9ی حوزه‌یران: ده‌بوایه هه‌میشه له یادابێ!
دكتۆر سه‌باح غالیب/نووسەر/ لەندەن
ئه‌وان هه‌موویان عاشیق بوون، هه‌ر كه‌سه و به شێوه‌ی خۆی، گرنگ ئه‌وه بوو پاكیان به گشتی له ژێر سایه‌ی خۆشه‌ویستی و پێشه‌وای ئه‌و كاتی شۆڕشدا بوون. عاشیقه تایبه‌تییه‌كانیش هه‌ر یه‌كه و یادگارێكی له خۆشه‌ویسته‌كانیانه‌وه له سنگدابوو،
یه‌كێك ده‌سماڵێك، یه‌كێكی دی ئه‌موستیله‌یه‌ك،
سێیه‌م و چواره‌م وێنه یا قردێله‌یه‌ك،
كه له ماڵه‌وه نه‌ده‌بوون، عاشیقه‌كان بۆنی خۆشه‌ویسته‌كانیان نابوو به‌و یادگارانه‌وه.
ڕۆژێك پێش پێش 9ی مانگ، سیمای شار و شاران، گۆڕانیان پێوه دیار بوو، هه‌ر له ئێواره‌وه، هه‌ر یه‌كه و یادگاری خۆی له باخه‌ڵ و له گیرفاندا هه‌ڵگرتبوو.
شه‌به‌قی ڕۆژی 9ی حوزه‌یران، كه كاتی له دایكبوونی هیوا و سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌نجێكی پڕ فه‌ڕی بۆ ئێواره بوو.
له‌ناكاو، كۆمه‌ڵێكی چه‌كمه ڕه‌ق وه‌ك ویژدانی خۆیان، دڵ ڕه‌ش، عه‌قڵ تاریك و چاویان قه‌قنه‌سیان لێده‌باری، په‌لاماری هه‌موو كوردستانیان دا، قینی ئه‌ستووریان له ئاو بوو، له دار بوو، له چۆله‌كه‌ی سه‌ر داران بوو، ڕقیان له خونچه، له گه‌رای ماسی، له كاریله‌ی تازه‌زاو بوو، وایان ده‌زانی به داگیركردنی سه‌ری چیاكان ده‌توانن به‌ر به خۆر بگرن، یا نه‌هێڵن تیشكی ڕۆژ بگاته دڵی كوردان، به‌و نیازه‌ی نه‌هێڵن تۆوێك بڕوێ یا قاسپه‌ی كه‌وێك ده‌نگبداته‌وه.
ئه‌و ڕۆژه هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو، شارێكی باشوور بگرێته‌وه،
له سلێمانی جوانمه‌ردانی هه‌ره ئازای شاره‌كه، له كۆیه و له كه‌ركوك كامه‌ی ئازای وڵات هه‌بوو، له ئاكرێ و زاخۆش، كامه‌ی ده‌لال و ئه‌ڤینداری شاخ و ڕووبار هه‌بوو
*****
كاروانی جوان خاسانی شار لقی لێ ده‌بۆوه،
به‌ره‌و كۆیه، هه‌ولێر، ئه‌وجا ڕوو به كه‌ركوك ده‌بوونه‌وه،
له‌وێشه‌وه به مه‌شخه‌ڵه‌وه هه‌ڵده‌گه‌ڕان به سه‌ر چیای پشتی ئاكرێ، پردی ده‌لالی به زێی سیروانه‌وه ده‌به‌سته‌وه.
