فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕامانێک لە تەک ڕۆمانی کچانی کابوول

ڕامانێک لە تەک ڕۆمانی کچانی کابوول

داستان شەريف/ وەرگێڕ و نووسەر / سلێمانی

 

ڕۆمانی کچانی کابوول لە نووسینی دێبۆرا ئیلیس و وەرگێڕانی ڕەسووڵ سوڵتانیيە، ئەم ڕۆمانە

ئاشناکردنی خوێنەرە بە مێژووی پڕئێش و ئازاری شەڕ و جەنگی وڵاتی ئەفغانستان.

‎نووسەر ئەمەمان لە ڕێی پاڵەوانی ڕۆمانەکەوە بۆ دەگێڕێتەوە کە تەمەنی یازدە ساڵە و ناوی پەروانەيە.

‎کاتێک باوکی پەروانە دەگیرێت، پەروانە بە تۆپزیی نوورییەی خوشکی و دایکی پرچە درێژەکەی دەبڕێت و جلی حسێنی برای لە بەر دەکات و وەکوو کوڕان خۆی دەگۆڕێت؛ لەبەر ئەوەی ئەوێ دەمێ قەدەغە بوو کیژۆڵەیەک بەبێ پیاو لە ماڵ بچێتە دەرەوە، تاڵیبان قەدەغەی کردبوو. خۆی وەکوو کوڕان لێ کردبوو و ناوی خۆیشی گۆڕیبوو، ئێستا ئیدی ناوی قاسمە و برازای باوکییەتی و بۆ ئەوە هاتووە مامی نەخۆشە و قاسم دەبێت بە کاروبارەکانی ماڵی مامیدا ڕابگات، ئەمە ئەو چیرۆکە بوو، کە دوای گیرانی باوکی و دەستبەسەرکردنی لای تاڵیبان هیچ شتێکیان نەمابوو بیخۆن و دایکی نەخۆش کەوت و لە جێگەدا مایەوە، دروستیان کرد بۆ ئەوەی پەروانە بچێت و کارەکەی باوکی، کە خوێندنەوەی نامە و نووسینی نامە بوون بۆ خەڵک، درێژە پێ بدات.

‎لە خوێندنەوە و نووسینی نامەوە دەستی پێ کرد و پاشان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان لەگەڵ شووزییەی هاوڕێیدا کە ئەویش ناچاریی وای لێ کردبوو خۆی بکات بە کوڕ و ناوی خۆی بگۆڕێت بە شەفیق، چاییچی بوو. هاوڕێی کاتی خوێندنی بوو.

لە خوێندنەوە و نووسینی نامەوە دەستی پێ کرد و پاشان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان

 

‎بیرۆکەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان هیی شووزییە بوو.

‎ڕۆژێکیان کاتێک کارەکەی باوکیی دەکرد و لەسەر بەتانییەکەی کە دایخستبوو، دانیشتبوو، سێبەری پیاوێکی تفەنگلەشانی تاڵیبان، بەری هەتاوەکەی لە پەروانە گرت، پەروانەیش سەری هەڵبڕی و کابرا هەر وا سەیری دەکرد و پەروانەیش دەلەرزی، ئاخر زانیبایان کە کچە و هاتووەتە دەرەوە بۆ کارکردن خراپیان بەسەردا دەهێنا.

‎کابرا دەستی کرد بە گیرفانیدا، لەو کاتەدا پەروانە خەریک بوو چاوی بنوقێنێ و چاوەڕێی دەستڕێژی گوللە بکات، بەڵام نامەیەکی بۆ ڕاگرت پەروانە بۆی بخوێنێتەوە، کاتێک ناوی نووسەری نامەکەی خوێندەوە، کابرا گوتی ژنمە، دوای خوێندنەوەی نامەکەیش گوتی مردووە و فرمێسک زابووە چاوی دواتریش دەستی بە گریان کرد. پەروانەیش گوتی سەیرە تاڵیبانەکانیش دەگرین.

‎ڕۆژێکیان تالیبانێکی بینی، پەروانە وای زانی کە بە دوای ئەودا ڕا دەکات، بۆیە پەروانەیش هەتا توانیی چنگلەسەرشان هەڕای کرد تا لە پڕێکدا خۆی کێشا بە ژنێکدا، کە ئەوە خاتوو ویرای هاوڕێی دایکی بوو و منداڵێکی بە باوەشەوە بوو، کاتێک یەکتریان ناسییەوە، پەروانە باسی ئەوەی بۆ کرد کە باوکی گیراوە و دایکیشی نەخۆش کەوتووە و لە جێگەدایە.

‎لەگەڵ مامۆستا ویرادا چوونەوە بۆ ماڵەوە.

 

ەڵام بۆ ڕۆژی دواتر کە پەروانە لە بازاڕ هاتەوە، دایکی پێی گوت کە ئەو نابەن بۆ مەزاری شەریف

‎کە دایکی چاوی پێ کەوت خۆشحاڵ بوو بە بینینەوەی هاوڕێکەی خۆشحاڵتریش بوو کاتێک خاتوو ویرا باسی دەرکردنی گۆڤارێکی قاچاخی بۆ کرد؛ ئاخر دایکی پەروانە نووسەر بوو. پێشتر زۆری نووسیبوو. هەمیشە مێردەکەی پێی دەگوت بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی بابەتێکی دەست بکەوێت و شتێکی لەسەر بنووسێت.

