فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نەفرەت لە دەستەیێڤسکی

نەفرەت لە دەستەیێڤسکی

ڕانانی: ئیدریس عەلی/ نووسەر/ سلێمانی

ڕۆمانە باشەکان، جگە لە تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە و زمان، بە چیرۆک و بابەت، ڕووداو و بەسەرهاتەکانیدا دەناسرێنەوە، ئەو ڕۆمانانەی کە لایەنی چیرۆک و گێڕانەوە، کاراکتەرسازی و ڕووداو تیایاندا زیندوون و نزیکن لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، پتر ڕۆدەچنە نێو دڵ و دەروونی خوێنەرەوە، چونکە خوێنەر لەو ڕۆمانانەدا، جا باس لە هەر وڵات و کۆمەڵگە و ژینگەیەک بکات، بە دوای ئەو پرسیار و موعانات، خەم و برینە هاوبەشانەدا دەگەڕێت کە لە نێوان ژینگەکەی خۆی و ئەو ژینگەیەدا هەیە کە نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا تەوزیفی کردووە، بە تایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەنددارن بە جەنگ و ئاکامە مەترسیدارەکانی جەنگەوە.

ئێمە لەسەر نەخشەی سیاسی و لەسەر ئاستی میدیادا بەر ڕووداوە خوێناوییەکانی زۆربەی وڵاتان دەکەوین، بەڵام ڕەنگە هیچ کام لەو هەوڵە میدیاییانە نەتوانن هێندەی گێرانەوەی نووسەرێک لە نێو ڕۆمانێکدا، ڕاستگۆیانە و فرەڕەهەندانە ڕووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکانمان پیشان بدەن، هەواڵەکان یەک دیوی نێو پانتایی و ڕووبەری ڕووداو و کارەساتەکانمان پێ دەناسێنێت، کەچی ڕۆمان واوەتر دەمانبات و یەکبەخۆ دەمانکات بە هاووڵاتی ئەو شوێنەی وا ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی لەسەر بونیاد ناوە، نەک هەر بە خودی ڕووداو، بەڵکو پەلمان دەگرێت لە کۆڵانەکانی مێژووەوە گەشتێکی ئارام، هاوکات دوورودرێژمان پێ دەکات بە نێو شارستانییەت و کولتوور و فەرهەنگ، هاوکات داب و نەریت و پەیوەندییە گشتییەکانی وڵاتدا، چ لەسەر ئاستی فەرهەنگی، چ لەسەر ئاستی دیبلۆماسی و تایبەتمەندییەکانی دیکەی مرۆڤ و وڵاتەوە.

ڕۆمان واوەتر دەمانبات و یەکبەخۆ دەمانکات بە هاووڵاتی ئەو شوێنەی وا ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی لەسەر بونیاد ناوە

 

وڵاتی ئەفغانستان ڕەنگە یەکێک بێت لە بەرجەستەترین ئەو وڵاتانەی کە تا هەنووکەش، بە هۆی شەڕ و کێشە و ململانێکانیەوە، پانتاییەکی فراوانی لە کاری میدیا جیهانی و نێوخۆی و هەرێمییەکاندا داگیر کردووە، بەڵام هیچکام لەو هەوڵانە نەیانتوانی هێندەی ڕۆمانەکانی (عەتیق ڕەحیمی) و (خالید حوسێنی) وێنە گەورە و ڕوونەکەی ئەفغانستانمان، لە ڕێگەی ڕۆمانەکانیانەوە پێ بناسێنن، ئێمە لە ڕێی ئەو ڕۆماننووسانە و پاڵەوانی ڕۆمانەکانیانەوە، نەک کاراکتەرە سیاسی و فەرمانبەرە میدیاییەکانەوە، مێژووی شارستانییەت، قۆناغەکانی گەشەکردن، باری ئابووری و فەرهەنگی، ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاری، هۆکارەکانی جەنگ، داگیرکاری، شەڕ و کوشتن، پاشان سەرهەڵدانی هێز و گرووپە پەرگیرەکانمان ناسی، ئەوە ڕۆمانە ئەفغانییەکان بوون پێیان وتین لە ڕەوتی مێژوودا ئەو وڵاتە چۆن لە کانگای شارستانیەت و عیرفان، پێشکەوتن و مۆدێرنێتەوە، بوو بە لانکەی دواکەوتوویی و چۆن چۆنی جۆگەلەی خوێن لە کۆڵان و شەقامە گشتییەکانەوە ڕێچکەی دەبەست تا ئیدی هیچ ڕۆحلەبەرێک نەمێنیت بە بێتاوان، لە ڕاستیدا ئەوە ڕۆمانەکانن پێمان دەڵێن ئەوەی کە کوشتن لە پرۆسەیەکی تاوانکارییەوە ببێت بە کارێکی ڕۆتین و ئاسایی، شتێک نییە کتوپڕ دروست بووبێت، بەڵکو کارکردی هەلومەرجێکی دیاریکراوە و فاکتەرەکانی بە ڕوونی لە شێوازی حکومڕانی و باری ئابووری و زاڵبوونی فەزای ترس و تۆقیندا دەردەەکەون.

