فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئایا گەڕان بەدوای مردن، گەڕانە بەدوای نەمری (تەجرەبەی مردنەکەی بێکەس حەمە قادر) بە نموونە

 

ئایا گەڕان بەدوای مردن، گەڕانە بەدوای نەمری
(تەجرەبەی مردنەکەی بێکەس حەمە قادر) بە نموونە

 

غازی حەسەن/ نووسەر/ ئەمەریکا
پێشەکی:

لەو ڕۆژەی شیعر لەدایک بووە، مردنیش وەکو کێشە و بابەت و دۆزێکی فکری و فەلسەفی لە نێو دەقی شیعریدا بەکار دەهێنرێت. لەنێو شیعری کوردیشدا مردن بەشێواز و مەبەست و تەکنیک و گریمانەی جیاواز بەکارهێنراوە.

ئەم ئامادەییە لەبارەی مردن بەپێی سەردەم و شێواز و ستایلی شیعر و دەوروبەری گوتاری شیعرەکە دەگۆڕێت و لەتەک ئەوەشدا چەمکی مردن و شێواز و بیرۆکەی باسکردن و لێکدانەوە و تێڕوانین لەبارەی مردنیش گۆڕاوە.

 

گریمانە و بیرۆکەی مردن لای (بێکەس حەمە قادر)

 

بێکەس حەمە قادر دیوانێکی نوێی لە سالی ٢٠٢٣ کە دواین دیوانی شیعریەتی چاپ و بڵاوکردۆتەوە و ٣٢٨ لاپەڕەیە و دواین شیعریشی وەکو دوا شوێن و کات و ئامانجی گەشتە شیعریەکەی بەناوی (دەمەوێ مردنێک تەجرەبە بکەم)ە، لە دیوانەکەی کۆتایی دانراوە.

شیعرەکانی بەم ناوونیشانە بەدوای یەکدا ڕیزبەند کردووە (ئەمڕۆ بیرم لە چی نەکردەوە)، (فنجانی قاوە تێنوویەتیم ناشکێنێ)، (باران دەستەکانمان جوان لێک گرێ دەدا)، (بیرم لای جێهێشتنی سێبەرەکانم بوو)، (کاتێک دیوار بەدەنگ دێ)، (لە ژوورەکەمدا بیر لەو شتانە دەکەمەوە کە بیرم نایەنەوە)، (ئەو ڕۆژانەم بیر دێنەوە بۆ لەبیرکردنی تۆ خۆم لەبیرکرد)، (سەرمایەکی گەرم لە ڕۆژێکی سارد ترساندمی)، (تۆ دوور بیت من لەسێبەری خۆم دەترسم)، (لە تۆوە ژیان دەناسم)، (شەراب و ژن)، (خەندەی ژن)، (کە تۆم هەبێ ژیان پێ دەزانم)، (درەختێک دەناسم ڕەنگی ژن دەدا)، (تۆ نەبای دەمێک بوو مردبووم)، (شەرابێکی سارد لە شەوێکی گەرم)، (شکانی قاچی سەگێک ئازاری زیاترە لە مردنێک)، (دەتوانی گلۆپی ژوورەکەت بکوژێنیەوە)، (ئەو شتانەی لە پێویستی بە کەلکم دێن)، (کۆترەکانیش لە فڕین هیلاک بوون)، (گوڵەکان لە تاریکیدا پێدەکەنن)، (سبیەنێ دەچینە ڕێواسان)، (تۆ گەلاکان وشک دەکەیتەوە و جوانییان دەپارێزی)، (تۆ چ هێزیکی لەبوونی مندا)، (دەترسم ئاسمان بەربێتەوە و ئەستێرە بڕژێن)، (دەبینی گوڵەکان چەند جوان پێدەکەنن)، (سەرت بخە سەرشانم و پشووێک بدە)، (زەوی لەژێر پێم ناوەستێ)، (دەبینی ئەستێرەکان چۆن ڕەنگیان گۆڕاوە)، (لە مارسدا)، (بۆ لە بیرکردنی خۆم حەزم لە سەفەرێکی دوور دوورە)، (دەچمەوە لای بیرەوەرییەکانم)، (ئێستا دەزانم بۆچی گۆرانییەکان بەدەنگی بەرز دەگوتران)، (من پارچەیەک نیم لە شکان بەڵکو زیاتر) ، (جاران من لە قەرەجێک دەچووم)، (دەتوانی گلۆپی ژوورەکەت بکوژێنییەوە)، (دڵم بە هیچ شتێ خۆش نییە تۆ نەبیت)، (ئەمڕۆ سەرمایەکی چەند گەرم بوو)، (ئێوارەیەکی سارد)، (کەدارێک بشکێ من بەردەبمەوە)، (لە تۆدا)، (وشەی خۆشمدەوێی لەدەمی تۆ چەندە جوان دەردەچن)، (هاتم و نزیکبوومەوە)، (دەمەوێ مردنێک تەجرەبە بکەم). (لەچاوەڕوانی هاتنەوەی تۆدا دادەگیرسێم).

بێکەس کێیە؟

(عەباس حەمەد قادر) لە گوندی میرڕۆستەمە لە دایکبووە، بڕوا ناکەم لەوێ لە کتێبی قوتابخانە شتێکی دیکەی بەردەست کەوتبن. ڕاپەڕین بووە وەرچەرخان. من لەدوای ڕاپەڕین سەرنووسەری هەفتەنامەی ئاڵای ئازادی بووم، لەوێ (بێکەس)م ناسی. من نەبوومە شاعیر، بەڵام ئەو لەسایەی دۆخی ڕاپەڕین و ژینگەی نوێی ئاڵای ئازادی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ نووسەران بووە شاعیر زەمینەی خوێندەوە و گوێگرتن و فێربوون و دەستکردن بەنووسینی بۆ دروستبوو. لەبیرمە (چ خەراباباتێکە)ی چاپکرد. یەکەمین بوێریی و خۆ سەلماندن بوو.

(بێکەس) جەند دیوانێکی چاپکردووە، دەتوانێت بڵێ منیش هەم

 

(بێکەس) جەند دیوانێکی چاپکردووە، دەتوانێت بڵێ منیش هەم، ژن یەکێکە لە نیشانە و هێما و سیمیۆلۆژیاکانی نێو دەقە شیعرییەکانی. دواین ئەزموونی (دەمەوێ مردنێک تەجرەبە بکەم)ە. ئێستا لە نەخۆشخانەیە و بەکردەوە مردن تەجرەبە دەکات. پێم وایە ئەو دەتوانێت سەربردەی ئەم قۆناغە سەختەی نەخۆشخانە بکاتە دیوانێکی نوێی شیعریی، واتە هەقایەت و چیرۆکی دوای مردن بگێڕیتەوە. (بێکەس) بوێرە، دەتوانێت خۆی بسەلمێنێت، مرۆڤە، دڵێکی گەورەتر لە شیعری هەیە.

 

خۆ دۆزینەوە لەنێو دەقدا

 

دۆزینەوەی مەبەستی دەق، ئامانج و گوتاری دەق بەشێکی گرنگی پەیوەندی بە ناوونیشانەوە هەیە، دیوانە شیعرییەکە (دەمەوێ مردنێک تەجرەبە بکەم)ە، ئەمە ناوی شیعرێکیشە. باریکە ڕێ و بزنە ڕێ لەنێو زمانی ئەم دەقە شیعریانە نابینین، بەڵکو شاڕێیەکی ڕاست، پڕ لە ترافیکی (شەراب، گوڵ، ژن، ئەشق، ئاسودەیی، سەفەری درێژ و ئەستێرە و سێبەر و مردن …. تاد).

دۆزینەوەی مەبەستی دەق، ئامانج و گوتاری دەق بەشێکی گرنگی پەیوەندی بە ناوونیشانەوە هەیە

لای من گرنگترین شت ناوونیشانی دیوانەکەیە، کە بریتییە لە ئاماژە و سازانی مەرگ، لەپێناو بەدەستهێنانی نەمریی. دەزانن بۆ؟ چونکە: دەق لەپێناو نەمریی دەمرێت، مرۆڤ لەپێناو بەدەستهێنانی نەمریی، دەمرێت، ژیانەوە لە نێو مردن دایە. ئەفسانە، فەلسەفە، ئایین، مردن لە ڕەهەند و دیدگا و فکری جیاواز دەبینن، بەڵام هیچێکیان ناتوانن نەیسەلمێنن کە مردن کۆتایی ژیانە. (بێکەس حەمە قادر) لەسەرەمێکدا دەناسم، وەکو خۆی دەڵێت ئەگەر شار نەبووایە ئێستا دەبووایە شوان بێت، ئەو لە سەردەمێکدا دەناسم، کە هێشتا کتێب و بیرکردنەوە و خوێندنەوە هیچ بوون. بەداخەوە ئەو ئێستا بەکردەوە مردن تەجرەبە دەکات و لە بێهۆشیدا دەژیت.

لەم شیکردنەوەیەدا نامەوێت (بێکەس) وەکو جەستە و ڕابردوو، بوونێک لەقەراخی نەبوونەوە پێناسە بکەم. نامەوێت بوونێکی نەبووی میرڕۆستەمە بناسێنمەوە، نەخێر (بێکەس) وەکو دەق دەناسم، وەکو هەست و نەست و  بیرکردنەوە دەناسێنمەوە.  دەمەوێت دەق لەنێو دەقدا پێناسە بکەمەوە، مردن لەنێو مردندا شیکار بکەمەوە، لەهەمان گاڤدا (بێکەس) لەنێو بێکەسدا بناسمەوە.

 

بێکەس) وەکو دەق دەناسم، وەکو هەست و نەست و  بیرکردنەوە دەناسێنمەوە

مردن لای مرۆڤە سەرەتاییەکان، ئەوانەی لە کۆمۆنەی سەرەتایی ژیاون بریتیی بووە لە “ئاکامی کاری دوژمنکارانە و کارتێکردنە شەڕانگێزانییەکان، ئینجا ئەمە لەشێوەی مرۆڤ بوو دەرکەوتبن، یان ڕۆحانی”. (جاک شورون، ١٩٧٨، ل ١٥) مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەزموون و هەڵدانەوەی لایەنە مێژوویی و پزیشکی و کۆمەڵایەتی و ئایینەکانەوە دەگاتە ئەوەی بڵێت (مردن کارێکە هەر دەبێت ڕووبدات). شاعیرش لەنێو دەقی شیعریدا مردن، یان مردووە زیندووەکان، یان ژیانێکی بێ ژیان وەکو پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ڕۆحی دەبینێت، تا دەگاتە ئەوەی ئەو ئامادە بێت خۆشی (مردنێک تەجرەبە بکات). نازانم ئەوە رێککەوتە (بێکەس) ئەم مردنە تەجرەبە دەکات، یان پێشبینییەکی دوور لە فەلسەفاندنە، یان ڕۆح و هێز و کارتێکردنی خودی دەقە شیعرییەکەیە، کەسەکە دەخاتە نێو چارەنووسێکی ئاڵۆز و پڕ لە گریمانە و لێکدانەوە و تێگەیشتن و پێسوازیی و دانوستان لەگەڵ خودی مردن، لەپێناو بەدەستهێنانی نەمریی.

