فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئایینی سۆمەری… شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن

 … بەشی سێیەم و چوارەم

نووسینی خەزعەل ماجدی

  شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن محەمەد وەسمان /  هەولێر

بڵاوکردنەوەی دارئەلشروق -1998

 

 

– بەشی سێیەم

 

پاشان دووەم وەرچەرخانی جۆرایەتی روويدا ،کە لەگەڵ دۆزینەوەی کانزاکان و دەستپێکردنی سەردەمی کالکۆلیتیک ھاتە ئاراوە(چاخی بەردینی مسین -العصر الحجري النحاسي Calcolithic) ، کە گواسترایەوە بۆ باشووری میزۆپۆتامیا و چوار کولتوور ، یان شارستانیەتی کالکۆلیتی سەریان ھەڵدا، کە بریتین لە (حەلەف، ئێریدو، عوبید ، یەکەم وەرکا

).

(- پەراوێز:ماوەی عوبێد (نزیکەی ٦٥٠٠ – ٣٧٠٠ پ.ز

گردی ئەلعوبەید، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری ئور لە باشووری عێراق، دەوروبەری زی قار، ناوی خۆی بە گڵینەی سەردەمی پێش مێژوویی بەردینی نوێ بەخشیوە، ھەروەھا ناوی خۆی بەخشیوە بە شارستانیەتی کالکۆلیتی کە نوێنەرایەتی یەکەمین نیشتەجێبوون دەکات .).

کولتوری عوبەید لە دەوروبەری ساڵی ٥٣٠٠ پێش زایین دەستی پێکردووە، و تا سەرەتای سەردەمی ئوروک لە ساڵی ٤٠٠٠ پێش زایین بەردەوام بووە و داھێنانی چەرخی گڵینەیی و سەرەتای سەردەمی کالکۆلیتی دەکەوێتە سەردەمی عوبەید) ، و وەرکای یەکەم چاخی وەرکا (الورکاء) (٣٨٠٠ پ.ز) ،). سەرھەڵدانی ئەم شارستانیانە نزیکەی دوو ھەزار ساڵی خایاند، (٤٩٠٠-٣١٠٠) پێش زایین.

ھەموویان سروشتێکی شارنشینی پیشەییان ھەبوو، جگە لەوەی کە بایەخیان بەکشتوکاڵ دەدا، کە تێیدا پیاو وەک سەرکردەیەکی خەڵک زاڵ بوو، خوداوەندی (إله)نێرينە دەرکەوت، پاشان چەندین مێخوداوەندی دیکە دەرکەوتن ، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەست بوون بە سروشتەوە (ھەمان سەرچاوە: ١٣٥).

باوباپیرانی سۆمەرییەکان

پێدەچێت باوباپیرانی سۆمەرییەکان ئەوانە بن ،کە کانزاکانیان دۆزیەوە و گونجاندیان، ئەوانیش بوون سیستەمی کشتوکاڵی باکووری، کە پشتیان بە باران دەبەست، پەرەیان پێدا بۆ سیستەمی کشتوکاڵی ئاودێری لە باشوور،ئەمەش دوای شارستانیەتی سامەرا (کە نیشیمەنی سۆمەرییەکان بوو لە باکووری میسۆپۆتامیا) ڕوویدا، پاشان لە ھەزارەی پێنجەمی پێش زایین ، کۆچی سۆمەرییەکان لە دەو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە بۆ باشووری میسۆپۆتامیا دەستیپێکرد.

ڕەنگە سۆمەرییەکان تێکەڵ بە گەلانی دیکە بووبن ،کە ھاتوونەتە سەر خاکە نوێیەکە لە دەشتی نیشتەیی باشووری میسۆپۆتامیا ، وەک فوراتی و دیجلەییەکانی بەرایی و سامییەکان ، بەڵام سۆمەرییەکان ھاوشانی ئەو کەسانە، ئەو شتەیان پێکھێنا ، کە بە عوبێدییەکان ناسراون.

