فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خۆم و ئەستێرە گەشەکان

خۆم و ئەستێرە گەشەکان

خوێندنەوەی : سەلما تۆما کاکۆ/ شاعیر و نووسەر/ ئەلمانیا

 

بێگومان هەر خزمەتێکی بێ بەرامبەر کاتی بێ ، یا درێژخایەن ، بێ ڕەچاوکردنی جۆر و قەبارەکەی بەیەکێك لە پیرۆزیيە دونیاییەکان ئەژمار دەکرێت و شایانی ڕێزگرتنە، چجا خزمەتێك کە مەودای مانەوەی کراوەبێ و لەناوچوون و کۆتایی نەبێت و دڵخۆشکەری (767) هونەرمەندو شاعیرو عاشقانی وشەو زمان و کتێب بێت .
پڕۆژەی (خۆم وئەستێرە گەشەکانی)
مامۆستا نەجمەدین عەزیز سمایل یەکێکە لەو خزمەتە بێ بەرامبەرانەی کە ژمارەیەکی زۆری ئەدیب و شاعیرو عاشقانی وشەو زمان و هونەرمەندی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی قەفقاس و ڕوسیا بێ جیاوازی ئایین و ڕەگەز و تەمەن و چین و بیروباوەڕی سیاسی جیاواز لێی سوودمەندن وخزمەت بە هەموو خوێنەرێکیش دەکات، کە خولیای زانینی زانیاری لەبارەیانەوە هەبێت یاخود بەنیازی توێژینەوە بێت لەم بابەتانە ، لەڕوانگەی خۆمەوە ئەو پڕۆژەیە وەك یاریگەی تۆپی یاری دەبینم کە هەموو هەوادارانی یاری لەخۆدەگرێت سەرەڕای بوونی جیاوازیيەکان لە ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و وڵات و هەژار و خوا پێداو و زۆری تریش،کە تاکوو ئێستا لە هیچ شوێنێکی تر و بۆ هیچ مەبەستێك ئەو فرە ڕەنگیيەی ئادەمیزاد بەبێ کێشە بوونی نەبووە ،،،،،،، تاکە جیاوازی نێوانیان ئەوەیە کە لە ئەنجامی یارییەکان دۆڕان و بردنەوە هەیە، بەڵام لەم پڕۆژەیە تەنها بردنەوە هەیە و هەرگیز دۆڕان زەفەری پێ نابات .
لەم پڕۆژەیەدا مامۆستا نەجمەدین شاعیرێك نیيە نوقمی قوڵایی دەریای وشە بێت و سەرقاڵی دەرهێنانی مرواریە وشە بێت بۆ ئەوەی ملوانکەیێکی ڕەونەقدار بکاتە گەردەنی شیعر.

لەم پڕۆژەیە تەنها بردنەوە هەیە و هەرگیز دۆڕان زەفەری پێ نابات

 

ڕۆماننووسیش نیيه هەتا نغرۆی ڕووداوەکانی ئەرز و ئاسمان و وێڵی گەڕان بە دوای سەرنجڕاکێشترینیان بێت و لە ئاوێتە کردنی خەیاڵ و ڕاستی
جوانترین ڕۆمان بنووسێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی خوێنەر پەلکێش بکات بۆ خوێندنەوەی.
لەو نووسەرانەيش نیيە کە کێبڕکێیانە لە هەڵبژاردن و نووسینەوەی نایابترین دەق و بابەت لە پێناو بردنەوەی خەڵاتێکی ساڵانە.
هەروەها هونەرمەند و شێوەکاریش نیيە لەهەوڵی پێشکەش کردنی بەرهەمی ناوازە بێ و بەدەم زیاد بوونی ژمارەی هەوادارانی خەیاڵ بیباتەوە .
بەڵکو نەجمەدین عەزیز سمایل وەك هەڵۆ لە لووتکەی چیاکان و بەرزاییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی قەفقاس و دەورووبەریان فڕیوە و چاوی لە ئاشقانی وشە و هونەرمەندانی کوردی گێڕاوە و بەچڕنووکە تیژەکانی خامەی ناو و ژیان و بەرهەمی هەموویانی لە (5633) لاپەڕەی هەر 10) بەرگی ئیسکلۆپیدیای خۆم و ئەستێرە گەشەکانی بەجۆرێك نەخشاندووە کە بۆ هەتا هەتایە ئاسەواریان هەربمێنێ و لە شاڵاوی لەبیرچوونەوە بیانپارێن
هەر لە دەستپێکی نووسینەوەی ئەو بەرگانە توانیویەتی سەرنجی خامە بەرزەکان بۆ کارە جوانەکەی ڕابکێشێ و بەخۆشحاڵیيەوە درێغی نەکەن لەنووسینی پێشەکيیەکی شایان بە هەر بەرگێك ، لەوانەيش
(نازم دڵبەند، هیوا سەرهەنگ، فەرهاد شاکەلی، سەربەست بامەڕنی، مومتاز حەیدەری، ڕێبوار سیوەیلی، کەژاڵ ئەحمەد، فەرهاد عەونی، عەبدولڕەحمان مزووری، جان دۆست ) .

