زمانی کوردیی پێنج زاراوەی نوێ پێشکەش بە بواری زمانەوانیی گشتی دەکات
د. وریا عمر امین
زانکۆی جیهان – زانکۆی بەغداد – ئەکادیمیای کوردی
دەسپێک
شایانی باسە کە لە ماوەی نیوسەدەی ڕابردوودا و لەڕێی نامەکان و لێکۆڵینەوەکانمەوە بە زمانی ئینگلیزی و لە ڕێی ئەم دیاردانەوە زمانی کوردیم خستە بواری زمانەوانیی گشتی. ئەمانەش زاراوەکانن:
١ – سێنتامۆڕف Syntamorph
٢ – جووتفیکس Bifix
٣ – ئەفیکسی بازدەر Hooping Affix
٤ – دیاردەی ئەرکاڵگۆر Role Exchange Phenomenon
٥ – مۆڕفۆفۆنۆسینتاکس Morphophonosyntax
یەکەم – سێنتامۆڕف Syntamorph
مۆڕفیم گەلێ جۆری هەیە و لە چەند ڕووێکەوە دابەش دەکرێت :
١ – مۆڕفیم (مۆڕفۆڵۆجی) یە یا (سینتاکسی).
٢ – مۆڕفیم (بەند) ە یا (ئازاد).
٣ – مؤڕفیم (ڕەگ) ە یا (لکاو).
٤ – مۆڕفیمی هۆمۆفۆن.
٥ – مۆڕفیمی سفر.
٦ – مۆڕفیمی بەتاڵ
… هتد.
لە زمانی کوردیدا جۆرە مۆڕفیمێکی هاودەنگی فرەئەرک هەیە، لە بواری زمانەوانیدا باس نەکراوە. من زاراوەی (سێنتامۆڕف) م بۆ داڕشتووە Syntamorph. چەند نموونەیێکم لێ لە زمانی کوردیدا دەستنیشان کردووە..
پاشگری ( – ەوە) نموونەیێکی ئەم جۆرە مۆڕفیمەیە.
شایانی باسە ئەمە بخرێتە ڕوو کە لە ڕێزمانی کوردیدا تەنها یەک ئەرکی ( – ەوە) باس کراوە، ئەویش ئەوەیە کە دەڵێ :
“( -ەوە) دەچێتە سەر چاوگ و ڕەکی کار و واتای دووبارە دەگەیێنێ”. لەم باسەدا شەش ئەرکی تری جیاوازی ( – ەوە ) خراونەتەڕوو.
( – ەوە) مۆڕفیمێکی هۆمۆفۆنی فرەئەرکە، لە ئاستی (مۆڕفۆڵۆجی) و (سینتاکسی) و (مۆڕفۆسینتاکسی) دا دەردەکەوێ بۆ ئەنجامدانی ئەرکی جیاجیا.
لە ئاستی مۆڕفۆڵۆجیدا
١ – دەچێتە سەر هەندێ چاوگ بۆ پێکهێنانی وشەی تری بە واتای تر، وەک:
خواردن – خواردنەوە
کردن – کردنەوە
پەڕین – پەڕینەوە
دزین – ەوە
خوێندن – ەوە
ڕەنگدان – ەوە
٢ – دەچێتە سەر چەند چاوگێکی بێ واتا و واتاداری دەکات، وەک:
بوران – ەوە
توان – ەوە
بووژان – ەوە
دۆزین – ەوە
یەکێ لە خەسڵەتەکانی وشەی زمانی کوردی ئەوەیە (هێز) دەکەوێتە سەر دوا بڕگەوە. کە مۆڕفیمێکی وشەداڕێژی دەچێتە سەر، بڕگەیێک زیاد دەکات و هێزی وشەکە بۆخۆی ڕادەکێشێ.
٣ – دەچێتە سەر هەندێ ناوی چەمکشوێن بۆ داڕشتنی وشەی تر.
(ماڵ) دەبێتە (ماڵەوە) واتای (خێزان) دەگەیێنێ.
ماڵەوەم نەخۆشە دەبێ بیبەمە لای بزیشک
سەر – سەرەوە
خوار – خوارەوە
پێش – پێشەوە
دوا – دواوە
دەر – دەرەوە
ژوور – ژوورەوە
لە ئاستی سینتاکسیدا
٤ – نیشانەی دۆخی Ablative ە.