كاروانه‌كان لێكدران و كوردستانیش بووه “كاروان سه‌را”، بۆیه له بن هه‌ر دارێك، له لاپاڵی هه‌ر شاخێك، له په‌نا هه‌ر گابه‌ردێك،
به‌رخوردان تۆمار ده‌كرا و سروودی هه‌ستانه‌وه و مانه‌وه، ده‌بوونه نه‌خشی سه‌ر به‌رد،
ئه‌وان كه هاتن، به‌سه‌ر دیوار و له سه‌ربان و په‌نجه‌ره‌وه خۆیان به ژووردا ده‌كرد،
ئێمه‌ی منداڵی تازه فامكراوه، داوێنی كراس قه‌ڵغانی پۆڵایینی دایكمان ده‌گرت،
به زه‌یی وسۆزی مرۆیی یا ده‌نگێكی ئازایی و بوێری له‌واندا نه‌بوو،
چه‌كیان هه‌ڵگرتبوو به‌ڕووی سنگی، دایكی من و دایكی تۆ،
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بین من و تۆ،
ئه‌و ڕۆژه ویستیان: له سلێمانی ئاسۆ سه‌رببڕێ
له كۆیه سۆمایی دابێ
له كه‌ركوك ده‌نگ له سێداره بدرێ، له هه‌ولێر مناره بچه‌مێته‌وه
قه‌ڵاكه‌شی به‌رزی مێژووی لێ بسڕێته‌وه
له هه‌موو كوردستانیش، كۆتر سه‌ری جوبێته‌وه
*****
له سلێمانی جوانمه‌ردانی هه‌ره ئازای شاره‌كه، له كۆیه و له كه‌ركوك كامه‌ی ئازای وڵات هه‌بوو، له ئاكرێ و زاخۆش، كامه‌ی ده‌لال و ئه‌ڤینداری شاخ و ڕووبار هه‌بوو
به‌به‌ر چاوی خه‌ڵكه‌وه به فیشه‌ك شه‌هیدكران یا به سێداره‌دا هه‌ڵواسران،
گشتیان پێكه‌وه به بێ ته‌گبیر، به بێ پرس و خواسێك
له وه‌ڵامی پرسیاری شۆڕش یا، نا بۆ شۆڕش؟
بژی بارزانی یا نه‌ژی بارزانی؟
كوڕگه‌ل تێكڕا هاواریان كرد:
بمێنی شۆڕش و بژی بارزانی
ئه‌و ڕۆڵانه نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌شی كه‌س و كاریان
ته‌نانه‌ت زۆریان بێ سه‌ر و شوێن كران،
لێره و له‌وێ له ئامێزی یه‌كدیدا، زینده به‌چاڵ كران
ئه‌وانه به‌شێكی گه‌وهه‌رداری مێژووی كوردن
ناونیشانیان به‌رده‌وامیان دڵی خۆشه‌ویستانیان و پێناسه‌یان مه‌ردن
به‌ڵام ده‌بوایه ناونیشانیان گه‌وره‌تر بێ،
پێناسه‌یان، هه‌موو كوردستان بێ
*****
به مه‌رگی ئه‌وانه‌وه له سلێمانی خۆر هه‌ڵاته‌وه
له كۆیه حاجی قادر ده‌ركه‌وته‌وه
له كه‌ركوك ده‌نگی كوردبوونی خۆی ده‌وته‌وه
له زاخۆ و ئاكرێ، له ئامێدی له بادینان و خۆشناوه‌تی
زیاتر خۆیان به گشت لایه، ده‌به‌سته‌وه
*****
9ی حوزه‌یران قۆناغێك بوو، وه‌ك كاره‌ساته‌كانی دیكه‌ی وڵات، له بیر خۆمان بردنه‌وه، حیزبی كوردی و حكومه‌ت به‌رپرسیاری یه‌كه‌من، با ئه‌مڕۆ كه‌س نه‌توانێ قسه‌یان له قسه‌دا بكا، به‌ڵام به‌یانی مێژوو موحاسه‌به‌یان ده‌كا.
ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك بزانێ، تا مێژووی نه‌ته‌وه و خاك نه‌بێته یاده‌وه‌ری ناو سنگ، تا بیره‌وه‌ری له ناخدا هه‌ڵنه‌گیرێ، له ویژداندا ڕه‌نگ نه‌داته‌وه، له كرده‌وه‌دا په‌یڕه‌و نه‌كرێ، كورد نابێته شتێك.
تا به هۆی مێژووه‌وه، له مێژوومان نه‌كۆڵینه‌وه، تا فێری ڕه‌خنه نه‌بین، سه‌دان پرسیار به ڕووی خۆماندا نه‌ته‌قێنه‌وه، كورد نابێ به شتێك.