(بێکەس) سەر بەهیچ ڕێباز و تێڕوانینێکی فەلسەفیی نییە، تا پەنا وەبەر قوتابخانەیکی فکری و فەلسەفی بۆ لێکدانەوەی دەقی (مردن و تەجرەبەکردنی مردن) ببات. هیچ بەڵگە و دەقێک و گفتوگۆیەکی چاپکراوم لەبەردەست نییە، شاعیر باسی مردن و نەمریی و تێڕوانینە مێژووییەکان و تێفکرین کەلتوورە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی لەبارەی مردن بکات، یان پشتڕاستی بکاتەوە ئەو لەوێوە ڕوناکی لەنێو دەقە شیعرییەکانی دروست دەکات. ئەو لە (نێو هەستدا هەست) دەکات، ئەو (لەنێو پەیوەندییە ڕۆحییە باوەکانی خۆشەویستیدا، وێنایەکی نوێ لەنێو وێنا کۆنەکەدا) لەبارەی مردن دروست دەکاتەوە. وێناکانی خۆڕسکە، ئەگەر تێکەڵی تێڕوانینە فکریەکانیش لەبارەی مردن ببێتەوە، ئەوە ئەو ڕووبارە نییە، کە لە ڕۆژئاوا و یۆنانی کۆن و لەکانیاوی ئایینە جیاوازەکاندا سەرچاوەی گرتبێت.

 

(بێکەس) سەر بەهیچ ڕێباز و تێڕوانینێکی فەلسەفیی نییە، تا پەنا وەبەر قوتابخانەیکی فکری و فەلسەفی بۆ لێکدانەوەی دەقی (مردن و تەجرەبەکردنی مردن) ببات

پرسیارێکی فرە سادە، نامەوێت بگەڕێمەوە کەونارەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و مردن، فەلسەفە و ئایین و مردن، بەڵکو دەپرسم بەڕاست مردن وەکو دەقێکی شیعری گەڕانە بەدوای نەمریی، یان بەکردەوە بریتییە لەنمایشێکی فکری و ڕۆحی و بۆ گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی ئەوانی دیکە و  هەستەکانی ئەوانی دیکە لەبارەی پرۆسەی مردن و هەستکردن و وێناکردنی قۆناغ و ساتەکانی مردن و ئاشکرا کردنی نهێنییە ڕۆحییەکان؟.  ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشدا بەکردەوە شاعیر بەدوای نەمریدا لەگەشت دایە و بەنێو دەقی مردندا دەگەڕێت، دڵنیانیم لەوەی (بێکەس حەمە قادر) چ جۆرە سەرچاوەیەکی فەلسەفی و فکری لەبارەی مردن و نەمری خوێندۆتەوە، یان چ دەقێکی ئەدەبی دەور کردۆتەوە و سیپارەی قسەی ئاسایی ڕۆژانەی خەڵکی لەبارەی مردنەوە بەنێو هێناوەتەوە و پێیانەوە گیرساوەتەوە. بەجۆرێکی دیکە وێنای ئەو وێناکردنانەی کردۆتە دەقێکی شیعری. یان بەکردەوە دوای مەستبوونێکی ڕۆحی ئارەزووی چوونە نێو گەشت بەنێو پرۆسەی مردنی هەقیقی و واقیعی کردووە، ڕەنگە ئەمەشی تەنیا بۆ ئەوە کردبێت تاکو  بزانێت مردن  بریتییە لەساتە ئازار بەخشەکان و ئەم پرۆسەیە نیشانی مرۆڤ بداتەوە کە تاکو ئێستا لە نهێنی مردن و ئازار و ساتە بەختەوەرەکانی نێو مردن نەگەیشتوون، لەهەمان گاڤیشدا مردن وەکو کەرەستەیەکی جیاواز لەنێو دەقی شیعریدا بەکاربهێنێت. ئەمەش وەکو نهێنییەکی ئاشکرا نەکراوەی سەرمۆر ماوەتەوە. (کلۆد بێرنارد) زانای بایۆلۆژی ژیانی بە مردن پێناسەکردووە. پێی وایە پرسی مەرگ و نەمری بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی خەمی سەرەکی مرۆڤەکان بووە و ڕەنگە مەبەستی (ئەفلاتون)یش شتێکی دیکە بێت، کە دەیگوت “فەلسەفە تێڕامانە لە مردن” و (شۆپنهاوەر)  دەبێژێت “مردن بابەتی سەرەکی فەلسەفەیە و گەورەترین ئیلهامبەخشە بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی”. (ویلیام ئێرنست هۆکینگ)ی فەیلەسوفی ئەمەریکیی، کە بە قسەی خۆش بەرگریی لە ئایدیالیزم دەکرد، پێ وایە “مردن دیدگای گۆڕانکارییەکانی مێژووە، لەبەر ئەوە لەتوانادا نییە بزانرێت چی لە دەرەوەی مردن هەیە و مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت درک بە مردنی خۆی بکات”.  تاکو ئاماژەش بەوە دەکات “نەمریی وەک فانتازیایەک وایە و بوونی نییە، وەک قۆناغێک وایە خەیاڵی خۆمان لەسەر ژیانی دوای مردن نمایش دەکەین، بەڵام مومکین نییە ڕووبدات”. (د.عماد عبد الرزاق ، https://www.omandaily.om/%D8%A7%D9%84%D9%85%D ).

 

شاعیر بەدوای نەمریدا لەگەشت دایە و بەنێو دەقی مردندا دەگەڕێت

شاعیر لەسەردەمی کرۆنادا لەبارەی مردن دەبێژێت:

گوێبیستی دەنگی گۆرانی و میوزیک نابین

لەنێو ئەم هەواڵانەی باسی مردنێکی دی

دەرکەوتنی دوو وڵاتی تر

بە گرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا

ئەمڕۆ بیرم لە تۆ دەکردەوە  (١١)

دەڵێت: ئێمە لەبازنەیەکدا دەخولێینەوە

چاوشارکێ لەگەڵ هاتن و نەهاتنی

مەرگێک دەکەین

پەنا بۆ هەموو شتی دەبەین

مردنمان دوا بخات….  (١٢)

لە گێڕانەوەی دۆخی دەروونی سەردەمی پەتای کۆرۆنا، شاعیر ئاماژە بە هەست و تێڕوانین و وێناکردنی خەڵک لەبارەی (مردن) دەکات، لێرەدا خەڵک (چاوشارکێ لەگەل مەرگێک) تەنیا یەک مردن، یان مردنێکی نادیاری پێشبینی نەکراو بە پەتاکە دەکات. لەم پێناوەشدا هەموو شتێک بۆ دواخستن و دوورخستنەوەی مردنەکە دەکەن. ئەمە مردنێکە، ئاسایی نییە، چاوەڕوانکراوی سروشتی نییە، ئەو مەرگە نییە، کە دەبێتە بەشێک لەمێژوویی مرۆڤەکان و نەمری دروست دەکات. لێرەدا مردن وەکو تێڕوانینێکی فەلسەفی، یان لێکدانەوەی فەلسەفیی بنیات نەنراوە، بەکردەوەش لەم پەتا قورسەدا کێ هەبوو فەلسەفیانە بمرێت، یان بیر لە فەلسەفە بکاتەوە. هەموو شتێک لەپێناو مانەوەی جەستە بوو، نەک نەمریی.

 

لەم پەتا قورسەدا کێ هەبوو فەلسەفیانە بمرێت، یان بیر لە فەلسەفە بکاتەوە. هەموو شتێک لەپێناو مانەوەی جەستە بوو

ئایا شاعیر ئەو تاکە مرۆڤە ئازا و بوێرەیە پتر لە هەستەوەرەکانی دیکە هەست بە مردن و باسی مردن بکات؟ ئێمە دەزانین شیعر و فەلسەفە، شیعر و وێناکردنی فکری، شیعر و زمانێکی پڕاوپڕ لە مانا، کە  هاوتا و تەواوکەری یەکترن.  وەکو (هوکنگ) دەبێژێت “مرۆڤ ئەو تاقە گیانەوەرەیە بیر لە مردن دەکاتەوە، پێشوازی لە مردنی خۆی و ئەوانی دیکەش دەکات”. (د. عیماد عبدالرزاق، https://www.omandaily.om/%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%) . وەکو (هومیروس) ئاماژەی پێ کردووە دوو خود و پێکهاتەی ژیان هەیە، یەکەمیان نەفسی هەناسە دانە، ئەمە لەگەڵ مردن لەجەستەی مرۆڤ دادەبڕێت و کۆتایی پێ دێت. دووەمیان نەفسی ڕۆحە، ئەمە نامرێت و خۆی لە مردووەکە دەشارێتەوە. (جاک شورون، ١٩٨٤ ،٢٦).  ژیان بریتییە لەپێشوازی مردن، مردنیش بریتییە لەکۆتایی ژیان. ئەمە بۆ هەموو شتێک دروستە.

لەتەک ئەوەشدا (بێکەس حەمە قادر) بیر لە کۆکردنەوەی خۆی دەکاتەوە لەڕێگەی (هاتنی ئاشقەکەی) و دەڵێت:

لە چاوانت عیشق بدزم
لە تەنیاییدا مرۆڤ وردوخاش دەبێ
تۆ هاتی کۆتکردمەوە
فێری هەستانەوە و
لەگەڵ عیشق و  ژیان ئاشنات کردمەوە  (١٥-١٦)

لێرەدا نەمریی و کۆکردنەوەی خۆی لەڕێگەی (دزینی عەشق) دەبینێت، واتە (نەمریی لەو مردنە ئاساییە نابینێت)، کە مرۆڤ لەکۆتایدا پێشوازییەکی ناچارانە و دوور لەئیرادەی خۆی لێ دەکات، بەڵکو لە وزە و هێزی عیشق و کارگەریی و ڕێنماییەکانی ئەو لەپێناو هەستانەوە و ئاشنا بوونەوە بە عیشق و ژیانە. واتە (عیشق یەکسان و هاوتای ژیانە)، ئەوانەش هاوسەنگن لەگەڵ (پەرتبوون/ مردن).

 

شاعیر لەم دێڕانە باس لە مردنی جەستە ناکات، بەڵکو مردنێک و هەستانەوەیەکی ڕۆحیی عاشقانەیە

مردنێک هەیە فکرییە، هەیانە شاعیرانەیە و هەشیانە فەلسەفیانە و هەشیانە جەستەییە، مردنێکی دیکە خوازەیە و مرۆڤ هەیە ڕۆژانە بەهۆی شەرمەزاریی و ڕەفتاری خراپ و خۆ سزادان و سزادانی ئەوانی دیکە مردنێکی ڕەمزی و نیشانەیی دەمرێت. شاعیر لەم دێڕانە باس لە مردنی جەستە ناکات، بەڵکو مردنێک و هەستانەوەیەکی ڕۆحیی عاشقانەیە.

کێ هەیە لە منداڵییەوە، تا ئەو ساتەی بەکردەوە تامی بەکردەوەی مردن دەکات، باسی مردن و نهێنی مردن و ترس لە مردن نەکات، بەڵام کەس وەکو شاعیر ناتوانێت بە هەستێکی جیاواز لەنێو هەستەکانی دیکەیدا وێنای مردن بکات، وێناکردنێک وەکو ئەوەی ئەو کەسە پیاسەیەک بە کەناری دەریا بکات، یان گوڵێک لە باخچەیەک لێبکاتەوە، یان ئافرەتێکی قەشەنگ لە باوەش بگرێت و نانێک لە برسیەتی ڕزگاری بکات … تاد. بەو واتایەی چۆن دەقی شیعر وەکو دەقێکی فکری و فەلسەفیی و پیرۆز وێنای خواست و شتەکان دەکات، لەبارەی مردنیش وایە. وەکو دەڵێن “مردن حالەتێکی مردنە، بۆیە دەگوترێت فڵانە کەس مردنێکی باش مردووە”. (جمیلة بسو،٢٠٢٠، ٤) ئەگەر لایەنە ئاشکراکانی نێو دەقە شیعرەکەی (بێکەس) لێکدەینەوە، لایەنی شاراوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەو دەیەوێت مردنێکی باشی جیاواز لەوانی دیکە بمرێت و تەجرەبە بکات. لەهەمان کاتدا وێناکردنێکی هێمایی و سیمیۆلۆژیانەش دەبینرێت، کە ئاماژەن بۆ مردنێکی ناجەستەیی.

پرسێکی دیکەی نێوان دەسەڵات و گوتاری دەق و خواستی دەروونی و فکری شاعیرە و لەنێو وێرانێکی کەم وێنەدا

 

ئایا شاعیر دەیەوێت زەمینەیەکی عەقڵانی گونجاو بۆ پێشوازی لە مردن دروست بکات، یان دەیەوێت ئەو زەمینە وێران بکات؟ ئەمە پرسێکی دیکەی نێوان دەسەڵات و گوتاری دەق و خواستی دەروونی و فکری شاعیرە و لەنێو وێرانێکی کەم وێنەدا، نەوێرانێکی ئەبەدی لەبارەی مردنەوە وێنا دەکاتەوە، کە بێ ترس و دڵەڕاوکێ و گومانەوە مردن وەکو کێشانی جگارەیەک، یان ماچێک، یان پرسیارێکی یەکلاکراوە دەبینێت. (هوکنگ) پێی وایە “چۆن مرۆڤ هەست بە ساتی لەدایکبوونی ناکات، ئەوهاش هەست بە ساتی مردنی ناکات”.  (عیماد عبدالرزاق، https://www.omandaily.om/%D8%A7%D9%84%D9%85%). شاعیر پێچەوانەی بوونەوەرەکانی دیکە بەهۆی هەستیاریی و هوشیاریی و قووڵبوونەوە بەناخی هەستە نەبینراوەکاندا، جۆرێک لەنەشتەرگەی بینراوی نیمچە بەرجەستە لەڕێگەی وشە لەنێو هەستدا دەکات و وێنای دۆخێکی دەروونی دەکات، کە وشە دەتوانێت پێناسەی بکات. بەڕاست چۆن پێناسەی مردن کراوە: لەفەرهەنگی ( Merrian Webster ) گوتراوە مردن تێپەڕینە لەژیانێکی فیزیکی، دەرچوونە لە بوون، چەند جۆرێکی مردنیش هەیە لەوانە: مردن بەهۆی ماندوێتی، مردن بە تامەزرۆیی و نائومێدیی و لە شەرمەزاریدا، بەهۆی ڕووداوێک، یان بێ باکانە مردن. (  https://www.merriam-webster.com/dictionary/die). شاعیر دەیەوێت بەجۆرێکی دیکە بمرێت، کە (لێچکواندن و وێناکردن و وەهم و گرەوکردن و نمایشێکی وشەداری تەژیی لە ناکۆکی و ململانێیە، مردنی شاعیر فیزیکی نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی خودی مردن و بەکارهێنانی لەنێو دەقدا، بە واتایەکی دیکە دەق نابێتە گۆڕستان بۆ مردن و مردووەکان، بەڵکو دەق شوێنێکە بۆ بیرکردنەوە و لێکدانەوە و تێگەیشتن و جوانبێژیی و دەربڕین و گوزارشتی هەستە مرۆییەکان لەبارەی مردن و پڕە لە هێماو نیشانەی مانادار لەبارەی خودی مردن و هەستەکانی مرۆڤەوە لەبارەی مردن.

 

مردنی شاعیر فیزیکی نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی خودی مردن و بەکارهێنانی لەنێو دەقدا

شاعیر کەسێکە لەوانی دیکە قووڵتر بیر لە مەسەلە و کێشە بنەڕەتییە سەرەکییە بڤە و نابڤەکان دەکاتەوە و لەبارەی مردن و نەمری ڕاشکاوانەتر لەوانی دیکە دەتوانێت بئاخڤێت. لەبارەی نهێنییە قەدەغەکراوە نەدۆزراوەکان قسە بکات، “مردن دێت و مەسەلەکە پەیوەندی بە کاتەوە هەیە، ئەمەش هەستی بەرپرسیاریەتی بە مرۆڤ نەبەخشی بەپێچەوانەوە لە بێباکی و بێهودەییدا نوقمی کرد و هەستی هیچی و ونبوونی پێ دەبەخشێت”. (فلسفة الموت عند طرفة بن العبد، https://alarab.co.uk/%D9%81%D9%84%D8%B3% ).

بۆیە ئاساییە شاعیرێکی وەکو (بێکەس حەمە قادر) ڕکابەری لەگەڵ مردن بکات، بزانێت کامەیان (ئەو)، یان (مردن) پێشتر دەگاتە (نەمری) هەندێک جار خودی مردنەکە و شێواز و تەکنیک و بیرۆکە و ئامانجی خودی مردنەکە نەمری بە مردووەکە دەبەخشێت، هەندێک جاریش پێگە و دەسەڵات و هێز و نێوبانگی مردووەکەیە، خودی مردنەکە نەمر دەکات . شاعیر هەستێکی وا ڕوون و ئاشکرا و دابڕان و پووچکردنەوەی هەموو شتێک بە مردنیشەوە نمایش دەکات، کتومت گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی مردن لەنێو مردندا. پێمان دەڵێت من لە مردنی ژیان ڕادەکەم بەرەو نەمری، با مردنیش لە مردنی ژیان بمێنێتەوە و پێم ناگات.  شاعیر دەڵێت:

تۆ دیار نیت
باران ڕێگاکان دەناسێتەوە و
ڕێگای دی ون دەکات
….. هێزی مانەوە و بەردەوامیت
بۆ ئەوەی جوان بژین
دەبێت لەسەفەرەکان
هێز وەربگرین
بۆ ئەوەی لەچاوەڕوانیدا نەمرین
گەورە مەبە ژیانی من
…. ماسییەکان مەترسێنە
ئەوان لەئاو یاخی بن دەمرن
وەک ئێمە وان حەز لە ژیان دەکەن.   (١٩-٢١)

 

شاعیرەکان لەڕێگەی دەقەکانیانەوە دەمێننەوە و نامرن

شاعیر بیر لە هێزی مانەوە دەکات، لەکاتێکدا ئەو دەزانێت کەس لەکۆتاییەکەی نامێنێت و غلۆر دەبێتەوە ژێری ژێرەوەی نەمان و سڕانەوە، چونکە مردن سڕینەوەی هەبوون و بوونە. بۆ ئەوەی لەچاوەڕوانیدا نەمرن، پێویستە (گەورە نەبن)، ئەمەش خواستێکی مەحالە.. (لەدایکبوون و منداڵی و هەرزەکاریی و جوامێری و پیربوون و مردن) بێ وەستان وەکو بای هەست پێ نەکراو دەڕوات. بۆیە لەدایکبوون و مردنیش وەکو یەک دانراوە، هیچی لە ئیرادەی خودی مرۆڤەکە کەمتر نییە. (گەورە نەبوون) دەکرێت بەشێک بێت لە (نەمریی) بە واتا ڕۆحی و فەلسەفی و فکرییەکە، دەنا مرۆڤ وەکو قالۆنچەیەک، پنچکە دارێک و گوڵێک و ماسییەکی ئاو لێبڕاو، یان ڕاوکراوێکی کێوی، یان خۆماڵی غلۆر دەبێتەوە و سەگ تۆپ دەکات. گەڕان بەدوای نەمریی، پاش مردن، نەک نەمردن یەکێکە لەخواستە باوەکانی شاعیرەکانە. ئەوان لەڕێگەی دەقەکانیانەوە دەمێننەوە و نامرن، بەڵام جەستەیان پێش ملیۆنان کەسی دیکە دەمرێت، وەکو چۆن ڕۆژانە دەیان خانەی زیندووی جەستە و مێشک و بیرەوەرییەکان دەمرن و کەسیش بەپەڕۆیەکی تەڕیشیان بەراورد ناکات. مرۆڤ هەر هێندە لەبەرچاوانە، کە زیندووە، دوای مردن هەموو شتێک کۆتایی پێ دێت، دەقی شیعریی و گەڕان بەدوای نەمریی لەنێو دەقدا وا نییە، دەکرێت پێش بڵاوبوونەوەی دەقەکە، خاوەنەکەی بمرێت، بەڵام دەقەکە بۆ کاتێکی یەکجار درێژ بێمنێتەوە.

زانای گەوەری ئەمەریکی (نیل دیگرایس تایسۆن) لەبارەی مردن دەبێژێت: مردن ئەوەیە، کە وا دەکات بەیانیان لە خەو هەڵبستیت بەبڕیارەوە کارێکی نوێ بکەیت، یان پابەند بیت بەگرتنەبەری هەنگاوی دەستبەجێ بەبێ دواکەوتن، لەوانەش دەربڕینی هەستەکانت بۆ ئەو کەسانەی خۆشت دەوێن. بیهێنە بەرچاوت کاتت لەبەردەم هەبێت و بەبێ ئەوەی بزانی کاتی مردنەکەت کەیە، ئەوکات هەموو شتێک کەوتۆتە ژێر هەژموونی دواخستن، هەموو شتێک بەبێ بایەخ، یان شتێک پێویست نەبێت دەردەکەوێت. ژیان خۆی هەموو بەهایەک لەدەست دەدات.