١ – دەچێتە سەر گرێی پێشبەندیی (لە) وەک نیشانەی دۆخی (لێیەوە) یی Ablative
لە هەولێرەوە هاتووم
لە ساڵی هەزار و نۆسەد و شەستەوە تۆم نەدیوە.
٥ – نیشانەی دۆخی ئامێرییە Instrumental
بە سوپاسەوە – بە شانازییەوە
بە دیوارەوە هەڵواسراوە.
بە داخەوە زوو ڕۆیشت.
بە خاو و خێزانەوە هاتوون.
پێکەوە دەرۆین.
بە دەستی بە دیارییەوە هات.
لە ئاستی مۆڕفۆسینتاکسیدا
٦ – دەچێتە سەر (کار) بە واتای (دیسان) و دووبارکردنەوە ٠
نووسینەکەم بەدڵ نەبوو، خۆم نووسیمەوە.
کە ( – ەوە) دەچێتە سەر ئەو کارانەی بە ( – ەوە) داڕێژڕاون، دوو ( – ەوە) دەکەونە پاڵ یەک. وەک لە :
خوێندن – ەوە – ەوە / بەدەم خوێندنەوەوە نانمان دەخوارد.
خواردن – ەوە – ەوە . / بەدەم خواردنەوەوە دەمانخوێند.
دوورین – ەوە – ەوە / بەدەم دوورینەوەوە گۆرانییان دەوت.
٧ – لە هەندێ باردا کە دوو ( – ەوە) دەگەن بە یەک لەناو یەکتردا دەتوێنەوە، ئەوەکەی دووبارەکردنەوە بە وشەی (دیسان) جێگیر دەکرێ، وەک لە:
بوورایەوە :
دوێنێ بوورایەوە، ئیمڕۆش بوورایەوە / ئیمڕۆش دیسان بوورایەوە.
دووەم – جووتفیکس Bifix
لە ژمارە ٤٥٠٦ ی ٣١/١٠/١٩٩٠ ی ڕۆژنامەی (العراق) باسێکم بە ناونیشانی (مۆڕفیم و جۆرە ئەفێکسێکی تری باس نەکراو) بڵاوکراوەتەوە. پاشان دووبارە لە کتێبی (پیتۆکەکانی زمانەوانی) دا ل ٩١ – ٩٦ بڵاوبۆتەوە. تیایدا ئەفیکس Affix پێدەناسێنم و جۆرەکانی، کە لە زمانەوانیدا باس کراون، دەخەمە ڕوو کە ئەمانەن: (پێشگر – پاشگر – ناوگر).
لە ئەنجامی شیکردنەوەوەی زمانی کوردی بۆم دەرکەوت کە (لە زمانی کوردیدا جۆرە ئەفیکسێکی بزێو هەیە لە زمانەوانیدا باس نەکراوە و ناوی نەهاتووە. ئەم جۆرەیان هەم (پاش ڕەگی کار) و هەم (پێش ڕەگی کار) دەردەکەوێ. وەک لە :
نووسی – م
کرد – ت
گرت – ی
(م – ت – ی) وەک پاشگر دەرکەوتوون. بە دەرکەوتنی پێشگرێکی مۆڕفۆڵۆی یا سینتاکسی پاشگرەکان دەچنە پێش ڕەگەکە:
دە – م نووسی
هەڵ – ت کرد
ڕا – ت گرت
ئەم دیاردەیە تایبەتە بە زمانی کوردیەوە . لە هیچ زمانێکی تر بەدی ناکرێ . خۆم زاراوەی (جووتگر) Bifixم بۆ داڕشت.
سێیەم – ئەفیکسی بازدەر Hooping Affix
لە زمانی کوردیدا (باشوور) یەک دەستە ڕاناوی جودا و دوو دەستە ڕاناوی لکاو هەیە، وەک لەم خشتەیە خراونەتە ڕوو:
ڕاناوە لکاوەکان ڕۆڵی ڕێکەوتن Agreement و Concord لە نێوان بکەر و کاردا دەبینن. بکەر لە چ کەس و ژمارەیەکدا بێت کارەکە ڕاناوێکی سەر بە هەمان کەس و ژمارە وەردەگرێ.
دەستەی (١) وەک نیشانی ڕێکەوتن، تەنها لەگەڵ ڕادردووی تێپەر دەردەکەوێ. لە هەموو حاڵەتەکانی تردا دەستەی (٢) دەردەکەوێ:
شوێنی دەستەی (٢) لە ناو ڕستەدا چەسپاوە، هەمیشە بە ڕەگی کارەوە دەلکێ.
دەستەی (١) سروشتێکی بزێوی هەیە، بە پێی قاڵبی ڕستەکە جێگۆڕکێ دەکات، بە بچووکترین ژمارەی ئەم بەشانەی ڕستەوە دەلکێ:
واتا:
١ – ئەگەر بەرکاری ڕاستەوخۆ لە ڕستەکەدا هەبوو، بەمەوە دەلکێ .
٢ – ئەگەر بەرکاری ڕاستەوخۆ نەبوو بە بەرکارە ناڕاستەوخۆکەوە دەلکێ.
٣ – ئەگەر بەرکاری ناڕاستەوخۆش نەبوو، بە پێشبەندەوە دەلکێ.
٤ – ئەگەر پێشبەند نەبوو، بە یەکەم پاشگرەوە دەلکێ.
٥ – ئەگەر پاشگر نەبوو، بە ڕەگی کارەکەوە دەلکێ.
ئەم جێگۆڕکێیە تایبەتە بە زمانی کوردی. لە هیچ زمانێکی تر بەدی ناکرێ. سرووشتێکی (بزێوی بازدەر) ی هەیە، ناوم نا ( ئەفیکسی بازدەر) Hooping Affix.
چوارەم – دیاردەی ئەرکاڵگۆر Role Exchange Phenomenon
ئەم دوو داڕشتە مۆڕفۆسینتاکسییە لە هەمان کەرەسە پێکهاتوون.
( دەیانپارێزین) – (ئێمە ئەوان دەپارێزین).
(دەیانپاراستین) – (ئەوان ئێمەیان دەپاراست)
لە ( دەیانپارێزین) دا .
دە – یان – پارێز – ین
دە – نیشانەی ئەسپێکتە
یان – بەرکارە
پارێز – ڕەگی کارە، کاتەکەی داهاتووە.
ین – بکەرە
لە (دەیانپاراستین) دا.
بە گۆڕینی کاتی کارەکە بۆ (ڕابردوو) بە مانەوەی هەموو کەرەسەکان لە شوێنی خۆیان.
دە – یان – پاراست – ین ( ئەوان ئێمەیان دەپارەست).
دە – نیشانەی ئەسپێکتە
یان – بکەرە
پاراست – ڕەگی کارە، کاتەکەی ڕابردووە.
ین – بەرکارە
بە گۆڕینی کاتی کارەکە، بکەر و بەرکار ڕۆڵەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن. بکەرەکە دەبێتە بەرکار و بەرکارەکە دەبێتە بکەر.
ئەرکی ڕاناوە لکاوەکان لەم هێلکاتییەداروون کراوەتەوە.
دەستەی (١) لەگەڵ کاتی ڕابردوودا وەک (بکەر) دەردەکەوێ و لە داهاتوودا وەک (بەرکار).
دەستەی (٢) لەگەڵ کاتی ڕابردوودا وەک (بەرکار) دەردەکەوێ و لە داهاتوودا وەک (بکەر).
واتا بە جێگیرکردنی بکەر و بەرکار بە ڕاناوی لکاو بە پێی ئەم یاسایە و یاسای شوێنی ڕاناوەکان ئەم دیاردەیە سەرهاڵدەدا:
ئێمە ئەوان دەپارێزین
کاتی کارەکە (داهاتووە). ڕاناوی لکاوی بکەری (ین) لە دەستەی (٢) ە.
کەواتە بۆ جێگیرکردنی بەرکارەکە (ئەوان) ڕاناوی لکاو بەرکاری لە دەستەی (١) ەوە وەردەگیرێ، بەرانبەرەکەی (یان) ە.
لەم ڕستەیەدا (بەرکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و پێشبەند نین. بۆیە تەکە پەناگەیێک بۆ ڕاناوە لکاوەکە پێشگری ( – دە ) یە.
