فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مردنى یەکەم لە لەدایکبوونى دووەم

مردنى یەکەم لە لەدایکبوونى دووەم

 

دڵشاد کاوانى/ نووسەر و ڕەخنەگر/ سلێمانی

 

پوختە.

لەدایکبوونی دووەم، ڕۆمانێکی جوانی عیرافانیی هزریی پێشڕەو عەبدوڵڵایە، چاپى یەکەمى لە ساڵى (2019) لە چاپ و وەشانى ناوەندى ڕۆشنبیرى مەموزین چاپ و بڵاوبۆتەوە. بە گشتی ڕۆمانەکە بە خێرایی بەسەر دوو جیهانبینی جودا دا تێدەپەڕێت، ئەویش جیهانی عیرفانیی و ڕۆشنبیرییە. ڕووداوەکان و پاڵەوان و کارەکتەرانی ناو ڕۆمانەکە لە جوغزی تێکەڵبوونی ڕۆح و باوەڕداریی، لەگەڵ ماددە و دونیای چێژ دا کەوتوونەتە گەمە. لە پاڵ زمانی شیرینی گێڕانەوەیدا زینجیرەی یەک بە دوای یەکی ڕووداوەکان خوێنەر دەخاتە مەزاقەوە، لە دەمی خوێندنەوەدا خوێنەر منێیەتی تا کۆتایی ڕۆمانەکە لەگەڵی بڕوات، وەلێ بە کۆتاییەکى خراپ ڕۆمانەکە تەواو دەبێت.

 

ناوەڕۆک.

ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باسی ژیان و سەربردەکانی پایان کەولۆسی پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە دەکات، لە رێگەی پاڵەوانی سەرەکیش دەچێتە سەر باسی ژیان و سەربردەکانی کاک ئەحمەدی شێخ و بنەماڵەی شێخایەتی بەرزنجەی شاری سلێمانی، بەهۆی خەونێکەوە ڕووداوەکانی نێوان سەرکەوتی نەوەی خواجە و گولناڤى پەناهیى و پایان لەگەڵ کاک ئەحەمەدی شێخ سەرەداوی ڕووداوەکان یەک دەخات.

 

تەکنیک و گێڕانەوە.

گێڕانەوە لە ڕۆمانی لەدایکبوونی دووەم سەرەتا ڤەگێڕی نادیارە و بە کەسی سێەمیی تاک دەست پێ دەکات و دواتر لە بەشی یەک دەگۆڕێت و دەبێتە کەسی یەکەمی تاک. بەم جۆرە بەش لەدوای بەش ڤەگێڕ دەگۆرێت و هەرجارە و گێڕانەوە لە دەمی پاڵەوانانی سەرەکی ڕووداوەی پاڵەوانی دوای خۆی دەگێڕێتەوە. ڤەگێڕی گشتی نایدارە و ڤەگێڕی لاوەکی لە بەشی یەک دەبێتە سەرکەوتی نەوەی خواجە و لە بەشی دوو دەبێتە گولناڤ و لە بەشی سێ، دەبێتە پایان کەولۆسی. هەریەکەیان لە رێگەی گیڕانەوەی کەسی سێەمی تاک سەربردەی ئەوەیتر دەگێڕێتەوە و جگە لەوەى کاک ئەحمەدى شێخ و مێردى پێشووى گوڵناڤ و چەندین فەگێڕى دیکە لە بەشەکان دەبنە گێڕەوە. ئەوەی وەک تەکنیکێکی جوان سەرنج ڕاکێش، پێشڕەو عەبدوڵڵا کاری لەسەر کردووە، دیمەنەکان و گێڕانەوەکان دەستپێکێکی هاوبەشیان هەیە واتە یەک گێڕانەوە لە دوو بەش دووبارە دەبێتەوە. بۆ نموونە لە بەشی (٣)، چۆنیەتی ناسینی گولناڤ لەسەر زاری پایان لە لاپەڕە (٣٩) دەنووسێت ” ڕۆژی چوارەمی ڤیستیڤاڵەکە بوو، وەک هەموو ڕۆژەکانی تر کاتژمێر ٩ی بەیانی بوو، کاتێک چوومە ساڵەی ئەو ئوتێلەی کە بۆ هەموو میوانەکان گیرابوو. وەک هەموو ڕۆژانی پێشوو ئەو کچەم دیت کە بە قژێکی کورتەوە لە هەمان کاتدا دەهات و نانی دەخوار، ئەویش وەک من وەهابوو جار جارە بەتەنیاو جارجاریش دەوری قەرەباڵغ بوو. ئەم جارە هەمان ڕووداو لەسەر زاری گوڵناڤ ناسینی پایان دەگێڕێتەوە، لە بەشی (٤) و لە لاپەڕە (٥١) دەنووسێت ” ڕۆژی چوارەمی ڤیستیڤاڵەکە بوو، وەک هەموو ڕۆژەکانی تر کاتژمێر ٩ی بەیانی بوو، کاتێک چوومە ساڵەی ئەو ئوتێلەی کە بۆ هەموو میوانەکان گیرابوو. وەک هەموو ڕۆژانی پێشوو ئەو کوڕەم دیت کە لە هەموو ئەوانە گرنجتربوو، کە هاتبوونە ئەو ئوتێلە…”. یەک ڕووداوە وەلێ بەگێڕانەوەیەکی جودا.

