فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئازایەتی 

ئازایەتی
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
______
ئازایەتی سیفەتێکی چاکی مرۆڤە ، بەتایبەتی ئەگەر بە ئاڕاستەی چاکی و جوانی بێت ، ئازایەتی زۆرجاری مرۆڤی کوردیش ، لە ڕاستی دا ، بۆ واقیعی فرەلایەنی کۆمەڵگای کوردی دەگەڕێتەوە . واقیعی بندەستی کوردان و هەبوون و بەردەوامی سیستەمێکی نیو دەرەبەگایەتی و خێلەکی ، ژیانی کۆچکردن و شوانکارەیش وا دەخوازێت ، کە دڕ و تووند و تیژ بێت ، دەنا بوون و گوزەران مومکین نابێت . شەڕخوازی مرۆڤی کوردیش هەر ڕەنگدانەوەی ئەم واقیعە تاڵەیە ، دەنا ئەویش ، بێ شک، وەک هەر مرۆڤێکی تری ئەم دونیایە ، حەز لە ئاشتی و سەقامگیری و شارستانیەت دەکات .
واقیعی بندەستی و دەرەبەگایەتی و خێلەکی  و کۆچ و شوانکارەیی کوردیان دڕ و تووند و تیژ کردووە
سەرباری بندەستی و دواکەوتوویی و بێ دەوڵەتی کوردان ، مرۆڤی کورد خاوەن ڕەوشتێکی بەرز و دڵگەرمە ، نیشتمان و سروشتی خۆی خۆشدەوێت ، دڵڕەق و دڕندە نییە ، بەڵام خۆخۆرن ، ئەو دیاردەیەش بۆ مێنتالیتێتی داگیرکاران و نزمی ئاستی هۆشیاری بە گشتی دەگەڕێتەوە ، کە ئەوانیان واڕاهێناوە . کورد خاوەن مێژوویەکی زۆر کۆن و هزر و ئەدەبێکی فۆلکلۆری دەوڵەمەندە ، جا ئەوە بۆ خۆی بووبێت ، یا خستبیەتە ناو گەنجینەى عەرەب، فارس و تورک . دەوڵەت و قانوون مرۆڤی کوردی فێری خۆگونجاندن و پێشکەوتن نەکردووە ، بەڵکو قانوونی ئابووری و سروشتی کوردستان ، ئەو ژینگەیەی، کە تێیدا دەژیت ، ئەوی ناچاری خۆگونجاندن و پێشکەوتن کردووە .
سەرباری بندەستی و دواکەوتوویی و بێ دەوڵەتی کوردان، مرۆڤی کورد خاوەن ڕەوشتێکی بەرز و دڵگەرمە
کورد ، کە خۆی خستە ناو جەنگەوە بیر لە مردن ناکاتەوە ، ئەو ئازایەتیەش ناوبانگی دەرکردووە ، بێ بەڵگە نییە ، کاتێ ، کە فارسەکان کورد بە گۆرد دەچوێنن . مرۆڤی کورد ، مرۆڤێکی دوورەپەرێز و داخراوە ، لە بێگانە و دوژمن دەترسێت ، چونکە کوردستان بەردەوام گۆڕەپانی جەنگی گەورە بووە ، لێ کە کرایەوە ، زۆر جوان و گەرم دەکرێتەوە ، ئەوەش لە میوانداری ئەوان دا دیارە ، هەر کەسێک ڕێی کەوتبێتە گوندێکی کوردستانەوە هەست بەوە دەکات .
ئەگەر کوردیش ببێتە خاوەن کیان و دەوڵەت، بێ شک، زۆر لە هاوسێکانی بەرزتر دەبێت
ئەگەر کوردیش ببێتە خاوەن کیان و دەوڵەت، بێ شک، زۆر لە هاوسێکانی بەرزتر دەبێت ، سروشتی کوردستانیش تێری گوزەرانی ئەوان دەکات ، ئەگەر لە شارستانیەتی میسۆپۆتامیا بەشدارنەبووبن ، ئەوا هەڕەشەی گەورە بوونە بۆیان . فۆڵکلۆر و ئەدەب و هزری مرۆڤی کوردیش، هیچی لە گەلانی تر کەمتر نەبووە ، مرۆڤی کوردیش زۆر حەز لە پێشکەوتن و مرۆڤایەتی دەکات ، هەر بۆیە، زۆرجار پرسی کەسایەتی و نەتەوەیی خۆی لەبیرکردووە ، ئەوانی تر ، بەرهەمەکەیان هۆنیووەتەوە ، کوردەکەش بووە بە ڕەنج خەسارێ !!!