بە یاسای لابردنی بکەر (ئێمە) ڕستەکە دەبێتە:
دەیانپارێزین .
ئەوان ئێمەیان دەپاراست.
کاتی کارەکە (ڕابردووە). ڕاناوی لکاوی بکەری (یان) ە، لە دەستەی (١) ە.
بۆ جێگیرکردنی بەرکارەکە (ئێمە) بە ڕاناوی لکاو ڕوو لە دەستەی (٢) دەکەین. بەرانبەرەکەی (ین) ە.
(ین) شوێنی ( ئێمە) دەگرێ و بە پێی یاساکانی شوێن بە ڕەگی کارەکەوە دەلکێ.
بە یاسای لابردنی بکەر (ئەوان) ڕستەکە دەبێتە
دەیانپاراستین.
..
دیاردەی ئاڵوگۆڕبوونی تایبەتە بە زمانی کوردی، لە هیچ زمانێکدا بەرچاو ناکەوێ. خۆم زاراوەکەیم بۆ داڕشتووە (ئەرکاڵوگۆر Role Exchange Ph
پێنجەم – مۆڕفۆفۆنۆسینتاکس Morphophonosyntax
ڕێبازى بنیاتیی بلوومفیلدى Structural Linguistics زمان دابەش دەکاتە سەر چەن ئاستێ Levels of Analyse بە ئاستەکانى شیکردنەوە ناودەبرێ (١) ، کە ئەمانەن : (فۆنەتیک – فۆنۆڵۆجى ــ مۆڕفۆڵۆجی ــ سینتاکس).
ئەم ئاستانە هەموو تێکدەچڕژێن بۆ داڕشتنى پێکهاتە ڕستەیییەکان. هەر ئاستێکى ژێرتر بە ئاستى سەرووى خۆى دەچڕژێ و ئاستێکى نێوان دێنێتە کایەوە . (فۆنۆڵۆجى و مۆڕفۆڵۆجى) ئاستى (مۆڕفۆفۆنیمى) پێکدەهێنن(٢). (مۆڕفۆڵۆجى و سینتاکس) ئاستى (مۆڕفۆسینتاکس)ى پێکدەهێنن.
لە ئەنجامى لێکۆڵینەوەم لە لایەنەکانى مؤڕفۆسینتاکسیى زمانى کوردىی (خواروو) بۆم دەرکەوت کە ئاستێکى تر هەیە هەموو ئاستەکان پێکەوە تێکدەچڕژێنێ. ئەم دیاردە یە، لە هیچ ڕێبازێکا باس نەکراوە و لە هیچ فەرهەنگ و ئینسایکلۆپیدیا زمانەوانییەکاندا ناوى نەهاتووە. خۆم زاراوەکەیم بۆ داڕشت بە (مۆڕفۆفۆنۆسینتاکس).
پێناسەم بۆ مۆڕفۆفۆنۆسینتاکس
(مۆڕفۆفۆنۆسینتاکس) ئەوداڕشتە مۆڕفۆسینتاکسییە لێڵەیە کە هۆى لێڵییەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەپاندنى یاسای فۆنۆڵۆجى بەسەر داڕشتەى مۆڕفۆسینتاکسیدا . بۆ نموونە: ( دەمانبینیت) ئەم دوو واتایەى هەیە:
١ ــ تۆ ئێمە دەبینیت (دەمانبینیت). / (ئیستا).
٢ ــ ئیمە تۆمان دەبینی (دەمانبینیت) / (دوێنێ).
دوو دەستە یاساى جیا ئەم دوو ڕستە جیاوازە لە بنجدا Deep Structure دەگوێزنە ئاستی سیما Surface Structure. و ڕێکەوت دەیانکات بە هاوسیما (٣).
تۆ ئێمە دەبینیت (ئیستا)
تۆ – بکەرە
ئێمە – بەرکارە
دەبین – ڕەگی داهاتووی کارە
یت – ڕاناوی لکاوی ڕێکەوتنە (بکەرە)
بۆ جێگیر کردنی بەرکار بە ڕاناوی لکاو .
١ – کاتی کارەکە داهاتووە . ڕاناوی لکاوی بەرکاری لە دەستەی ( م – ت – ی – مان – تان – یان) وەردەگیرێت. (ئێمە) بەرکارە لە کەسی یەکەمی کۆدایە، ڕاناوی بەرانبەری (مان) ە.