بۆ ئەم تەکنیکەش پێشرەو سوودی لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسی ڕاستی وەرگرتووە

 

بۆ ئەم تەکنیکەش پێشرەو سوودی لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسی ڕاستی وەرگرتووە کاتێک یەک ڕووداو لەسەر زاری چەند شایەدێکەوە وەردەگیرێت، هەریەکایان دیوێک و جۆرێک لە شێوەی گێڕانەوە بە ڕووداوەکە دەبەخشن و قوڕنەیەکی تاوانەکە دەبینن و دەیخەنەڕوو پیویستە بڵێم کە ڕۆماننووس لەم تەکنیکە سەرکەتوو بووە و چێژێكی تایبەتی بە ڕۆمانەکە بەخشیوە.

 

 گۆشەنیگا.

ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی فرەدەنگە و بەم هۆیەشەوە لە ڕێگەی گۆشەنیگای سەرەکی ڕۆمانووس چەندین گۆشە نیگای لاوەکی نیشان دەدات زۆر بە وردی کاری لەسەر گۆشەنیگدا کەدووە بۆ نموونە لە بەشی (٣) و لە زمانی پایانی ڤەگێڕ لە لاپەڕە (٤٢) سەبارەت بە وەسیەتنامەیەکی کاک ئەحمەدی شێخ دەنووسێت ” نەوەکانی من ئەگەر ئافرەتیان دیت ڕووت ڕووتە، ئەوان بە ڕووی نایبینن، بەڵکو پۆشتەی دەکەنەوە ئەوجا لە گۆشەیەکی دەروونی خۆیاندا دایدەنێن” لێرە ڕۆماننووس گۆشەنیگایەکی زۆر ورد بۆ خوێنەر دەخاتە پێش چاو، کە لە جیهانی ڕۆح جیهانی جەستە نییە، بەڵکوو جیهانی ڕۆحە و ماددە هیچ ڕۆڵێکی لە بەختەوەریدا نابینێت، ئەمەش کرۆکی عیرفانیەتە لە بوزا، وەلێ پێشڕەو تەنیا گۆشەى ئیسلامیی وەردەگرێت و ڕەوایەتى پێ دەدات، بۆیە لە بەشى (16) و لاپەڕە (231) دەنووسێت من باوەڕم بە دۆناودۆنى ڕۆحەکان نییە. کە ئەمە لاى بوزییەکان کڕۆکى عرفانییەتە و خزاوەتە ناو عیرفانییەتى ئیسلامیی. پاکی بێگەردی ئەرتۆدۆکسیی و خۆشەویستی ئۆشۆیی بە ئامانج گرتووە. لێ نابێت ئەوەمان لەبیرچێت تەواوى ڕوانینى گۆشەنیگاى پێشڕەو سەر بە جیهانى عیرفانییەتى ئیسلامییە، واتا ئیسلامیانە لەوانەى دیکە دەڕوانێت، بۆ نموونە: خنکانى کوڕەکەى نوح زیندانى یووسف و ڕەتکردنەوەى لە خاچ دانى مەسیح و چیڕۆکى هەمییشەى زیندەى خدر و قوربانى ئیبراهیم خەلیل و تەواوى چیرۆکەکانى دیکە تەنانەت ژیانى دونیا و دواڕۆژ و سەرجەم گێڕانەوەکان بە گۆشەنیگاى ئیسلامیی لێان دەڕوانێت، واتە گۆشەنیگاى عیرفانى وەک چەمکێکى فراوان، ئەو لە تاک ئایینیی چڕى کردۆتەوە.

ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی فرەدەنگە و بەم هۆیەشەوە لە ڕێگەی گۆشەنیگای سەرەکی ڕۆمانووس چەندین گۆشە نیگای لاوەکی نیشان دەدات

 

