فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سەدەکانی ناڤین / فەلسەفە و تیۆلۆژی 

سەدەکانی ناڤین / فەلسەفە و تیۆلۆژی

د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم

لە ئاخرو ئۆخری سەدەی چوارەم و دەستپێکی سەدەی پێنجەم ، گۆڕانکاری گەورە لە گشت بوارەکانی ئەوڕوپا دا ڕوویاندا، کولتووری کۆن هەتا دەهات بەرەو دواوە دەچوو ، گروپە گێرمانییەکان خێراتر خۆیان دەخزاندە ناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆم ، ئایینی مەسیحایەتی جێگای بەهێزتر دەبوو . ململانێیە ناوخۆکانی ناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆم زیاتر دەبوون ، لەدەرەنجامدا ، مەملەکەتی ڕۆم بوو بە دوو بەشەوە / ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ، ڕۆمیش وەک ناوەندی ڕۆژاوا مایەوە . ساڵی ٤٧٦ یش مەملەکەتی رۆژاوا هەڵوەشایەوە ، لێ بێزەنتی مایەوە ، کە کۆستەنتیلپۆل پایتەختەکەی بوو ، لێ ساڵی ١٤٥٣ لەلایەن تورکە عۆسمانیەکانەوە گیرا و بوو بە ئەستەنبۆلی پایتەخت . ئەو ماوە مێژوویەش بە سەدەکانی ناڤینی ئەوڕوپی پێناسەدەکرێت. لە ڕووی هزری -فەلسەفی و کولتووریشەوە ، دەکرێت ساڵی ٥٢٩ بە قۆناغی سەدەکانی ناڤین بناسرێت ، چونکە لەو کاتەدا ئیمپراتۆر یوستینیۆس سەرجەم قوتابخانە فەلسەفییەکانی داخست و لەبری ئەوان دا، ئایینی مەسیحایەتی جێگای گرتەوە . کەنیسەکان دامەزران و بوون بە ناوەندی گرنگ و بڕیاردەری ڕۆحی . هەر لەو سەردەمەشدا، ئایینی مەسیحی بە هەموو ئەوڕوپا دا بڵاوبۆوە ، هەر چەندە لە شارۆچکە کۆنەکان مەسیحایەتی هەبوو، بەڵام لێرەوە قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات.
ئیمپراتۆر یوستینیۆس سەرجەم قوتابخانە فەلسەفییەکانی داخست و لەبری ئەوان دا ، ئایینی مەسیحایەتی جێگای گرتەوە
هەر چەندە لە سەرەتادا ، بە تایبەتی لە سەردەمی کۆنستەنتین مەسیحایەتی و ئایینەکانی تر هاوشانی یەک دەچوونەپێشەوە ، لێ پاشان ڕەوشەکە گۆڕا ، ئەو ماوەیەش نزیکەی سەد ساڵێکی خایاند ، هەتا مەسیحایەتی بوو بە ئایینی ڕەسمی دەوڵەت . لە ماوەی حوکمڕانی مەسیحایەتی دا ، فەلسەفە لە پاشەکشەی خۆی دابوو ، بۆ مانەوەی خۆیشی دەبوو خۆی لەگەڵ ئاییندا بگونجێنێت ، هەر بۆیە لە دەستپێک دا بوو بە خزمەتکاری ئایین ، لێ پاشان لە سەردەمی سکۆلاستیک دا وەرچەرخانێکی تری بە خۆیەوە بینی . پەیوەندی نێوان باوەڕ و زانین بەردەوام بوو ، بەڵام دەبوو تیۆری باوەڕ باڵادەست بێت ، نەک بە پێچەوانەوە. لەو قۆناغە سەختەشدا ، فەلسەفە لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ فەلسەفەی کۆن دا نەکەوت ، لێ شێواز و کاتەکان جیان ، هەندێک کات ، ئەفلاتۆنیزم ، نیۆئەفلاتۆنیزم ، هەندێک جار ئەرستۆتالیزم . یەکێک لەو هزرمەند و فەیلەسوفانەی، کە بوو بە پردێک لە نێوان هزری فەلسەفی کۆن و ئایینی مەسیحایەتی ، ئەوگۆستینۆس بوو ، کە ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەبوو بۆ سەدەکانی ناڤینی ئەوڕوپا. ناوبراو خاوەنی شاکاری دیارە / دانپێدانانەکان ، بنەمای هزری ئەویش لە هزری ئەفلاتۆن و نیۆئەفلاتۆنیزمەوە سەرچاوەدەگرێت .
