فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مەسحەفا ڕوون

مەسحەفا ڕوون

ڕەسووڵ سوڵتانی/ شاعیر و وەرگێڕ/ کەنەدا

شیکردنەوەی چەند بەشێک لەو شیعرەی لە خوارەوەی ئەم نووسینە دامناوە:
هەڵسەنگێنەری ئەدەبی یان بە واتا باوەکەی ڕەخنەگری ئەدەبی ئەو کەسەیە کە دەبێتە پردی پەیوەندیی نێوان دەق و خوێنەر. لەم کورتە شیکردنەوەیەدا دەمەوێ تیشک بخەمە سەر چەند دێڕێک لە شیعری )مەسحەفا ڕوون( نووسینی یونس ڕەزایی.
مەسحەفا ڕوون
سەردێڕی ئەم شیعرە، كۆدی كۆی شیعرەكەیە.
مەسحەف، كتێبی ئیزدییەكانە. لەو كتێبەدا وەكوو تەوڕات و ئینجیل و قورئان باسی ڕۆژی خوڵقان كراوە. باسی تاریكی و ڕووناكی. ناوی شیعرەكە ڕێك شۆڕاوگەی بەستووەتە نێو دێڕی یەكەمەوە (ئایینی تاوس) و لەوێوە تا كۆتایی بەبێ ئەوەی هەست بە دابڕانێكی واتایی بكەی… مەسحەف و تاوس و پەرستگە و مار و تەمبوور
چوار پەنجەرەكە چین؟ لە ئایینی ئێزدییەكاندا باوەڕیان بە چوار بنەما هەیە، (ڕاستی، پاكی، نیستی، ڕەدا) هەر كام لەو بنەمایانە فەلسەفەیەكی ژیان دەڵێنەوە. وەكوو ئەو ڕوكن و كۆڵەكانەی لە ئایینی ئیسلامدا هەن. خودا، پێغەمبەر، قورئان، ڕۆژی قیامەت(معاد/زیندووبوونەوە).
پەنجەرەی یەكەم، ڕاستییە. ژوورەوەی پڕ بوو لە ڕووتیی فانووس
فانووس لە شەودا دادەگیرسێ. ڕووناككەرەوەیە. ڕاستی و دروستكاری واتە بە قەولی كانت، ئەوەندە شەفاف بی، هەموو كەس وەكوو شووشەیەكی ڕوون دیواودەر ناخت ببینن. ناخی مرۆڤ ئەگەر بە چرای ڕاستی ڕووناك نەبێتەوە تاریكە.
دووەمیان پاكییە و درێژەی ڕاستی. ئەوەنییە دەڵێ پاك و بێگەردتر لە ڕێواس… چرای ڕاستییەكە، فانووسی ڕاستییەكە واتە دڵ، ئەوەندە بێگەردە كە زمانی پاسارییەكانی تێدا دەخوێنیتەوە.
پەنجەرەی سێیەم، “نیستی لە ئایینی یارساندا واتە خاكەڕایی تا ئاستێك كە هەرچی خۆپەرستییە لەخۆتدا كوشتبێتت”.
پەنجەرەی سێ
خاكەڕایە
ڕێز دادەنێ بۆ شنەی وەرزێكی غەریب…..
پەنجەرەی چوارەم “ڕەدا واتە بسووتێ تا شەوی خەڵكی ڕووناك بكەیەوە” واتە بە ئازاری خۆت ژیانی خەڵك شیرین بكەی. چیمان بیر دەخاتەوە؟ پێشمەرگە، بە مەرگی خۆی ئازادی بۆ میللەتەكەی بەرهەم دێنێ. بە پێشوازی مەرگەوە دەچێ بۆ ئەوەی ژیان و جوانی و ئاشتی بپارێزێ.
چەند دێڕێك خوارتر سەیر كەن دەڵێ:
پەنجەرەی چوارەم
جلكێكی لەبەردایە
هاوڕەنگی خاك
هاودەنگی با
هاوڕێی ڕووبار
جا سێ ڕەگەزی خاك و و با و ڕووبار بە ڕەنگ و دەنگ و هاوڕێیەتییەوە شی بكەیەوە كتێبێكی دەوێ. جلی پێشمەرگە خاكییە و پێشمەرگە بە خاكیپۆش بە ناوبانگە و هاوكات هێمای خاكەڕاییە. با و ڕووبار هێمای نەوەستانن و ئاو هێمای ژیان…
تۆ بكرێوە بە ڕووی باخێكدا سێوی قەدەغەی لێ نەبێ/ هەموو ژنان چەپكێك گەنم بە دەستەوە/جوانی بچێنن و ڕووت ببنەوە لە دوێنێ
بەهەشتەكەی حەوامان بیر ناخاتەوە؟ لە بەرانبەر ئەو دۆزەخەی ئێستا ژنانی تێدان؟
من دەكرێمەوە بەرەو شاخێك/ دوو ڕێواس لەسەر دەنگی كەوێك شین دەبن/ پۆلێك باڵندەش/ڕوو لە جەماوەر دەژین/ كە بە دەمارەكانی شاردا ستایشی مۆم دەكەن
ئەوەش پێشمەرگەی شار و شاخ
هەر ئەوەندەی شی دەكەمەوە.

