فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خانەکانی شارەکەمان

خانەکانی شارەکەمان

عەبدوڵڵا سەڕاج/ نووسەر و رۆماننووس / فيلاند

 

لە زمانی کوردیدا وشەی خان چەند مانایەکی هەیە بە گوێرەی جێگا واتاکانی دەگۆڕێت وەك لە باکووری کوردستان بۆ پیاوی مەزن و ناودار ئاماژەی بۆ دەکرێت وەك: بەدرخان و سمکۆخانی شکاك کەچی لە باشووری کوردستان بۆ ئافرەتی بەناوبانڴ و ناودار هەروەها ئافرەتی ئاساییش بەکاریدەهێنن وەك حەپسەخانی نەقیب و ماە شەرەفخان.

خان لە کەرکوك و دەوروبەری بە بینایەکی گەورە دەوترێت کە چەند ژوورێکی تیایە بۆ حەوانەوەی خەڵکی لادێیيەکان ، جارانی زوو لادێیيەکانی خولگەی کەرکوك بە کەر و بارەوە دەهاتنە ئەو خانانە، ماست و پەنیر و هێلکە و دانەوێڵەیان بۆ شار دەهێنا و، لە گەڕانەوەيشدا شەکر و گەڵاچا و سابون و قامیشی جگەرە و کۆتاڵ و پێداویستی دیکەیان دەبردەوە، بەڵام پاش پەیدابوونی پیکاب بەرە بەرە ئەو خانانە چۆڵ بوون، ئێستا ئاماژە بۆ سێ خانی ناوداری کەرکوك دەکەم:

١- خانی سپی : کەوتبووە گوزەری ئاسنگەران و ڕوو بە ڕووی قەڵا لە سەرەتای پەنجاکاندا چەند خێزانێکی هەژاری بۆرەکەیی ئێرانی لە ژوورەکانی دەژیان بۆیە بە خانی بۆرەکەییەکان ناودەبرا.

٢- خانی خورما: دەرگاکەی ڕوو بە ڕووی دەرگای قەیسەریەوە بوو هەر چی خورمای باشوور هەبوو لەوێ دەفڕۆشرا. داخەکەم کەسایەتییەکی کوردی ناوداری شارەکەمان بە ناوی حاجی کامل ( کامل ئەفەندی) بەر هێرشی فڕۆکەی ئێرانی کەوت و لاشەی ئەو پیاوە تێکەڵ بە خاك و خاشاکی خانەکە بوو، لە ساڵەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا.

٣- خانی گاوران : ئەم خانە کەوتبووە لاچەپی ئەو ڕێیيەی لە قەڵاوە شۆڕ دەبووەوە بۆ لای جووت قاوە و قەیسەری کە بە ڕێگای حەوت کچان ( یەدی قزڵار) ناسراوە. لە ساڵانی پەنجاکاندا دوکاندارانی ئەو ناوە ژووری خانەکەیان کرد بووە کۆگای خۆیان لە وانەيش باوکی من.

تکایە هەر بەڕێزێك بە خانی دیکەی شارەکەمان دەزانێ با درێخی نەکات و پێشەکی سوپاسی دەکەم.

……………………………………………………………………………

 

بە ئيجازەی مامۆستا عەبدوڵڵا سەڕاج ، کە باس هاتە سەر خانەکان قسەيەکی خۆشی ئەم سەردەمە هەيە لە بارەی خانی خورماوە، جاران کەسێ چاکە و کردەوەيەکی ستايشکارانەی بەرامبەر يەکێ بکردايە ئەوا پێی دەگووترايەوە، ماڵت بە خانی خورما بێت، واتە چاکە بێتە ڕێت و هەميشە ماڵت تام و بۆنی شيرينی بدات و ناخۆشی نەيەتە ڕێت، ئێستا دوای ئەوەی خانی خورما درايە بەر موشەکی ئێرانی کەس ناڵێ ماڵت بە خانی خورما بێت، ئەگەر بڵێتيش بە واتا ماڵت بەر موشەک بکەوێ و کاول بێت، تەواو پێچەوانەی رابردووە. کابرايەکی بە تەمەن هەبوو لەم چەند ساڵی رابردوو کۆچی دوایی کرد، هەر کەسێ چاکەی لە گەڵ کردبا ئەو هەر دەيگووت ماڵت بەخانی خورما بێت .

دياسپۆرا