فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پووچەڵكردنەوەی باوەڕی بێ بنەما

پووچەڵكردنەوەی باوەڕی بێ بنەما

عەبدولرەحمان فەرهادی/ سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد

لەم سەردەمەی پەلاوێشتنی گەورەی زانست و تێكنۆڵۆجیا، ئەوەی جێی ڕامان و سەمەر و گاڵتەجاڕییە، هێشتا كەسانێكی پیچاوەز و كورتبین هەن، وەك دەڵێن لە گوێی مانگا و گوێرەكەدا دەپرخێنن و بە خەیاڵ و سیحرو باوەڕی نابەجێی دوور لە لۆجیك، هەوڵ دەدەن ئاوەزی سادەخەڵك و ڕەشۆكی دواكەوتەبیر بجەنجاڵێنن و بیانەوێ لە ڕاستەڕێی زانست و پێشكەوتن بەرەو دۆڵێكی دوورە پەرێز بیانهاژۆن! ئەویش باوەڕەپووچی چەقەزەوییە نەك چەقەخۆر!
سەتان ساڵ لەوەبەر، بەهۆی ئەم ئاوەزمەندییە دوور لە ساغاوەزییە، لەڕێی باوەڕی دواكەوتووی ئایینی و كڵێسا كاسۆلیكییەكانەوە، چەندین زانا و فەیلەسووفی مەزن و خزمەتگوزار و مرۆدۆستی وەك كۆپەرنیكەس و جیۆردانۆ برۆنۆ و گالیلۆ، كە هیچێكیان لە سەردەمێكدا نەژیاون تا یەكتر ببینن! دادگایی كراون و دەروونازار دراون و كوژراون، تەنانەت جۆردانۆ برۆنۆ جگە لەوەی گەردوونناس و فەیلەسووف بووە، پیاوی ئایینییش بووە، لە كۆتایییەكانی سەدەی شازدە، بە تاوانی باوەڕهێنان بە تیوورەكەی كۆپەرنیكەس، كڵێسا دادگاییی كردووە و هێناویانە لە گۆڕەپانی كامبۆ دی ڤیۆری لە جەرگەی ڕۆما، بە ئامادەبوونی ئاپۆرەی خەڵك، بە زیندوویی ئاگریان لە جەستەی بەرداوە و سووتاندوویانە. سەرجەم ئەم زانایانە بە لافوازێی زانای گەورەی كیمیاییی فەرەنسیشەوە، دوای بەناهەق كوشتنیان، ئێستا لە پایەتەختەكانی وڵاتەكانیان پەیكەری مەزنیان بۆ داڕشتوون، وەكوو كورد دەڵێ پاشی تڕێ خەپشێ بڕێ! ئەمانە هەموویان مەزنەقوربانیی دواكەوتوویی كۆمەڵگان، چونكە مەترسیترین كەسانێك بۆ خەڵكی ڕەشۆك، ئەوانەن كە لە زانست و ئاوەزمەندییەوە بەپێش مێگەلی دواكەوتووی خەڵك كەوتوون، بۆیەش ئەم جۆرە کەسانە هەردەم ژیانیان لە مەترسیدا دەبێت و دواتر یان لەدەست كۆمەڵگاكەی خۆیان هەڵدێن، ئەگەر نا دەكوژرێن. ئەمە لە مێژووی ئێمەی كوردیش بە شێوەی دیكە هەن!
بۆ ئەوەی زانستگەرانە چەند خاڵێك لەبارەی سیستمی خۆر و جێگیریی ئەستێرەی خۆر و گەڕی هەسارەكانی دەوروبەری بسەلمێنین، هەروەها بگەینە ئەو باوەڕەی كە خۆر میر و پاشای هەسارەكانی خۆیەتی، پێویستە ئەم پرسیارە بورووژێنین: بۆچی خۆر بە دەوری زەویدا ناخولێتەوە؟ یان ئایا خۆر لە جوولەدایە؟ دەبێ ئەوە بزانین كە ئەمە پرسیارێكی نابەجێیە، چونكێ جوولەی خۆر دەلەسە و خەیاڵێكی ناباوەڕهێنە.
ئەوانەن كە لە زانست و ئاوەزمەندییەوە بەپێش مێگەلی دواكەوتووی خەڵك كەوتوون، بۆیەش ئەم جۆرە کەسانە هەردەم ژیانیان لە مەترسیدا دەبێت
*بەپێێ (یاساكانی جوولە و كێشكردن)ی نیوتن، هەموو ئەو تەنانەی كە بارستەیەكی زۆریان هەیە، ئەوا هێز و وزەیەكی ڕاكێشانی گەورەشیان بۆ ئەو تەنانە هەیە كە لەڕووی بارستەوە لەخۆیان بچووكترن، هەروەها دەتوانین بڵێین بارستەی تەن ڕاستەوانە لەگەڵ هێز و وزەكەی دەگۆڕێت. بارستەی خۆریش لە بارستەی هەموو هەسارەكانی دەوروبەری زیاترە، هەروەها بارستەی خۆر 333000 جار لە بارستەی زەوی زۆرترە، بۆیەش زەوی بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە، نەک پێچەوانەكەی.
*ئەگەر بارستەی پێكهاتەكانی سیستمی خۆر بێنینە بەرچاو، واتا بارستەی خۆر و هەسارەكانی، سەرنج دەدەین بارستەی خۆر لە سەتا 99.86ی ئەم سیستمەیە، یان بڵێین سەتا 99.86ی بارستەی ڕێی كاكێشان بریتییە لە بارستەی خۆر، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە كە هەسارەكان (عەتارد، زوهرە، زەوی، مەریخ، موشتەری، زوحەل، ئۆرانۆس، نیپتۆن) بە شێوە و خێرایییەكی ڕێك و بە ڕێڕەوێكی هێلكەیی بە دەوری خۆرەوە لە جوولەی بەردەوام دان، بۆیە زەوی و سەرجەم هەسارە و تەنۆلكەكانی ئەم ڕێی كاكێشانەی كە بە ئینگلیزی دەیڵێنێ (سۆڵەر سیستم) بە چەقی ئەم كۆستێرەیەدا (مجرة) دەخولێنەوە، جگە لەوەی هەریەکەیان بەدەوری خۆیشیاندا دەسووڕێنەوە.
دەتوانین بەهۆی بەكارهێنانی تێلیسكۆب و دەزگا و ئامێرە نوێ و هاوچاخەكان، سەرنج لەوە بدەین و بگەینە ئەو ڕاستییەی كە هەسارەكان بەردەوام بە دەوری خۆردا دەخولێنەوە
* دەتوانین بەهۆی بەكارهێنانی تێلیسكۆب و دەزگا و ئامێرە نوێ و هاوچاخەكان، سەرنج لەوە بدەین و بگەینە ئەو ڕاستییەی كە هەسارەكان بەردەوام بە دەوری خۆردا دەخولێنەوە، هەروابێتەوە بەم هۆیەوە دەكارێین جوولەی زەوی بە دەوری خۆر لە چوارچێوەی وەرزەكان و شوێنگۆڕكێی هەسارە و تەنۆلكەكان ببینین.
ئەم بەڵگانە و زۆر بەڵگەی دیکەیش هەن، دەمانگەیەننە ئەو باوەڕەی كە ئەوە خۆرە بەگوێرەی ئەم سیستمە، جێگیر و بێ جوولەیە نەك زەوی
*نموونەیەكی دیكە بۆ ئەوەی بسەلمێنین خۆر چەقی ئەو سیستمەی ڕێی كاكێشانە و سەرجەم هەسارەكانی بەدەوریدا دەخولێنەوە، بریتییە لە لێكدانەوە و شیتاڵكردنی بیرۆكەی جوولەی هەسارەكان و دیاردە ئەسترۆنۆمییەكان بە شێوەیەكی وردەكارانە، ئەمەش بەڵگەی گەورەی زانستیی پێویستە کە بە تەواوی سەلمێنراوە. ئەو نموونە سادە و ناوردانەی كە لەو باوەڕە دان زەوی چەقی سیستمی ڕێی كاكیشانە، هیچ سەلمێنراوێكی گونجاو و زانستی و باوەڕپێهێنیان نییە، جگە لە خەیال و نالۆژیكێكی هەڵچووانە و كاردانەوەیەكی لایەندار، هیچی دی نییە.
ئەم بەڵگانە و زۆر بەڵگەی دیکەیش هەن، دەمانگەیەننە ئەو باوەڕەی كە ئەوە خۆرە بەگوێرەی ئەم سیستمە، جێگیر و بێ جوولەیە نەك زەوی. هەندێ كەفوكوڵ و باوەڕی نابەجێی دوورە زانست و بێ بەڵگە و دژایەتیکاری ئاوەز هەن دەڵێن: زەوی چەقە و پێچەوانەكەی درۆ و دەلەسەی ناسایە.