فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کولتوورێکی دزێوە!

کولتوورێکی دزێوە!
پرشنگ کامەران – نووسەر – هەولێر

 

ڕاستە هەندێ قۆناغ هەن لە ژیاندا ئاسان تێناپەڕن، بەڵام گرینگە لە هەر دۆخێکدا مرۆڤ ئاگاداری ئەوە بێت، بەها و سەنگینی خۆی لە دەست نەدات. بەداخەوە ماوەیەکە سیفەتێکی زۆر نزم و کولتوورێکی زۆر دزێو لە کۆمەڵگەی کوردی بەدی دەکرێت، ڕێک پێچەوانەی ڕەسەن و مەعدەنی کوردەوارییە، ئەویش سیفەتی “کروزانەوەیە” کرووزانەوە خراپترین و ناشیرنترین سیفەتی مرۆڤە کە جاران حاڵەتێکی دەگمەن و نامۆ بوو، کەچی ئێستا بووەتە دیاردیەکی زۆر ئاسایی و بەربڵاو. من کۆمەڵناس نێم و شارەزاییەکی ئەوەتۆشم لە سیاسەت نییە، تا کاتێک بزووتنەوەیەکی سیاسی دروست دەبێ، لێکدانەوەی خاڵە باش و خراپەکانی بکەم. بەڵام بۆ بابەتی کروزانەوە زۆر لەوە دڵنیام کە لەم ساڵانەی دوواییدا کاتێک بزووتنەوەیەکی سیاسی دامەزرا، ئەم ناڕەسەنییەش هاتە گۆڕێ.

 

سیاسەتیان پێ دەکردن، دەیانهێنایە سەر شاشە و لەگەڵ میوزیکێکی هەست بزوێن دەکروزانەوە

ئەوان بۆ مەبەستی خۆیان خەڵکانێک کە هەر لە پێڕی خۆیان بوون و سیاسەتیان پێ دەکردن، دەیانهێنایە سەر شاشە و لەگەڵ میوزیکێکی هەست بزوێن دەکروزانەوە، هەر بۆ بیرهێنانەوەش، ئەوە لە کاتێکدا بوو، هێشتان بڕین و دواکەوتنی مووچەمان ئەزموون نەکردبوو. ئەم دیمەنی میوزیک و ناورانەوەیەش هێندە دووبارە و زەق کرایەوە، تا “کروزانەوە” کە نزمترین ئاستی مرۆڤەکان پیشان دەدات، لە حاڵەتێکی بەد و دەگمەن، بووە دیاردەیەکی زۆر ئاسایی. تاکی کورد لە هەر بارودۆخێکدا، چاوتێری و شکۆمەندییەکەی مایەی شانازی بووە، کە چی ئێستا ئەم سیفەتە ناقۆڵایە هێندە زاڵ بووە چەشنی پەتایەکی نەگریس زۆربەی تاکەکانی گرتۆتەوە.

ژن هەیە دەم و لێوی قولانجێک لە پێش ڕوخساریەتی هێندەی فیلەری تێکردووە

ژن هەیە دەم و لێوی قولانجێک لە پێش ڕوخساریەتی هێندەی فیلەری تێکردووە، کەچی بەشێوەیەک لەدەست نەداری دەکروزێتەوە، گریانت بۆی دێ! بۆ ئەم بابەتە یا باشتر بڵێم ئەم دەردە، تەنیا وروژانێک و پێکەوەنانی چەند ڕستەیەک نا، بەڵکو هەڵمەتێکی چڕی پێویستە و خەمخۆرانە کارکرنی دەوێ بۆ ڕێگری کردن لە گوازتنەوەی ئەم سیفەتە سەخیفە بۆ نەوەی داهاتوو، چونکە ئێمە ئەو سیفەتەمان بە بۆماوە بۆ نەگوازراوەتەوە، ئەوەی ئەم سیفەتەی هێنایە ناو کۆمەڵگەی کوردی شەڕڕە دەنووک و شەڕڕە دەنگ بوو. گوازنەوەشی بۆ نەوەی داهاتوو ئۆماڵێکی گەورەیە. هەوڵ و هیممەتی هەموومانیش بۆ کاڵکردنەوە و خامۆش کردنی ئەرکە.

هەڵمەتێکی چڕی پێویستە و خەمخۆرانە کارکرنی دەوێ بۆ ڕێگری کردن لە گوازتنەوەی ئەم سیفەتە سەخیفە

 

هەرگیز مەبەستیشم نییە کە بە هەموو شت ڕازی بین و داوای مافی خۆمان نەکەیت، مەبەستم ئەوەیە بڵێم، کروزانەوە داواکردنی ماف نییە، بەڵکو ئاستێکی نزمی تاکێکی نەخۆشی شپرزەیە. ئەگەر کوردی، ئەم سیفەتەت لێ ناوەشێتەوە، ئەگەر کوردایەتیشت کاڵ بۆتەوە، خۆ موسوڵمانیت، لەوێش ئایینەکەت پێت دەڵێ: بە کرووزانەوە هیچ شتێک ناگۆڕێ. ئەها لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە:  إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ.