شێعری شار:
ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە گەڵ ئۆتیسمی دیالێکتیک و ئۆستوورەپەرەستی ئێپیدیمیک
عەبدولقادر نیازی/ شاعیر و ڕەخنەگر/مەهاباد
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
جیهانی ئەوڕۆ جیهانێکی فرەدەنگ و فرەفەزایە و ئاساییە کە خوتخوتەی ڕاهاتن لە گەڵ ئەو بارودۆخە، وادەخوازێ، هەربەپێی هەل ومەرجەکانی ئەوبارودۆخە بێ. شێعر یەکێ لەوفاکتۆرگەلەیە کە بەهۆی ماهییەتی زمانی خۆی و هەروەها زاوزێ کردنی زمان بۆی هەیە ئەو فەزا هەمە ڕەنگەی شار ڕاگوێزی دونیای لایبرێنتی خۆی بکا. لە وەها فەزایەکی پلۆڕاڵ دا زەروورەتی گەشەی زمانی پتر لە هەموو فاکتەرێک هەستی پێ دەکرێ کەئەرکی ڕاگوێستنی ئەو فەزاشاراوییەی پێ بسپێردرێ. ئەوەیکە لە بەدی هێنانی ئەو فەزایەدا و ڕاگوێز کردنی بەرەو بەستەر و پانتای شێعردەبێ چ تەمهیداتێک بکرێ، گرینگایەتییەکی ئەوتۆی هەیە، وەلی ئەو فەزا فرە دەنگ و فرە ڕەهەندە دەبێ بەچ شێوەیەک لەشێعری کوردی دا ڕەنگ بداتەوە؟ بەر لە هەموو شتێک دەبێ دان بەوە دا بێنین کە کورد هێشتا تەجرەبەیەکی ئەوتۆی مەعریفی و شوێن-کاتی(تجربەزیستە) بە نیسبەت شار دا یا نەبووە یا ئەگەر زۆر بە تەساموح و ئیغمازەوە لێی بڕواندرێ، دەردەکەوێ کە بەدەگمەن لە فەزای نێو خۆی دا توانیوێتی ئەوفەزایە بە شێوەیەکی کۆنکرێت بەدی یا هەست پێ بکا و ئەوەی تائێستاش توانیوێتی تا ڕادەیەک زەینییەتی شار وەک پڕەنسیپێک بێنێتە ئاراوە بێ شک قەرزاری هەندێ ڕەچەڵەکی شێعری بووە کە لەم دواییانەدا لە پانتای ئەدەبی کوردی دا سەریان هەڵ داوە. لەو نێوەش دا ناکرێ باس لەئەدەبی تاراوگە یا شێعری دیاسپۆڕا نەکرێ، کە تاڕادەیەک ئەو ئەرکەی ڕاپەڕاندووە. هەر چەند باسی ئێمە لێرەدا تاراوگە و دیاسپۆڕا و ئەدەبی تاراوگە نییە، بەڵام نکۆڵی لەوەش ناکرێ کەئەدەبی تاراوگەش هێشتا بەو شێوەیەی پێویستە نەیتوانیوە خۆی لەبازنەی ناسیۆنالیزم و دڵداری و غوربەت و نۆستالۆژی دەرباوێ ، لە بەر ئەوەیکە خۆی خوڵقاوی ئەو فەزا سیاسی و ناسیۆنالیستی و نۆستالۆژیکە بووە کە باڵی بەسەر کۆمەڵگای کورد دا کێشاوەو ڕێگای خوێندنەوەی نوێ ودەرخستنی هەلە ڕەخساوەکانی لێ گیراوە. جودا لەفاکتەرەسیاسی وکۆمەڵایەتییەکان ، دەکرێ دیاردەی سایکۆلۆژیکیش وەک یکێ لەسەرەکیترین هۆی سەرهەڵدانی ئەو قەیرانەبێنینەئاراوە.ئەوەیکە هۆکاری سیاسی و قەیرانی ئابووری وکۆمەڵایەتی چەندەبۆتە هۆی سەرهەڵدانی کۆچبەری وتاراوگە ودیاسپۆڕا ، ئەوەندەش هۆکارەسایکۆلۆژییەکان بوونەتە هۆی ئەوەیکە ئەدەبی تاراوگە نەتوانێ لەوقۆناغەی تائێستاتێی دابووە تێ پەڕێ وخۆلەوعەقڵانییەت وهزرەش بەتەواوی بدزێتەوە.
شاریش وەک مەکان وفەزا نەیتوانیوە ببێتە ئۆبژەیەک بۆکوردلەنێوخۆ وتەنانەت لەتاراوگەش
پێویستە ئەوە بگوترێ کە سەرەڕای ئەوەی کوترا، شاریش وەک مەکان وفەزا نەیتوانیوە ببێتە ئۆبژەیەک بۆکوردلەنێوخۆ وتەنانەت لەتاراوگەش، لەلایەکی دیکەشەوە هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەیکە دیالکتیکی شاروشێعر هیچکات نەتوانێ بەوجۆرەی شیاوە خۆ بخزێنێتە ژێرپێستی ئەدەبی کوردی وتوێخی پێ باوێ، هەر بەو پێیە بە پێچەوانەی هەندێ بۆچوون کە لایان وایە چەمکێک بەواتای ئەدەبی کوردی تائێستا دەئارا دا نەبووە وادەردەکەوێ کەلانیکەم ئەدەبی کلاسیکی ئێمە لەو بارەوە تەواو خاوەن شوناس و هۆویەی کوردی بووە لە بەر ئەوەیکە هاوکات لە گەڵ خودی کۆمەڵگای کوردی، نەیتوانیوە چەمکی شار لە نێو خۆی داجێگر ومسۆگەر بکا نە وەک فەزا نە وەک مەکان، ئەو کێشەیە داوێنگری بەشێکی زۆریش لەشێعری نوێ بووە، دیارە لێرەدا مەبەست لەو شێعرانەیە کەتەنیا جەختیان لەسەر گۆڕینی ڕواڵەت و فۆڕماڵی شێعر بووە بێ ئەوەی هەڵگری ناوەرۆک وفەزا و تێماتیکێکی شاری و پۆلی فۆنیک بن. ئەوەی لە ماوەی ئەو دوو دەیەش دا لەلایەن هەندێ بزافی ئەدەبی وەک داکار و بەرەی چوار و نوێترخوازەوە هاتۆتە ئاراوە بێ شک نە حاسڵاتی ئەو دیالکتیکە نێگەتیڤ و سەلبی ونەزۆکە بووە کەکۆمەڵگای کورد و ئەدەبێ کورد هەیان بووە نە لێکەوتەی ئەو غیابە وێران کەرەبووە کەشار بەهەموو موختەساتی خۆی لەهزر وئەدەبی کوردا هەی بووە، بەڵکوو هەر وەک پێشتر وتراوە بەرهەمی دینامیزمی ئەودیالۆگ ودیالکتیکە ئەکتیوە بووە کە خۆی لە گەڵ مێژووی شێعری مۆدێڕن و ئەدەبی جیهانی و یۆنیڤێرساڵ داهەی بووە و بەهۆی قووت نەدرانی لەلایەن کۆمەڵگاوە زۆرجار ڕەفزکراوەتەوە.دەکرێ بوترێ کە بۆ پێکهێنان وچێ کردنی فەزای شار و دیاردەناسی شار لەشێعری کوردی دا پتر لە ئاڕکی تایپ(کهن الگو) و ناخودئاگای گشتی، زەروورەتی حوزوور و پێناسەکردنی ئۆبژەی شار لەزێهنی کورد دا هەستی پێ کراوە ولەلایەن شاعیرانی داهێنەر و نوێخوازەوە ئاراستە کراوە. هەر چەند ئەوە بەمانای پاکتاوکردن و سڕینەوە یا نکۆڵی کردن لەئاڕکی تایپ وناخودئاگای گشتی کورد نییە وەلی ناشکرێ ئۆبژەی شار لەشێعری کوردی دا بەو فاکتەرانە ببەسترێتەوە کە شێعر بەرەو تاک ڕەهەندی و مۆنۆلۆگ پەلکێش دەکەن.کە باس لەشێعری شار دەکرێ بە واتای دامەزراندنی فەزایەکی پۆلی فۆنیک وچەند دەنگ وپلۆڕاڵە کە تێیدا نە ستاتیکای شێعر بە یەک تکنیک دەبەسترێتەوە نە حەقیقەتیش وەک فاکتەرێکی داڕووشاو خۆی بە سەر شێعر دا دەسەپێنێ. ئەوەی گرینگە لە شێعری شار دا ڕەچاو بکرێ، کردەی ستاتیکی و کردەی حەقیقییە
