فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گرفتار کاکەیی بۆ دیاسپۆرا: خەڵاتی یەکەمم بەدەستهێناوە، بەداخەوە لە کوردستان بایەخ بە کاریکاتێر نادرێت

گرفتار کاکەیی بۆ دیاسپۆرا: خەڵاتی یەکەمم بەدەستهێناوە، بەداخەوە لە کوردستان بایەخ بە کاریکاتێر نادرێت

ئامادەکردنی پەیامنێری دیاسپۆرا/  بابێ سەفین/ ئەمەریکا

 

ناوەندی  ٧ڕەنگ  بەسەرپەرشتی (بەختیار سەعید) لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ساڵانە ئەم پێشبڕکێیە سازدەکات و ئەمساڵ دەبێتە پێنجەمین دیدار.  پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین ئەم دیدارە، دیدارێکی نێودەوڵەتییە و ژمارەیەکی زۆری کاریکاتێرستانی جیهان بەشداری تێدا دەکەن. ئەمساڵ ئەم دیدارە بەهاوکاریی بەڕێوبەرایەتی هونەری شێوەکاری لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت و تایبەتە بە نمایشی پۆرترێت بۆ نووسەری گەورەی کورد (یەشار کەماڵ) و شایانی گووتنە خەڵات بەسەر براوەی یەکەم و دووەم و سێیەمی ئەم دیدارە دابەش دەکرێت. لەم دیدارە زیاتر لە چل وڵات بەشدارن دەکەن.

بەداخەوە ئەم هونەری کاریکاتێر کە هونەرێکی سەردەمیانە و جیهانییە بە پێی پێویست لە کوردستان بایەخی پێنەدراوە

 

بەپێی زانیارییەکانی هونەرمەند (گرفتار کاکەیی)  ئەو بەرهەمە هونەریانەی بۆ ئەم دیدارە دەنێردرێت، دوای تیروپشک و هەڵبژاردنی کارە سەرکەوتووەکان لە   ٢٦-٥- ٢٠٢٤  کاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ لە هۆڵی مۆزەخانەی شاری سلێمانی نمایش دەکرێن و ئەم پێشانگەیە سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت

لە ماڵپەڕی دیاسپۆرا لە پرسیارێکی خێرا لەبارەی ئەوەی   کاریکارتێریست (گرفتار کاکەیی) کە ئێستا لە ئەلمانیا دەژیت و خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێناوە، پێی ڕاگەیاندین کە: بەڵێ لەم پێشبڕکێیەدا من ئەمساڵ خەڵاتی یەکەمم بەدەستهێناوە، ئەمەش خۆشحاڵم دەکات. لەدرێژەی قسەکانی لەبارەی هونەری کاریکارتێر گووتی: بەداخەوە ئەم هونەرە سەردەمیی و جیهانییە وەکو پێویست لە کوردستان بایەخی پێنەدراوە. بۆ نموونە دەبوایە ئەم جۆرە پێشبڕکێ و دیدارانە فراوانتر بکرێن و لەئاستی پایتەخت و هەرێمی کوردستان بایەخی پێ بدرایە. هەروا دەبێت گۆڤاری کاریکاتێری سەربەخۆ و ئازادمان هەبێت. بەداخەوە بۆ گۆڤاری گەپ کە داخراوە و گۆڤاێکی زۆر باش بوو، هەروا بەداخەوە بۆ گۆڤاری سیخورمە کە چەندین ساڵە هەر بە کوالێتێکی نزمەوە چاپ دەکرێت.

خۆزگە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بەرهەمی کاریکاتێرستانی خۆمانەیان بڵاودەکردە و وازیان لە کاریکاتێری هاوردەی بیانی لەڕێگەی ئەنتەرنێت دەهێنا

 

لەتەک ئەوەشدا (گرفتار کاکەیی) هەم خۆزگەی هەیە و هەم پێشنیار و داوا و دەڵێت: خۆزگە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بەرهەمی کاریکاتێرستانی خۆمانەیان بڵاودەکردە و وازیان لە کاریکاتێری هاوردەی بیانی لەڕێگەی ئەنتەرنێت دەهێنا و دەبوایە پارەی باش بۆ بەرهەمە کاریکاتێرییەکانی خۆمان خەرج بکەن.

 

جێگەی ئاماژەیە ئەم هونەرمەندە کوردە کە چەند ساڵێکە لە تاراوگە دەژیت و لێرەش درێژەی بە کارە هونەرییەکانی و نووسین داوە و بە گرنگییەوە لە ئاسۆی ئەم هونەرە کاریگەرە دەڕوانێت.  (گرفتار کاکەیی) لە هەشتاکانی سەدەی بیستەوە لەپاڵ وێنەکێشان وردە وردە کاریکاتێریشی کردووە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ بەرهەمە کاریکاتێرییەکانی لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە.  تاکو ئێستا پتر لە بیست و یەک پێشانگای تایبەتی لە هەرێمی کوردستان و ئێران و ئەڵمانیا کردووەتەوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی لەم هەڤپەیڤینە خێرایە پێی ڕاگەیاندین کە: “بەشداری سەدان پێشانگەی نێودەوڵەتی لە دەیان وڵاتی جیهان کردووە”.

بەشداری سەدان پێشانگەی نێودەوڵەتی لە دەیان وڵاتی جیهان کردووە

 

ئەوەی ئێمە لەنزیکەوە دەیناسین، کەسێکی ورد و جددیە لەکاری هونەری و بایەخ بە هونەری (ساز و عود دەدات و شارەزای ژەنینی ئەم ئامێرانەیە و ئاواز دادەنێت، شیعر و چیرۆک دەنووسێت. خۆشی پێی گوتین کە:  “تاکو ئێستا یانزدە بەرهەمی چاپ کردووە، کە بریتین لە شیعر و چیرۆک و وەرگێڕان و کاتەلۆکی هونەریی و کۆمکس و نامیلکە و بەرهەمی کاریکاتێریی”.

وەکو ئاشکرایە ڕۆژنامەگەری کوردی زۆر کەم بایەخ بەم هونەرە کاریگەر و سەردەمیانە دەدات، وەکو بابەتێکی لاوەکی مامەڵە لەگەڵ هونەری کاریکاتێر دەکات، لەکاتێکدا کاریکاتێر پێگە و هێز و کاریگەرییەکی یەکجاری زۆری لەبوارە هەمەجۆرەکان بەدەستهێناوە، ڕۆژنامەگەری بێ کاریکاتێر بە کارێکی ناتەواو دادەنرێت. (گرفتار کاکەیی) لەتەک پاراستنی ڕەسانەیەتی خەونی بەجیهانبوونی هەیە و دەیەوێت لەڕێگەی هونەرەکەیەوە نەک هەر خۆی بەڵکو نێوبانگی کوردیش بەرەو دەرەوەی جیهانی داخراوی کوردستان ببات.