فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ناسری حیسامی بۆ دیاسپۆرا: کتێبفرۆشییەک دوای  دوو ساڵ گوتی کتێبەکانت نەفرۆشراون، حاشای لە کتێبەکانم کرد

 

ناسری حیسامی بۆ دیاسپۆرا: کتێبفرۆشییەک دوای  دوو ساڵ گوتی کتێبەکانت نەفرۆشراون، حاشای لە کتێبەکانم کرد
پەیامنێری دیاسپۆرا/ ستۆکهۆلم

ڕۆژی شەممە ٢٧ی مانگی ئاپریل/ نیسانی ٢٠٢٤ ، لە کتێبخانەی کوردی لە ستۆکهۆڵم کۆڕێک بۆ ناساندنی کتێبی فڕینی دوور لە نووسینی شاعیر و وەرگێڕ (ناسری حیسامی)  پێک هات. کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی ستۆکهۆڵم و دەوروبەری بەشداری کۆڕەکە بوون. (ناسری حیسامی) هەندێک لە شیعرەکانی خوێندەوە و هەروەها وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە. کۆڕەکە (ناسری سینا) بەڕێوەی برد و (شەهینی شەهلایی) چەند گێڕانەوەیەکی ناو کتێبەکەی خوێندەوە، کە بەشێوەی بیرەوەری وەکو بەشێک لە کتێبەکەیە.

 

لەم ماوەیە دوو کۆڕ لەسوێد بۆ (فڕینی دوور) پێکهاتووە

جێی ئاماژە پێکردنە لەم ماوەیەدا دوو کۆڕ بۆ ناساندن و قسەکردن لەبارەی ئەم کتێبە لە سوێد بەڕێوەچووە. شایانی گوتنە ئەمە دووەمین کۆڕ بوو بۆ ناساندنی ئەو کتێبە لە سوید. پێشتریش لە شاری ڤێسترۆش کۆڕێک بۆ هەمان مەبەست گیرابوو.
(ناسری حیسامی) لەبارەی کتێبەکە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کۆڕەکە و پەیوەندی نێوان نووسەر و نووسین و خوێنەر و هەلومەرجی چاپ و بڵاوکردنەوە وەڵامی پەیامنێری ماڵپەڕی (دیاسپۆرای) داوەیەوە، سەرەتا لەبارەی ئامادەبوونی خەڵک لەم جۆرە کۆڕانە و پەیوەندی نێوان دەق، کتێب و خوێنەر چەندە گەرمتر دەکات، گوتی:

پێم وایە بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ئەدەبی، بە تایبەت شیعر، بە نووسراو یان بە کتێبی دەنگ، گەرچی دەرفەتێکی یەکجار باشە، بەڵام جێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ ناگرێتەوە. بە تایبەت ئەگەر کۆڕەکە هەر بۆ خوێندنەوەی شیعر و بەرهەمەکە نەبێ و نووسەر یان شاعیر نەبێتە تاکوێژی کۆڕەکە بەڵکو دەرفەت هەبێ بۆ گفتوگۆی دوولایەنە، بەشداربووان دەرفەتی ئەوەیان دەست دەکەوێت، کە بۆ وەڵامی پرسیارەکانیان بگەڕێن، یان تێبینییەکانیان لە گەڵ نووسەر و شاعیر باس بکەن، ئەوە پەیوندێکی نزیکتر لەنێوان خوێنەر و نووسەردا دروست دەکات.

دەقی کوردی ڕێگایەکە بۆ ئەوەی کوردی دیاسپۆرا پەیوەندی فەرهەنگیی خۆی لە گەڵ کۆمەڵگەکەی بپارێزێ

لە درێژەی ئەم گفتوگۆیە کورتەدا سەبارەت بە خوێنەری کورد لە تاراوگە و پێویستییەکانی سەربارەت بە دەقی کوردی و بیرکردنەوە لە ڕێگەی وشەی کوردی گوتی:
بەڵێ! ئەوەش ڕێگایەکە بۆ ئەوەی کوردی دیاسپۆرا پەیوەندی فەرهەنگیی خۆی لە گەڵ کۆمەڵگەکەی بپارێزێ.

