فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەرک و رۆلی زانکۆ

ئەرک و رۆلی زانکۆ

 

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

ئاشکرایە ، کە زانکۆ لە هەموو کۆمەلگایەکدا ، ئەرک و رۆلی پێشەنگ دەبینێت ،چونکە شوێنی پێگەیاندنی کادیری مەعریفی و زانستی یە ، شوێن و سەنتەری تویژینەوەی زانستی یە و بەردەوامیش ئەم ناوەندە ،پێویستە لە پێوەندییەکی دینامیکی دابێت لەگەل بازار و هێزی کار ، نەک تەنیا گرنگی بە چەندایەتی و فۆرمالیتێت و کەلەکەکردنی خەلکانێک بدات ، کە پاشان ببن بە بار بەسەر کۆمەلگاوە ، وە مەرجێکی تری گرنگی سەرکەوتنی هەر زانکۆیەکیش ،لە سەربەخۆیی دارایی ، ئیداری و سیاسی دایە ، ئەوانەی هەر لەم بوارو سەنتەرەشدا کاردەکەن ، پێویستە کەسانی پسپۆر و بە توانای زانستی بن ، کەسانێک ،کە بەشەکەتی و ماندووبوونی خۆیان ، گەیشتبنە ئەو ئاستە ، لەهەمانکاتیشدا ، خاوەن هزرو رەوتی مەعریفی و رۆشنگەریی خۆیان ،نەک تەنیا لە زانکۆ دا ، بەلکو لە کۆمەلگاشدا رابن ، دەنا لەوە بەولاوە دەبێتە سەنتەرێکی لاواز و شکلی و گردبوونەوەیەکی چەندایەتی و بەس ،وەک جەستەیەکی ئیفلیج .

 

سەرکەوتنی هەر زانکۆیەکیش ،لە سەربەخۆیی دارایی ، ئیداری و سیاسی دایە ، ئەوانەی هەر لەم بوارو سەنتەرەشدا کاردەکەن ، پێویستە کەسانی پسپۆر و بە توانای زانستی بن ، کەسانێک ،کە بەشەکەتی و ماندووبوونی خۆیان ، گەیشتبنە ئەو ئاستە ، لەهەمانکاتیشدا ، خاوەن هزرو رەوتی مەعریفی و رۆشنگەریی خۆیان

لە پرۆسەی وەرگرتنی خوێندکارانیشدا ، ئەو خوێندکارانەی ،کە نیازی خوێندنی زانکۆییان هەیە ، پێویستە تارادەیەکی باش گەیشتتبنە ئەو ئاستە مەعریفی و زانستییەی زانکۆ ، کە لەوێدا ،توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانەو توێژینەوەی داهێنەرانەیان هەبێت و بەردەوامیش بە دوای سەرچاوەی جۆراو جۆر دا بگەرێن ، نەک تەنیا بیر لە مەلزەمەیەکی چەند لاپەرەیی بکەنەوە وبەس ، چونکە مرۆڤ بۆ ژیان دەخوێنێت ، نەک تەنیا بۆ دیپلۆم ، هەر هەموو ئەمانەیش ،لە راستی دا، ئەرکی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی بالا و کۆمەلگایە ، چونکە زانکۆ تەنیا سەنتەرێکی مەعریفی و زانستی نییە ، بەلکو بەشێکی دانەبراوی گرنگیشە ، لە تەواوی سیستەمی ئیداری و سیاسی هەر کۆمەلگایەک ،  بەشێکیشە لە سەرجەم پرۆسەی کولتووریی کۆمەلگا ، بۆیە ، بەهێزی و لاوازی زانکۆ و قوتابخانەکان ، ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموو لایەنەکانی کۆمەلگایە ، بە تایبەتی ،ئەگەرئەو کۆمەلگایە بیەوێت ، بەرەو مۆدێرنیتێت و پێشکەوتن و کرانەوە هەنگاو بهاوێژێت ، چونکە وەها کۆمەلگایەک ، بێ بنەمایەکی بەهێزی مەعریفی و زانستی نە مومکینە .