فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سەردەمی کەریم کابان… وانەیەک بۆ هەمووان

سەردەمی كەریم كابان….وانەیەك بۆ هەمووان

 

د. ئامانج غازی /  مامۆستای زانکۆ وڕەخنەگری مۆسیقا

ئەمڕۆ (١٢) ساڵ بەسەر ئەم نووسینەم تێدەپەڕێ، ئارەزوومکرد لەگەڵ ئێوەی ئازیز و خوێنەری تامەزرۆ دووباره بەشی بکەم.

  1. (مەکسیم گۆركی) لە دوای تەمەنی 40 ساڵیەوە، رۆمانی (دایك) شاكارە ئەدەبییەكەی بە مەرامی ئەوەوە نووسی كە بە هەموومان بڵێ: مرۆڤ ئا لەو سەردەمەدا نابێ بۆ خۆی بژی!! بەڵكو بەو هیوایە ژیانی بڕ بكا و بەردەوام بێ كە بۆ هەمیشە سروشت لانكەزای سرووشیەکانیبێ!!

مرۆڤی مەزن كاتێ‌ لە سەردەمە جەنجاڵەكانیشدا بە هێمنی بیر دەكاتەوە، ئا لەو ساتانەدا (كابان) ئاسا دەبینرێ‌ و پلە و پایەی (كابان) ی هونەرمەندی پێ ڕەوا دەبیندرێ‌.

كۆمەلێ میلۆدی و ئاواز (کابان) شوناس، كە شادەماری پێكهاتەی جەستەی گۆرانی كوردین و لە پەنجەكانی دەستمان تێپەر ناكەن وەك(هەوێن)ێكی بنیاتنەر هەموو ئەو بابەتە (كرچ و كاڵانەی) ڕاماڵی كە ببوونە بەربەستێك لەبەردەم ڕێرەوی كانیاوی هاوچەرخێتی و نوێگەریدا!!

ئا ئەمەیە هونەر كە( شۆنبێرگ) ئاسا منیش لەگەڵیا دەیڵێم :-
(هونەر نابێ بۆ هەموو كۆمەڵگا بێ، گەر وادەرچوو و هەموو كۆمەڵگا لەگەڵیا كەوتنە هەلەكەسەما، ئەوا بابەتی ئەفراندن ئامێز تروسكایی هونەری نابینێ‌)!!

(كابان)ی هونەرمەند كاتێك ئاوازێك بە ناخیا تێپەڕیوە و بە بەردەوامیش لە گوزەركردندابووە و خەریك بووە بگاتە ترۆپكی تەقینەوە ئەو زاتە مەزنە هەستیکردووە كانیاوی رۆحی پر میهرەبانی خۆی هەمیشە لە پەلە قاژێدابووە لەگەڵ خودی ژانگرتووی خۆیەوە!!

لێرەدا پرسیارێک بە بەردەوامی بە پێوە وەستاوەو‌ و دەپرسێ:
ئایا دەكرێ‌ هونەرمەند سەرلەبەری میلۆدی ژیانی خۆی بە قوربانی جەستەیەكی ماندوو و شەكەت بكا؟

بەڵێ(كابان) كردی ….. من لەو ساتە وەختەدا وا هەست دەكەم كە (كابان) ی هونەرمەند بەم شێوەیە دەربڕینەوە هزر و بیرو سرووشی نێو ناخی خۆی بەخشیوەتە هەست و سۆزی یەكە بە یەكەمان :-

(لە ناو جەرگەی كۆنارای ژیاری خۆیدا هەمیشە ئاوێنە ئاسا خۆزگەكانی دەورووبەری خۆی لە واقیعێکی تاڵدا كردووەتە ئاسۆیەك بۆ ئەوەی بتوانێ‌ لە تونێڵی ئەم ژیانە تاریكەدا تروسكاییەك لە نوری( رۆح) ی هونەری خۆی ببەخشێتە شەوە ئەنگوستە چاوەکانی ئەمرۆمان).

