هەرجارەی شاعیرەکی هەولێرێ…
عاجز (1929-1967) شاعیرێکی بەتواناونەناسراو
کەمال رێناس/ شاعیر/ ئەلمانیا
کە جانتای گەنجینە پڕ بەهاکەی ئەدەبی کوردی بەگشتی وشاری هەولێرم بەتایبەتیی کرده وە، بەدوای دەنکە مروارییەکی بەبەهابووم کە نمایشی بکەم ، بەبیر خوێنەرانی بهێنمەوە، بەڕێکەوت دەنکە مروارییەکی فەرامۆشکراو بەکەساسی لەقولینچکێکی جانتاکە کەوتبوو، کە دەستم دایە، لەنێو لەپم دانا حەپەسام! جۆرێ پرشنگداربوو نایەتە تاریف کردن، ئارامی بەدەروونی تژی لە دڵەڕاوکێم بەخشی، بڕیارمدا تیشکی
بخەمە سه ر، بەخوێنەرانی بناسێنم.
شاعیری ئەمجارەمان جیاوازوداهێنەرە، لێتان ناشارمەوە سەرسامم بە توانستیی ، شاعیری ئەمجارە (عاجز١٩٢٩-١٩٦٧)ێ
شاعیرە، کەگەشتێکم کرد بەناو شیعرەکانی (عاجز) ملیۆن ماشاڵڵا لە شاعیرییەتی ئەو کەڵەشاعیرە جوانەمەرگە، لەگەڵ ئەوەی تەنها ۳٦ ساڵ ژیاوە، بەگەنجی جوانەمەرگ بووە، بەڵام ئەوەی عاجز بەو تەمەنە کورتە گووتویەتی لە ڕێی
قەسیدە شیعرەکانی، شایەنی هەڵوەستەیه، داهێنانی کردوە، هەندێ شاعیری تر بە تەمەنی دووقاتی ئەو، نەیانتوانیوە بگەنە پەنجەی دۆشاومژەی عاجزی شاعیر ، هەڵڵاهەڵڵا لەتواناوسەلیقەوزمانپاراوی وبەلاغەت وفەساحەتی ئەو شاعیرە بەشکۆوویقارە ، بەبۆچوونی من گەر زیاتر بژیابا، دەبوە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی شیعری کلاسیکی کوردی چۆن ڕامبۆی شاعیر کە زۆر کەم ژیا، بەڵام توانی ببێتە شاعیرێکی ناسراوی فەرەنسا، چۆن دڵداری شاعیری جوانەمەرگ کە بەس ٣٠ ساڵ ژیا ، توانی ببێتە شاعیرێکی ناوداری لەبیرنەکراو! عادزی شاعیر کەلەتەمەنی سی وشەش ساڵی داهێنانی داوە بەدەستەوە، بەڵام داخەکەم وەک پێویست نەناسراوە، بەتامەزرۆیانی ئەدەب نەناسراوە، فەرامۆشکراوە، بەنیازبووم گەشتێکی سەرپێیی وخێرا بەناو شیعرەکانی بکەم ، بەڵام تووشی شڵەژان وتێڕامانێکی قووڵ بووم بەرامبەر گەورەیی ئەو شاعیرە ئەفرێنەرە، شیعرەکانی سیحرییان لێکردم، نەیانهێشت گەشتەکەم بەنێو هاوینه هەاریی شیعرەکانی بەخێرایی بێت، جیا لەشرۆڤەکانی پێشتر، دڵنیام زۆربەتان نایناسن وسمۆرەی فزولییەت درەختی تێڕامانی بنکۆڵ کردوون بۆ گوێزی ژیان وهەندێ لەشیعرەکانی (عێدز) بۆیە پێم باشە کورتیلەیەک لەژیانی شاعیری جوانەمەرگ (عاجز) تان بۆ باس بکەم، تا زانیاریتان هەبێت لەسەر ژیانی ئەو شاعیرە ئەفرێنەرەجوانەمەرگە
عاجز یەنئا ٣٦ ساڵ ژیاوە، کەچی لەڕێی قەسیدە شیعرییەکانی شایانەی هەڵوەستەیە، داهێنانی کردووە