‎ ئێواران کە پەروانە دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە ئەوەی ئەو ڕۆژە بینیبووی بۆی دەگێڕانەوە.

‎ڕۆژێکیان کە پەروانە هاتەوە بۆ ماڵەوە، بینی ئەوانەی ماڵەوە شپرزەن، دایکیشی پێی گوت کە داواکاریی نووریە هاتووە و شوو دەکات و دەچێت بۆ مەزاری شەریف.

‎دواتر پەروانە لە نوورییەی پرسی کە ئاخۆ حەز دەکات شوو بکا و دوور بکەوێتەوە؟

‎نوورییەیش لە وەڵامدا دەڵێت بەڵێ مەزاری شەریف شوێنێکە هێشتە تاڵیبان دەستی نەگەیشتووەتێ و لەوێ دەتوانێ درێژە بە خوێندنەکەی بدات و ببێت بە مامۆستا و هەروەها بەبێ سەرپۆش و ڕووبەند بە ئازادی بسووڕێتەوە.

‎هەموو ئەندامانی خێزانەکەی پەروانە دەچوون بۆ مەزاری شەریف، بەڵام پەروانە حەزی نەدەکرد بڕوات بەدایکی گوت ئەگەر باوکە بێتەوە کەس لەماڵەوە نابێت.

‎دایکی بەمە نەساچا! بۆیە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە پەروانەشیان لەگەڵدا بێت.

‎بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر کە پەروانە لە بازاڕ هاتەوە، دایکی پێی گوت کە ئەو نابەن بۆ مەزاری شەریف، هەروەها ئەوەشی لێ زیاد کرد کە لەبەر پێداگرییەکەی نەبووە کە نایبەن و بە قسەی ئەویان کردبێت، بەڵکە لەبەر ئەوویە ئەگەر باوکی بێتەوە کەس لە ماڵەوە نابێت.

‎دوای ماوەیەک لە ڕۆیشتنی دایکی و خوشک و براکەی پەروانە ڕۆژێکیان لە بازاڕ دەهاتەوە بینی کە وا سێ پیاو نزیک ماڵیانن و خەریکە بە دووانیان پیاوێکیان بە پلیکانەکاندا سەر دەخەن، پەروانە ویستی یارمەتییان بدات و زانیی کە ئەوە باوکیەتی.

‎بۆیە دەستبەجێ یارمەتیی دان و باوکییان بردە سەرەوە.

‎پەروانە بە هاتنەوەی باوکی زۆر خۆشحاڵ بوو و هەر یەکسەر چیی پێویست بوو بۆی هێنا و پاڵیخست.

‎دوای ماوەیەک جا باسی دایکی و ئەوانی دیکەی بۆ کرد.

 

هەڵیدەگرێتەوە و تۆزێک سەیری ئەولای خۆیەوە دەکات تەرمی ژنێک دەبینێت کە دایکی منداڵەکەیە

‎پاش ماوەیەک هەواڵێک بڵاو بووەوە گوایە مەزارشەریفیش لەلایەن تاڵیبانەوە گیراوە، بۆیە دەسبەجێ بڕیار دەدەن باوکی و پەروانە بە هەر حاڵێک بێت خۆیان بگەیەننە مەزارشەریف.

‎بە چەند نەهامەتی و برسێتی و چەرمەسەریدا دەپەڕن، هەتا ئەوەی باوکی دەمرێت و هەر لە ڕێگە پەروانە دەینێژێت.

‎پاشان بە پێ دەگاتە ئاوایییەک، لەو ئاوایییە ماڵێک دەیگرنە خۆ و دوای دوو سێ ڕۆژ خاوەنماڵەکە دەیەوێت بیفرۆشێت بە تاڵیبان ئەمەش لە ڕێی کچێکی خاوەنماڵەکەوە دەزانێت و داوایشی لێ دەکات کە بیبات لەگەڵ خۆی.

‎پاشان هەر هەمان شەو دەکەوێتە ڕێ بەرەو نادیار.

‎دوای چەند ڕۆژێک لە ڕۆیشتن دەگاتە گوندێکی خاپوور، کە نزیک دەبێتەوە، گوێی لە نووزە نووزێک دەبێت، سەرەتا وا دەزانێت پشیلەیە، بەڵام کە دەڕواتە پێشەوە بۆی دەردەکەوێت کە منداڵێکی بچووکە.

‎هەڵیدەگرێتەوە و تۆزێک سەیری ئەولای خۆیەوە دەکات تەرمی ژنێک دەبینێت کە دایکی منداڵەکەیە و پەروانەیش دەستبەجێ منداڵەکە هەڵدەگرێت و لەگەڵ خۆیدا دەیبات.

‎هیوادارم خۆتان بەو مێژووە تاڵەی ئەفغانستان و وەرگێڕانە جوانە ئاشنا بن.