یان باوکی گەوەرە و دامەزرێنەری ئەمەریکا (فرانلکین) دەڵێت: ئایا ژیان دوای مردن هیچ بەهایەکی هەیە؟ ئەو ئەم بیرۆکەیە بە ڕەهەندێکی دیکە دەبەستێتەوە و دەبێژێت: مردن پێش مردن”.  (عماد ابو الفتوح،   https://www.aljazeera.net/midan/miscellaneous/2018/1/12)

 

ئەمە ڕێک (مردن پێش مردنە)، دەنا کەی مردن جوانترە لە جوانی

داڕژانی ئەستێرە لە ئەفسانە و لێکدانەوەی نەریت و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی لەنێو خەوندا بە واتای (مردنی کەسێک) دێت، کەچی لای شاعیر ئەم داڕژانە وێنەیەکی جوان، جوانتر لە جوانی وەردەگرێت. باشە داڕژانی ئەستێرە بەکردەوە مردنی خودی ئەستێرەکە ناگەیەنێت، بەڵێ، وەکو چۆن لە پایزدا لەکاتی وەرینی گەڵای دار، گەڵاکان دەمرن و ڕەنگیان زەرد دەبێت، بۆیەش ڕەنگی زەرد بە نەخۆشی و نیشانەکانی لاوازیی جەستە و چوون بەرەو مردنی مرۆڤیش دەچوێنرێت. شاعیر دەڵێت:

ئەستێرەیەک لە شەوی تاریکدا
جوان جوان دادەڕژێ (٢٣)

ئەمە ڕێک (مردن پێش مردنە)، دەنا کەی مردن جوانترە لە جوانی. گریمانەی ئەوە دەکرێت، گەلێک جار مرۆڤ هەتا نەمان و مردنیش بەکردەیەکی جوان و بەبەها و پێشوازیی لێکراو ببینێت. دەنا زەقنەبووتێکی تاڵ و ڕەشی وەکو مردن، چۆن دەبێت بە (جوان جوان) وەسف بکرێت. کرداری مردن بە واتای “وازهێنان لە ژیان” دێت، هەروەها بۆ زیادەڕەویی بۆ گوزارشت لە پێویستییەک یان خواستێکیش دێت، بۆ نموونە دەڵێن”مردم بۆ ئەوەی ئەو پێڵاوانەم هەبێت”. (https://www.vocabulary.com/dictionary/die). شاعیرش ئاساییە مردن بە دڕژانی ئەستێرە بچووێنێت و بە مردووی بزانێت، یان هەندێک گوزارشت بکات، کە نەیەوێت مردنێک تەجرەبە بکات، تاکو ژنەکەی نەبێتە خاوەنی مووچەیەکی گەورەی شەهیدانە.

 

مردن و خستنەڕووی خواستەکانیان

 

لە شاری نیو ئۆرلینز لە ئەمەریکا (کاندی چانگ) کە قسەکەرێکی بەنێوبانگە تاقیکردنەوەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەنجامدا و بەلای یەکێک لە گەورەترین دیوارە سەرەکییە دیارەکانی ناوچەکەی خۆیدا تێپەڕی و لەسەری نووسی: پێش ئەوەی بمرم، دەمەوێت…؟ ئیدی وەڵام و مەبەستەکەی لەسەر دیوارەکە بە کراوەیی و بۆشی  هێشتەوە بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن و دەیانەوێت شتێک بنووسن، ڕای خۆیان دەربڕن، کۆمەڵێک تەباشیری بچووکیشی بۆ ڕێبوارانی ڕێگاکە دابینکرد تاکو بتوانن بۆچوونی خۆیان دەربڕن.  ڕۆژی پاشتر کە گەڕایەوە، نزیکەی هەموو لا  دیوارەکە پڕ کرابۆوە و لە هیوا و خواست و خەون و ئازار و بیرۆکە. ( عماد ابو الفتوح، https://www.aljazeera.net/midan/miscellaneous/2018/1/12). چوار نووسەری دیکە لە کتێبێک بەناوی پێش ئەوەی بمری دەتەوێت چی بکەی؟ بیرکردنەوە و هەڵوێستی چەندین کەسیان وەکو بەڵگە و لێکدانەوە و تێڕوانین بڵاوکردۆتەوە. بروانە (  Ben Nemtin, Dave Lingwood, Buncan Penn and Jonnie Penn, 2012  ).

 دیوانە شیعریەکانیش، وەکو ئەم لا دیوارە وایە، پڕە لەبۆشایی و شوێنی پڕ نەکراوە. خوێنەر دەتوانێت پڕیان بکاتەوە و هەست و خواست و خەون و هیوای خۆی تێدا بنووسێتەوە

 

سەیر بکەن، دیوانە شیعریەکانیش، وەکو ئەم لا دیوارە وایە، پڕە لەبۆشایی و شوێنی پڕ نەکراوە و هزری تەواو نەکراو و وێنەی جوان جوان و پڕن لە بۆشایی و پێویستیان بە تەواوکردن هەیە و خوێنەر دەتوانێت پڕیان بکاتەوە و هەست و خواست و خەون و هیوای خۆی تێدا بنووسێتەوە و تەواوی بکات. خوێنەر ڕێبواری نێو دەقی شیعرە، ئەویش دەتوانێت هەست و نەستی خۆی بنووسێتەوە.

شاعیر دەڵێت:
خەریکە دیوارەکە
لەگوێگرتن وە قسە دێ
… دڵی من
سەرمای گەرم هیلاکی کردووە
……  ئاسکێک بەلەز
لەترسی مردن ڕادەکا
…… من حەزم دەکرد
زمانی ئاژەلانم زانیبایە
تا هێزی گوتنی خۆشەویستیم هەبا و
وەدەنگ هاتبام
چەشنی دیوار بێدەنگ نەبام  (٣٠-٣٢)

ژیانی مرۆڤ بەکورتی وەکو (ئاسکە بەلەزەکەیە)، کە دەیەوێت لە مردن ڕزگاری بێت، مرۆڤیش هەمیشە و بەردەوام دەیەوێت لەو دیاردە ترسناکە دەربازی بێت، کە پێ بەپێ لەو ساتەی لەدایک دەبێت، وەکو سێبەر لە گەڵی دەڕوات. ئاسک لەترسی مردن ڕادەکات، مرۆڤیش لەترسی ژیانی مردوو ڕادەکات بەرەو مردن، لە ئاژاوەی ژیانێکی بێ ڕۆح بەرەو مردنێکی ئەبەدی و ژیانێکی نوێتر لە ژیانی ئاسایی ڕادەکات. چیرۆکە جیاوازەکانی نێو ئایین و ئەفسانە و کەلتوور و شارستانیەتەکانیش پڕن لە پاساوهێنانەوە بۆ شەرعیەتدان بەمردن، وەکو ژیانێکی نوێ، یان ژیانێکی نوێ لەنێو مردن و کۆتایی ژیان. هەیانە تۆقێنەرە و ئازار بەخشانە مێژووی مردن دەگێڕێتەوە، هەشیانە تەنیا (ڕاکردنە لە ژیانێکی مردوو). هیچ هەست و ئازار و پاشماوە و ترسێکی بەدوادا نایەت.

شارستانیەتەکانیش پڕن لە پاساوهێنانەوە بۆ شەرعیەتدان بەمردن، وەکو ژیانێکی نوێ

لە وتارەکەیدا قسەکەرە ئەمەریکییە ئەوەمان لا ختووکە دەدات: بۆچی مرۆڤەکان لە مردن دەترسن و بۆچی لە حەتمەتیشدا یاخی دەبن؟ لەم چەشنە پرسیارانە دەیەوێت پێداچوونەوە بە چیرۆکی بەناوبانگ بکات، لەسەرانسەری شارستانییەت و کولتوورە جیاوازەکاندا مرۆڤەکان بە هەموو ئایین و پاشخانێکەوە دووبارەیان دەکەنەوە لەپێناو ساخکردنەوەی دیاردەی مردن. پاساو هێنانەوە بۆ ڕوودانی هەندێک لەو چیرۆکانە، ڕێک وەکو پاساوێک وایە بۆ ئێمە، چۆن ترسی مردن کۆنترۆڵ بکەین. لەهەمان کاتدا هەندێکی دیکەش شتەکان پتر دەوروژێنن و چەشنە پرسیارێک دەکەن، کە نائارامی زۆرتر سەبارەت بەدیاردەی مردن دروست دەکات، کە ناتوانرێت لێی ڕزگاری بین. (عماد ابو الفتوح، https://www.aljazeera.net/midan/miscellaneous/2018/1/12)

ژیان بیرکردنەوەیە، کات وەکو ژوورێکی داخراو وایە سەبارەت بە ژیانی مرۆڤ، چوارچێوەیەکە لێی دێینە ژوورێ و لەوێشدا بیر دەکەینەوە و دەژین و هەر لەوێشدا لەنێو ژووری (کات و شوێن و چاوەروانی و ململانێ و خۆشی و ناخۆشی)دا دەمرین و کۆتایی بە هەموو شتێک دێت. کتێب خانووێکە، دەقێكی شیعریش ژوورێکە لەنیو ئەم خانووە، پڕە لەو گریمانە و پرسیار و هزر و نیشانە و هێمایانەی مرۆڤ بەدوایاندا دەگەڕێت، شاعیر دەڵێت:

لە ژوورەکەم بیر لەو شتانە دەکەمەوە
کە بیرم نایەنەوە ( ٣٨).

لەکردەوەدا ژیان لەبەردەم مردندا بیرکردنەوەیە لەو شتانەی بیر مرۆڤ نایەنەوە. مرۆڤ گیانەوەرێکی هەستیارە هەست بە مردنی خۆی و ئەوانی دیکەش دەکات، مردنی دار و بەرد و باڵندە و ئاسمان و دەریاشی بیر دێنەوە. ئەم بیرکردنەوەیە وەکو ئەوە وایە چۆن مردن ژیان سفر دەکاتەوە و دەیکاتە هیچ، بیرکردنەوەش لەو شتانەی بیری شاعیر نایەنەوە، سفرکردنەوەی هەموو شتێکە.