شێعری شار هیچ کات پاشکۆ و دەروەستی بارودۆخی مەوجوود نییە
(امرحقیقی)کە بە نۆبەی خۆیان دەبنە هۆی نزیک بوونەوەی خوێنەر و بەردەنگ لە فیزیک و فۆڕماڵ و فەزای شار و خوڵقانی شار وەک ئۆبژە بە زێهنییەت وبارگراوەندێکی پلۆڕاڵ و مۆدێڕنەوە. لەڕاستی دا خوڵقانی ئەو فەزایە پێویستی بەبیرۆکەیەکی مۆدێڕن هەیە و لەکاناڵی تەوەههومێکی خێڵەکی ودەرەبەگی دا مەحاڵە بەدی بکرێ، لە بەر ئەوەی زاتی هونەری مۆدێڕن بەگشتی و شێعری شار بە تایبەتی وا ئیجاب دەکا کە وەها هەڵس و کەوتێکی لە گەڵ بکرێ. شێعری شار هیچ کات پاشکۆ و دەروەستی بارودۆخی مەوجوود نییە، هەر بەو هۆیەش ئەو بیرۆکەی کە پێی وایە شێعر دەبێ شان بەشانی کۆمەڵگا ماهییەتی خۆی بەدی کا، پاساوناکرێ، نە بە پێی تیۆرییە نوێیەکان، نە بە پێی ئەو بارودۆخە ئانۆمیک و هەڵپەسێراوەی کۆمەڵگای کورد تێی دا ڕایدەبرێ. لەلایەک نە ئەو تێۆر گەلە زمانی و مۆدێڕنە لە پانتای ئەدەبی کورد دا بەتەواوی مسۆگەر کراون لەلایەکی تریشەوە بارگراوەند و بارستایی سوننەتی بوون بەسەر کۆمەڵگای کوردی د اباڵی کێشاوە و لانیکەم تا ئێستا بەرۆکی بە تەواوی بەر نەداوە. ئەوەش وەک پێش تر ئاماژەی پێ کرا یانی ئەوەیکە شێعری شار ناچارە بە گوێرەی مێژووی خۆی دە تەقەللای دیالکتیک و ئاخافتن دا بێ، نەک بە پێی ئەو پاڕامێتر گەلەی کە تا ئێستا سوننەتی شێعری کوردی پێ ڕاهاتووە. ئەوەی دیارە و حاشای لێ ناکرێ
شێعری نوێی کوردی لێی بڕوانم وەک لاوازیی ئەندێشە و عەقڵانییەتی مۆدێڕن و نەبوونی سووژەی هزرمەند دەیهێنمە ئاراوە
شێعری شار لێوڕێژە لە لایبرێنتی نەناسراو کە ڕێگا لە هەر چەشنە فەزایەکی ڕادیکاڵ و سەنتەر خواز دەبەستێ هەر ئەوەش وا دەکا پێوەرەکانی دیاری کردنی ئەمری حەقیقی و ستاتیکی لە خوێنەرێک تاخوێنەرێکی ترجیاواز و دە هەڵکشان وداکشان(نوسان) دابن ئەوە بەرجەستەترین دیاردە و نموودی دێمۆکڕاسی و ئۆتۆپیای وشە و زمانە کە دە شێعری شاردا بۆی هەیە بەدی بکرێ.
تا بەر لە هاتنە ئارای شار وەک ئۆبژەیەکی شوێن دانەر لە دامەزراندی بنەماکانی عەقڵانییەت و ئەندێشەدا، شێعر، نوێ بوونەوەی خۆی ڕەنگە بە پێی هەندێ پاڕامێتری وەک گۆڕینی کێش و سەروا و هەڵکێش داکێشی میسڕەع و بەیت و….پێناسە کرد بێ، ئەوە لەشێعری کوردی دا بەرچاوترە تا شێعری فارسی و بەش بە حاڵی خۆم پتر لە وەیکە وەک ڕەخنەیەک لەدەسپێکی شێعری نوێی کوردی لێی بڕوانم وەک لاوازیی ئەندێشە و عەقڵانییەتی مۆدێڕن و نەبوونی سووژەی هزرمەند دەیهێنمە ئاراوە، هەر بەو هۆیەی کە پێش تر باسی لێ کرا ئەویش غیابی مێکانیزم و ڕوویکەردێکی دیالۆگیکی کۆمەڵگا بوو کە نەبوونی بیرۆکەی مۆدێڕن بۆسازدانی پڕەنسیپە مەعریفییەکانی نوێـــ ـــــ شار خوازی لێکەوتبۆوە. حاشا هەڵنەگرە کە شێعری شار پێویستی بە سووژەی بیر کەرەوە هەیە کە جەسارەتی تەعامول لە گەڵ هەر ئۆبژەیەک لە خۆی دا بەدی بکا، بۆکەشفی ئەو پوتانسییەلەش بەردەوام کەڵک لە زمان وەردەگرێ، بەو پێیە زمان خۆی سووژەیەکی سەرکەش و جەسوورە کە ڕەنگە تا سنوورەکانی لە ناو چوون هەلی خۆ ناسین و بلووغ و ئاراستەکردن بە خۆی بدا، دیارە تکنیکەکانی بەدی هێنانی ئەو فەزایە لە زۆر ڕەهەند و کاناڵی مۆدێڕنی وەک ئایڕۆنی و پاڕۆدی و پاڕادۆکس و چەند فەزایی و چەند زمانی و چەند زەمانی و چەند فۆڕمی و فرەدەنگی….کەڵک وەردەگرێ کە زۆر بە ئاسانی دەکرێ نموودی فیزیکی ئەوانە لە بەستەری شار دا نیشان بدرێن. هەڵبەت دەبێ بکوترێ کە کەڵک وەرگرتن لە ئێلێمانەکانی شار وەک تێڕمیناڵ و ئاسفاڵت و پاس و تەلار، بە بێ پشتیوانەیەکی تکنیکی، چەندە ڕەنگ و بۆی شار بە مەکانێک دەبەخشن ، دەکار هێنانی ئەو کاڕاکتێر گەلە و هەڵکێش داکێشی بەیت و میسڕەع و دەست تێ گێڕان دە ڕێئاڵی فۆڕم و نما دا بە بێ چێ کردنی سووژەی هزرمەند(من اندیشندە) هەر ئەوەندەی شێعری شاری لێ پاشەکەوت دەبێ. شێعری شار پێویستی بە دیالکتیک لە گەڵ خودی شار هەیە وەک ئۆبژەیەکی زیندوو و سووژەی هزرمەند و ئەکتیو و هەروەها عەقڵانییەتی مۆدێڕن ، وەک ئەندێشەی داهێنەرانە، ئەوەش وا دەکا کە خوڵقانی خۆی بە فەزای شار و ماهییەتێکی مەدەنی و دێمۆکڕاتیک ببەستێتەوە کە ئێلێمانەکانی شار بە عەقڵانییەتێکی پۆزەتیڤ و ئیجابی و مۆدێڕن پێناسە دەکا. ئیدەئالیزمی هەڵ ڕشتن لە شێعر دا بە گشتی جیاوازی هەیە لە گەڵ عەقڵانییەتی داڕشتنی شێعری شار، بەو پێیە بەر لە هەموو چەمکێ بۆ داڕشت و چێ کردنی فۆڕمۆڵی شێعری شار، نیاز بەخوشین و مۆتاسیۆنی سووژە، نیازێکی حاشا هەڵنەگر و زەروورییە ئەویش بەواتای ئەوەیکە سووژە لەو حاڵەتە خەست ودوگم ومونفەعیل و ڕام کراو ئاڵقە بە گۆییە بێتە دەر و خۆی بەخێو بکاوچاولەدەست وسواڵکەرنەبێ.
بایەخی شێعری شار بەر و پتر لەوەی بپژێتە سەر مانا و دەستەربەرکردنی شێعری لۆژیکی و تاک ڕەهەند ومۆنۆلۆگ، لەسەر ئەسڵی بەرامبەری و دابین کردنی مافی ژیان بۆ گشت دەنگەکان مانۆڕ لێ دەدا
پیویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە بۆ داهێنانی شێعری شار پتر لە زەینییەتی شاعیر، من ڕادەی دەخۆڕادیوی و فەرایەند و پوتانسییەلە زمانییەکان وەک سووژە دێنمە ئاراوە، ئیتر پێشم وایە کە ڕاندومانی ئەو دەزمان نووسانە دەگەڕێتەوە سەر ئەو شێوە ڕوانین و مانۆڕ لێ دانە کە شاعیر بە گوێرەی هەڵگۆستەکانی خۆی ، لەزمان هەیەتی وەک ماک و توخم. لەو بەستەرە بزۆز و ئەکتیو و کراوەیەدا بایەخی شێعری شار بەر و پتر لەوەی بپژێتە سەر مانا و دەستەربەرکردنی شێعری لۆژیکی و تاک ڕەهەند ومۆنۆلۆگ، لەسەر ئەسڵی بەرامبەری و دابین کردنی مافی ژیان بۆ گشت دەنگەکان مانۆڕ لێ دەدا، دەرکەوت و دەرئەنجامی ئەوەش پێکهاتنی فەزایەکی مەدەنییە لە شێعر دا و دامەزراندنی ژێرساختگەلێکی دێمۆکڕات و پلۆڕاڵە کە خوێنەر و ڕەخنەگر موجاب دەکا گشت دەنگەکان ببیسێ. گرینگترین خسڵەتی شێعری شار ئەو لێک گرێ دانەی خوێنەر و دەق و ڕەخنەگرە کە هەر کام بە نۆبەی خۆیان تەواو کەری ئەوپڕۆژە هزرییەن. ئەگەر تا ئێستا لە ئەدەب و تەنانەت لە بوارەکانی تریش دا ڕووبەڕووی وەها فەزایەک نەبووین یا بە دەگمەن ئاوڕی لێدراوەتەوە، بەو هۆیە بووە کە کورد نەیتوانیوە بە عەقڵانییەتێکی دەوڵەت ـــ شاری هەڵس وکەوتی لە گەڵ چەمکە سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئایینییەکانیش دا هەبێ. کێشەی مەوزوعی نەبوونی سووژە بەرۆکی گشت لایەن و تەوەرەکانی گرتووە، ئۆستوورەپەرەستی و پێ هەڵ کوتن بەردەوام خۆی چەسپاندووە و ئایدیا لە هەموو بوارەکان دا عەرزی ئەندامی کردووە و چەندین هۆ و هۆکاری تر کە خوڵقێنەری ئەو بارودۆخە بوون. شێعری شار لەو فەزا دوگمەدا بەر لە هەموو شتێک، پێویستی بە دابڕان(گسست) لەو فەزایە هەست پێ کردووە تادرێژەدان بەڕەوتی تەکامول، باس لە دابڕان کە دەکرێ مەبەست لە تێپەڕاندنی بە ناچاری ئەو فەزا تاک ڕەهەند وبێ دیالکتیک ودیالۆگەیە کە ئاماژەی پێ کرا. ئەوەیکە بوارەکانی مۆتاسیۆن و خوشینی سووژەی بوێر و مەترسی ئافرێن و….بۆسەرهەڵ دان و نیهادینەبوونی شێعری شار چەندە دەڕەخسێ، دەبێ بڵێین کە تەنیا و تەنیا عەقڵانییەتی نوێ ــ شارخواز دەتوانێ دیاری بکا. لایەنێکی دیکەی شێعری شار کەوەک زەروورەت دەبێ ئاوڕی لێ بدرێ، خوێنەری چالاک وئەکتیوە کەدە چێ کردنی ئەو فەزایەدا ڕۆڵێکی گرینگی هەیە.