٢ – بە پێی یاسەی شوێن (مان) بە پێشگری (دە)ەوە دەلکێت.
٣ – بە لابردنی بکەر (تۆ) بە یاسای optional Subject Deletion Rule لابردنی بکەری بە ئارەزوو. ڕستەکە دەبێتە:
دەمان بین یت. (دەمانبینیت)
ڕستەی دووەم (ڕابردوو) ئەمە بنجەکەیێتی:
٢ ــ ئیمە تۆمان دەبینی
ئێمە – بکەرە
تۆ – بەرکارە
مان – ڕاناوی لکاوی ڕێکەوتنە (بکەرە)
دەبینی – (دەبین) ڕەگی کارە و (ی) ئامرازی کاتی ڕابردووە.
بۆ جێگیر کردنی بەرکار بە ڕاناوی لکاو .
١ – کاتی کارەکە ڕابردووە . ڕاناوی لکاوی بەرکاری لە دەستەی ( م – یت – x – ین –ن –ن) وەردەگیرێت. (تۆ) بەرکارە لە کەسی دووەمی تاکدایە، ڕاناوی لکاوی بەرانبەری (یت) ە.
٢ – بە پێی یاسەی شوێن (یت) بە ڕەکی کارەکەوە دەلکێ ( بینی – یت)
٣ – (مان) بە پێشگری (دە) وە دەلکێ.
٤ – بە پێی یاسای فۆنۆڵۆجی (کە دوو (ی) دەکەونە پاڵ یەک، لەناو یەکتردا دەتوێنەوە و دەبن بە یەک) . بەم جۆرە ( دەبینی – یت) دەبێتە (دەبینیت).
٥ – بە لابردنی بکەر (ئێمە) بە یاسای optional Subject Deletion Rule لابردنی بکەری بە ئارەزوو. ڕستەکە دەبێتە:
دە مان بینیت (دەمانبینیت)
تێبینى:
بۆ زانیاریى زیاتر لە بارەى دیاردەى مۆڕفۆسینتاکس و مۆڕفۆفۆنۆسینتاکس سەیرى ئەم باسانەم بکەن:
١ – مۆڕفۆفۆنۆسینتاکس ــ گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى، ژ ٢٣ ساڵى ٢٠١٢، ل ٧ — ١٦.
– ئەم زاراوانە هەموو لە ڕێى باس و لێکۆڵینەوەکانى منەوە بە بوارى ڕێزمانى کوردى ناسێنران، کەپێشتر هیچ زمانەوانێکى کورد ناویان ناهێنێ.
٢ – بۆ چەمکی مۆڕفۆفۆنیم ئەم باسانەم ببینن:
لیکۆڵینەوەیێکی مۆڕفۆفۆنیمی. گ. کۆڕی زانیاریی عیڕاق – دەستەی کورد . بەغداد، ژ ( ٢٩ و ٣٠ ) ساڵی ٢٠٠٢ ل ٢٩١ – ٢٩٧ . دووبارە لە کتێبی (ئاسۆیەکی تری زمانەوانی) دا ل ٧٥ – ٨١ بڵاوبۆتەوە.
بکەرنادیارى مۆڕفۆسینتاکسى ــ گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى، ژ ٢٦ ساڵى ٢٠١٣، ل ٧ ـ ٢٠.
مؤڕفۆسنتاکس وەک سەرچاوەیێک بۆ داڕشتنى وشە لە زمانى کوردیدا. ــ گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى، ژ ٢٩ ساڵى ٢٠١٤، ل ٧ ـ ١٦
مۆڕفۆفۆنۆسینتاکس لە کرمانجیى ژووروودا:
لە ڕووى پۆلکردنى تایپۆڵۆجییەوە کرمانجیى ژووروو سەر بە سیستەمى ئێرگەتیڤیتییە. دوو دەستە ڕاناوى جودا و یەک دەستە ڕاناوى لکاوى هەیە، بۆیە داڕشتەى (مۆڕفۆفۆنۆسینتاکسى) ى تێدا دەرناکەوێ.