گۆرانییە هەڵایساوەکانی هەموو رۆژێ بەبەردەم بینا و دیدە كزەكانماندا گوزەریان كردووەو بە بەردەوامیش بە ئاگاییەکی هونەرییەوە بە بێ ئاوڕدانەوە تێدەپەڕن

 

من دەزانم ئەو بابەتانەی (كەریم كابان) چەندە هونەرمەندیان ئازار داوە و بەبەردەوامیش تا ئەمرۆ وەكو( زام و خۆی) ژیانی دەکولێننەوە، گۆرانییە هەڵایساوەکانی هەموو رۆژێ بەبەردەم بینا و دیدە كزەكانماندا گوزەریان كردووەو بە بەردەوامیش بە ئاگاییەکی هونەرییەوە بە بێ ئاوڕدانەوە تێدەپەڕن.
وەلێ‌ ئەفسووس نەمانتوانی لە عیبرەتی ئاوازەكانی دوێنێی ئەو، ئێستایەكی ئایندە ئامێزی گەشبینیی هونەریی بۆ برەخسێنین!!

بۆیە كاتی بەراوردكارییەكی هونەری لە نێوان میلۆدییەكانی كەریم كابان و ئاوازی هونەرمەندانی تری كورد لە تاراوگە و نێو كوردستانی لەت لەت كراودا دەكەین، هەست بەو حاڵەتە ناهەموار و نەخوازراوە دەكەین كە هونەرمەندان بەگشتی سرووشى ئاوازەكانیان لە هاوچەرخێتی بیركردنەوەیەكی بەتاڵ لە مەعریفەتی ئەفراندن لە شین و شایی، ژان و خەندە، روخسار و ناوەڕۆک چنیوە،.
وەلێ كاتێ‌ گوێچكەی هەستیار گوێبیستی میلۆدیەكی (كابان) ی هونەرمەند دەبێ، دڵ لە ترسی خوێنی فشارهێنەر لە نێو قەدی پەراسووەكانی جەستەی لاوازی هەر هەموومان بەشەرمەوە ترپەكانی خۆی دەبەخشێتە هەناسە سوارەكانمان.

بۆیە حەق وایە لە كەڤاڵ و پانۆرامای ئەمرۆی كوردستاندا مێژووی لە دایكبونی یەكە یەكەی ئاوازەكانی ئەم زاتە داهێنەرە بە نۆتەی ئەبەدی عەرشی سەروەرییە هونەریەكانی ئەو هونەرمەند بێنازە بنەخشێنرێ‌

 

بۆیە لێرەدا لەدایكبوونی مەودایەك لە پانتایی تێگەیشتن و یەكتر خوێندنەوە و بەیەكەوە گرێدانی( دەقی زیندوو-دەنگی زوڵال-میلۆدی لێوانلێو لە ئەزموون) رادەگەیەنرێ‌ و بۆ هەمیشە لە نێو پەڕەگرافی ژیاندا مەحاڵە چیتر هەردوو چەمكی (هونەرو هونەرمەند) لە یەكتر بترازێن و لەباڵای یەكتر جیا بكرێنەوە.

لە دوماهی دەربرینی نەستیی هەستەكانمدا هەست دەكەم سەردەمی (كەریم كابان) خەریكە لە نێو دەست و پەنجە زبراویەكانیدا بە ئارامی نەشونما دەكا.

  1. بۆیە حەق وایە لە كەڤاڵ و پانۆرامای ئەمرۆی كوردستاندا مێژووی لە دایكبونی یەكە یەكەی ئاوازەكانی ئەم زاتە داهێنەرە بە نۆتەی ئەبەدی عەرشی سەروەرییە هونەریەكانی ئەو هونەرمەند بێنازە بنەخشێنرێ‌ و رۆژانی سەخت و دژوارو نەهامەتی هونەرمەندیش هەر لە زێدی لە دایكبوونیەوە، تا دەگاتە پەڕینەوە بۆ ئەودیوی سنووری بیركردنەوەی هەر هەموومان بکرێتە وانەیەك كە بەڕاستی وانەی پر عیبرەت و پەندی هونەری بێ بۆ هەموومان، بۆ ئەوەی چیتر نەكەوینە نێو داوی خەیاڵی واقیعێكی وەهمئامێز، كە من دڵنیام موزیسییەن و ژەنیاران پێش ئاوازدانەران و گۆرانیبێژانیش پێش شاعیران دەزانن كە كلتووری زیندوو هەمیشە بە پاڵپشتی كەلەپوورێكی زیندووتر دەچێتە نێو مێژوویەكی پرشنگدار، كە بێگومان ئەو مێژووە (كەریم كابان) ی تێدا پەروەردە و دواتریش یاخی بوونی خۆی ڕاگەیاندووە.