ئەوگۆستینۆس توانی تیۆری هزریی ئەفڵاتۆن لەگەڵ حیکایەتی خاڵق و خوڵقاندن بخاتە ناو نووسراوە پیرۆزەکانی مەسیحایەتی . سەرچاوەی شەڕ و خراپەکاریش بۆ دونیاو مرۆڤ دەباتەوە
هەر لە هزری نیۆئەفلاتۆنیزمەوە هزری بنەچەی خوایی و هەموو دونیایی وەرگرت و هزری ئەفلاتۆنیش دەکات بە دوو بەشەوە ، رۆحی خوایی و ڕۆحی دونیایی ، شاری خوایی و شاری دونیایی . ئا بەم شێوەیە، ئەوگۆستینۆس توانی تیۆری هزریی ئەفڵاتۆن لەگەڵ حیکایەتی خاڵق و خوڵقاندن بخاتە ناو نووسراوە پیرۆزەکانی مەسیحایەتی . سەرچاوەی شەڕ و خراپەکاریش بۆ دونیاو مرۆڤ دەباتەوە ، نەک خوایی ، ئەوەش لە هزری نیۆئەفلاتۆنیزمەوە وەرگیراوە . هزرمەند هەموو ئاڕاستەی بیرکردنەوەی خۆی بۆ خوا دەباتەوە و دەقەکانی مەسیحایەتیش بە ڕاست دەزانێت ، بە مەرجێک لە ڕێگای باوەڕ ، یا ئەقل و هۆشیاری دا پراکتیزە بکرێن . ناوبراو ئەقل و باوەڕی مەسیحایەتی لێکدانابڕێت ، باوەریش لە مانای ئەقل دەگات ، چونکە هەموو ئەقل و هۆشیارییەک پێویستە بۆ باوەڕ و خواپەرستی بێت ، نەک بە پێچەوانەوە . ڕێگای گەیشتن بە خواش لە ڕێگای ڕۆح و ئەقلەوە دەبێت . مرۆڤ دەبێت گومان لە ڕاستی جیهانی دەرەوە و هەستەکان دا بکات ، چونکە لە ڕێگای ئەو گومانەوە بە هۆشیاری و ڕاستی دەگات – خوا . هەتا مرۆ لە جیهانی ناوەوەی خۆی دا تێبگات ، ئەوەندە زیاتر لە ڕاستییەکان نزیکتر دەبێتەوە ، غەریزە و هۆشیاریش لە پێوەندی دان ، دیوی ناوەوەی مرۆڤیش هۆشیاری خوای تێدایە ، چونکە خوا مرۆڤی خولقاندووە و لە ڕێگای جۆراو جۆردا دەیباتەوە و پاشانیش دەیخاتە بەردەم دادگای چاکە و خراپی ، ئیمان و نا ئیمانداری .
هەتا مرۆ لە جیهانی ناوەوەی خۆی تێبگات ، ئەوەندە زیاتر لە ڕاستییەکان نزیکتر دەبێتەوە
سەدەکانی ناڤینی ئەوڕوپیش بەسەر سێ قۆناغی جیادا دابەشدەکرێت ، قۆناغی یەکەم / ئەوگۆستینۆس ، دووەم سکۆلاتیک و سێیەم سکۆلاتیکی بەرز . لە دوا قۆناغ دا / تۆماسی ئەکینۆ ڕابەرایەتی دەکات . هزری فەلسەفی ئەفلاتۆن و ئەرستۆش لە ململانێ دا دەبن ، ئەم دیاردە مێژوویی و هزرییەش لە سەدەکانی ناڤینی عەرەبی _ ئیسلامیشدا بەدیدەکرێت ، کە ئایینی ئیسلام دەبێتە ئایینی سەدەکانی ناڤین و دەستپێکی خورتبوونی سەدەکانی ناڤینی کۆمەڵگا ” ئیسلامییەکان ” ، ئەو قۆناغەش بە شێواز و ئاستی جیاواز هەتا ئەمڕۆکەش بەردەوامە ، چونکە هێشتا پڕۆسەی ڕۆشنگەریی تەواو نەبووە و کۆمەڵگاکانیش بە تەواوی نەچوونەتە مۆدێڕنیتێتەوە ، ململانێی نێوان کۆن و نوێش بەردەوامە .