فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هونەرمەند و کەڤال/ حەمە فەریق حەسەن

هونەرمەند و کەڤال

حەمە فەریق حەسەن/ نووسەر و ڕەخنەگر/ دانمارک

کارێکی هونەری، پڕ بەپێستی ئەم سەردەمە، کەڤاڵێک، (لوحە) بێ گرێوگۆڵ گوزارشت دەکات. دەستگیرۆیی لە هێڵ، ڕووبەر و بارستەدا (کتلە) پێوە دیارە. ئەمەیش خاسیەتی کاریکاتێری سەرکەوتووە. خاسیەتێکی تری ئەوەیە، دەتوانێت بە زمانی هونەر بدوێت. ئەو پێویستی بە هاوکاریی زمانی نووسین نەبووە. وەرگر (متلقي) بەئاسانی لێی حاڵی دەبێت. هێڵ، ڕووبەر و بارستە هاوکاری یەکن و پێکەوە گونجاون. کەڤاڵەکە تەنیا دوو فیگەرە. مرۆڤێک و قەڵەمێکی بە سەگ بوو.
جووڵە لە هێڵ و ڕوبەردا بە ئاراستەی پێشەوەیە. ئێمە هێمای شاڵاو دەبینین. خاوەنەکەی ئاماژەی بە قەڵەمە بە توولە بووەکەی (تووتک، گوجیلە) خۆی داوە، شاڵاو بەڕێت. وەک دەبینن، توولەکە ڕست کراوە، واتە جووڵەی ئەو، بەدەست خاوەنێتی، نەک خۆی. لەڕاستیدا ئەو توتکە سەگە، قەڵەمێکی نووک دادراوی (تیژکراو) بە سەگ بووە، کاری ئەوەیە، پەلاماری ئەم و ئەو بدات. خاوەنی وەک بیچم، شارستانی دیارە، وەلێ بە چاو، زار، تاڵەکانی برۆ و قژی سەریدا، بەئاماژەی دەستیدا، تەواو گرژ و تووڕە دیارە. ئەو بەچەکی سارد، بە قەڵەم شەر دەکات. قەڵەمی بەکرێگیراو، قەڵەمی کڕدراو. زەمینەی کەڤاڵەکەیش، گێژاوێکە لە هێڵی چەماوە و خاڵ، تۆنەکانی ڕەش (رصاصیات) بەسەریدا زاڵە. لەم کەڤاڵەدا هزر و هونەر تەواوکاری یەکن و پێکەوە گرێدراون. داوای بەردەوامی و تەمەن درێژی بۆ هونەرمەند گرفتار کاکەیی دەکەم.