ئەو ڕەخنانە هیچیان لەپیرۆزی و گەورەیی پڕۆژەی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)  کەم ناکەنەوە

لە دوا بەرگیش مامۆستا (عوسمان پیرداود) ی نەخشە ساز و دیزاینەر بۆ ئاسانکاری لە گەڕان بە دوای هەر ناوێك جوانترین کاری (بیبلۆگرافیا)ی ئەنجامداوە بە پۆلێنکردنی ناوەکانی هەر (10) بەرگە کە بەگوێرەی پیت و دیارکردنی ژمارەی بەرگ و لاپەڕەکان .
ڕەنگە ئەو پڕۆژەیەی مامۆستا نەجمەدینیش وەك هەر پڕۆژەیەکی تری ئەدەبی بەدوور نەبێ لەڕەخنەی ڕەخنەگران چ لەبەر ناونانی بەرگی دووەمی بەناوی (من و ئەستێرە گەشەکان) و دواتر دووبارە گۆڕینی بۆ (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)، چ لە ڕووی پۆلێن کردنی زۆر لەو ناوانەی کە ناویان لەو پڕۆژەیەدا هاتووە بە ( ئەستێرە) و ڕەنگە شایان نەبن گوایا هیچ بەرهەمێکی چاپ کراویان نیيە، بۆ ئەوەيش مامۆستا ڕوونکردنەوەی داوە و هەردووکیانیش بە ڕاوێژ کردن بووە لەگەڵ کەسانی پسۆڕ و خاوەن ئەزموون کە (خۆم ) یان بەگونجاوتر لە (من) زانیوە و بەرهەمی چاپکراویشیان نەکردۆتە پێوەر بۆ چالاکی و لێهاتوویی بۆ بوونیان بە ئەستێرە، یاخود ڕەخنەی بابەتی تری لابەلا، بەڵام ئەو ڕەخنانە هیچیان لەپیرۆزی و گەورەیی ئەو پڕۆژەیە کەم ناکەنەوە و بەڵکوو کەسانێکی زۆریش هەن لە دڵەوە نیگەرانن کە لەبەر باری دارایی نەتوانراوە بەردەوامی زیاتر بە پڕۆژەکە بدرێ هەتا ژمارەیيەکی زیاتری لێ سوودمەندبن .
لەوانەیە بوترێ ئەم پڕۆژەیە هیچی نوێ، نەخستۆتە بەرچاوان و پێشتریش کاری وا کراوە و تەنه کۆکردنەوە و داڕشتنی زانیاريیەکانە، بەڵام دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێ کە ئەو کۆکردنەوە و داڕشتنە بێ ئەرك و ماندووبوون نەبووە و بەرهەمی نزیکەی سێ ساڵەی شەونخوونی و هیلاکی و سەرقاڵی خۆی و خێزانەکەیەتی، جگە لەو بڕە پارە زۆرەی لێی خەرج کردووە تا گەیشتۆتە ڕادەی فرۆشتنی زێڕی( نەسرین خان)ی خێزانی کە گەورەترین پاڵپشتی بووە لەکاتێکدا زۆر کەس توانای چاپکردنی کتێبێکی خۆی نيیە، بۆیە دەکرێ بوترێ ئەو پڕۆژەیە لەلایەنی تێچوون و ئەرك زۆر گەورەترە لە کاری تاکە کەسی هەرچەندە مامۆستا (بەهادین جەلال مستەفا) لە هەڵەگری و پێداچوونەوەی زمانەوانی و مامۆستا (عوسمان پیرداود) لەنەخشە سازی بەرگ و سەرپەرشتی چاپ ڕۆڵێکی تەواویان هەبووە، بەڵام زیاتر خۆی لە ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەبینێتەوە و زۆریش گرنگە وەك ڕێزلێنانێك بەهەند وەربگیرێت و لەپاداشتکردنی درێغی نەکرێت .

گرنگە هەوڵی وەرگێڕانی بۆسەر زمانەکانی تریش بدرێت

شایانی باسە ئەوەی ئەو پڕۆژەیە لەهاوشێوەکانی پێشتر جیا دەکاتەوە، بەرزی ڕێژەی ڕاستی و تەواوی زانیاریيەکانە چونکە زۆربەی ئەو کەسانەی ناویان تێیدا هاتووە خۆیان یاخود شایەتحاڵەکانیان لەژیاندا ماون و هەموو ناڕاستیيەك ڕەت دەکەنەوە .
هەروەها گرنگە هەوڵی وەرگێڕانی بۆسەر زمانەکانی تریش بدرێت بۆ ئەوەی گەلانی تریش لە قەبارەی ئەو بوارە هونەری و ڕۆشنبیريیەی کوردان بگەن، کە سەرەڕای چەوساندنەوە و نەهامەتیيەکانیان ئاستێکی بەرز و پێشچاوی تۆمار کردووە .
بەبۆچوونی خۆم ڕەنگە گەر بەشێوازێکی تر کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە کرابا سەرکەوتنێکی زیاتری بە خۆوە دەدیت، وەك ئامادەکاری پێشتر لە کۆکردنەوەی ناوەکان و زانیاريیەکان ئینجا پۆلين کردنیان بە تێکڕایی (معدل) ساڵەکان یا بەگوێرەی تایبەتمەندیان لە بوارەکە هەتا لە ئەنجامدا ئامارێکی دروستی هەر بوارێك لەبەردەستبا، بەڵام بێگومان ئەمەيش سەختی کارەکەی زیاتر دەکرد و کاتێکی زیاتری دەویست
هەمیشە سەرکەوتوو بێ مامۆستا نەجمەدین لە دەوڵەمەندتر کردنی کتێبخانەی کوردی و دەستی وەفاداری و خەمخۆری خۆی و نەسرین خانی خێزانی
بۆ ئەدەب و هونەری کوردی خۆشبێ و هەرگیز لەو خۆشەویستیەیان کەم نەبێتەوە .