قورسترین زەبرێکی کە تا ئێستا بەدەنەی شێعری مۆدێڕن و جیاوازی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان داپێکاوە هەر ئەو دەمارگرژییە بووە لەخوێندنەوەدا، کە ڕێگای ئیسبات وچەق بەستنی شێعری شاری کوردی لەپانتای ئەدەبی کوردی دا بەستووە
تاکتیکەکانی خوێندەوە ئەگەر هەر بە پێی ئەو بنەما سوننەتی و کلاسیکە بێ کە تا ئێستا کورد و خوێنەری کوردبۆ فام وداڕشتی فاکتۆرەسیاسی وکۆمەڵایەتی و ئایینییەکان و….هەی بووە، لێرەش دا ڕێ ناباتە هیچ فەزایەکی تازە و جیاواز و یۆنیڤێرساڵ، قورسترین زەبرێکی کە تا ئێستا بەدەنەی شێعری مۆدێڕن و جیاوازی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان داپێکاوە هەر ئەو دەمارگرژییە بووە لەخوێندنەوەدا، کە ڕێگای ئیسبات وچەق بەستنی شێعری شاری کوردی لەپانتای ئەدەبی کوردی دا بەستووە. پێشتریش باس کراوە کە چاپی چەندین و چەند جارەی کتێبی شێعری کلاسیک و چاپی لە ڕادەبەدەر نزمی کتێبی شێعری مۆدێڕن سەلمێنەری ئەو ئیدعایەن کە خوێنەری کورد تووشی ئینفعالێکی بە هێزبووە. ئەگەرچی زۆریەک لە بۆچوونەکان هەر بەهۆی ئەو چاپی دووجار و چەندین جارەی ئەدەبی کلاسیک و سوننەتی کورد، تەئکید لەسەر گشت گیربوون و مەقبووڵ بوونی ئەدەبی کلاسیک وەک تاکە ژانڕی ئەدەبی کوردی دەکەن ، وەلی گومانی تێ دا نییە کە ئەو ئیستڕاتژییە یا سەرچاوەی لەو دەمارگرژی و ئۆستوورە پەرەستییە وەرگرتووە کە لە سەرەتای ئەو نووسراوەدا ئاماژەی پێ کرا یا پاڕادایمەکانی خوێندنەوە و ڕەخنە و شڕۆڤەکاری شێعری شار، هەر بەپێی ئەو ڕەواڵ و ڕەوەند و تکنیکە سوننەتیانە بووە و شێعری مۆدێڕنیشی پێ هەڵسەنگێندراوە یا ئەوەیکە گشت گیر بوون وەک مێکانیزمێکی مەشڕووعییەت پێدان ومەقبووڵییەت و پڕستیژدار کردن هاتۆتە ئاراوە کەبەداخەوە نەسیبی شێعر و ئەدەبی مۆدێڕن و ئاوانگاڕد نەبووە ، کە ئەوەش بە نۆبەی خۆی کێشەیەکی ترە. بە هێزترین زەبرێک کە لێرە دا ڕەوتی نوێژەن بوونەوەی ئەندێشەی کۆمەڵگای کوردی پێکاوە، هاتنە ئارای ئەوعوڕفی وگشت گیربوونەیە وەک پڕەنسیپ وئایدۆلۆژی کە نە تەنیا شێعری شار، کەگشت بنەماکانی تریشی پێکاوە کە وەک فاکتۆرەکانی مۆدێڕن بوون زەروورین و دەبێ سەرنج وبایەخیان پێ بدرێ.