ئەوانەی کە وەرچەرخانێکی چۆنایەتییان لە پیشەسازیی گڵینەسازی و کاری دەستیدا کرد، پەرەپێدانی شێوازی تەلارسازی، بەتایبەتی پەرسگاکان، بەرھەمھێنانی مۆری تەخت (خڕ و ھێلکەیی)، بیورە مسینەکان دەرکەوتن، ھونەری پەیکەرسازی داتاشینی بەرجەستەیی مرۆڤ و ئاژەڵ پەرەی سەند.

شوێنی نیشتەجێبوونەکانی سەردەمی عوبەید لە زۆر شوێن لە باکور و باشووری میسۆپۆتامیا بڵاوبوونەتەوە و جێ نیشتەجێبوونەکانی باشووریش بە سەرەتای سەقامگیری و دامەزراندنی چاندنی ئاودێری لە دەشتی نیشتوو دادەنرێت، بەناوبانگترین شوێنی نیشتەجێبوونی بریتین لە تەل ئەلعوبێد، کە دەکەوێتە( ٨) کم لە ڕۆژئاوای ئور و تەل ئەلعەقیر، کە دەکەوێتە باشووری بەغدا و ئور و خەفاجە و تەل ئەسمەر لە ناوچەی دیالە و تلۆ (لەگەشی کۆن) ، باکووری ڕۆژھەڵاتی شارى شەترە و وەرکا و بسمایە (ئەدەبی کۆن) ، باکووری ڕۆژئاوای تلۆ(تلو)، مەتتارە(ومطارە)، نوزی، و ھەندێک شوێنی ناوچەی حەمرین و تەپەگەورە.

شارستانیەتی عوبەید لە دەرەوەی میسۆپۆتامیا بە ڕێگا بازرگانی و ڕووبار و دەریایی بڵاوبووەوە، گەیشتە سوریا، ئاسیای بچووک، ئێران و ھەندێک ناوچەی نیمچە دوورگەی عەرەبی و بەشە کەنارییەکانی کەنداوی عەرەبی (بڕوانە ئەلدەباغ ١٩٨٣: ٦٠-٦١).

شارستانیەتی سەردەمی عوبەیدی یەکەم شارستانیەت بوو، لە سەردەمی بەردینی نوێوە، بەم فرەوانییەوە بە شێوەیەکی ھەرێمیی بڵاوبێتەوە،بە سیستەمی شارستانییەکەیەوە و ھەر ئەو شارستانییە بوو ، کە ڕێگەی بۆ سەرھەڵدانی شارستانیەتی سۆمەری خۆشکرد، کە بنەڕەتەکەی لە تەیمانەی شارستانیەتی عوبەیدی یەوە دەستی پێکرد، و ئەم سەرەتایە دەبێتە بەردی بناخەی شارستانیەتیی سۆمەری دوای سەردەمی ئوبەیدییەکان لە نزیکەی ٣٥٠٠ پێش زایین .

تایبەتمەندییەکانی بوونی سۆمەرییەکان لە ناوەڕاستی ھەزارەی چوارەمی پێش زایین لە باشووری میسۆپۆتامیا وە دەستی پێکرد. یەکەم کولتوری سۆمەری کولتوری وەرکای یەکەم بوو ، کە دوا گەوی کولتوورەکانی کالکولیتی پێکھێنا.

جیاوازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ئەو گڵینەسازییەی کە بە خەڕەک(الدولاب) دروستکراوە و شێوە جیاوازەکانی و پیشەسازییە نوێیەکانی.

گەوی نێوان سەردەمی پێش مێژوو (سەردەمی بەردین) و سەردەمی مێژوویی پێی دەوترێت سەردەمی نیمچە نووسینەکی، یان سەردەمی شێوەمێژوویی (العصر الشبیە بالکتابي أو الشبیە بالتاریخي (البرتولتریت Protolitrate- پرۆتۆلیتریت) و ئەم سەردەمە نزیکەی دوو سەد ساڵ (٣١٠٠-٢٩٠٠) پێش زایین بەردەوام بوو.

دوو کولتووری جیاوازی لەخۆگرتبوو (کولتووری وەرکای دووەم و کولتووری جەمدەت نەسر).

