فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە ساڵیادی (عەزیز گەردى) دا

لە ساڵیادی (عەزیز گەردى) دا

د. وریا عومەر ئەمین/ پرۆفسیۆری زمان و مامۆستای زانکۆ/ هەولێر

د. عەزیز گەردى زانایێکى کەموێنەى لێهاتووى کوردە .. لە شەستەکانى سەدەى ڕابردووەوە هاوڕێى گیانى بە گیانیى یەکتر بووین .. بەردەوام زوو زووە یەکترمان لە کتێبخانەى گشتیى هەولێر دەبینى ، گفتوگۆکانمان لە بارەى زمان و ئەدەبى کوردى و بیانى کۆتاییى نەدەهات. کتێب و بیر و بۆچوونمان ئاڵوگۆڕ دەکردەوە.
وا ڕێککەوت لە نەوەدەکاندا ببم بە مامۆستاى و ئەندام و سەرۆک لیژنەى گڤتوگۆى نامەکانى ماجستێر و دکتۆراکەى کە بەم ناونیشانانە بوون:
١ ـ ماجستێرەکەى : (کێشى شیعرى کلاسیکیى کوردى و بەراوردکردنى لەگەڵ عەرووزى عەرەبى و کێشى شیعرى فارسى ـ لێکۆڵینەوەیێکى شیکاریى بەراوردە). (١٩٩٤)
٢ ـ دکتۆراکەى : (سەروا لە شیعرى کوردیدا) ، لە( ١٣ – ٥ – ١٩٩٨) گفتوگۆکرا.
ئەم نامانەى دوایێ وەک کتێب چاپکران ، شۆڕشێک بوون لە بوارى کێش و سەرواى کلاسیکیى کوردى
.
ئەم نامانەى دوایێ وەک کتێب

