فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چێژی زمان لە نووسین و وەرگێڕانی مامۆستا حەسەنزادەدا

چێژی زمان لە نووسین و وەرگێڕانی مامۆستا حەسەنزادەدا
(بە بیانووی هەڵبژێرانی مامۆستا حەسەنزادە بۆ خەڵاتی وەرگێڕی نموونەیی)

 

قادر وریا/ نووسەر/ کوردستان

 

ئاماژە: ڕۆژی ٤ی ژانویەی ٢٠١٦، بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە، کۆڕێکی ڕیزلێنانی بۆ کەسایەتیی سیاسی و نووسەر و وەرگێڕی بە ناوبانگی کورد عەبدوڵلا حەسەنزادە، پێک هێنا کە تێیدا کۆمەڵێک و تار و بابەت پێشکەش کران. منیش ئەم بابەتەی هەڵبژاردەیەکی لێرەدا دەخرێتە بەر چاوتان، لەم کۆڕە دا پێشکەشم کرد. ئێستا کە دامەزراوەی کەریمی عەلەکە مامۆستا حەسەنزادەی بۆ پێشکەشکردنی خەڵاتی وەرگێڕی نموونەیی هەڵبژاردووە، بە دەرفەتی دەزانم لینکی ئەم وتارە لە کۆمێنتدا بخەمە بەرچاو و بەر سەرنجتان:
تایبەتمەندییە زمانییەکانی نووسین‌و وەرگێڕانی حەسەنزادە:
– بە کوردی بیر کردنەوە، بە کوردی داڕشتنەوە:
حەسەنزادە نەک هەر لە نووسیندا بەڵکوو لە وەرگێڕانیشدا، هەوڵ دەدا هەویری واتا‌و پەیام‌و دەقیک کە کاری لە سەر دەکا
حەسەنزادە، ئەو کاتەی دەنووسێ، هەوڵ دەدا بە کوردی بیر بکاتەوە. بابەتی نووسینەکەی هەر چییەک بێ:- سیاسی، کۆمەڵایەتی یا ڕۆشنبیری، دەربڕینێکی ئەدەبی‌و عاتیفیی پێویست بێ، بێ یا وشک‌و عەقڵی‌و ئیستیدلالی- تەعبیر‌و دەربڕینێکی کوردیی بۆ دەدۆزێتەوە. زۆر لەو نووسەرانەی سەرچاوەی خوێندنەوە یا زمانی خوێندنیان زمانێکی غەیری زمانی خۆیان بووە، بە زەحمەت خۆیان لە پەتای بیرکردنەوە‌و دەربڕینی مەبەست بەو زمانە، بۆ ڕزگار دەکرێ.
نووسەر لە وەرگێڕ دەست ئاوەڵاترە. چونکە نووسەر بۆی هەیە ئەو مەبەستەی دەینووسێ ئەگەر بەم فۆرمە بۆی نەهات بە فۆرمێکی دیکە بینووسێ، یا ئەگەر هەر نەیتوانی مەبەستێکی دیاریکراو بگەیەنێ، وازی لێ بێنێ‌و لە نووسینەکەی دەری باوێ. بەڵام وەرگیڕ ئەم مافەی نییە. وەرگێڕ دەبێ هەم سەبک یا شێوازی نووسەر لە وەرگێڕانەکەی دا ڕەچاو بکا، هەم بە ئەمانەتەوە واتاو پەیامی دەقەکەی بگەیەنێ. وەرگێڕی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە سەرەڕای پابەندی بەم دوو بەربەستە، دەقەکە وا وەربگێڕێت کە خوێنەر هەست بکا ئەم دەقە بەو زمانە نووسراوە. حەسەنزادە نەک هەر لە نووسیندا بەڵکوو لە وەرگێڕانیشدا، هەوڵ دەدا هەویری واتا‌و پەیام‌و دەقیک کە کاری لە سەر دەکا، بە ئاوی کوردی بگرێتەوە‌و نانێکی لێ دروست بکا کە چێژ‌و بۆن‌و بەرامەی کوردیی هەبێ.