ھەروەھا ئەم سەردەمە سەردەمێکی سۆمەرییە، کە تیایدا سۆمەرییەکان گەورەترین داھێنانی شارستانیانەی خۆیان بە ئەنجام گەیاند، کە داھێنانی

نووسینە، کە لەم سەردەمەدا لە یەکەم قۆناغی وێنەییدا بووە. یەکەم دەپەکانی (رقم) ، کە ئەم جۆرە نووسینەی ھەڵگرتووە لە وەرکا (چینی چوارەم)دۆزراونەتەوە.

نووسین لە قۆناغی وێنەییدا بوو .

لەگەڵ نووسیندا، دیاریدەی شارستانیانەی دیکە دەرکەوتن، وەک دەرکەوتنی پەرسگاکان، کە لەسەر سەکۆ دەستکردەکان دروستکراون (پەرسگای ئینانا و پەرسگای ئان لە وەرکا، پەرسگای ئانانا لە نەفەر، پەرسگای سپی لە وەرکا، پەرسگای خوداوەندی مانگ) لە خەفاجی، و پەرستگای تەپەگەورە) و پاشان سەرھەڵدانی زیگورات یان پەرسگا بەرزەکان، کە پێکھاتووە لە چەندان چین، وەک زیگوراتی ئەلعەقیر و زیگوراتی وەرکا.

لەم سەردەمەدا بۆ یەکەمجار مۆری لوولەیی دەرکەوت، چەرخی سیرامیکی خێرا لە دروستکردنی دەفری گڵێنەیی بە ڕوپۆشێکی ڕەنگی ھەرمێیی و دەفرە گڵێنەییە ڕەنگاو ڕەنگەکان کەڵکیان لێوەرگیرا.

ھونەری کانزاکان پێشکەوت، بەکارھێنانی کانزاکان بڵاوبووەوە، شارەکان دەرکەوتن و پارچە ھونەرییە نایابەکان لە پەیکەری بەداتاشینی درشت دروستکران، وەک کێلی ڕاوکردنی شێر، دەفری نەزر و سەری ژنەکەی لە مەڕمەڕ داتاشراوە.

نەخشکاریی دیوار کە پێکھاتبوو لە قووچەکە گڵێنە سەر ڕەنگاوڕەنگەکان ، بەردەوام بەکاردەھات.

(Al-Dabbagh ١٩٨٣: ٢٩).

کولتوری پرۆتۆلیتریت لە ھەموو میسۆپۆتامیا بڵاوبووەوە، ھەروەھا وەک کولتوورێکی ھەرێمیی فراوانیش لە دەرەوەی میسۆپۆتامیا بڵاوبووەوە، بەو پێیەی دەستکەوتە شارستانییەکانی خۆی لە ئیلام و لە سوریا دۆزرانەوە، تا دەڤەرەکانی سەرەوەی فورات و خاپور، و گەیشتە میسر، کە مۆری لوولەیی ئەو سەردەمەی تێدا دۆزرایەوە، جگە لە نووسین و داتاشین و ئامراز و وێنەکان.

پێدەچێت لافاوەکە لە کۆتایی ئەم سەردەمەدا لە سنووری (٣٠٠٠ پێش زایین)دا ڕوویدابێت، دوای ئەوەی پاشایەتی لە ئاسمانەوە دابەزیوە بۆ ئێریدوی سۆمەری، وەک لە دەپەکانی تایبەت بە لیستی پاشاکانی سۆمەریدا ھاتووە (بڕوانە باقر: ١٩٧٣: ٢٥٢) ).

دوای ئەوە ھەشت پاشا لەم شارانەدا حوکمڕانییان کردووە،لیستی پاشاکانی سۆمەری ، ساڵانی حوکمڕانیی خەیاڵی پێبەخشیون ، دەگاتە نزیکەی ٢٤١,٢٠٠ ساڵ ، ((بە ئەگەرێکی زۆرەوە ژمارەیەکی وەھا خەیاڵی ڕەنگدانەوەی بیرۆکەیەکی ھاوبەشە لە نێو زۆربەی گەلانی کۆندا، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ – لە سەردەمی کۆندا – تەمەنێکی درێژ و سیفەتە جەستەییە توانبەدەرەکانی ھەبووە ، ھەروەھا بەدەر نییەلەوەی کە کۆکەرەوەی لیستی پاشاکانی سۆمەری وا بووە تەنھا ناوی ھەشت پاشای لە پێش لافاوەکەی لابووە، ناچار بووە ساڵانی حوکمڕانی ھەریەکەیان درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو ماوەیە بگرێتەوە، کە پێشبینی دەکردماوەکە زۆر فراوان بێت ، کە لە نێوان دەرکەوتنی یەکەم شانشینی فەرمانڕەوادا و ڕوودانی لافاوەکەدا ھەیە)) (عەلی، ١٩٨٣: ٩٦-٧٠).