لەهەمان لاپەڕە پێچەوانەوە هەڵگەڕانەوەیەکی کتومت لە گۆشەنیگامان بۆ دەخاتەڕوو، چەمکە پێچەوانەکانی بوونی هاوێر دەکات: وەک شە و ڕۆژ، باش و خراپ، ماددە و ماتریال. بۆیە دەنووسێت ” من باش لە مەبەستەکانی باپیرم گەیشتبووم. ئەوەشم لە جیهانی ڕۆشنبیرەکاندا دۆزیبۆوە، ئەوان تەنانەت ئافرەتە پۆشتەکانیش ڕووت دەکەنەوە، ئەوجا لە گشەیەکی زەینیاندا هەڵیدەگرن” لێرە پێشرەو بە دیاریکراوی و بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست و بەسەریدا تێپەڕبووبێت، کۆی چەمکی ڕۆشنبیری خستۆتە ژێر گومانی حەز و غەریزەویستی، نەک دەستە و چینێک یان کورد و بێگانە، خۆ دەکرا بڵێت بەناو ڕۆشنبیر، وەلێ ئەو چەمک وەردەگرێت، کەواتە لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، ئیپیکووریی و ڕۆمانسیەت و سوریالیستی دەخاتە خانەیەکی بێ بەها، لە بەرامبەر ڕۆح و ئایدیالستییەوە، بەم جۆرە تەواوی گۆشەنیگاکە لە گۆشەنیگایەکی ڕۆحی و عیرفانییەوە سەرچاوەی گرتووە. جگەلەوەی پێشڕەو مەبەستییەتی پێمان بڵێت ڕۆشنبیرانی ئێمە هێندە پاک نین و لە دونیایەکی بۆگەن بووی ناخیاندا دەژیێن، بەواتەى ڕووتبوونەوەیە لە بەها ئەخڵاقییەکان. ئەمە و چەندین گۆشەنیگاى دیکە لەم ڕۆمانە دەبیندرێت. تەنانەتە لە بەشى (12) و لاپەڕە (166-167) لە گۆشەنیگاى پاین کەولۆسییەوە دژى زانین و فەلسەفەش دەوەستێتەوە، دەڵێ: من خۆشیم لە شاعیر و فەیلەسووف و ڕۆشنبیران نایەت. یان دەنووسێنت: من بە دڵ عاشقى ئەفسانەکان و پێغەمبەرانم. بەمەش بەتەواوى ئاییناینە دەبینێت و بەتایبەتى بە ئایەتى بخوێنە و چیرۆکى پێغەمبەرى ئیسلام و چوونى بۆ ئەشکەوتى حەڕا و ناسینى خەدیجە دەگێڕێتەوە. لەبەرامبەردا ڕۆشنبیریان و فەیلەسووفان بە نەرجیسییەت و خۆکووژى ناو دەبات.

 

هەڵە و چاڵەکانى لەدایکبوونى دووەم.

دیارە هیچ دەقێک بێ کەموکورتی نییە، لێ کێماسییەکان تا کەمتربن، یان ڕۆماننووس تا وردتر بێت، هێزى دەق و دەست بەسەرداشکانەوەى ڕۆماننووسى زێـترى بەسەرەوە دیار دەبێت. لێرە چەند کەند و قۆرت و چاڵاییی لەدایکبوونى دووەم دەخەمەڕوو کە پێشڕە و عبداڵڵا بەسەریدا تێپەڕیوە. لە بەشى (4) و بەتایبەتى لاپەڕە (52) لە گێڕانەوەى گوڵناڤ سەبارەت بە کەسییەتى پایان وەک کەسێکى باوەڕدار و بەویقار و بەسەر خۆدا زاڵبوو نیشان دەدات. هەروەک دەنووسێ: هەر جارێکیش دیقەتم دەدا کورسییەکەى وا دادەنا پشت لە من بکات. لە لاپەڕەى (55) بۆ ڕۆژانى دواترى فیستیڤاڵکەکە بەهەما نشێوە دەڵێ: ئەو کوڕەش وەک عاداتى چەند ڕۆژە بینیم. هات و کورسیەکەى وادانا کە پشتى لە من کردوو. واتە ئەم پیاوە بەهۆى باوەڕى پتەوى عیرفانییەوە، تەنانەت خۆى لە بینینى ڕوخسارى گوڵناڤیش پاراستووە. گوڵناڤ بە پێداگرییەوە باس لە خوو و ڕەوشت بەرزى پایان دەکات و پایانیش هەر خۆى وەک کەسێک نیشانى خوێنەر دەدات کە بەلاى ژنانەوە ناچێت. هەروەها لە لاپەڕە (60) گوڵناڤ ئێژێ: ئەوەندەم زانى دەنگێکى هێمن بە تۆنێکى نزم و زۆر بە هێمنى قسەى دەکرد. چاویشى بڕیبووە بەرزایی. واتە پایان هەم شەرموونە و هەمیش خۆى لە نەزەرى حەرام دەپارێزێت. کەچى لە بەشى (7) و لاپەڕە (90) کاتێک پایان خەڵاتى یەکەمى لێکۆڵینەوە و گوڵناڤیش بۆ چیرۆک لە فیستیڤاڵێک دەبەن. گوڵناڤ بۆ پیرۆزبایی دەچێتە لاى پایان و پێى دەڵێت دوایى ئیشم پێتە و دەمەوێت بتبینم. پایانیش هەرچەند دەڵێت لە خزمەتم بەڵام ترس و دڵەڕاوکى ئەوەیەتى تووشى گوناح بێت و لە ڕێگەى کاک ئەحمەدى شێخى باپیرى دووری بخاتەوە. کەچى دواتر کە گوڵناڤ دەچێتە لاى پایان بەشەرمەوە قسەى لەگەڵ دەکات، وەلێ پێچەوانەى خوو و خدەى هەردووکیان گوڵناڤ و پایان دەگەڕێنەوە هوتێل و لەسەر زارى پایان کەولۆسى دەنووسێ: هاتینەوە ئوتێلەکە و کات درەنگى کردبوو. وتم لێرە دانیشین، یان بچینە سەرەوە. وتى با بچینە سەرەوە ئەوەبوو چووینە ژوورى من. لێرە سەیرکە لەوە دایە چۆن ئاوا بە خێرایی لەو پەڕى شەرم و و شکۆ و خۆپاراستن لە تێکەڵبوون بێ هیچ پێشینەیەکى هاوڕێیەتى، ئاوا بە سادەیى دەچنە ژوورى خەوتنى پایان لە هوتێل. پاشان ڕۆماننووس لە گێڕانەوەشدا لێى تێک دەچێت کە چوونەتە ژوورى پایان نەک گوڵناڤ کەچى لە ڕستەى دواتر دەڵێت: هەرکە دەرگاکەى کردەوە بۆنێکە خۆش، ڕێک و پێکى ژوورەکە سەرنجى ڕاکێشا. جا نازانم ژوورەکە گەر هى پایانە ئەو خاوەن ماڵە ئەى بۆ چى گوڵناڤ دەرگاى ژوورەکە دەکاتەوە. دەبوایە بنووسێت: کە دەرگەکەم کردەوە، نەک کردییەوە. هەرچەندە لە پێشووتر دەڵێت هەندێک شەربەت و شیرینمان کڕى. وەلێ دیارنییە کێ هەڵى گرتووە و باسى ئەوەش ناکات کە پایان دەستى گیراەوە یان نا. بۆیە پێشڕەو لەمە ورد نەبووە. لەوەش خراپتر لە لاپەڕە (90تا98) پایان باسى باوەڕبوون بە دوورکەوتنەوە لە ئارەزو و هەوا و هەوست و بەکەم وەرگرتنى حەز و غەریزە و تاوان دەکات، کەچى لە لاپەڕە (99) لە ژوورى خەوتنى پایان گوڵناڤ چیرۆکى ئیرۆتیک و سێکسى بۆ پایان دەخوێنێتەوە و پایانیش نەک هەر گوێى بەخۆیدا بەرداوەتەوە بەڵکوو دەنووسێت: شلببووم و پێمگوت: دەتوانم سەرم بخەمە سەر ڕانت. قسەی نەکرد، سەرم خستە سەر ڕانەکانى بێدەنگ چاوم بڕیبووە سینەى. دواتر لەهەمان ڕستە دەڵێت: ویستم دەستەرم بۆ مەمکەکانى، بەڵام نەموێرا. پاشان درێژەى پێ دەدات و دەڵێت: دەستەکانم بەرزبوونەوە ویستم مەمکەکانى بگوشم، هیچ خۆى تێک نەدا. بەڵام بەهۆى ئەوەى کە گوڵناڤ پێی دەڵێت با ئاگامان لە سنوورەکان بێت. پایان هۆشى دێتەوە و کارى مەمک گوشینەکە ناکات و لێى دوور دەکەوێتەوە. بەهەمان شێوە لەبەشى (8) و لاپەڕەى (114) لە گێڕانەوەى گوڵناڤ وەک تەکنیکى دووبارەى گێڕانەوەى هەمان دیمەن کەچى دەنووسێت: وەک مناڵ هاتە سەر ڕانەکانم. مناڵێک بوو، بەڵام کە قسەى دەکرد پیرێکى حەکیم. نا یەکشتبوون، چونکە ئەو وەک مناڵ دەستى لەشتەکان دەدا. وەک ئەوەى یەکەمینجارە بیبینێت و دەستى لێدەدات و بۆنى دەکات. حەزمنەدەکرد بڕوات. بەو پێەیى گێڕانەوەى گوڵناڤ بێت پایان ئاتاروپاتارى لەسینەى گوڵناڤ نەهێشتۆتەوە و نەوەک هەردەستى بۆ نەبردووە و بەڵکوو ڕایموساندووە و هەڵیگوڵفتوون و وەک منداڵێک چۆن مەمک دەمژێت ئاوا مەمک و بەرۆکى گوڵناڤى گەزتووە و مارکوژى کردووە و ئەمە نە گێڕانەوەکان تێک دەکەنەوە و نە سەریشم لەم لاوازییە و پارادۆکسەى پایان دەردەچێت و بۆیە پێشڕەو لێرە کەوتۆتە چاڵێکى گەورەوە.