بۆ ئەمە سەیرى ئەم باسانەم بکەن:
١ ـ ڕیزمانى ڕاناو لە کرمانجیى ژووروودا ــ گۆڤارى کۆڕى زانیاریى عیڕاق ــ دەستەى کورد ژمارە ٢١ ساڵى ١٩٩٠، ل ٢٥٢ ــ ٢٦٢
٢ ــ پەیوەندیى ڕاناو و فرمان لە کرمانجیى ژووروودا ــ گۆڤارى کاروان ژمارە ٢ ساڵى ١٩٨٣، ل ٤١ ــ ٤٣.
٣ ــ سیستەمى ڕاناوى لکاو لە کرمانجیى ژووروودا ــ گۆڤارى ڕۆشنبیرى نوێ ــ ژمارە ١٤٧ ساڵى ٢٠٠١، ل ٥٠ ــ ٥٥.
پەراوێزەکان
١ ـ بۆ ئاستەکانى شیکردنەوەى زمانەوانى سەیرى ئەم باسە بکەن:
وریا عمر امین (٢٠٠٦) بوارى زمانەوانى وئاستەکانى شیکردنەوەــ گۆڤارى ئەکادیمى، ژ ٥ ساڵى ٢٠٠٦
٢ ــ ئاوات فەرحان ( ٢٠١٠) ڕۆڵى وریا عومەر ئەمین لە بوارى زمانەوانیدا ــ بڵاوکراوەى کتێبفرۆشى سۆران ــ زنجیرە ٨٢، چاپخانەى منارە، هەولێر.
٣ ــ وریا عمر امین ( ٢٠١٣) التصنيف النمطي للغة الكوردية ــ گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى ژمارە ٢٤ ساڵى ٢٠١٣.
بۆ زانیاریى زیاتر لە بارەى دیاردەى مۆڕفۆسینتاکس و مۆڕفۆفۆنۆسینتاکس سەیرى ئەم باسانەم بکەن:
١ – مۆڕفۆفۆنۆسینتاکس ــ گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى، ژ ٢٣ ساڵى ٢٠١٢، ل ٧ ـ ١٦.
٢ – بکەرنادیارى مۆڕفۆسینتاکسى ــ گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى، ژ ٢٦ ساڵى ٢٠١٣، ل ٧ ـ ٢٠.
٣ ــ مؤڕفۆسنتاکس وەک سەرچاوەیێک بۆ داڕشتنى وشە لە زمانى کوردیدا. ــ گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى، ژ ٢٩ ساڵى ٢٠١٤، ل ٧ ـ ١٦
ئەم باسانە دووبارە لە کتێبى (لە قوژبنەکانى ڕێزمانى کوردی) دا بڵاوکراونەتەوە. ئەم کتێبە لەم ماڵپەڕەدا دەسدەکەوێ:
http://wariaomaramin.blogspot.com
4 – Aspects of the Verbal Construction in – Kurdish. London University 1979.
سەرچاوەکان
Amin, w. o (1976) Some Fundamental Rulesof Kurdish Syntax Structure. London University. UK.
————– (1979) Aspects of Verbal construction in Kurdish. London University SOAS. .
Crystal, D. (2003) A Dictionary of Linguistics and Phonetics. 5th ed. Balckwell
Asher. R. E. (ed.) (1994) The encyclopedia of language and linguistics (10 vols.). Oxford: Pergamon,
وریا عمر امین (١٩٨٢) ڕێزمانی ڕاناوی لکاو – گۆڤاری کاروان، ژ ٨ ی ساڵی ١٩٨٢. ل ٦٨ – ٧٤.
———— (٢٠٠٥) لە ڕووەکانی ڕێبازی گوێزانەوە – گۆڤاری ئەکادیمی، ژ ٣ ساڵی ٢٠٠٥.
———– (٢٠٠٤) ئاسۆیەکی تری زمانەوانی. چ ١، ئاراس – هەولێر.
