنێ کە لە بەرابەر چەند ساڵ خەباتی بێ وچانی نووسەری بە توانا و داهێنەری کورد “عەتا نەهایی سەری ڕێز و نەوازش دابنوێنم و چاوەڕوانی بەرهەم و شاکارەکانی لەمەودوای بم.

 

 

تێبینی:

زۆرم جنێو گوێ لێ بووە بە محەمەدی قازی و کێ و کێ دراوە و دەدرێ کە بۆچی بە کوردی نەیاننووسی. هەر ئەو ڕەخنەگرانە بەهەموویان شەش کتێبی نووسەرانی کوردیان نەخوێندووەتەوە.
نازانن لە ڕۆژهەڵات:
فەتاح ئەمیری
عەتا نەهایی
محەمەد ڕەمەزانی
کامران حامیدی
مەنسوور حامیدی
چەند بەرهەمیان چاپ بووە؟
کەچی گلەیی دەکەن بۆچی برایمی یۆنسی بە کوردی نەینووسیوە؟
کوڕە دەستی خۆش بێ
هەر ئێستا تۆ تاقەتی خوێندنەوەی ئەم وتارەت نییە چۆن ڕۆمانەکانی دەخوێنییەوە؟
دەی بۆچی گلەییت هەیە کە خەڵکی تر بە فارسی دەنووسن؟
ئەگەر تا ئێستا بەرهەمی نووسەرانی کوردت نەخوێندووەتەوە، بەڕاستی مافی گلەیی وات نییە.