 

 

– بەشی چواردەم –

بیروباوەڕی ئایینیی سۆمەری

باوەڕی پەروەرندەگەری – – عقائد الربوبية-

٢- مرۆیاندن ( الأنسنة -التشبیھیة Anthorprmorphism –ئەنثرۆرپرۆمۆرفیزم )

پێشتریش وتمان سۆمەرییەکان لە سەرەتاوە خوداوەندەکانیان بە وێنەی مرۆڤەوە خەیاڵ نەکردووە، بەڵام دوای ئەوە لەسەر ئەو تێگەیشتنە جێگیر بوون، خوداوەندەکان و کردارەکانیان ، لە شێوەی دیاردە سروشتییەکان وئاژەل وڕوەک..بەڵام لە قۆناخەکانی دواتر شێوەی مرۆیان وەرگرت،لەوەشەوە لێکچوواندنی تەواو بە شێوەی مرۆیان پەیدابوو ، لەڕووی داب ونەریت وخوو وکارەوە ، بەڵکو لێکچوون لە ڕەفتارەکانیاندا ھەبوو خوداوەندەکان دەخۆن و دەخۆنەوە و زاوزێ دەکەن و لەدایک دەبن و ئازار دەچێژن و توڕە دەبن.

ئەمەش مانای ئەوەیە ، کە سۆمەرییەکان خوداوەندەکانیان بە مرۆڤ کردووە، مرۆڤاندووە ، بەڵام ئاگاداری ئەوە بوون لە خاڵێکداجیاوازن، ئەویش ئەوەیە کە خوداوەندەکان وەک مرۆڤ نامرن، ھەمیشەوھەتھەتایێ نەمرن.

ئەم پرەنسیپی لێکچوونە وەک پایەی سەرەکیی بیروباوەڕی ئایینی دواتر مایەوە، تا بیروباوەڕی یەکتاپەرستی پەیدابوو و ڕەتی کردەوە و خودای لە مرۆڤ جیا کردەوە ووای نواند لە ھەموو شتێکدا لە مرۆڤ جیاواز بێت.

(پەراوێز:تاھاباقر دەنووسێت:

-زیندەگەری و مرۆیاندن یا (کەساندن)

– الارواحية (Animism) و (التشبیهية – المشبھة – التأنسن) (Anthropomorphism)

یەکێک لە تایبەتیەکانی ئایینی بابلی و پێش ئەویش سۆمەری بنەمای زیندەگەريیە: واتە باوەڕ بوون بە ھەبوونی ھێزێک یا گیانێک لە ھەموو دیاردە سروشتییەکاندا . تەنیا بابلییەکان ئەم بیر و بۆچوونەیان نەبوو ، بەڵکو زۆر لە نەتەوەکان شارستانیەکەیان بەم قۆناخەدا ڕەتبوو بوون ، ھەشیانە ھێشتا لەم قۆناخەدا دەژین . ل ٤ . خواوەندانی بابلی لە بنجدا بەرجەستەکردن ، تەنپێبەخشین ، یا نواندنی دیاردە سروشتییە جیاجیاکانن . ژیان خۆی ھێزە ، ژیان لە ھەموو چەشنە ھێزێک و وزەیێکدایە ، لە مانگ و خۆر و باران .. ھتد, گیان ھەیە . خواوەندانی مرۆ دەیانپەرستن ، لەم چاخەی شارستانیدا ، تەنیا ، چەندان شێوەی ھێز ، یا نوێنەری دیاردە سروشتییە جیاجیاکانن.. .

