فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بیرکردنەوە لەناو گوتاری دەقدا

بیرکردنەوە لەناو گوتاری دەقدا

غازی حەسەن/ نووسەر/ ئەمەریکا

 

گوتار یەکێکە لەو دامەزراوە زمانەوانی و فکریانەی هەر بەتەنیا شێوە و چوارچێوە بەفکر و بیرکردنەوەی قسەکەر نابەخشێت، بەڵکو کردەیەک و هێزێکی نەبینراوی مۆگناتیس ئاساشی پێ دەبەخشێت. زمان کەرەستەی سەرەکی بەدیهێنانی مەبەستەکانی نێو گوتارە. گوتار بەکردەوە کردەیەکە ئەرکێک لەدەوروبەرێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا ڕادەپەرێنێت.

لەنێو گوتاردا من دەتوانم (قسەکەر و گوێگر و بەشدار و چاودێریش) بم، وەکو چۆن گوێگیرش دەتوانێت ناراستەوخۆ قسەکەر بێت و لەهەمان کاتیشدا بەشدار و چاودێریش بێت. (ئەو) قسەبۆکراوی دوورە، یان ئاماژەبۆکراوی دوورە، ناراستەوخۆ بەشداری لەهەندێک بواردا پێ دەکرێت، (ئەو) راسپێردراوە، پاساوە، لەهەندێک بواردا ئەرکی نمایش و بەشداری لەنواندنیشی پێ دەبەخشرێت، بەلام کارەکتەرێکی لاوەکییە.

وەکو چۆن گوێگیرش دەتوانێت ناراستەوخۆ قسەکەر بێت و لەهەمان کاتیشدا بەشدار و چاودێریش بێت

 

دامەزاراوەی گوتار، لەدایک دەبێت و پێویستە و دەگونجێنرێت و گەشە دەکات و پەرەدەستێنێت و چاکیش دەکرێتەوە. ئەمانە هیچێکیان لەدەرەوەی (هێزێکی فکری و بوونێکی ناوەندیی و زیندوو) هەیە.

ئێمەی (قسەکەر و گوێگر) لەیەک کاتدا چۆن لەنێو گوتاری دەقدا بیردەکەینەوە، ئەو شتانەی بیری لێ دەکەینەوە کامەیە و پێویستە چۆن بیربکەینەوە و سنوورەکانی بیرکردنەوەمان کامەیە و ئەو شتانەی پیویستە لەنیو بیرکردنەوەدا بەکاریان بهێنین کامانەیە و دەبێت چ بکرێت بۆ گەیشتە مەبەستە سەرەکییەکانی نێو بیرکردنەوەمان لەگوتاری دەقدا.

گوتار پشت بەبیر و فکرە  و کەرەستە و نوێبوونەوە و گونجان و چارەسەری کێشەکاندا دەگەڕێت، لەپێناو دۆزینەوەیە (فکرە بنەڕەتییە سەرەکییە و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەیی و گەشەپێدانی). شتێک نییە بمرێت، هەتا مردووەکانیش بەردەوام لەنیو بیرەوەرییەکانی ئێمەدا دەژین، بوونیان هەیە و لەنێو خەوناکانماندا (ڕەفتار دەکەن و پەیام و گوتاریان هەیە). ئەو شتەی دەمرێت، دەسڕێتەوە.

 

شتێک نییە بمرێت، هەتا مردووەکانیش بەردەوام لەنیو بیرەوەرییەکانی ئێمەدا دەژین، بوونیان هەیە و لەنێو خەوناکانماندا (ڕەفتار دەکەن و پەیام و گوتاریان هەیە

ئێمە بیردەکەینەوە کەواتە هەین، لەنیو دەقدا هەموو ئەو کاتانەی بیردەکەیەنەوە، واتا ئێمە لەنیو دەقدا بوونمان هەیە و دەژین و گەشە دەکەین. ئەوانەی لەنیو دەقدا خۆیان لەبیرکردنەوە و فکر دادەبڕن، واتا بوونی خۆیان دەسڕنەوە، یان هەندێک دەیانەوێت تەنیا لەدەرەوەی دەقدا بیربکەنەوە و خاوەنی هیچ بیروڕا و لێکدانە و  بۆچوونێک نین، قسەی ئەوانی دیکە دەڵێنەوە، واتا خۆیان بیرناکەنەوە بەمەش بوونی خۆیان سفر دەکەنەوە.

هەندێک کەس کۆپی وتار و ڕستە و بیرۆکەی خەڵکی دیکەن، بەمەش وەکو نمایشکارێکی شانۆیی ئەرکێک جێبەجێ دەکەن، کە ئەرکێکی ساختەکاریی و دەستکاریی کراوە. ئەوانە تەنیا کەسانێکن ڕاسپێردراون، داهێنەر نین، ئەوانە جێبەجێ کارن بڕیاربەدەست نین، ئەوانە کۆپیکەرێکی نیمچە دزن نەک خاوەن.  لەشانۆگەریدا ئەکتەر دەچێتە نێو کەولی کەسانی دیکە، بەڵام نابێتە ئەوانی دیکە، دەتوانێت کۆپی هەڵسوکەوتی ئەوانی دیکە بکات، بەلام نابێت خاەنی هیچ رەفتار و ڕەوشتێکی ئەوانی دیکە، ئەو خۆی بیرناکاتەوە، بەڵکو دەستکاری بیرکردنەوەی ئەوانی دیکە دەکات و ئەو تەنیا نمایشکارێکە.

 

بیرکردنەوەی قسەکەر لەنێو گوتاردا  ئەم دەرفەتە دۆخەکە لەنمایش بۆ کردەیەکەی بەکردەوە دەگۆڕێت، شێوە و قالبی نمایش بۆ نزیکبوونەوە لە هەیقیقەتی کەسایەتی نمایشکراوەکان دەگۆڕێت

 

بیرکردنەوەی قسەکەر لەنێو گوتاردا دەرفەت بە وەرگر و خوێنەرەکانیشی دەدات، بیربکەنەوە. ئەم دەرفەتە دۆخەکە لەنمایش بۆ کردەیەکەی بەکردەوە دەگۆڕێت، شێوە و قالبی نمایش بۆ نزیکبوونەوە لە هەیقیقەتی کەسایەتی نمایشکراوەکان دەگۆڕێت. وەرگر توانا و دەسەڵاتی بەرهەمهێنانەوە و بەکارهێنانی بابەتەکەی بەپێی تێگەیشتن  و بیرکردنەوە و شیکردنەویە خۆی دەبێت.

گوتاری کاریگەر و بزوێنەر ئەوەیە کە بیرکردنەوە لای وەرگرەکانی دروست دەکات، نەک بیانکاتە ئامێرێکی کۆپی ئاسای بێ گیان. گوتار دامەزراوەیەکی کۆمەلایەتی و  لێزانیانە و مەعریفەیە، وەرگر دەگۆرێت، ئاراستەی دەکات و لەبیرکردنەوەدا دروستی دەکاتەوە و لەم ڕێگەیەشەوە ڕای گشتی دروست دەکات. واتە گوتاری هەقیقی وەرگرەکانی لەنەبوونەوە بەرەو بوون دەبات.

بیرکردنەوە پەیوەستە بە توانا و ڕێباز و شێوازی بەکارهێنانی توانا و وزەی قسەکەر

 

پێویستمان بەبنەماکانی گفتوگۆ هەیە، گفتوگۆش بێ بیرکردنەوە ورەچاوکردنی مەودای نێوان کەسەکان و مەبەستەکان و کات و شوێنەکان، ئەمەش لەهەمان کاتدا گفتگۆیە لەنێوان بیرکردنەوە لەنێو بیرکردنەوەدا. یان وکا (جان  ڕولز) دەڵێت (دەمامکی دواکەتن و نەزانین) کە قسەکەر دەیەوێت هەموو کۆشس و توانا  ومەبەست و ئامانجەکانی خۆی دەمامک بدات و بیشارێتەوە، بەمەش بیرکردنەوە و گفتوگۆ تووشی قەیران و وەستان دێن. هیچ بوون و ئازاداییەکی رەها لەئارادا نییە، وەکو هیگل دەلێت، جونکە ئەو کاتە ئازادی رەها دەبێتە کۆیلایەتییەکی ڕەها. بیرکردنەوە پەیوەستە بە توانا و ڕێباز و شێوازی بەکارهێنانی توانا و وزەی قسەکەر و لەهەمانک کاتدا وەرگرەکانی گوتارەکە، بۆیە ئێمە نابێت سنووری ئیرادە و خواستی یەکتر ببەزێنین، بمانەوێت لەڕێگەی ئامێرەکانی گوتار، خەڵک کۆیلە بکەین و لەڕێگەی دەمامکدانی مەبەستەکانمان کردەی بیرکردنەوە لەناوببەین، کە دەبێتە سەرچاوە بەرهەمهێنانی پرۆسەی بیرکردنەوە.

ئەرکی گوتاری دەق دروستکردنی توانا و زەمینەکانی بیرکردنەوەیە

 

ئەرکی گوتاری دەق دروستکردنی توانا و زەمینەکانی بیرکردنەوەیە. لەم ڕۆژانەدا بەسەدان وتار و بابەت و کتێب و تەنیا خودی گوتاریش دەبینین، بنەکانای بیرکردنەوە و سیستەمی بیرکردنەوەیان تێدا نییە، یان کردەی بیرکردنەوەیان بەزنجیریکی پۆڵاین بەستاوەتەوە و وەکو کۆیلەیەک و خواستێکی دەمامکدراو دەردەکەوێت، نمایشێکی دابڕێنراوە لەئیرادە و عەقڵ.

دەقی بێ بیرکردنەوە وەکو لاشەیەکی بێ ڕۆحە، ئەگەر گفتوگۆ لەنێو دەقی گوتاردا دروست نەبێت، واتە بیرکردنەوەش ئەو بنەمایە گرنگەی نامێنێت، کە دەبێتە سەرەتای بیرکردنەوە لەنێو بیرکردنەوەدا، دەق لەنێو دەقدا  و گوتار لەنێو گوتاردا. بۆ ئەوەی گوتار هەبێت پێویستە بیرکردنەوە هەبێت.