 

دیارە هیچ دەقێک بێ کەموکورتی نییە،  لێرە چەند کەند و قۆرت و چاڵاییی لەدایکبوونى دووەم دەخەمەڕوو کە پێشڕە و عبداڵڵا بەسەریدا تێپەڕیوە

 

یاخود هەر لەبەشى (4) و لاپەڕە (57) دەنووسێت: بە درێژایى ڕێى نانخواردنێکى بەیانیان دەبوو. سەیرەکە لەوەدایە نانخواردنى بەیانى ڕێى لە کوێ بوو! بەڵکوو شوێنى هەیە نەک ڕێ.

لە بەشى (20) و لاپەڕە (283) کاتێک پایان بە دواى جێ بەجێ کردنى وەسیەتنامەکەى کاک ئەحمەدى شێخە وەک میراتگرێک و هەڵگریی وەسییەتنامەکەى شێخ سەرى خۆى هەڵدەگرێت و دەچێتە وڵاتى بەریتانیا و دەڵێت ئەوەى جێگەى خەون و ئاواتەکانییەتى و لە جیهانى ئیسلامیی ڕادەکات و دەچێتە ئەوڕۆپا. ئەمەیان ڕێک پێچەوانەیە، سەیرەکە لەوەدایە کە کەسێک لەوپەڕى عیرفانییەتى ئسلامیی لەبرى ئەوەى بچێـت بۆ حیجاز و ڕووگەى موسڵمانان و یان هەرنەبووایە هیندستان و پاکستان وەک هەڵبژرادنى تەریقەتى تەسەووف، کەچى دەچێتە ئەوڕۆپا ئەمە زۆر ناعیرفانییە. بەتایبەتى کە ئەوڕۆپا بۆ جاهیدان و باوەڕداران دارولکوفرە، نەک شوێنێى ڕۆحیی و عیرفانى، بۆیە ڕۆماننووس لەمەش ورد و بەدەیقەت نەبووە.

 

زمان و دەنگ لە گێڕانەوەى لەدایکبوونى دووەم.

زمانى و دەنگى گێڕانەوە لە لەدایکبوونى دووەم زمانێکى یەک دەنگى عیرفانییە و دەنگی نووسەری گێڕەوە زاڵە بەسەر کۆی گێڕانەوەکان بەتایبەتی لە بەشی (٦) کاتێ ڤەگێڕ مێردی گوڵناڤی پەناهییە لە لاپەڕە (٧٨). ئەو دەڵێت: من کوڕێکی عەشایەرم بەڵام ئەوەندەش گێلیش نیم ڕاست و چەپی خۆم نەزانم. بەپێی ئەو زمانە بێت کە پڕە لە جنێو کە لەسەر زاری مێڕدی گوڵناڤ دەخاتەڕوو وەک (ئەو ژنە کەرەی من. ئەو ژنە مالۆسەی من. تڕۆهات. کەرانباکانە. سووک و چرووکن.گواوویی، گەواد، سەرسەری، سەخیف، هیچووپووچ….) تادوایی، کە وەک خۆشی دەڵێت عەشایەرم، کەواتە دەبێت ئاستی مێردی گوڵناڤ وەک کەسێکی نزم و نەزان و نە خوێندەوار قسە بکات، نەک وەک فەیلەسووف و دانا. کەچی مێردی گوڵناڤ دەڵێت: من دانی پێ دادەنێم کە حەوسەڵەی خوێندنەوە و نووسینم نییەك بەڵام خۆ خودا دڵێکی داوەتە بنیادەم هەر کاتێک ویستی دەتوانێت وەک ڕۆشنایی بیخاتە سەر شتەکان. ئەمە قسەیەکی زۆر عارفانەیە، تەنانەت سیستەمی ڕۆشنبیری و نووسەران دەخاتە ژێر پرسیاری لۆژیکیی، وەک لە هەمان بەش و لاپەڕە (٨٨) لەسەر زاری مێردی گوڵناڤ دەنووسێت: من ئەو کەرانبارانە دەناسم، ئێوە نایاناسن. من باش دەزانم چەند چەقاوەسوو و سووک و چرووکن. ئەوانە جگە لە ناو گەڵ و زگیان هیچیتریان پێ نییە، ئاخر ئەگەر ڕاست دەکەن با لە ژیانی خۆیاندا جوان و ناسک بن، با ئەو شیعرەی دەینووسێت لە ژیانی خۆیدا ئەو وشانە بە ژن و کچ و مناڵەکانی خۆی بڵێت. لە کۆی بەشەکەدا مێردی گوڵناڤ وەک کەسێکی شارەزا لە دونیای ڕۆشنبیران قسە دەکات. ئەمە دەنگی کەسێکی نەشارەزا و عەشایەر نییە وەک بەڵکوو دەنگی ڕۆمانووسە و زۆر بە زەقی بەسەر گێڕانەوە زاڵە. لە بەشى (11) و لاپەڕە (154- 155-156-157) لە باسى ئەنجوومەنى دیوانى عیرفانیی کە لە حەوت دەستە و جل کەس پێکهاتووە، لەوانە ئیبراهیمى خەلیل و خدرى زیندە و ڕەسوڵى خاتەم و غەوسى گەیلانى و شێخ مارفى نۆدیى و کاک ئەحمەدى شێخ و پایان کەولۆسى و تاد… تێدایە و لە لایەن غەوسى گەیلانى ڕابەرایەتیان دەکرێت. سەیرەکە لەوەدایە هەموویان بەزمانى سریانى قسە دەکەن و دەنووسێت: زمانى ئەنجوومەنى دیوانیش زمانى سریانییە و تەنها لەو کاتەدا بە عەرەبى قسە دەکەن کە رەسولى خاتەم دێتە حزور. لەبەر شەرم و ئەدەبى ئەو زاتە بە عەرەبى قسە دەکەن. باشە بۆ دەبێت بە سریانى قسە بکەن! بۆچى بە کوردى و عەرەبى و عیبریی و فارسى قسەیان نەدەکرد، لە کاتێکدا هیچێک لەم کارەکتەرانە زمانیان سریانى نییە، هەموو ئەو زمانانەى دیکەش کە باسمان کرد لە بابەتى عیرفانى لە مەسیحییەتى سریانى قووڵتترن.

باشە بۆ دەبێت بە سریانى قسە بکەن! بۆچى بە کوردى و عەرەبى و عیبریی و فارسى قسەیان نەدەکرد

 

 

هەڵەی ڕستە و وشەسازیی و ڕێزمانی و ڕێنووسى لە دایکبوونی دووەم.

لەدایکبوونی دووەم وەک ڕۆمانێک پێویستی بە نووسیارێک و یاخود پێداچوونەوەی زۆرتر هەبووە، بۆیە لە هەندێک شوێن ڕستەی ناتەواو و ڕستەی پچڕا و ناڕێزمانی تێدایە لێرە تەنیا چەند نموونەیەک دەخەمەڕوو. لەبەشی (٤) لاپەڕە (٥٦) دەنووسێت “کە هەستایین بانگێکی لەو کوڕەش کرد. وتی کاک پایان با بڕۆین.” سەرەتا هەستاین تەواوە نەک هەستایین، پاشان بانگێکی لەو کوڕەش کرد، ڕستەیەکی هەڵەیە، دەبێت بنووسێت کوڕەکەی بانگ کرد، یان کە هەستاین بانگی ئەو کوڕەشی کرد. لە بەشی (٦) و لاپەڕە (٧٧) دەنووسێت “چی نەکرد ئەو ژنەکەری من چی نەکرد” خوێنەر نازانی چی نەکردووە، بەڵکوو ئەوە دەزانێت کە چی کردووە، ئەویش ڕۆماننووس دێت و بۆمان باس دەکات. بۆیە ڕاستەکەی بەم جۆرەیە: چی کرد و چی نەکرد ئەو ژنەکەرەی من. لە بەشی (٧) و لاپەڕە (٨٩) ئێژێ “لەدەرەوە سەیری ئەو وێنەیە مەکەوە کە خەڵکی بۆیاندروستکردویت” مەکەوە ئەم وەیەی پێویست نییە، بۆیاندروستکردویت نییە بەڵکوو بۆیان دروست کردوویت. هەروەتر لە شوێنێک لە بری نیوە چڵى نووسیویەتى نیوەناچڵى ئەمەش هەر هەڵەیە. لە بەشى (8) و لاپەڕە (114) دەنووسێت لەگەڵخۆم، لەباتى بنووسێت لەگەڵ خۆم. ئەمە وێرانکردنى زمان و ڕێنووسى کوردییە ئەگەر وابێت دەبێت بنووسین لەگەڵتۆ، لەگەڵئەو…. ئەمەش لە ڕێنووسى کوردى جێگەى نابێتەوە. لە بەشى (13) و لاپەڕە (190) ئێژێ: ئەگەر چى من پێش ئەوەى بگەمە پیرى گەیشتمەوە بە پیرى. ئەمە ڕستەیەش لە ڕوى مانایى هەڵەیە چونکە هێشتا گوڵناڤ گەنجە و بە خەم و کەسەر پیربووە، واتا هێشتا لە ڕووى فیسۆلۆژیەوە پیری نەبینیوە. چۆن گەیشتەوە بەپیرى! بۆیە دەبێت بنووسێت: ئەگەر چى من هێشتا پیرنەبووم، گەیشتم بە پیریی. لە بەشى (13) و لاپەڕە (193)دا نووسیوویەتى: ئەو وەک کۆترێکى تەنیا بەتەنیاو بێ مەئوا. لێرە کۆترێکى تەنیا بەسە بۆ ئەوەى بزانین تەنیایە، بۆیە تەنیا دووەم زێدەیە و ناپێویستە و ڕستەکەى شێواندووە. یان لە لاپەڕە (194) دیسان ڕستەیەکى دیکە تێک دەدات و دەڵێ: ئەو بەیانییەى کاک ئەحەمەد دەچێت بۆ نوێژ، ڕێک لە ڕێگاى ئەوە و لە پێش ئەو فڕێیاندابوو. ڕاستەکە بەم جۆرەیە: ئەو بەیانییەى کاک ئەحەمەد دەچێت بۆ نوێژ، ڕێک لەسەر ڕێگەى ئەو فڕێیاندابوو. لە لاپەڕەى دواتر لە جیاتى نانى نیوەڕۆ، (نانى نیوەڕوان)ى نووسیووە. ئەمەش واتاکەى گۆڕیووە بۆ نیوەى ڕووخسار، لەباتى نیوەى ڕۆژ. لە لاپەڕە (199) ڕستەیەک بەتەواى لە ڕێزمانى دەخات و پاشە و پێشى دەکات، بەم جۆرە: شێخ هات و نەوازشى کردوو بڕیاریدا چل رۆژ بەرۆژووبێت. ئەگەر خواجە واز لە گریان نەهێنێ. ڕستەکە ئاوا ڕاست دەکەینەوە: شێخ هات و نەوازشى کرد، ئەگەر خواجە واز لە گریان نەهێنێت، بڕیاریدا دەبێت چل ڕۆژ بەڕۆژوو بێت. لە هەمان بەش و لاپەڕە (201) لە چوار ڕستەى بەدوای یەکدا چوارجار وشەى ئەها دەنووسێت: (ئەها خەنجەرکەى داکوتا)، (ئەها وابەسەر شان و ملیدا دێتەخوار)، (ئەها دەیەوێت چى بکات)، (خەڵکەکە ئەها خەڵکەکە پەلیدەگرن)، لێرە نازانم ئەم هەموو ئەهایەى بۆ چییە؟ بەیک ئەها تەواوى مەبەستەکەى دەپێکێت و تەنانەت (خەڵکەکە ئەها خەڵکەکە پەلیدەگرن) خەڵکەکەش بە خۆڕایی دووبارەى کردۆتەوە و ڕەونەقى گێڕانەوەکەى بڕییوە. هەم دیسان لە لاپەڕەى دواى ئەوە دەنووسێت: شێخ وتبووى راستە خواجە من هیچم نییە بیبەخشم لە ماڵ و سامان. ڕاستکردنەوەکەى ئەوهایە: شێخ گوتبووى ڕاستە خواجە، من هیچ ماڵ و سامانم نییە بیبەخشم. یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانى پێشڕەو لەم ڕۆمانە ئەوەیە کە بە ئارەزووى خۆى وشە بەیەکەوە دەلکێنێت، هیچ حیساب بۆ رێنووسیی کوردى نەکردووە بۆ نموونە دەیان وشەى وەک (شتدەبیینن) لە لاپەڕە (207) کە لە کوردى شت دەبینن، تەواوە. لە بەشى (16) و لاپەڕە (239) دەنووسێت: بیریلێدەکەمەوە. دەبێت بنووسێت: بیری لێ دەکەمەوە. هەر لە دەستپێکى بەشى (16) و لاپەڕە (221) ڕستەیەکى پاشەوپێشى رێزامانى دەبیندرێت: هەواى ئەو جیهانەى گوڵناڤ دابووى لە کەللەم. دروستەکەى ئاوهاییە: هەواى ئەو جیهانەى گوڵناڤ لە کەللەیدابووم.

 

ئەم ڕۆمانە وەک ئەوە وایە بۆ نووسینى بەشى ڕۆمانێکى دیکە ئامادەکرابێت. واتا ڕووداو لە لە دایکبوونى دووەم لاسەنگە

 

ڕووداو لە لە دایکبوونى دووەم

یەکێک لە بنەماکانى ڕۆمان و گێڕانەوە ڕووداوە، ڕووداوێکى سەرەکى و چەندین ڕووداوى تر بە دەورى ڕووداوى گشتى دەسووڕێنەوە، لانى کەم ئەگەر ڕووداوى لاوەکیش نەبێـت، دەبێت ڕووداوى سەرەکى فراوان و بەهێز بێت و سەرنجى خوێنەر ڕابکێشێت. ئەوەى لە ڕۆمانى لەدایبکوونى دووەم نابینن، زۆربەى گێڕانەوەکان لە دەورى خۆ دواندن و حیواڕ و گێڕانەوەى بێ ڕووداوە. دەتوانم بڵێم پێشڕەو ڕووداوى گشتیی نییە، بەڵکوو چەند ڕووداوێکى لاوەکى نووسیوەتەوە و وەک مەرگى کاک ئەحمەدى شێخ و فیستیڤاڵ و هەڵگرتنەوەى خواجە بە مەلۆتکەیی و پایان و تەڵاقدانى گوڵناڤ. ئەمیش چونکە ڕووداوى سەرەکینین زۆر بەخێرایى بەسەریاندا تێپەڕیوە. هەرچەند عاشقبوونى پایان و گوڵناڤ ڕۆماننووس بەحیساب وەک ڕووداو و چیرۆکى گشتى وەلێ هیچ ڕووداوێک لەم باسە ڕوونادات و تەنیا خۆى حیواڕ دەبینێتەوە. ئەم ڕۆمانە وەک ئەوە وایە بۆ نووسینى بەشى ڕۆمانێکى دیکە ئامادەکرابێت. واتا ڕووداو لە لە دایکبوونى دووەم لاسەنگە.

 

گرێ لە لەدایکبوونى دووەم.

پێشڕەو عەبدوڵڵا لە ڕۆمانى لەدایکبوونى دووەم، گرێیەک درووست دەکات کە هەرسێ پاڵەوانى سەرەکى کاک ئەحمەدی شێخ و بنەماڵەی شێخایەتی بەرزنجەی شاری سلێمانی، بەهۆی خەونێکەوە دەیاخاتە نێو بازنەى تەسەووف و ڕووداوەکانی نێوان سەرکەوتی نەوەی خواجە و گولناڤى پەناهیى و پایان لەگەڵ کاک ئەحەمەدی شێخ دەیەوێت بەیەکەوە بیانببەستێـەوە. کە هەرسێکیان نەوەى کاک ئەحمەدى شێخن. کە سەرکەوتى کوڕى خواجەى هەڵگیراوە و پایان کەولۆسى گوڵناڤ پەناهین بێ ئەوەى خۆیان بەو ڕاستییەى ژیانیان بزانن. بەڵام ڕۆمانووس لە بەستەنەوە و کردنەوەى گرێکەدا سەرکەتوونەبووە. سەرکەوتى خواجە زۆر و کەم لەناو ڕووداوەکان نامێنێت و پایان و گوڵناڤ خۆشیان نازانن چۆن نەوەى کاک ئەحمەدى شێخن و ڕۆمانووس هیچ سەرەداوێک ناخاتەڕوو. ڕۆمانەکە تا کۆتایى هەر بەم جۆرە دەڕوات و گرێى ناو ڕۆمانەکە نابێتەوە و هەر ئەمەش وادەکات ڕۆمانى لەدایکبوونى دووەم کۆتاییەکى خراپ و بێ ماناى هەبێت.

 

شوێن لە لەدایکبوونى دووەم

شوێن لە ڕۆمانى لەدایکبوونى دووەم، وەک پێوست کارى لەسەر نەکراوە. لەم ڕۆمانە چەند شوێنێکى کەم دەبیندرێت. لە شارى سلێمانى مزگەوتى کاک ئەحمەدى شێخ. ئوتێل و فیستیڤاڵ. لە کۆتاییەکانى ڕۆمانەکەش لەبەشى (20) و لاپەڕە (283) لە ئەوڕۆپا کەمپى پەنابەرانى بەریتانیا. لە ڕێگەى پایانى کۆچى پاڵەوانى سەرەکى دەردەکەوێت. واتا شوێن لەم ڕۆمانەدا وەک پێوست نییە.

 

کات و زەمەن لە لەدایکبوونى دووەم

کات و زەمەن لە ڕۆمانى لەدایکبوونى دووەم. هەقى تەواوى پێدراوە و زەمەنى ڕۆمانى تەواوى بڕیووە. کە خۆى لە سێ زەمەن شێخ مارفى نۆدیى و کاک ئەحمەى شێخ و پایان کەولۆسى واتا سێ نەوەى تەواو دەبڕێت. لەڕووى کاتەوە ڕۆمانێکى زۆر باش و تەواوە.

 

ئەنجام

هەرچەندە ئەوەى لە گێڕانەوە و ڕووداو و هەڵە و کەموکووڕییەکانى لە نێو ڕۆمانى لە دایکبوونى دووەم هەبوو، وەک خۆى و دەستنیشانمان کرد و خستمانەڕوو. بەڵام ئەمە هیچى نەبۆتە هۆى ئەوەى کە ڕۆمانى لەدایکبوونى دووەم چێژى خوێندنەوەى لەدەست بدات. هەرچەندە سەرتاى دەستپێکردنى ڕۆمانى لەدایکبوونى دووەم زۆرباشە، وەلێ کۆتاییەکى خراپ و بێ ئەنجامە. بەڵام تەکنیک و گۆشەنیگا و کات، لایە باشەکان و بەهێزەکانى ڕۆمانەکەن. لەپاڵ هەموو ئەوانەى باسمان کردن، ڕۆمانى لەدایکبوونى دووەم لە کەمەندێش کردنى خوێنەردا ڕۆمانێکى سەرکەوتووە.

سەرچاوە

-ڕۆمانى لەدایکبوونى دووەم. پێشڕەو عبدوڵڵا. چاپى یەکەمى چاپخانەى ڕۆکسانا. ساڵى 2019 وەشانى ناوەندى ڕۆشنبیری مەموزین.