ئەم بیرکردنەوەیە وەکو ئەوە وایە چۆن مردن ژیان سفر دەکاتەوە و دەیکاتە هیچ

 

(ستیڤن کەیڤ) تیشک دەخاتە سەر ئەو ئارگیومێنتەی فەیلەسوفی یۆنانی (ئیپیکۆرۆس)، کە دەڵێت: “ئێمە لە شتێک دەترسین، کە ناتوانین بیبینین. دەبێژێت: مردن بۆ هەموومان هیچ نییە، چونکە کاتێک دەژین مردن بوونی نییە، کاتێک مردنیش دێت ئێمە لە ئێستاوە نەماوین. ئەمە دەستەواژەیەکە دواتر لەلایەن فەیلەسوفێکی دیکەوە داڕێژراوە و دەڵێت: “مردن بە هیچ شێوەیەک ڕووداوێکی ژیان نییە”. ئەمانە دەربڕینگەلێکن ئاماژەن بۆ ئەوەی ژیان و مردن وەک شەو و ڕۆژ وان، هەریەکەیان دەرکەوتن و بەڵگەی تایبەت بە خۆیان هەیە و ناتوانن پێکەوە بن. (عماد ابو الفتوح، https://www.aljazeera.net/midan/miscellaneous/2018/1/12)

شاعیر لە دیدگایەکی جیاواز، سادە و دوور لەم تێڕوانین و لێکدانەوەی فەلسەفیانە، کە بڕوا ناکەم هیچ یەکێک لەم بۆچوونانەی پێش نووسینی دەقە شیعرییەکەی تام کردبێت، یان ڕێی پێدا چووبێت، دەبێژێت:

ئێستا ئەو ژنانەی
شێوەی تۆ دەکەن
وەک نیشتمان وان
لێیان دەڕوانم خۆشمدەوێن
لێیان دوور دەکەومەوە
لەدوورییان دەمرم ( ٤١)

مرۆڤ چەندە لەمردن نزیک بێت ژیان و چیرۆک و تامی ژیان خۆشترە، چەندیش لە ژیانێکی قورس و بەئازار بژیت، مردن فریادرەسێکی خۆبەخشانەی ئارەزوومەندانە دەردەکەوێت. ژنیش لای شاعیر وایە لەدووریان دەمرێت و لە نزیکبوونەوەشیان پتر خۆشی دەوێن.

 

عاشق هەمیشە لەمردنێکی ناسروشتیدا دەژین، ژیانیان مردنێکی خواستراوە

(لوسی کالانیتی) بەم قسە دڵتەزێنە وتارەکەی دەکاتەوە، کە بە یەکێک لە تێکەڵترین وتارەکانی تێد لە نێوان ئازار و هیوادا دادەنرێت. کۆڕەکە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ لەسەر شانۆی تێد پێشکەش کرا و نزیکە دوو ملیۆن بینەری هەبوو. باسی یەکێک لە ئازاربەخشترین و ترسناکترین شتەکانی کرد: “چۆن دەتوانیت لەژیاندا بژیت کاتێک تۆ باش دەزانی دەمریت؟ چۆن چێژ وەردەگریت و هەست بە خۆشی و وزە دەکەیت، کاتێک ئەم هەستی هەستکردنە بە مردن بەسەرتدا زاڵ دەبێت؟”

(بێکەس حەمە قادر) دەڵێت:
دەمەوێ تا هێزی بیر چوونەوە
تێدەپەرێنم خۆشم نەوێی
تا لە عیشق دا
تۆم خۆشبوێ (  ٤١)

ئەو لەم دەربڕین و وێناکردنەدا ڕاشکاوانە گفتوگۆیەکی نادیاری ناڕاستەوخۆی قووڵ لەگەڵ عاشقەکەی دەکات، وێناکردنەکە پێچەوانە دەکاتەوە (هێزی بیرچوونەوە تێپەڕێنێت، ئەو کەسەی خۆش نەوێت) بۆ؟ چونکە پێی وایە و ڕاشکاوانەش دەڵێت (تا لە عیشقدا ئەوی خۆش بوێت). ئێوە دەزانن (عیشق) ڕەگێکی توندی بە مردنەوە هەیە، عاشق هەمیشە لەمردنێکی ناسروشتیدا دەژین، ژیانیان مردنێکی خواستراوە، ژیانیان و خۆشەویستی پاساوان بۆ مردنێکی پێچوێنراو بە مردنێکی سروشتی. مرۆڤ کە دەمرێت بیر دەچێتەوە، بەڵام لە نێو عیشق و خۆشەویستیدا دەژیت و بیر دێتەوە و لەکردەی بیرچوونەوە لەبیر ناچێتەوە.

لە وتارێکیدا (لوسی) تیشک دەخاتە سەر ئەو چەمکەی چۆن ئازار مانا بە ژیان دەبەخشێت، هەروەها ژیانێکی بێ ئازار و بە مەرج ژیانێکی بێ مانا دەبێت.  ئەزموون و تێگەیشتن و هۆشیاری لە ڕێگەی ئازارەوە ڕوودەدات و تەنانەت دڵخۆشی و ئارامی و ڕازیبوون لە کۆتایی لە ئازارەوە سەرهەڵدەدەن. مردنیش خاڵی کۆتاییە و هەموو کەسێک لەوە دەگات. بۆیە دوای ئەوەی بەسەر ترسەکەیدا زاڵ دەبێت، پێویستە سوود لە هەموو ساتێک وەربگرێت بۆ ئەوەی خۆیی و ئەوانی دیکەش دڵخۆش بکات. (عماد ابو الفتوح، https://www.aljazeera.net/midan/miscellaneous/2018/1/12)

(بێکەس) دەڵێت: “ژیانمان بە ژیان سپارد/ ٥١)، یان دەڵێت: “من لە تۆدا/ تۆ لەمندا/ ژیان دەناسین/ ل٥٣ ). (شەراب و ژن/ ژیان بە بەر ژیان دەکەنەوە/ ل ٥٦). (خەندەی ژن ژیان جوانتر دەکات/ لەباوەشی ژن/ جوانی دەناسمەوە/ ژیان فێردەبم و / دوور دوور لە سبەینێ دەڕوانم /ل٥٩). (ژیانم کردە/ پێکەنین و خەندە/ پێکی شەرابم/ لەدەمی تۆدا تامکرد/ عاشقی ڕەزی ترێ بووم/ کە تۆم هەبێ ژیان پێ دەزانم/  ئێستا دەزانم تامی شەراب و بۆنی ژن و ژیان لەگەڵ تۆدا/ چ ژیانێکیان بە ژیانم داوە ل٦١-٦٢ ). (ڕژامەوە نێو خۆم و/ لە نێو دەمارەکانماندا/ هەستم بە بوونی تۆ دەکرد/ کە تۆ خەون نی لە مندا/ تۆ بوونی لە مندال ٦٢-٦٣). (پێکەنین و گریانەکانت/ لەم هەموو جەنجاڵیەی ژیان/ تۆم نەبا/ دەمێک بوو مردبووم/ ل ٧١). ئەمانە و دەیان نموونەی دیکەی ئاشقانە لەنێو دیوانەکەی (بێکەس حەمە قادر) دەدۆزینەوە، کە خۆشی دەبەخشێت و لە ئازار دەگات و پێی وایە ئەم تێکەڵبوونە ئازارشکێنە، بۆ خۆی و بۆ ئەویش. واتە بیرکردنەوە لە شکاندنی ئازار، وەکو دەربازبوون لە مردن و سڕینەوەی وەهمی ئازاری مردن پیشان دەدرێت.

 

هەستکردن بە زیندانی هەمیشەیی و خۆ ئازاد کردن لای بێکەس

 

چەند مرۆڤ دەتوانێت خۆی لە مردن ئازد بکات و تاکو لە ژیان ئازادتر بێت، هەندێک کەس لەترسی سزای مردن، لەژیاندا سزای خۆیان دەدەن و خۆیان سنووردار دەکەن، نەک لە تەنیا هەڵسوکەوت، بەڵکو لە ڕەفتار و بیرکردنەوە و گوزارشتی لە هەندێک بابەت و باس کە چەشنی باسی تەزی برینان دەتەزێنێت. گەلێک کەس لەترسی مردن ناوێرن، ئەو وێرانە فکرییەی دەربارەی ژیانەوە و مردن و هێزی بوونە، بیر لێ بکەنەوە. لەڕاستیدا مردنیش وایە، مەگەر تەنیا شاعیرەکان، کە فەیلەسوفەکانیش هەر شاعیربوون بتوانن بە وشە بچنە نێو دونیای بێ سنووری بیرکردنەوە لە مردن،  هەندێکیش پێیان وایە ئەم بیرۆکەیە لە چەند لێکدانەوەیەکدا چڕ دەکرێتەوە وەکو :

  • ئەو بیرۆکەی پێی وایە ژیان شتێکی هەمیشەیی نییە.
  • تۆ یارمەتیت دام بۆ ڕۆشنکردنەوەی مێشکم.
  • ئێمە بۆ هەمیشە زیندانی نین.
  • لە پشت پەرژینەکان و ڕاستییە بە بەرد بووەکاندا!. ( https://ibn-rushd.org/wp/ar/2010/12/10/hazem-khairy/ ). شتێک هەیە ناوی مردنە. مردن وامان لێ دەکات وا بیر بکەینەوە.

گەلێک کەس لەترسی مردن ناوێرن، ئەو وێرانە فکرییەی دەربارەی ژیانەوە و مردن و هێزی بوونە، بیر لێ بکەنەوە

 

شاعیر دەڵێت:
من دەڕۆم
وەکو ئەو سێبەرەی
هەتاوی لێ ون بووە
وەکو ئەو زەویە وشکەی
بۆ دڵۆپێک باران دەنوازیەوە
من دەڕۆم و جێی پێی خۆم
لەدوای خۆم جێ ناهێلم (  ٢٢٠)

(تاگۆر) دەبێژێت: کاتێک سەیری ژیانی ناخەکی و دەرەکی دەکەم، زۆرجار هەست بە ناڕۆشنی دەکەم! هەستێکی قووڵی نادیار!  هەست بە تینوێتییەک دەکەم بۆ تێگەیشتن لە ژیان و بەرەوپێشبردنی، هەروەها هەست بە پێویستی دژایەتی کۆیلایەتی دەکەم، ئینجا ئەمە سەپێنراو بێت، یان ئارەزوومەندانە. (د. حازم خیری،
https://ibn-rushd.org/wp/ar/2010/12/10/hazem-khairy/).