دەقی شیعرکە

مەسحەفا روون

یونس ڕەزایی

لەسەر ئایینی تاوس بووی
ئەو ئێوارەیەی ئایەتێکت لە تەنیایی خوێندەوە.
منیش بەدیار وێنەی پەرستگەیەکەوە
لە خەونی مارەکانم دەڕوانی
لە دەنگی تەمبوورێکیش
کە لە چاوت دا هەڵوەدا.
چوار پەنجەرە
لە شەقامی باڵندەوە هەڵفڕیون
یەکیان
ژوورێی پڕ بوو لە رووتیی فانووسێک
دەرەوەشی هەتا دوورەدەست باران بوو
پاک و بێگەردتر لە رێواس
دووەمیان
بە رێگای بەیبوون دا دەڕوا
شووشەکانی
دەبنە ئاوێنەی زمانی پاسارییەکان
راستیی پلەی رووناکی ژنان دەزانێ
تاریکی پلەی نیگایەکیش
دوور لە باغچە بێ
پەنجەرەی سێ
خاکەڕایە
رێز دادەنێ بۆ شنەی وەرزێکی غەریب
هاونشینی سەوزییەکانی سەر سفرەیە و
شین دەگێڕێ بۆ کۆتایی تەمەنی چڵێک زیندەوەر
رۆژێک سەوزایی ژیابێ
سەری رێزیش دەچەمێنێ بۆ رووبارێک؛
پەنجەمۆری کردووە وڵات.
بۆ کانییەک
لە فەلەکەی شارەکان دا هەڵقوڵیوە.
پەنجەرەی چوارەم
پیر بووە
نیگای لێڵ دەبینێ جیهان.
خەمی چاوی کزی سنەوبەرێک
چڵێک لە نیگای لێڵ دەکا.
خەفەتی زامی سەر لەشی بەردێک
وە بیر هێنانەوەی سێوێک
لە دەمەدەمی وەرین دا
دیتنی شەقامێک
ئەوکاتەی خاپووری پێی دا رادەبرێ
ماتی دەکا
پەنجەرەی چوارەم
جلکێکی لەبەردایە
هاورەنگی خاک
هاودەنگی با
هاورێی رووبار
وەرە پێکەوە بێینە سەر بیرۆکەی ئەو هەمووە پەنجەرە گەڕۆکە
ئەتۆ بکرێوە بەرووی باخێکدا
سێوی قەدەغەی لێ نەبێ
هەموو ژنان چەپکێک گەنم بەدەستەوە
جوانیی بچێنن و رووت ببنەوە لە دوێنێ
من دەکرێمەوە بەرەو شاخێک
دوو رێواس
لەسەر دەنگی کەوێک شین دەبن
چەند بەڕوو پڕ دەبن لە نهێنی رەوەز
پۆلێک باڵندەش
روو لە جەماوەرێک دەژین
کە بەدەمارەکانی شاردا ستایشی مۆم دەکەن
لەسەر ئایینی پرسیارێک
گومان دەکەین لە تاریکی و
لە کۆتایی هەموو رستەیەک دا
چرایەک دادەگیرسێنن
رێگا تا کۆتایی
پڕا و پڕە لە کچ
لە ئاوارە بوون مەترسە.