[شاعیری جوانەمەرگ عاجز(۱۹۲۹-۱۹٦۷) لە ساڵی ١٩٢٩ لە گوندی (چل ھەوێزە)ی سەر بە شارەدێی کەندێناوەی سەر بە قەزای مەخموور لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە حوجرەی مزگەوت بووە، بایەخی بە تەجویدی قورئان داوە. زۆربەی ماوەی خوێندنی لە گوندی زیخان لە ناوچەی خۆشناوەتی بووە، ماوەیەکیش لە زێوەی خۆشناوەتی خوێندوویەتی، ئینجا ھەر لەو ناوە لە گوندی خەتە بەشێکی دیکەی خوێندنی بردووەتە سەر. لە پاشاندا ھەر بۆ ئەم مەبەستە ڕووی کردووەتە ڕەواندز و لە دواییدا گەڕاوەتەوە ھەولێر و لە مزگەوتی حاجی قادری دەباغ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان مەلایەتیی و پێشنوێژی کردووە. لە گوندەکانی ھەرمەک و دەراش لە ناوچەی خۆشناوەتی مەلا بووە. دواتر بووە بە مەلای گوندی گۆمەشین لە دەشتی قەراج، پاشان گەڕاوەتەوە گوندی توتمەی خۆشناوەتی، ئەوجا گوندی شاوێس لە نزیک ھەولێر. دوای ئەمە لەلایەن ئەوقافەوە کراوە بە مەلا لە خورماڵ، پاشان چەمچەماڵ. دواجار گەڕاوەتەوە ھەولێر و بووە بە مامۆستای قوتابخانەی ئەوقاف و لە مزگەوتی حاجی بەکریش بووە بە پێشنوێژ و وتاربێژ.]
یەکێک لە خاسیەتە بەرزەکانی عاجزی شاعیری هەولێری ، چەمکی متمانەبەخۆبوونە کە خۆی پێ بەشاعیرێکی داهێنەر زانیوە
بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکەم کە گوتوومە گەر زیاتر بژیابوایە دەبوە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی شیعری کلاسیکی کوردی، دوونموونە لە بەتوانایی عاجزی شاعیر دەهێنمەوە، دوای خوێندنەوە،دڵنییام ئێوەش هەمان بۆچوونتان دەبێت لەسەر ئەو کەڵە شاعیرە، نموونەی یەکەم کە وادیارە سەرسامە بەچامە شیعرەکەی بێخودی شاعیر دڵی من، زۆر داهێنەرانە قەسیدەیەکی پڕ لەچێژی نووسیوە کە دەڵێت-
دڵی من
چەند ڕۆژە لە بەر فیکری تۆ داماوە دڵی من
بێ خواردن و خەو، زەردو زەبوون ماوە دڵی من
بەو داوە کە زولفی تووە گیراوە دڵی من
بەو تیرە کە چاوی تووە کوژراوە دڵی من
دوێ شەو لە خەوا دڵبەری شەنگم کەڕەمی کرد
تەشریفی کە هات بۆ دڵی تەنگم نیعەمی کرد
ئیمڕۆ کە بە مەغرووری فەرەنگم ئەلەمی کرد
بەم حاڵەتە دوو ڕەنگییە فەوتاوە دڵی من
جارێ بە تەبەسسوم وەرە بازاڕی غەریبان
وازبێنە لە بەدکاریی و گوفتاری ڕەقیبان
چونکە بەوەفا کەتمە جەفاخواری حەبیبان
بۆ وەسلی تۆ باوەڕ بکە شێواوە دڵی من
ئەو نەگبەتە پڕ زیللەتە بۆ من چییە یاڕەب
ئەو حەسرەت و ئەو میحنەتە بۆ من چییە یاڕەب