شاعیر دەڵێت:
وەکو ئەو کۆترەی
لەسەر دارتەلی کارەبا
کە ناتوانێ چرایەک داگیرسێنی
بەردەبمەوە و دەمرم
دەمەوێ دوور دوور بڕۆم
تا لە کەوتن دەکەوم. (٢٢٠ )

 

تیڕوانین لەبارەی مردن لە ئەدەب و شیعری مۆدێرندا ، هەمان ئەو تێڕوانینە کە پێشتر هەبووە. بەو پێیەی زۆر بابەت گۆڕا و بابەتی مردنیش بەهەمان شێوە گۆڕا، یەکێکیان لە دەوروبەردا جیاواز دەردەکەوێت و لە دووەمیشدا ملکەچی ناسراو و باوی دەوروبەرەکەیە.  (سەیاب) یەکێکە لەو شاعیرانەی مردن وەکو وەسوەسەیەکی ناڕەحەتکەر دەبینێت، بۆیە لە زۆر دەقدا قسەی لەسەر کردووە، بەڵام لای ئەو مردن هەر هەمان ئەو  “مردنە دڕندانەیە” نییە، کە لای ئەوانی دیکە ئاسایی بوو. (عارف الساعدی،https://aawsat.com/home/article/1618366/%D9%83%D9%8A%). لەبیری نەکەین زمان و فۆرم و شێواز و تەکنیکی گێڕانەوە و ئاستی بەکارهێنانی وشە و ڕستە و  زمان و وێنە و  وێناکردنی شاعیرانەش لای هەر یەکێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام دەتوانین بڵێین شیعر زمانە، زمانیش پەیوەندی بە فکر و بیرکردنەوە و بیرەوە هەیە. شاعیرش بوونەوەرێکی هەستیارە، وەکو پەیامبەر شتەکان بە پیرۆزی دەبینێت و زمان بەکار دەهێنێت.

 

دەیەوێت دوورکەوێتە تاکو لە کەوتن بکەوێت و چی دیکە دووچاری ئەم ئازار و تێفکرین و لێکدانەوە قووڵەی نێوان ژیان و مردن نەیەت

 

لەوەدا بۆمان دەردەکەوێت شاعیر نایەوێت (شون و نێوبانگ و نەمریی) لەدوای خۆیدا بەجێ بهێلێت، ئەو جێ پێی خۆی لەدوای خۆیدا جێ ناهێلێت، بۆ؟ ئایا ئەمە ڕاکردنە لە ئازارە قووڵەکانی ژیان، بێ ئومێدیی و نامۆ بوونە بە ئێستای ژیان، وەکو کەسێکی لاواز و بێهێز، تەنیا توانای داگیرسانی گلۆپێکیشی نییە، بۆیە ئەو لەبەردەم مردن کەسێکی بێهێز و لاوازە، دەکەوێت و دەمرێت. دوور کەوتنەوە لەم ژینگە و دەوروبەرە مەترسیدارە، بێ وزەیی و لاوازیی و بێ ئیرادەیی تێدا زاڵە، ئەو مردنێکی بێ ئازار و تایبەت بەخۆی بەچارەسەر دەزانێت، دەیەوێت دوورکەوێتە تاکو لە کەوتن بکەوێت و چی دیکە دووچاری ئەم ئازار و تێفکرین و لێکدانەوە قووڵەی نێوان ژیان و مردن نەیەت.

 

تێگەیشتن لە کێشەی مردن

 

بۆ ئەوەی لە مانای “کێشە”ی مردن تێبگەین، سەرەتا دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان: شێوە و فۆرمی کێشە و خودی کێشەکە. فۆرمی کێشە سیفەتێکە بە هەموو شتێک دەبەخشرێت، کە لەناو خۆیدا دژایەتییەک و دژایەتی لەگەڵ ئاراستەکان و ململانێیەکی پراکتیکی لەخۆدەگرێت. خودی کێشەکەش بریتییە لەداوای کێشەکە وەک شتێک، کە هەوڵی نەهێشتنی دەدرێت. (د. حازم خیری،
https://ibn-rushd.org/wp/ar/2010/12/10/hazem-khairy/).

(بێکەس) چۆن لە کێشەی مردن و پرسە سەرەکییەکە گەیشتووە لە شیعری (دەمەوێت مردنێک تەجرەبە بکەم) دەڵێت:

دەەمەوێت مردنێک تەجرەبە بکەم
دوور لە کەوتنی فڕۆکەیەک
لەوەرگەڕانی ماشێنێک
لە گوللەیەکی سەربازێک
لە نەشتەرگەرییەکی بەهەڵەی دکتۆرێک
لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی
لەگران بوونی نان
نامەوێت مردنێک تەجرەبە بکەم
چەکدارێک کە یەکەمین جاری بێت
گوللە بتەقێنێ و بکوژێ
نامەوێ مردنێک تەجرەبە بکەم
ژنەکەم موچەیەکی زەبەلاحی
شەهیدانە وەربگرێت
کەواتە بۆ مردنێک تەجرەبە بکەم
کە مردنی من نییە (٢٢١)

 

شاعیر ترسی لە خودی مردن نییە، بەڵکو ترسی لە مردنێکە کە مولک و تایبەتمەندی ئەوی پێوە دیار نەبێت

 

ئەمە تێگەیشتن لە هۆکار و ئەنجام، لێکدانەوە و تێگەیشتن، هاندەر و هاندراو، کارتێکردن و کارتێکراو و ژیان و مردن و بیرکردنەوە و شیکردنەوە. تەنیا ئەو ئەم چەشنە مردنانەش بەهی خۆی نازانێت کە لەشیعرەکە ئاماژەی پێکردووە. بۆیە نایەوێت هیچ مردنێک تەجرەبە بکات، کە هی ئەو، شیاوی کەسایەتی ئەو نین. ئەو گفتوگۆ لەبارەی خودی مردن و ترس لە مردن و تێگەیشتن لە کردەی مردن ناکات، بەڵکو گریمانە و پێشگریمانەی ئەوەمان بۆ شی دەکاتەوە، ئەو چ جۆرە مردنێک ڕەت دەکاتەوە و چ مردنێکی لا ئاساییە. ئەو ترسی لە خودی مردن نییە، بەڵکو ترسی لە مردنێکە کە مولک و تایبەتمەندی ئەوی پێوە دیار نەبێت، شێوازی مردنەکە شێوازێکی جیاواز بێت لەو شێوازەی ئەو دەیەوێت تەجرەبەی بکات.

لە دەقی (دەمەوێت مردنێک تەجرەبە بکەم) ڕاشکاونە گریمانەی ئەوەمان بۆ دەکات، ئەو لە خودی (کێشەکە نەگەیشتووە) کە دەڵێت:

بەدەم ڕێگاوە گوێگرتن لە گۆرانییەکی فەیرۆز
کە هیچی لێ تێناگەم
ئەو هەموو چێژە چییە لێی دەبینم خودا. (٢٢٣)

ئەو لە زمانی گۆرانییەکە (تێناگات) بەڵام چێژ، چێژێکی زۆر لە شتێک دەبینێت، کە بە گۆرانی فەیرۆزی دەچووێنێت. ئەو لەنێو ڕێگادا (ڕێگەیەک) نازانرێت ئەو ڕێگایە لە کوێیە و بەرەو کوێی دەبات و چۆنە.

مردنێکی گەشبینانە

 

فەیلەسوفی یۆنانی (سوکرات) بە ئارام و زەردەخەنە لە کاتی مردن ناسرابوو، بە خوێندکارەکانی دەگوت: مرۆڤ دەبێت بە گەشبینی و شادییەوە مردن وەربگرێت، بۆیە دەبێت ئارام و هاوسەنگ بیت. مردن بە ساتێکی وەستاو، حاڵەتی خەوێک هەتاهەتایی، پشوودانی هەتاهەتایی، یان گەشتێکی کورت بۆ ژیانی دوای مردن دادەنرا، کە ژیانێکی نوێ دەست پێ دەکات و ژیان بە شێوەی جیاواز بەردەوام دەبێت و لە هەر حاڵەتێکدا هیچ هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی.

(ئەرستۆ) دەڵێت: “ڕۆح هاوتای جەستەیە”. فەیلەسوفی ماتماتیک لە فەرەنسا (بلایز پاسکال): “هیچ چاکەیەک لەژیان نییە جگە لە هیوای ژیانێک کە هیچ خۆشبەختەیەک بۆ ئەو کەسانەی تێدا نییە، کە زۆر مەیلیان نییە”. (خالد علمیا، https://www.hespress.com/%D8%B1%D8%AD%D9%84%D).

(بێکەس حەمە قادر) کە دڵنیا نیم ئەگەر ئەگەر ئەم بۆچوونە مێژوویی و فکریەی (سوکراتی) دیتبێت و سوودی لێوەرگرتبێت، بەڵام دەیەوێت وێناکردنێکی لەمجۆرە لەگێڕانەوە و نیشاندانی هەست و نەستە قووڵەکانی لەبارەی مردن و ئارامی نمایش بکات. من دەزانم شاعیر دەتوانێت هەموو شتێک بڵێت، تەنیا دەتوانێت دونیایەکی واقیعی هەقیقی بکاتە خەیاڵی و بەپێچەوانەش.

دەڵێت: سێبەری فرمێسکەکانم
چیرۆکی خۆش و
هەندێ جاریش غەمگین دەگێڕنەوە
ئەو کات دەمەوێ مردنێک بمرم
ئارام ئارام مردنەکەم ببنە چیرۆکێکی درێژ (٢٢٢)

 

منیش دەپرسم ئایا مردن بریتییە لە ئازادبوونی جەستە لە ڕۆح و ئازارەکانی ڕۆح

 

ئایا بەڕاستی بەکردەوە (بێکەس) دەیەوێت ئەوە نیشان بدات بۆیە نزیکەی مانگێکە لەسەر تەختێکی نەخۆشخانە بێ جووڵە و هەست لەنێو مردندا مردن تەجرەبە دەکات، ئایا بەکردەوە دەیەوێت نەمری بەدەست بهێنێت و ئارام ئارام چیرۆکێکی درێژ دروست بکات. چیرۆکێک کە تەنیا لە مردن و دۆزینەوەی مردن بچێت. ئەو وێناکردنێکی وێناکردنی نا واقیعی لە (سێبەری فرمێسکەکانی) دروست دەکات، کە (چیرۆکی خۆش و غەمگین دەگێڕنەوە). فرمێسک کە لەچاو دەرچوو، تەجرەبەی پرۆسەی مردنە، یان کە لەچاو جیا دەبێتەوە دەمرێت، مردووێک چیرۆک دەگێڕێتەوە، ئەویش سێبەری فرمێسکەکانیەتی. ئارام دادەبارێت، ئەویش دەیەوێت ئارام ئارام وەکو (سوکرات) بمرێت و مردنێک کە تەنیا لە هی خۆی بچێت. یان وەکو زانا فەرەنسییەکە دەڵێت هیچ چاکەیەک لەژیان نییە تەنیا خودی ژیان نەبێت و (ئەرستۆ)ش ڕۆژ و جەستە هاوتا دەکات. منیش دەپرسم ئایا مردن بریتییە لە ئازادبوونی جەستە لە ڕۆح و ئازارەکانی ڕۆح.، چونکە جەستە قوربانییە و ئازارەکان بەردەوام لە بیرکردنەوە و فکر و لێکدانەوەکاندا دروست دەبن، نەک خودی جەستە، فکرمان جەستەی هەڵگرتووە، نەک بەپێچەوانە جەستەمان فکری هەڵگرتبێت. فکر دەق هەڵدەگرێت، نەک دەق فکری هەڵگرتبێت.