 

لە ڕاستیدا ئەوە ڕۆمانەکانن پێمان دەڵێن ئەوەی کە کوشتن لە پرۆسەیەکی تاوانکارییەوە ببێت بە کارێکی ڕۆتین و ئاسایی، شتێک نییە کتوپڕ دروست بووبێت

ڕۆمانی (نەفرەت لە دەستەیێڤسکی) بەرهەمی سینەماکار و نووسەری ئەفغانی (عەتیق ڕەحیمی)یە، چاپی سێیەمیەتی و نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) بە شێوەیەکی ورد، جوان و سەرنجڕاکێش، بە شێوەیەک کە خوێنەر گرەو لەسەر ئەوە بکات کە لە بنەڕەتدا هەر بە کوردییەکی سادە و بێ گرێ نووسراوە، ئەوەش سیحر و ئەفسوونی زمان پیشان دەدات لە لای  نووسەر و وەرگێڕێکی بە ئەزموون و ڕۆشنبیری گەورەی وەک ئازاد بەرزنجی، ڕۆمانەکە بە هۆی کاریگەریی زۆری بەسەر خوێنەرەوە، چاپی سێیەمیەتی و بە سروشت دەچێتەوە سەر ئەو ڕۆمانانەی کە دەبێت ناوبەناو بخوێنرێتەوە، هەم بۆ ئەوەی لەم دنیا دڵڕەقەدا چێژی خوێندەوە لە دەست نەدەین، هەم بۆ ئەوەی بزانین کە ئیدی لە چ سەردەم و قۆناغێکی بەد و ڕەشدا دەژین، سەردەمێک کە جەنگ بەردەوام هەڕەشە لە ئێستا و داهاتوومان دەکات، سەردەمێک کە بەها مرۆییەکان لەبەین دەچن و هەڵپەی داگیرکاری و سڕینەوەی سیما و ڕۆحی ئەوانی دی، جێگەیان دەگرێتەوە، ئەم ڕۆمانە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

ڕۆمانەکە باس لە سەردەمی دوای داگیرکاریی ئەفغانستان دەکات لە لایەن هێزە سەربازییەکانی ڕووسیاوە و وێرانکردنی وڵاتەکە و سەپاندنی ئایدۆلۆژیی خۆیان بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا، پاشان سڕینەوەی سیمای شارستانیەتی و دەرکەوتن و سەرهەڵدانی هێزە پەرگیر و توندڕەوەکان و هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، جێبەجێکردنی حوکمی ئایینی و شەریعەت، کردنی شوێنی ژیانی ئاسایی خەڵک بە سەربازگە و مەیدانی جەنگ، ڕۆمانەکە لەسەر یەک تەوەری دیاریکراو نەوەستاوە، بەڵام بابەتی تاوان، کوشتن و یاسا، ئازاری ویژدان و مافی ئینسان لە هەرە تەوەرە دیار و بەرجەستەکانی نێو پانتایی ڕۆمانەکەن، هەر لە ناونیشانەکەوە (نەفرەت لە دەستەیێڤسکی) خەیاڵی خوێنەر دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆمانی (تاوان و سزا)ی گەورە نووسەری ڕووس (دەستەیێڤسکی) بە گشتیش فەزای ڕووداو و هاوشێوەیی کارکەتەری هەر دوو ڕۆمانەکە نزیکن لە یەکترەوە، بەوەی کە (ڕەسووڵ) شاپاڵەوانی نەفرەت لە دەستەیێڤسکی، وەک شاپاڵەوانەکەی ڕۆمانی تاوان و سزا، دەیەوێت بە تەور پیرەژنێکی سووخۆر و هەلپەرست بکوژێت، ڕەسووڵ لە گەنجێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوارە دەبێت بە بوونەوریکی بێ ڕۆح، جەنگ کاریگەریی نەرێنی لەسەر هزر و ئەندێشە و باری دەروونی جێ دەهێڵێت، لە دۆخ و سەردەمێکدا دەژی کە تاوان و کوشتن مەودایەک بۆ ئارامیی ژیان ناهێڵێتەوە، هەر بۆیە عەتیق ڕەحیمی، لە ڕێی ئەم کاراکتەرەوە، پرسی تاوان، کوشتن و سزا و یاسا دەوروژێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی تاوانێکی هاوشێوە، لە ژینگە، شارستانیەت، تەنانەت سەردەم و دۆخی جیاوازی دوو وڵاتی جیاوازدا، بە تایبەت تاوانی کوشتن لای کەسێکی ڕۆشنبیر و خوێندەواری وەک ڕەسووڵ لە وڵاتێکدا کە ئاسانترین شت کوشتنە بەبێ ئەوەی یاسا بتوانێت سنوورێک بۆ تاوان و تاوانکاران دابنێت، لە ڕاستیدا لە دۆخی جەنگ و بێبەها بوونی مرۆڤدا، خودی سەرکردە و یاسپارێزەکانیش بۆ خۆیان دەستیان سوورە بە خوێن و بەشێکی سەرەکین لە بەگەڕخستنی مەکینەی بەرهەمهێنانی خوێن و کوشتن، بۆیە سەرەنجام بە هۆی ئازاری ویژدان و خەیاڵێکەوە کە ڕەسووڵ لە ڕۆمانی تاوان و سزاوە وەری گرتووە، تووشی وێرانبوونی حاڵەتی دەروونی و زمانشکاندن دەبێت.

 

شاپاڵەوانی نەفرەت لە دەستەیێڤسکی، وەک شاپاڵەوانەکەی ڕۆمانی تاوان و سزا، دەیەوێت بە تەور پیرەژنێکی سووخۆر و هەلپەرست بکوژێت،

ئەم ڕۆمانە گەلێ چیرۆک و بەسەرهاتی سەرنجڕاکێشی تێدایە کە دەکرێت هەر یەکەیان بابەتی ڕۆمان، یاخود دەیان کاری سینەمایی بن، ئەو پیرەمێردەی لە تەقینەوەیەکدا تاقمی ددانەکەکەی دەکەوێت و بۆی دەگەڕێت، ئەو سەرکردە سیاسییەی خۆی دەکوژێت، ئەو ساقیخانەیەی شوێنی تلیاککێشان و گێڕانەوەی دەیان چیرۆک و بەسەرهاتی سەرنجڕاکێشە، ئەو پیاوەی گەنم دەدات بە کۆترەکانی مەزارە پیرۆزەکە و دواتر لەسەر ئەو کارەی گوایە کۆتری دزیوە دادگایی دەکەن، ئەو کاتبەی لە نێو دەیان فایلی گەورەی دادگادا لیستی ناوی شەهیدەکان جیا دەکاتەوە و… چەندینی تر، بە گشتی خوێندەوەی ئەم ڕۆمانە هەم چێژمان پێ دەبەخشێت، هەم بە مێژووی پڕ لە ململانێی خوێناوی کۆن و نوێی وڵاتی ئەفغانستانمان دەناسێنیت، هاوکات واقیعی جەنگ و بێ یاسایی و حوکمی هێزە پەرگیرەکان دەخاتە ژێر پرسیاری ئینسانیی گەورەوە، لەو هەڕەشە گەورە ئاگادارمان دەکاتەوە کە لەسەر ئاسایش و ئارامیی ژیانی مرۆڤەکان هەیە.

شایانی باسە نووسەری ئەم ڕۆمانە (عەتیق ڕەحیمی) بە زمانی فارسی، ئینگلیسی، فەرەنسی دەنووسێت، لە ساڵی ١٩٦٢ لە (کابول)ی ئەفغانستان لە دایک بووە، لە ماوەی دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت، عەتیق ڕەحیمی لە ئەفغانستان ھەڵھاتووە، بۆ ماوەی ساڵێک لە پاکستان وەک پەنابەر ماوەتەوە و دواتر چووە بۆ وڵاتی فەڕەنسا، لە ساڵی ١٩٨٥ دا، مافی پەنابەرێتی سیاسیی وەردگرێت لەو وڵاتە. لە دوای تەواو بوونی خوێندنی لە زانکۆی سۆربۆن، ئەم نووسەرە پەیوەندی بە کۆمپانیایەکی بەرھەمھێنانی پاریسـی دەکات و ھەر لەوێشدا حەوت بەرھەمی دیکیۆمێنتاریی بەرھەم دەهێنێت بۆ تەلەفیزیۆنێکی فەڕەنسی، لە کۆتایییەکانی ساڵانی ١٩٩٠ دا، عەتیق ڕەحیمی دەستی بە نووسینی یەکەم پرۆژەی کرد، کە کتێبێکی فارسی بوو لە ساڵی ٢٠٠٠ دا دەریکرد بە ناوی (زەوی و ھەنارەکان) باشترین فرۆشی ھەبوو لە سەرجەم ئەورووپا و باشووری ئەمریکادا، لە پاشان فیلمێک لەسەر ئەم کتێبە دەرھێنرا کە لە دەرھێنانی خودی(عەتیق ڕەحیمی) خۆی بوو، ئەم فیلمە خەڵاتی (Prix du Regard vers l’Avenir)ـی وەرگرت لە فێستیڤاڵی کانی ٢٠٠٤ بۆ فیلم. فیلمەکە لە پەنجا فێستیڤاڵی جیاواز نمایش کرا و نزیکەی ٢٥ خەڵاتی بەدەست ھێنا، بە تەنھا لە فێستیڤاڵی (کان)دا، هەروەها خەڵاتی (گۆلدن داو)(Golden Dhow) بۆ باشترین فیلم لە (فێستیڤاڵی زانزیباری نێودەوڵەتی بۆ فیلم.)