لێرە‌دا، دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە مامۆستا هەر لە ڕووی واتاییەوە هەوڵ نادا نووسین‌و وەرگێڕانەکانی، دەربڕینێکی کوردانەیان هەبێ، بەڵکوو لە ڕووی ڕستەسازی‌و ڕەچاوکردنی سروشتی ڕستە لە زمانی کوردیشدا، سەرکەوتوویە. لە گەڵ ئەوەی مامۆستا هەر دوو زمانی عەرەبی و کوردی بە باشی دەزانێ‌و پێی خوێندوونەوە‌و لێی وەرگێڕاون، هەر وەها سەرەڕای وێکچوونێکی زۆر لە نێوان سروشتی پێکهاتەی ڕستە لە دوو زمانی کوردی‌و فارسی، لە کاتی نووسین و وەرگێڕان‌دا، هەوڵ دەدا لە ژێر کاریگەریی سێنتاکسی ئەو زمانانە دوور کەوێتەوە‌و لە ڕیزکردنی کەرەستەکاندا، بینای ڕستەی کوردی بپارێزێ.
مامۆستا هەر لە ڕووی واتاییەوە هەوڵ نادا نووسین‌و وەرگێڕانەکانی، دەربڕینێکی کوردانەیان هەبێ، بەڵکوو لە ڕووی ڕستەسازی‌و ڕەچاوکردنی سروشتی ڕستە لە زمانی کوردیشدا
– دەستڕۆیشتوویی‌و زاڵبوون بە سەر وشەی کوردی….
کۆمەڵێک وردە تایبەتمەندیی دیکە:
بۆ ئەوەی بابەتەکەم لەمە زیاتر درێژ نەبێتەوە، چەند تایبەتمەندییەکی دیکەی زمانی نووسین‌و وەرگێڕانی عەبدوڵلا حەسەنزادە بە کورتی‌و بە سەریەکەوە باس دەکەم.
– مامۆستا هەوڵ دەدا هەتا ئەو جێگایەی دەگونجێ ڕستەکانی کورت بن. ئەگەر ناچاریش بوو ڕستەکانی درێژکاتەوە، تێدەکۆشی ڕایەڵی واتایی لێک بەستنی کەرتەکانی ڕستە ئاڵۆز نەبێ‌و خوێنەر ڕایەڵەکەی لە دەست دەرنەچێ.
– حەسەنزادە، لە گەڵ ڕەوانی‌و ساددەیی دەربڕین دایە. وەبیرم نایە ڕستەیەک یا دەقێکی نووسراو یا وەرگێڕدراوی حەسەنزادەم دیتبێ‌و خوێندبێتەوە کە لێی تێ نەگەیشتبم‌و نەزانم دەڵێ چی.
مامۆستا لە گەڵ جێگیرکردن‌و بە فەرمی ناسینی زمانی یەکگرتوو دایە
– پابەندی بە ڕێنووسی دروست‌و سەختگیری لە درووستنووسینی زمانی کوردیدا، نووسین‌و وەرگێرانی ئەویان کردوە بە مەرجەع بۆ کەسانێک دەیانەوێ کوردی بە ڕێنووسێکی دروست بنووسن. دیارە بە داخەوە هێندێک جار ناوەند‌و دامەزراوەکانی بڵاوکردنەوە، ڕێنووسە سەقەت‌و پڕ لە هەڵەکەی خۆیان بە سەر وەرگێڕانی ئەویش دا دەسەپێنن!
مامۆستا لە گەڵ جێگیرکردن‌و بە فەرمی ناسینی زمانی یەکگرتوو دایە. ئەمەش وای کردوە نەک هەر لە نووسین‌و وەرگێران دا، بەڵکوو لە لێدوان‌و چاوپێکەوتن‌و بەشداری لە کۆڕ‌و کۆبوونەوەی پێوەندیدار بە زمانی کوردی، بەرپرسانە‌و بە دووربینییەوە هەنگاو بنێ‌و بە دوور لە دەمارگرژی‌و بێ سڵەمینەوە لەوانەی وەک ئەو بیر ناکەنەوە، هەوڵی جێگیرکردنی زمانی یەکگرتووی کوردی بدا.
چێژی زمان لە نووسین وەرگێڕانی مامۆستا حەسەنزادە‌دا، باسی لەمە بە پێزتر هەڵ دەگرێ. توانا‌و دەرفەتی من هەر ئەوەندەی بڕ کرد. هیوادارم ئەگەر نەشمتوانیبێ حەقی خۆی بدەمێ، لانیکەم شتێکی کەمم لێ باس کردبێ.
بە قەولی مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی:
“آب دریا را اگر نتوان کشید هم بە قدر تشنگی باید چشید”
واتە ئەگەر هەموو ئاوی دەریاشمان بۆ ڕانەگوێزرێ، خۆ دەتوانین بەشی تێنوێتی شکاندن لێی بخۆینەوە