فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە زیندان سەردانی فەرهاد پیربالم کرد… کتێبخانەیەکیشمان دروستکرد

 لە زیندان سەردانی فەرهاد پیربالم کرد… کتێبخانەیەکیشمان دروستکرد

زانا خەلیل/ شاعیر/ ئەلمانیا

فەرهاد پیربال لە دیدارێکی تازە دەڵێت: تەنیا دڵشاد عەبدوڵڵا لە زیندان سەردانی کردم

فەرهاد پیربال لە دیدارێکی تازە دەڵێت تەنیا دڵشاد عەبدوڵڵا لە زیندان سەردانی کردم، من و باهۆزیش چووینە لای، دەی ئەوە گرنگ نییە، موهیم لە سجن لەگەڵی دانیشتین، ژوورێکی گەورە و خۆشی دوور لە زیندانییەکانی دیکەی هەبوو، هەر ئەو سەردانەش وایکرد، دواتر بیری لێ بکەمەوە و (کتێبخانەیەکی شەش هەزار کتێبیمان بۆ ئەو سجنە دانا)، بێگومان بە هاوکاری پارێزگاری هەولێر و خۆشەویستانی خۆبەخش، لێرەوە دووبارە سوپاسی شکۆمەندییان دەکەم، ڕێزی تایبەتیش بۆ کاک (خەسرۆ) کە ئەو کات بەڕێوەبەری سجنەکە بوو.

بە هەرحاڵ لەو سەردانەمان بۆ زیندان لەگەڵ د. فەرهاد دانیشتین، فەرهاد و باهۆز و من، پۆلیسێکیان دانابوو تا ئاگای لە قسەکانمانبێ و بارودۆخ سانسۆر بکا، وەک هەر زیندانێکی دیکە، بۆ ئەوەیان دانابوو هەموو شت لەژێر کۆنترۆڵی ئەودابێ و وەک جاسووس و پاسەوان و هەموو شتێک لەگەڵمان بوو.
سەرەتا فەرهاد بە هێمنی دەستی بە قسە کرد؛ باسی شیعر و فەلسەفە و کولتوور و وەزعی زیندان و ئازادیی و.. لە ناکاو تەقییەوە، بە جورئەتەوە هەرچی دەهاتە سەر زار دەیگوت، من و باهۆز بێدەنگ، تەنیا گوێمان گرتبوو.
فەرهاد باسی هەرچی بکردبا ئەو پۆلیسە هەڵدەچوو، بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: اللە اللە، واللە دکتۆر هەموو قسەکانت ڕاستە، بە خوای ئەتوو لەسەر حەقی، بەس بزانم کێ ئەتووی هینایتە ئێرە؟
کە لە سجن هاتینە دەرێ، بە باهۆزم گوت: من لە هیچ دڵنیا نەبم لەوە دڵنیام ئەو حەرەسەی کە لۆمەیان دانابوو، ئێستا ئامادەیە خۆی لەپێناو فەرهاد پیرباڵدا بتەقێنێتەوە.