———– (٢٠١١) پیتۆکەکانی زمانەوانی . چ ١، ئاراس – هەولێر
Kurdish Language Presents five New terms to Linguistics
Professor Dr. Waria Omar Amin
Cihan University
Baghdad University
Kurdish Academy
Abstract
I got my degrees in Linguistics from the University of London 43 years ago. Since then I worked as an instructor and professor of Linguistics in Iraqi and Kurdistan Universities. During that long period I published hundreds of articles, researches and books about Kurdish language . I came across some unfamiliar linguistic aspects and phenomenon witch haven’t been mentioned in the linguistics’ dictionaries and Encyclopaedias. i.e. they are Idiosyncratic to Kurdish language. I formed their terms , which are (Syntamorph – Bifix – Hooping Affix – Role Exchange Phenomenon and Morphophonosyntax).
د. وریا عمر امین
– 15/3/1947 له شارى كۆیه له دایك بووه.
– قوتابخانهى سهرهتاییى له عهنكاوه و ناوهندى و ئامادهیى له ههولێر تهواو كردووه.
– 1971 بهكهلۆریۆسى له زمان و ئهدهبى كوردیى لهزانكۆى بهغداد به یهكهمى وهرگرتووه.
– 1972 – 1980 له زانكۆكانى مۆسكۆ و لهندهن خوێندوویهتى و بڕوانامهى بهكهلۆریۆس و دبلۆم و ماجستێر و دكتۆراى وهرگرتووه.
– 1980 به مامۆستاى زمانهوانى له کولێجی پەروەردەی زانكۆى بهغداد دامهزرێنراوه.
– 1982 – 1999 سهرۆكایهتیى بهشى كوردیى كولێجى پهروهردهى زانكۆى بهغدادى پێ سپێرراوه.
– 1992 پلهى پڕۆفیسۆریى وهرگرتووه. یهكهم كهسه پلهى پڕۆفیسۆرى له زمانى كوردیدا دهسگیركات.
– 1997 بوو به ئهندامى كۆڕى زانیاریى عیراق .
– 2004 دكتۆراى دووهمى له مێژوودا وهرگرتووه.
– 2007 بوو به ئهندامى كاراى كۆڕى زانیاریى كوردستان ( ئهكادیمییاى كوردى ).
– دامهزرێنهرى بهشى خوێندنى باڵای ماجستێر و دكتۆراى زمان و ئهدهبى كوردییه له زانكۆى بهغداد و زانكۆكانی كوردستان .
ــ پڕۆفیسۆرى زمانهوانییه له زانكۆى بهغداد و پڕۆفیسۆرى وانهبێژه له زانكۆكانى سهڵاحهددین و سلێمانى و كۆیه و گهرمیان و ڕاپەڕین .
– سهرپهرشت و سهرۆك و ئهندامى لیژنهى گفتوگۆى زیاتر له 350 نامهى ماجستێر و دكتۆرا بووه له زمان و ئهدهبى كوردى و ئینگلیزى و فارسى و عهرهبى و پهروهرده و دهروونناسیدا.
– زمانى كوردى و ئینكلیزى و عهرهبى و توركمانى و كلدانى و ڕووسى و فارسى دهزانێ . به كوردى و عهرهبى و ئینگلیزى دهنووسێ و بڵاودهكاتهوه
– زیاتر له ههزار وتار و لێكۆڵینهوه و كتێبى له بارهى زمان و ئهدهب و فهلسهفه و ساڵنامه و مێژوو و زانستدا بڵاو بۆتهوه.
– یهكهم بڵاوكراوهى شیعر بوو له ساڵى 1965 دا. كۆمهڵه شیعرێكى بهناوى ( سهیرانێكى شیعرستان ) هوه له ساڵى (2007) له دهزگاى ئاراسدا بڵاو بۆتهوه.
ــ پلهى زانستیى دهیان مامۆستاى زانكۆى بهرزكردۆتهوه بۆ پڕۆفیسۆرى و پڕۆفیسۆرى یاریدهر و مامۆستا له بوارى زمان و ئهدهبى كوردى و ئینگلیزى و فارسى و ڕووسى و عهرهبى و پهروهرده و دهروونناسیدا.
ــ زیاتر له 400 سوپاسنامه و بڕوانامه و زرێى ڕیزلێنانى پێ بهخشراوه.
ــ زیاتر له پهنجا لێكۆڵینهوه و باس و وتار له بارهى كارهكانییهوه بڵاوكراونهتهوه.
ــ 2012 خانهنشین كرا.
ــ 17/1/2016 ناسناوى پڕۆفیسۆرى نایابى له زانكۆى بهغداددا پێ بهخشرا.