تا له‌چاو سووركردنه‌وه‌ی داگیركه‌ر بترسێین، تا مه‌لكه‌چی ده‌ستووری ناحه‌زان بین، نابین به شت
تا ده‌ستبه‌رداری سوودی حیزبی نه‌بین، فێری حیزبایه‌تی و حكومه‌تی نه‌بین، تا ئێستامان هێز له ڕابووردوو وه‌رنه‌گرین، له مۆزه‌خانه و به‌رنامه‌ی مێژوودا یاد نه‌كرێنه‌وه، تا خاوه‌نی قوربانی بین، له‌و سه‌ره‌وه بێ مایه بین، له مه‌یدانی سه‌ودادا خاوه‌نی بێ سه‌ردار بین، تا شه‌رم له دوژمنان بكه‌ین، ده‌ست له حه‌قی خۆمان به‌ربده‌ین، ئێمه نابین به شت، تا له‌چاو سووركردنه‌وه‌ی داگیركه‌ر بترسێین، تا مه‌لكه‌چی ده‌ستووری ناحه‌زان بین، نابین به شت، تا خاوه‌نی عه‌قڵی من من و تۆ تۆبین، نابین به شت، تا باشوور یا هه‌ر به‌شێك، كونی زاو و زێی حیزب بێ، هه‌ر كه‌س بۆ خۆی گه‌وره‌یه‌ك بێ، نابین به شت.
تا وابین، 9ی حوزه‌یرانی سلێمانی و هه‌موو شارانی باشوور، له بیر بكه‌ین، نابین به شت.
له‌نده‌ن ـ 8ی حوزه‌یرانی 2024
سه‌رنج:
دوای سه‌رنه‌گرتنی یه‌كه‌مین گفتوگۆی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول له گه‌ڵ حكومه‌تی عێڕاقی، كه له مانگی شوباتی 1963دا ده‌ستیپێكرد و له سه‌ره‌تای حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵدا سه‌رینه‌گرت و كۆتاییهات، له 9ی حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵدا، ده‌وڵه‌تی عێڕاقی، له سه‌رده‌می یه‌كه‌مین گه‌ڕی حوكمدارێتی به‌عسدا، به هاوكاری سو‌پای به‌عسی سوریا، گه‌وره‌ترین، مه‌ترسیترین و فراوانترین هێرشی دڕندانه‌ی كرده سه‌ر ناو شار و دێهات و هێزی پێشمه‌رگه، له‌و ڕۆژه‌دا هاتوچۆ قه‌ده‌غه‌كرا و خه‌ڵكێكی زۆری كورد له سه‌روو ته‌مه‌نی 17 ساڵانه‌وه تا پیری په‌ككه‌وته به بێ ڕه‌چاوكردنی ته‌مه‌ن، كه‌سایه‌تی، نه‌خۆشی، ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تییش هه‌ر له به‌ڕێوه‌به‌ری دائیره‌كانه‌وه تا فه‌ڕاش و كاسبكاریش، بۆ ماوه‌ی پێنج شه‌ش ڕۆژ، بێ نان و ئاو، له به‌ندیخانه‌كان كه خانی وڵاخه به‌رزه بوون، زیندانی كران، ماوه‌یه‌كی زۆر هێشتیاننه‌وه، زۆریشیان بێ دادگا یا دادگایه‌كی سه‌رپێی زینده‌به‌چاڵ كران. مخابن حیزبی كوردی و حكومه‌تیش چ بایه‌خێكیان به‌و ڕۆژه نه‌داوه. ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌ست به گرنگی په‌روه‌رده‌ی مێژوویی خێزانی بده‌ن، با ده‌وڵه‌تیشمان نه‌بێ، به‌ڵام ده‌كرێ ببێته به‌ردی بناغه‌ی دروستبوونی نه‌ته‌وه و نیشتمان.
با سیاسه‌تمه‌داران تایبه‌تی كاربه‌ده‌ستان ئه‌وه چاك بزانن كه یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان كه نانمان به دۆ ناگا، گوێنه‌دانه به مێژوو، هه‌رگیز سیاسه‌ت به بێ مێژوو ناكرێ و ئه‌نجام نسكۆ و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دواوه.