 

سەبارەت بە کتێبەی خۆشی ، کە هەم بیرەوەرییە و هەم دەقی شیعر، چۆن ئەم گونجانە دروستکردووە:
ئەوەی لەو کتێبەدایە بیرەوەری بە مانا ناسراوەکەی نییە. هەندێک گێرانەوەیە. ئەوانە ئەو ڕووداوانە دەگێڕنەوە، یان باسی ئەو کەسانە دەکەن کە کاریگەرییان لە سەر من بووە وەک شاعیر. بەو گێڕانەوانە ویستم نیشان بدەم من لە چ دەوروبەرێکدا گەورە بووم، هەستان و دانیشتنم لەگەڵ کێ بووە و ئەو کەسانەی لە دەوروبەرم ژیاون کێ بوون. ئەوە تا ڕادەیەک ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە هەست و تێگەیشتنی من لە ژێر کاریگەریی چی و کێ دا بووە، یان ئەوەی ڕەنگی بە شیعری من داوە، چی بووە.
بیرەوەرییەکان لەوە زیاترن، بەڵام لەو کتێبەدا نین. بیرەوەری زیاتر ئاوایە کە کەسەکە ڕووداوەکانی ژیانی خۆی لە سەرەتاوە و بە پێی ڕۆژژمێر دەگێڕێتەوە. گێرانەوەکان وا نین. هەر کامەی سەربەخۆیە و هەر یەکەی هی کات و شوێنی جیایە.

نووسەری کوردی، بە دەگمەن هەیە کە بە فرۆشی بەرهەمەکانی بەڕێ بچێ

 

دواتر سەبارەت بە چاپ و بژێوی نووسەری کورد تیشکی خستە سەر ئەوەی نووسەری کورد هەتا لەدەرەوەش ناتوانێت لەسایەی کتێبەکانی بای ماندوو بوونەکەی بچنێتەوە، ئەمە چەند کاریگەریی دروست دەکات، بەتایبەت ئەگەر نووسەری کورد، بە نووسەری بیانی بەڕاورد بکەین، لەوەڵامی ئەم پرسیارە گوتی:

بەڵێ نووسەری کوردی، بە دەگمەن هەیە کە بە فرۆشی بەرهەمەکانی بەڕێ بچێ. بەشێکی هی ئەوەیە کە خوێنەر زۆر نییە، بەشێکیشی هی ئەوەیە کە ئەوەندەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە پارەپەیدا کردن بە مافی خۆیان دەزانن، بە مافی نووسەری نازانن. چەند ساڵ لەوەپێش خۆم کتێبێکم چاپ کرد. لە ستۆکهۆڵم بردم بۆ کتێبفرۆشییەک بۆم بفرۆشن. هەتا دوو ساڵ گوتی کتێبەکان نەفرۆشراون. دوای دوو ساڵ هەر یەکجاری حاشای کرد و کوتی کتێبت نەداوە بە من. لەم کتێبەی دواییش،  لە کوردستان دۆستێک لەسەر ئەرکی خۆی بڵاوی کردەوە، دەنا من تەنانەت پارەی ئەوەم نەبوو چاپی بکەم. ئەوەی لە دەرەوە چاپ کراوە، فرۆشراوە بەڵام ئاگادار نیم چەندە داهاتی بووە.

نووسەر ئەگەر لە داهاتی کتێبەکانی بەرهرەمەند بێ بێگومان دەرفەتی نووسینی زیاتر دەبێ چونکە ناچار نابێ بۆ بەڕێچوون جگە لە نووسین کاری دیکە بکا.

لە کوردستان دۆستێک لەسەر ئەرکی خۆی بڵاوی کردەوە، دەنا من تەنانەت پارەی ئەوەم نەبوو چاپی بکەم

بەم جۆرە نووسەرانی کورد لە تاراوگە کتێب بەرهەم دەهێنن و دەنووسن، لەکۆتایشدا هیچ دەستکەوتێکی  دارایی و دەست مایەکەی دەست ناکەوێت، ئەگەر کۆڕێک بۆ ناساندن و قسەکردن لەبارەی کتێبەکەی بۆ بڕەخسێنرێت، بێگومان شایی و شاد دەبێت.  (ناسری حیسامی) یەکێکە لەنووسەر و شاعیر و وەرگێڕە دیارەکان، لەنێو شۆڕشدا دەسەڵاتی نووسینی بەهێز دەبێت، هەنووکە لە سوێد دەژیت و بەردەوامە لەنووسین، نووسین وەکو داهێنان و وەکو دۆزێکی فکری و مرۆیی بەرز.