کارل یاسپێر
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکلهۆلم

لەسەردەمی نازیزم دا نووسراوەکانی قەدەغە دەکرێن
کارل یاسپێر خاوەنی چەندین شاکاری زانستی و فەلسەفییە ، لەوانە / پسیکۆلۆگیای گشتی ١٩١٣ ، ڕەوشی نوهای ڕۆحی ١٩٢٢ ، فەلسەفە ١٩٣٢ ، دەربارەی راستی١٩٤٧ ، نیتشە ١٩٣٦ ، ئەقل و ئازادی ١٩٦٠ ، چەکی ئەتۆمی و داهاتووی مرۆڤایەتی ١٩٥٨ ، ئەقل و ئێکسیستێنس ١٩٣٥ و …..هتد .
هێشتا هەر لە دەستپێکی دونیای فەلسەفی خۆیدا ، کارل یاسپێر بەم دەرەنجامە دەگات ، کە فەلسەفە نابێت ببێتە سیستەمێکی گشتی و خۆی لەقەرەی بوون و ڕاستی بدات ، پێویستە لە چوارچێوەی ئەکادیمی بێتە دەرەوە و ببێتە فەلسەفەی هەر تاکێک ، تایبەتمەندی مۆنۆپۆڵکردنی خۆشی وازلێبێنێت . فەلسەفەش بە کارو چاڵاکی، هۆشیار زاتی پێناسەدەکات . هەموو مرۆڤێک ، بەلای فەیلەسوفەوە بوون و تاکێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگا و ئەو دەوروبەرەی ، کە تێیدا دەژیت ، لە ڕێگای کۆمۆنیکاسیۆنەوە بە کەسانی تر دەگات ، هەموو هزر و فەلسەفەیەکیش بە واقیعەوە ، بە سەردەمەکەی خۆیەوە گرێدراوە / لێرە و ئێستا . مێژووش بە گرنگ دەزانێت ، لێ بەلای ئەوەوە مێژوو پڕۆسەیەکی پێشکەوتووانە نییە ، بەلکو وەک دیاردەیەکی زاتی لێی دەنواڕێت. هەر هزرمەندێکیش بەهایەکی دیار و دووبارەنەبوونەوەی هەیە ، جا ئەوە لە فەلسەفە ، یا لە ئایین دابێت .ئەرکی فەلسەفەش هەڵوێستکردنە لەسەر زات / مرۆڤ ، لێ نەک بەمانا ئەنترۆپۆلۆژییەکەی ، بەلکو ئەرکی خۆهۆشیارکردنەوەو خۆناسینە لەو دەوروبەرەی ، کە تاک تێیدا دەژیت . ناوبراو دەڵێت :” ئەوەندەی ئێمە دەربارەی خۆمان دەزانین ، نیو ئەوندەی ، کە هەیە ، هەموو تاکێکیش هەوڵدەدات بە گشتی بگات ، لێ بەو گشتییە ناگات ، هەر بۆیە ، نەمومکینە، کە بە تەواوی خۆمان بناسین ، چونکە لە هەموو مرۆڤێک دا ، ئاڕاستە و تایبەتمەندییەکی ترانسێندێنتال ی هەن ، ئەویش تایبەتمەندی خواییە . هەموو بوونێکیش ، لە دوو بوون دایە ، ئەوەی کە لێرەیە لەم دونیایەدا ، وە ئەوەی کە نە لێرەیە ، ئەم تایبەتمەندییە خواییەی فەیلەسوف بەرەو ئایین ناچێت ، زۆر ڕەخنەش لە کردار و چاڵاکییەکانی پیاوانی ئایینی سەدەکانی ناڤین دەگرێت ، لێ بوونگەراییەکی ئیماندارە .
هەموو بوونێکیش ، لە دوو بوون دایە ، ئەوەی کە لێرەیە لەم دونیایەدا ، وە ئەوەی کە نە لێرەیە
هەوڵدان بۆ گەیشتن بە هۆشیاری و خۆناسین ، بەلای فەیلەسوفەوە، مانای دوورەپەرێزی و خۆگرمۆلەکردنی زات نییە ، چونکە دەزانێت ، کە زات بێ کۆمەڵگا نەمومکینە. هەموو خۆکوشتنێکی زات بەندە بە کۆمۆنیکاسیۆنی خۆکوشتنی کۆمەڵگا وە . فەیلەسوف لەو باوەڕە دایە ، کە مێژوو مرۆڤ لە ناهۆشیار ییەوە بەرەو هۆشیاری و ئازادی دەبات ، لێ سەردەمی نوها بەرەو نامۆبوونی مرۆڤ دەچێت . فەیلەسوف لەو باوەڕەدایە، کە سەردەمی نێوان ساڵانی ٨٠٠- ٢٠٠ ی .پ.ز. باشترین کاتە بۆ پراکتیزەبوونی مێژووی مرۆڤایەتی، چونکە لەو سەردەمەدا، لە هیند ، چین ، میسر و فارس دا میت و ئایینی گەورە هەبوون ، لەوانیشەوە فەلسەفە دەرکەوت ، لە فەلسەفەشدا ، ئێکسیستێنسیالیزم دیاردەی ئازادی ڕۆحیییە . لەم سەردەمەشدا ، مرۆڤ بووە بە ئامرازی تۆتالیتاریزم و قوربانی بوارەکانی زانست ، تەنیا ئێکسیستێنسیالیزمی فەلسەفی ئازاد و بەختەوەری دەکات ، بەرپرسیارێتی مرۆڤی سەردەمیش هەر لەو دایە ، بۆ ئەوەی لەم کریزە گشتییەدا دەربچێت .
فەیلەسوف لەو باوەڕە دایە ، کە مێژوو مرۆڤ لە ناهۆشیار ییەوە بەرەو هۆشیاری و ئازادی دەبات
فەیلەسوف لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی دا ، دژ بە تۆتالیتارییە ، لەگەڵ دیمۆکراسی و لیبڕاڵی دایە ، ناوبراو دژ بە هەموو جۆرە هزرێکی تۆتالیتاریزمە / چەپ بێت یا ڕاست .
هزری فەلسەفی کارل یاسپێر ڕاستەوخۆ کاریگەری گەورەی بەسەر ڕێباز و قوتابخانەکانی ترەوە دروستنەکرد ، لێ توانی جێگای خۆی لە زانستە کۆمەلایەتی و کولتوورییەکانی هاوچەرخ دا بکاتەوە .