-تایبەتمەندیێکی دیکەی دینی بابلی و پێش ئەویش سۆمەری ، بوونی دیاردەی مرۆیاندن (کەساندن) ی دیاردە سروشتییەکانە (Anthropomorphism) (مذھب المشبھة) (مبدأ التأنسن) ، مەبەست ئەو بیر و بۆچوونەیە ، سیفەتەکانی مرۆ (گیانی و مادی) وەک وێنە و ئەندام و بیروڕا دەداتە خواوەندەکان (دیاردە سروشتییەکان) وەک مرۆیان دەبینێت .

سۆمەری و بابلی سیفەتە مرۆییەکانیان – ھەموو سیفەتەکان – دەدایە خواوەندەکانیان،وايان دادەنا خواوەندەکان (دیاردە سروشتیەکان) ھەست و سۆز و خواستیان ھەیە وەک مرۆ ، دەژین و دەخۆن و دەخۆنەوە و ھاوژین – ھاوسەریان دەبێت و زاوزێ دەکەن و منداڵیان دەبێت و لە خانوو دەژین ، پەرسگەکانی بۆ ئەوان دروست کراون ، خزمەتکار و چێشتلێنەر و پێشگۆ (کاھن) یان تیایە ، ھەر خواوەندێک ھاوژین یا چەندان ھاوژین و دۆست و دڵخوازیان ھەیە و کچ و کوڕیان ھەیە .. ھتد .

لە دیاردەکانی سیفەتی لەیێکچواندنیش ، بە خواوەند دانانی پادشا مەزنەکانیانە ، کە لە ژیاندان و دوای مردنیان ، (نارام سين (Naram-Sin) پادشای بنەماڵەی ئەکەدی بەناوبانگ بوو لە نێوان – 2273 و2219 پ.ز , بە خواوەند دارا ، ھەروەھا زۆر لە پادشایانی بنەماڵەی ئوری سێیەم ، بۆ ئەم پادشایانە پەرسگە لە تەنیشت گۆڕەکانیان دروستدەکرا بۆ پەرستنیان .

کەواتە گەر خواوەندانى سۆمەری و بابلی ، سیفەتەکانی مرۆیان ھەبێت ، جیاوازیان چیە لەگەڵ مرۆ ؟ وەڵام ئەوەیە لای مرۆی سۆمەری وبابلی لە وان چاخاندا خواوەندان چەندان سیفەتیان جیایە لە مرۆڤ ، وەک نەمری ، خواوەندان ، نامرن ، ھەتا گەرھاتوو بە شێوەیێکی کاتیش بمرێ , وەک (دیموزی) (Dumuzid or Dumuzi or Tammuz )خواوەندی بەھار ، ئەوەندە نابات زیندوو دەبێتەوە ، زیندوو بوونەوەی خواوەندی مردوو ئاساییە ، بە پێچەوانەی مرۆ .

شوێنی خواوەندانى سۆمەری و بابلی لە ئاسماندان ، گەر بیانەوێت دێنە خوارەوە و لەو پەرسگە گەورانەدا دەژین کە بۆیان دروست کراوە ، لە باشترین شوێنی شار و گەرەترین کۆشک ، سەرباری ئەوەش خواوەندان چارەنووسی مرۆیان لە دەستدایە و کاروباری جیھان بەڕێوە دەبەن و بڕ و بەشی شتان و کەسان دیار دەکەن ، بە گشتی چاکە خوازن ، ھەتا گەر خراپەش بکەن بۆ سزادانی مرۆ خراپەکان دەیکەن . خراپەی پوخت ، ئەوا گیانە خراپەکان و دێو و درنجەکان دەیکەن ، لە مرۆ بەھێزترن و لە خواوەندان بێ ھێزترن ، خەڵک نایان پەرستن ، بەڵام بەم جادووە ی لەھێزی خواوەندانيان و وەرگیراوە لە گەڵیان دەجەنگن .

-تایبەتمەندیێکی دیکەی ئاینی بابل (سۆمەریش) ئەوەیە ھەتا خواوەندانیش ئەفرێنراون ، واتە سیفەتی ھەرھەبوو (أزلی) یان نییە ، سەرەتای دیار نەبێت ، ھەرچەندە نەمرن ، بەڵام (ھەرھەبووەکی) نین ، ل ٥ ،

-طە باقر ، دیانةالبابلیین و الاشوریین-مجلة- سومر – ١٩٤٦ – ج ١ – مجلد ٣ .– ل ١ – ١٩ .