ئەو نیقمەتە بەو میننەتە بۆ من چییە یاڕەب
بەو زەحمەتە چۆن ڕووحی لەبەر ماوە دڵی من
بێباکە لە خوێنڕێژی دڵم چونکە بەلاشا
بۆ کوشتنی من خۆی بە هەوەس دێتە تەماشا
ئەو زوڵمە نەدیتراوە لە هیچ حاکم و پاشا
لەو غەدرە کە دەیکا سەری سوڕماوە دڵی من
تاکەی بە جەفا دەمکوژی ئەی یاری گوڵ ئەندام
وا دەمخەیە بەر جەورو جەفای بێ سەر و ئەنجام
یان بمکوژە یەکجاری لە دونیام بکە ئیعدام
یان بێنە ویسالت کە لە بۆی ڕاوە دڵی من
دێمە دەری مەیخانە دەڵێن مەنعە لە عوششاق
یار فەرموویە گەر هات و بڵێن جێی نییە موشتاق
مروەت نییە خاس کەی بە دڵم شەربەتی غەسساق
مەفتوون و زەبوون عاجز و بێ تاوە دڵی من
یەکێک لە خاسیەتە بەرزەکانی عاجزی شاعیری هەولێری ، چەمکی متمانەبەخۆبوونە کە خۆی پێ بەشاعیرێکی داهێنەر زانیوە، هەرلەبەرئەم هۆیەشە کە شیعرەبەرزەکەی ناری وتاهیر بەگی بە جوانترین شێوە تەخمیس کردوە کە جێی ئافەرین ودەستخۆشییە کە هێند جوان داهێنانی داوەتە دەست خوێنەر دەباتە جیهانی شۆک وسەرسامی ، لەتەخمیسەکە دەڵێ:-
بپێنج خشتەکی عاجز لەسەر شیعری ناری و تاهیر بەگ
بە عیشقی ڕووی گوڵی یاران موتیعی موغبەچەی کردین
بە ئەگریجەی ئەسیری دەست و پەنجەی پڕ خەنەی کردین
بە دوو لیمۆی لەسەر سینەی کە فێری دەس گەمەی کردین
«بە غەمزەی چاوی مەخمورو سیاهی مەستی مەی کردین
بە ماچی لێوی موستەغنی لە ئەنواعی مەزەی کردین»
خودایە غەیری تۆ کێ خۆی دەکاتە دادخواهی من
لە جەوری دولبەران کێ دێتە ئیمدادی سوپاهی من
کە ژین و دین بە غارەت چوو لە دەس بەختی سیاهی من
«ترازا بەندی سوخمەی ئاڵی گوڵناری بە ئاهی من
کەچی دەستی لەسەر دانا لە سەیری باغ و بەی کردین»
لە وەقتی شادیا جانا کە دڵ کەوتۆتە خامۆشی
مەکەن لۆمەی لەبەر جەوری حەبیبان لای نەما هۆشی
لە حیلە و مەکری ئەو شۆخە بە جەبری کەوتە ناخۆشی
«بە هەوری پەرچەم و زولفی ڕوخ و ئەبرۆی کە داپۆشی
لە شەوقی ڕوئیەتی بەدر و هیلالی یەک شەوەی کردین»
شەوی زولفی ئەگەرچی دادەپۆشی خەددو کولمانی
ئومێدم هەر هەیە جارێ لە ناکاو لوتفی سوبحانی
نەجاتم دا لە غەم تا دڵ بڵێ بوشڕا لە خوللانی
«ئەگەرچی کوشتنی خۆ قابیزولئەڕواحە موژگانی
بە قانوونی مەسیحایی بە خەندەی لێوی حەی کردین»
وەرە «عاجز» لە دەورانی فەلەک بەس شین و شەکوا کە
هەتا ماوی بە عیشقی یار لە جان و دڵ تەبەڕڕا کە
مەناڵێنە کو مەجنوون خۆت هیلاکی زەخمی لەیلا کە
«عیلاجی دەردی دڵ «ناری» لە «تاهیر بەگ» تەمەننا کە
بڵێ ئیمڕۆ گوڵ ئەندامێ بە تیرێ جەرگی پەی کردین»