 

بیرەوەریی و مردن لە دەرەوەی جەستە

 

(رینیە  دیکارت) فەیلەسوف و فیزیایی دەبێژێت “دەتوانم بیر لەو کەسانە بکەمەوە کە مردوون تەنیا وەک گواستنەوەیەک بۆ ژیانێکی ئارامتر و شیرینتر لە ژیانی ئێمە، کە ڕۆژێک دێت لەگەڵیاندا، یادەوەرییەکانی ئەو ڕابردووە لەگەڵ خۆماندا هەڵدەگرین، چونکە خۆم لە ناوەوەی خۆماندا یادەوەرییەکی دەروونی هەست پێدەکەم، بە دڵنیاییەوە بەشێک نییە لە جەستە و سەربەخۆیە”

فەیلەسوفی هۆڵەندی (باروچ سپینۆزا): “عەقڵی مرۆڤ بە تەواوەتی لەگەڵ جەستەدا لەناو ناچێت، بەڵام شتێکی نەمری لێ دەمێنێتەوە”.

فەیلەسوفی ئەڵمانی (ئیمانوێل کانت): «مەرگ هیچ نییە جگە لەو دەمامکە کە چالاکییەکان قووڵتر و مانادارتر دەشارێتەوە و ئەوەی یاسا پێی دەڵێ مردن دەرکەوتەی بینراوی ژیانی منە، ئەم ژیانەش ژیانی ئەخلاقییە…  هیچ سنوورێک بۆ ژیانم نییە، من نەمرم”.

 

لای شاعیر لەڕاستیدا مردنەکە لەنێو جەستە و بە کۆتایی هاتنی جەستە نییە، مردنەکەی لەنێو ژیان نییە و مردنەکە هی خۆشی نییە

 

فەیلەسوفی ئەڵمانی (هیگڵ) دامەزرێنەری فەلسەفەی ئایدیاڵ: «مەرگ خودی خۆشەویستییە لە مردندا، ئەوە یەکگرتوویی خوداییە لەگەڵ مرۆڤ، خودا لە ڕێگەی مردنەوە جیهان ئاشت دەکاتەوە و خۆی بۆ هەمیشە لەگەڵ خۆیدا ئاشت دەکاتەوە.” (خالد علمیا، https://www.hespress.com/%D8%B1%D8%AD%D9%84%D8).

(نیچە) مردنی خودای ڕاگەیاند، واتە مردنی مانا و مەبەست، لەوانەش مردنی خودی مۆدێرنیتە… مرۆڤی گەڕاندەوە بۆ ئاژەڵێکی پێشکەوتوو. ( ولید ظاهری،https://www.aljazeera.net/blogs/2019/9/7/%D9%85%D9%88%).

فەیلەسوفی ڕوسی (نیکۆلاس بێردیاڤ): “مەرگ قووڵترین و بەرچاوترین ڕاستی ژیانە، چونکە مرۆڤ دەباتە سەرووی دیاردە ڕووکەشەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیەوە ئەوە تاکە شتە، کە وامان لێ دەکات بیر لە مانای خودی ژیان بکەینەوە، ژیان خۆی هیچ مانایەکی نییە تەنیا ئەوەی هەیە گرنگی خودی مردنە”.  (خالد علمیا، https://www.hespress.com/%D8%B1%D8%AD%D9%84%D8).

(بێکەس) لەدەرەوەی هەموو ئەم لێکدانەوە و بۆچوونە فەلسەفیانە، وەسفێکی سادەی دیکەی مردن بە زمانێکی شاعیرانە دەکات، کە لای ئەو لەڕاستیدا مردنەکە لەنێو جەستە و بە کۆتایی هاتنی جەستە نییە، مردنەکەی لەنێو ژیان نییە و مردنەکە هی خۆشی نییە، بەڵکو گریمانەیەکی شاعیرانایە لەنێو وشەدا ڕوو دەدات، نەک لە واقیعدا، کە دەڵێت:

دەزانی بۆ نامەوێ بمرم
نامەوێ مردنێک تەجرەبە بکەم هی من نەبێت. (٢٢٤ )

ئەو لەکردەوەدا مردنێکی فکری و وێناکراوی لەیەکچوو دووبارە وێنا دەکاتەوە، ئەو پێمان دەڵێت نامەوێت بمرم، لای من ئەو نەمردنە ئاماژە کردنە بە (نەمری)، بەڵکو دەیەوێت مردنێک تەجرەبە بکات، کە هی ئەو نەبێت.

 

ئایا لە ونبوون و نەمان دەژین، یان لەنێو ژیان مردووین؟

 

 

(هایدگەر) دەڵێت: مردن نزیکترین ئەگەرە لە مرۆڤەوە، ئێمە جیاوازیمان لەگەڵ فریشتەکان هەیە، چونکە ئێمە مرۆڤی فانیین، هەروەها جیاوازیمان لەگەڵ ئاژەڵەکاندا هەیە، چونکە هەست بە ئەزموونی بوونە فانی دەکەین، بۆیە ئەزموونی مردن تایبەتمەندییەکە مانای مرۆڤ دیاری دەکات. (مصطلحات الفلسفة الوجودية عند مارتن هايديجر، https://www.hindawi.org/books/26090380/8/ ).

(بێکەس) دەبێژێت:
ئەها هێشتا زیندووم
سێبەری فرمێسکەکانم چەند گەورەن (٢٢٢)

ئەو لەنێو مردندا وەئاگا دێتەوە و دەڵێت (ئەها) ئەم ئەهایە دۆخی نێوان بەئاگایی و بێ ئاگایی مرۆڤ نیشان دەدات، کە لەدۆخێکی دەروونی شلەژاودا خۆی دەپشکنێ، بڕوا بەخۆی ناکات، چۆن دەبێت لەنێو مردنا هێشتا بژیت، هەستەکانی کار بکەن و بەئاگا بێتەوە، بۆیە دەڵێت (ئەها هێشتا زیندووم). واتە ئەو لەدۆخی مردن بووە، بەڵام لەناکاو هەست بەئاگاهاتنەوەی خۆی دەکات و بە دەوروبەرەکەی دەبێژێت هێشتا زیندووم.

شاعیر نایەوێت لەنێو ژیاندا مردوو بێت، بەڵکو دەیەوێت لەنێو مردندا زیندوو بێت و بیر بکاتەوە و بەهەستەکانی و بە وشە، وشەیەکی لەناکاوی ئاگادارکردنەوە و بەهۆش خۆهاتنەوە دەبێژێت (ئەها) ئەوە من زیندووم، بڕوا نەکەن من مردبم. مردنێکی ڕۆحی، ژیانێکی ڕۆحی، بیرکردنەوەیەکی هەستیار، هەستێکی بەجووڵە.

بۆیە گرنگە لەبارەی مردنەوە ئەم چوار هەنگاوە ڕەچاو بکەین:

  • هیچ شتێک بۆ ئێمە گرنگ نییە، مەگەر بتوانێت بکەوێتە ناو کایەی ئەزموونی ئێمەوە.
  • شتێک تەنیا کاتێک دێتە ناو ئەزموونەکەمانەوە، کە کاتێک ئامادەبێت هەمانبێت.
  • کاتێک مردن لەسەر ملمانە، کە بوونمان وەستاوە.
  • لێرەوە مردن ناتوانێت هیچ گرنگییەکی هەبێت بۆ ئێمە”. (https://www.hindawi.org/books/26090380/8/ ).

ئایا بەکردەوە دەیەوێت مردن و نهێنییەکانی بدزۆێتەوە، یان دەیەوێت ئازارەکانی ژیان لە بیر بباتەوە

شاعیر لەم دەقەدا، کە دیوانەکەشی بەناوی ئەم شیعرەی کردووە، دەیەوێت ئەم چوار هەنگاو و دۆخە دەروونی و ئەخلاقی و هەستەکییەمان بۆ نمایش بکات، کە بریتییە لە قووڵبوونەوەی مرۆڤ لەو شتانە کە هەیەتی و نیشاندانی  نیەتەکانی، ئاخر مردن شتێکە هەموو مرۆڤێک هەیەتی، لەهەمان کاتدا نیەتی هەیە. بۆیە مردن بەردەوام مردنە و دەبێتە ئەزموون، گرنگە، مردن وەکو هەبووێک دێتە نێو خودی بوون و بیرەوەریی و مانەوە و لەناوچوونی مرۆڤەوە. ژیان دەوەستێت، مردن دەست پێ دەکات. ئەو دەیەوێت (ئارام ئارام) مردنێک تەجرەبە بکات، نەک مردنێکی دیکە، کە هی ئەو نییە. ئەمە پێویستی ئەزموناندنی مردنە. ئەو هێشتا دەژیت و دەیەوێت مردنێک تەجرەبە بکات؟ بۆ؟ ئایا بەکردەوە دەیەوێت مردن و نهێنییەکانی بدزۆێتەوە، یان دەیەوێت ئازارەکانی ژیان لە بیر بباتەوە، و لەگەڵ مردن کە هەموو شتێک کۆتایی دێت، کۆتایی بە بیرەوەرییەکانی ژیانیش بهێنێت، لە مردنیش نایەوێت وەکو هیچ کەسێک بێت.

مردنەکە بەم شێوەیە وەسف دەکات:

من دەڕۆم
وەک ئەو سێبەرەی
هەتاوی لێ وون بووە. (٢٢٠)

واتا، دەیەوێت لە ژیان بپەڕێتەوە ئەو بەری دیکەی ژیان کە سنوورەکەی ناونراوە مردن، خۆی بە سێبەرێک دەچووێنێت، کە هەتاوی ون کردووە. سێبەر بێ هەتاو دروست نابێت دیارە پێی وایە مردنیش بێ ژیان دروست نابێت، بەڵام کە ژیان وەکو هەتاو نەما، مردنیش هەر تەنیا لەشێوەی سێبەرێکی وەهمیی و نادیار و نەبینراو بەدیار دەکەوێت.