 چاپکران ، شۆڕشێک بوون لە بوارى کێش و سەرواى کلاسیکیى کوردى. ڕۆڵێکى باڵایان گێڕا لە پێشخستنى لێکۆڵینەوەى کێش و خستنەڕووى لایەنە شاراوەکانى. بوون بە سەرچاوەى سەرەکى بۆ لێکۆڵەوەران. وەڵامى پرسیارە دژوارەکانیان دایەوە . هەر لە کاتى گفتوگۆى ماجستێرەکەى لە (١٩٩٤) دا من ناسناوى (فەراهیدیى کوردم) پێ بەخشى.
.
شایانى باسە ، لە ژمارە ١٢٦ ى ساڵى ١٩٩٠ ، (ل ٤٧ – ٥٨) ى گۆڤارى ڕۆشنبیرى کوردیدا باسێکم بە ناونیشانى (شەپۆلەکانى شیعرى کوردى) یەوە بڵاوبۆتەوە ، تێیدا کێشى شیعریى کوردى و عەرووزى عەرەبى بەراورد دەکەم. بۆ یەکەم جار هەموو زەحافات و عیلەلەکان بە یەک خشتە دەخەمە ڕوو . لە گفتوگۆکانمادا لەگەڵ عەزیز گردى لە بارەى ئەم باسەوە ، لە کاتى کۆڕسەکانیدا ، عەزیز گەردى وتى لەم باسەتدا زۆر کەم باسى شیعرى عەرووزیى کوردى دەکەیت ، وتم ئەمە سنوورى باسەکەمە تۆ دەتوانى ئەم ئەرکە ئەنجام بدەیت ، دەبێتە باشترین ناونیشان بۆ نامەکەت . وا بوو پەسندى کرد و کردى بە بابەتى نامەى ماجستێرەکەى بە ناونیشانى (کێشى شیعرى کلاسیکیى کوردى و بەراورد کردنى لەگەڵ عەرووزى عەرەبى و کێشى شیعرى فارسى).
لە ساڵى ١٩٩٩دا وەزارەتى ڕۆشنبیریى حکوومەتى کوردستان نامەکەى وەک کتێب بڵاوکردەوە ، تێیدا لە ل (٤٢ ـ ٤٣) ناوى ئەم باسەم دەهێنێ و بۆچوونى خۆى لە بارەیەوە دەردەخات.
د. عەزیز گەردى یێکێکە لە باشترین وەرگێرەکانمان. دەیان ڕۆمانى جیهانیى کردۆتە کوردى
.
جگە لە لێکۆڵینەوەکانى لەبارەى کێش و سەروادا ، د. عەزیز گەردى یێکێکە لە باشترین وەرگێرەکانمان. دەیان ڕۆمانى جیهانیى کردۆتە کوردى ، گەلێ لێکۆڵینەوەى ڕەخنەییى لە بارەى ئەدەبى کوردى و جیهانى پێشکەش کردووە. زمانزان و فەرهەنگناسێکى بێ هاوتا بوو. نووسینەکانى بە زمانێکى کوردیى پاراوى پتەو پێشکەش دەکات. بە سەدان وشە و دەربڕینى کوردیى ڕەسەنى بە بوارى نووسینى کوردى ناساندووە.
(عەزیز گەردى) م هاتە بیر. کارەکانى هەموو ڕەسەنن ، شتى تازەى دەستخستووە ، هەمووى ئەنجامى خۆیەتى و ئامادەکردن لە نامەکانیدا بەدى ناکرێت
هاوڕێیەتى و پەیوەندیى خۆشەویستیمان تا ساڵى ٢٠٠٩ بەردەوام بوو ، تا لە پڕ لێم ڕەنجا ، بە هۆى بارودۆخە دەروونییەکەى کە ئەنجامى بیرکردنەوەى قووڵ و هەستە فرە ناسکەکەى بوو. ئەمە واى لێکرد گومان لە هەموو کەس بکات و لە هەموو هاوڕێیانى نزیک و دوورى دابڕێ . زۆر هەوڵم دا ئاشتى کەمەوە سوودى نەبوو. دەچوومە ماڵى دەرگاى لێ نەدەکردمەوە ، لە ڕێگادا دووچارى بام خۆى لێ لادەدام . تا دواى سێ ساڵ بەم دێرە شیعرە نامەیێکم بە مۆبایل بۆ نارد ، دەڵێم :
عەزیز گەردى تۆ لەلاى من زۆر عەزیزى
ئێستاش نەمزانى لەسەرچى لە من زیزى.
وەڵامى نەدامەوە و مۆبایلەکەى لێ بلۆککردم.
لە ساڵ ٢٠١٦ دا ، د. محمد خدر مەولوود لە دیمانەیێکیدا لە گەڵم ، ئەم پرسیارەم لە بارەى خوێندنى باڵاوە لێ دەکات:
*ڕات بەرامبەر بە ئاستى زانستیى نامەکانى دکتۆرا و ماجستێر چییە؟
لەگەڵ ڕیزم بۆ هەندێکیان، زۆربەى زۆرى نامەکانى ماجستێر و دکتۆراکان ، لاسايى و ئەرشییفین و پێداچوونەوەن و دەچنە ڕیزى ئامادەکردنەوە
لە وەڵامدا دەڵێم:
لەگەڵ ڕیزم بۆ هەندێکیان، زۆربەى زۆرى نامەکانى ماجستێر و دکتۆراکان ، لاسايى و ئەرشییفین و پێداچوونەوەن و دەچنە ڕیزى ئامادەکردنەوە.. زۆربەى زۆریان هیچ گیروگرفتێکى زمانى کوردى و هیچ بابەتێک و یاسایێکى پێشتر باس نەکراو ناخەنە ڕوو و هیچ کێشەیێکى ئەدەبى و ڕەخنەیى و زمانەوانیى کوردیى چارەسەرناکەن… گیروگرفت و گریمانە لە زۆربەى زۆریاندا بەدى ناکرێت، کە مەرجى سەرەکییە لە نامەى ماجستێر و دکتۆرادا.
پاشان د. محمد لێم دەپرسێ:
*گەر داواتان لێ بکەم ناوى یێکێ لەوانە بهێنیت کە نامەکەیان لە ئاستێکى زانستیى بەرزدایە.
.. داواى ناوێکم لێ دەکەیت ، یەکسەر (عەزیز گەردى) م هاتە بیر. کارەکانى هەموو ڕەسەنن ، شتى تازەى دەستخستووە ، هەمووى ئەنجامى خۆیەتى و ئامادەکردن لە نامەکانیدا بەدى ناکرێت. زۆر گیروگرفت و لایەنى شاراوە و دژوارى کێشى شیعرى کلاسیکیى کوردیى چارەسەر کردووە و ڕوونى کردۆتەوە.. من بە (فەراهیدى) ى شیعرى کلاسیکیى کوردیى دادەنێم.
.
عەزیز گەردى قوتابخانە و ڕێباز و قۆناغێکە لە مێژووى ئەدەب و ڕۆشنبیریى کوردى ، کورد هەتا هەتایێ شانازیى پێوە دەکات.
٥ ـ ٦ ـ ٢٠٢٢