 

کۆتایی  و دیماهیی

 

نەمری فەنتازایە

ئەو دەیەوێت لە مردنیشدا خۆی بێت بمرێت، نەک تەجرەبەکردنی مردنی ئەوانی دیکە

فەیلەسوفی ئایدیالیستی ئەمریکی (ویلیام ئێرنست هۆکینگ)، پێی وایە بینینی مردن دیدگای گۆڕانکارییەکانی مێژووە، ناتوانرێت بزانین چ لە پشت مردنەوەیە و مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت درک بە مردنی خۆی بکات، تەنیا ئەو کاتە هەستی پێ دەکات، کە لەنێو مردووەکان بێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی نەمری وەک فانتازیایەک وایە، بوونی نییە. وەک قۆناغێک وایە بەشێوەیەکی خەیاڵیی نمایشی خۆمان لەنێو ژیانی دوای مردن دەکەین، بەڵام ناکرێت ئەوە ڕووبدات. (خالد علمیا، https://www.hespress.com/%D8%B1%D8%AD%D9%84%D8).

(بێکەس حەمە قادر) لەم دەقە و لەزۆر شوێنی دیوانەکەیدا ڕاستەوخۆ ئاماژە بە (مردن) وەکو یەکێک لە تێگەیشتن و چارەسەرەکان و وەڵامەکانی بۆ پێویسیتییەکانی نێو ژیان و ئەشق و خۆشی و چێژ دەکات. ئەگەر و گریمانەی مردن، دەبەستێتەوە بە ئەگەر و گریمانەکانی خودی ژیانەوە نەک بە جیهانی مردنی دوای ژیان، یان لەهەندێک شوێندا ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە ژیان و کەلوپەل و شتەکانی نێو ژیان و خودی ژیان وەکو نیشانە و هێما بۆ مردن دەکات، کە لەکردەوەدا بریتین لە شتە مردووەکان.

 

مردنێک لەشێوەی مردنی جەستەیی ئاماژە پێکراوە. مردنێکی دیکە لەشێوەی مردنی فکری و دەروونی و فەلسەفیی وێناکراوە. ئەو دەیەوێت لە مردنیشدا خۆی بێت بمرێت، نەک تەجرەبەکردنی مردنی ئەوانی دیکە. بەکردەوەش مانگی نیسانی ٢٠٢٤ لە نەخۆشخانەی کۆماریی هەولێر تەجرەبەی مردنێکی هەقیقی خۆی دەکات، کە مردنی خۆیەتی لەڕووی جەستەیی و دەروونی.

فەنتازیایی نەمریی، کردەیەکەی فکری و وێناکردنێکی ڕۆحی و ئەخلاقییە، (بێکەس) دەبێژێت:

دەمەوێ دوور دوور بڕۆم
تا لەکەوتن دەکەوم
دەمەوێ مردنێک تەجرەبە بکەم (٢٢٠)

ئەو تەنیا هەر تەنیا خۆی دەیەوێت لێرە نەمێنێت، ئێرەی ژیان، ئێرەی ململانێ، ئێرەی پڕ لە (تۆ) و (ئەو) و (ئەوان)، ئێرەی پڕ لە (فرمێسک و ڕێگا و کەلوپەل و خەڵک)، فەنتازایی نەرمی لەوە دەبینێت بڕوات تاکو (لەکەوتن دەکەوێت). وێنە جوانەکەی نێو ئەم دەقە ئەوەیە، کە لەنێو پرۆسەی مردندا دەیەوێت (لەنێو کەوتندا لەکەوتن بکەوێت). جەستەیەک و ڕۆحێکی سێبەر ئاسا و نادیار و نەگیراو لەنێو جەستە و ڕۆح و سێبەری بینراوی هەقیقی دەکەوێت، وێنەیەکی خەیاڵی، هەستکردنێکی فرە هەستیار لە جەستە لە خودی جەستە جیا دەبێتەوە.

 

مردن نابێت نەهێلیزم بێت

 

فەیلەسوفی ئەڵمانی (هایدگەر): “نابێت مەرگ خەمێکی وجودی بێت، کە ئێمە تێکبدات، ئێمە لە ڕووداوە زۆر بچووکەکانەوە ژیانمان دروست دەکەین و  بەیەکیان دەبەستینەوە و ئەم شتە بچووکانە خۆیان خاوەندارێتیمان دەکەن و وزەی بوونگەرایمان داگیر دەکەن. ئەمەش بەو مانایە، کە مردن نابێت ئاژاوە و نەهێلیزم بهێنێتە ناو نەخشەکانی ژیان و بوونمانەوە”.

 

مردن وەکو بەشێک بۆ نمایشی نەمری نیشان بدرێت. دەق بۆ ئاژاوە نەنووسراوە، بەڵکو بۆ دروستکردنی ئارامییە

فەیلەسوفی بوونگەرا (گابرێل مارسێل)یش : «ویستی شیکردنەوەی کێشەی مەرگ ناچارمان ناکات، پێویستییەکەی قبوڵ بکەین، مەرگ بابەتی تێڕامانێکی فیکری نییە”.  (خالد علمیا، https://www.hespress.com/%D8%B1%D8%AD%D9%84%D8).

شاعیر هەمیشە دەق بەرهەم دەهێنێت نەمرێت، یان دوای مردن بژیت، گرنگ نییە ئەم دەقە لای خوێنەر چ کاردانەوەیەک دروست دەکات، زمان و تەکنیک و  واتاسازیی و بەکارهێنانی زاراوە و کەلتوور و ئەفسانە و گوتار و تێڕوانینیەکانی چین، هەموو دەقێک لای دەقنووسەکە بەشیاوی خوێندنەوە دادەنرێت، ئەمەش لەکردەوەدا دەقێک بەرهەم دەهێنێت، ئەگەر داهێنەر و کاریگەریش نەبێت، بخوێندرێتەوە. لەنێو ئەم دەقەی (بێکەس)یشدا (کارەکتەر و شتەکان و دۆز و مەسەلەکان و وێنە و شتە وێناکراوەکانیش) بۆ ئەوە بەکاردەهێنرێن، مردن وەکو بەشێک بۆ نمایشی نەمری نیشان بدرێت. دەق بۆ ئاژاوە نەنووسراوە، بەڵکو بۆ دروستکردنی ئارامییە. کاتێک شاعیر باسی نەهێلان و بیرۆکەی نەهێلزیم دەکات، لەڕاستیدا مەبەستی پارستن و بەزیندوو هێشتنەوەی ئەو شتانە بچووکانەیە کە لەنێو بەشەکانی ژیاندا مردوون، یان لەچاوەڕوانی مردنن، یان دەبێت بمرن. بۆیە (بێکەس) دەڵێت:

زمان لە گۆ کەوتووە
پێویستیم
بە دەنگێکی نەرمی تۆیە
ئەگەر دەستکردیش بێت
بۆ عاشق بوونمان
ئاگرێک بگەشێتەوە
ڕێگەی پەپولەکان ڕۆشن بکاتەوە.  (٢١٣)

بەڕاشکاوی ئەو دەیەوێت بیرۆکەی نەهێلیزم، بۆ بیرۆکەی هەبوون و بوژانەوە و بوون بگۆڕێت، ئەگەر (دەستکردیش) بێت. بۆیە گریمانە و وێناکردنەکانی ئەو خودی مردن نییە، بەڵکو ئەو شتانەیە کە لەبارەی مردن دەگوترین، یان لەنێو مردندا بیریان لێ دەکرێتەوە. بۆیە بۆ ژیان (واتە عاشقبوون) پێویستی بە گەشانەوەی ئاگرێکە. (گەشانەوە) پێچەوانەی مردنە، لەکاتێکدا (لەزمان کەتووە) واتە بەرەو مردنە، یان جەستەخودێکی مردووە، لەهەمان گاڤدا (شتەکان دەستکردیش بێت) ڕەوایەتی پێ دراوە. مەرگ نەیتوانیوە بیرەوەریی و مێژووی کەسەکان و دەق بمرێنێت، ئەوەی دەمرێت جەستەیە.

 

مردن کۆمەڵێک وشەیە

 

با من لێکدانەوەیەکی نیمچە جیاواز بۆ وشەی مردن بکەم و نیشانی بدەم پیتەکانی نیشاکانی چ وشەیەکن:

(م=  من / ڕ= ڕابرد/ د= دابڕان/ ن = نووست) ئەمە بەڕای من پێکهاتەی وشەی مردنە، وەکو چۆن کردەی مردنیش بریتییە لە ژمارەیەک کردە و رووداو و بابەتی جیاوازی دیکە. نابێت ئەوە بشارینەوە ژیانی هەریەکەمان لە دیماهیدا تەنیا کۆمەڵێک پەیڤ و زاراوەیە، کە ئاماژە بە بیرەوەیی و بیرهاتنەوە و بوون و نەبوونمان دەکات. ئەو وشانە ڕەنگە گوزارشتێکی ڕاستگۆیانەی دڵسۆزانەی کاریگەر بێت و بە قووڵی و وریایی و هوشیارییەوە نووسراوبن، ژمارە وشەیەکی ترشاوی بۆگەنی بێ مانا و بەکارهێنراوی دەستکردی نەخۆش بن. هەموو ئەمانە باسی مردن، یان نەمریی دەکەن. ئەو وشانە پێناسەن بۆ دۆخی مرۆڤ، کە تاکە بوونەوەر بیر لە مردنی خۆی و ئەوانی دیکەش دەکاتەوە. یان بیرکردنەوەیە لە هەموو ئەو شتانەی مردن وەکو فۆرم و خواست و کردەیەکی سەپێنراوی دوور لە ئیرادەی خودی مرۆڤ بەرهەم دێت.

(م=  من / ڕ= ڕابرد/ د= دابڕان/ ن = نووست) ئەمە بەڕای من پێکهاتەی وشەی مردنە

دەق بریتییە لە وشە و پەیڤ، ئاماژەکردن بە مردن هەر لەڕێگەی پەیڤەکانەوە وێنا دەکرێت، ئێمە وەکو (هیگل) دەبێژێت (لەنێو وشەکاندا بیر دەکەینەوە). شاعیر لەپێناو ورووژاندنی هەستەکان (باسی مردن و کۆتایی هاتن) دەکات، ئەو دەیەوێت لەنێو ئەم کۆتایی هاتنەدا بە وشە دەست بە هەبوونێکی دیکە بکات.

(بێکەس) لەنێو وشەدا وێناکردنێکی دیکەی خۆیمان بۆ نمایش دەکات، ئەو باسی خۆی و تێڕوانین و لێکدانەوەی خۆی دەکات، لەبیر نەکەین زمان پڕە لە نمایش، گوتاری زمان پڕە  کردەی تەژی لە جووڵە و زیندوو:

ڕێک لە مردوێکی زیندوو دەچم
ئەمڕۆ لەبەردەمم
دارێکی گەورە کەوت
لە پایزدا بێ گەڵا بوو
یەک یەک لکەکانیان بڕی و (٢٠٧)

بۆیە بەپێی لێکدانەوەی من لە پرۆسەی مردندا ئێمە لەنیو وشەی (مردن)دا دەڵێن (من ڕابردم و دابڕام و نووستم). شاعیرش دەبینێت دارێکی پیر دەمرێت و گەڵاکانی دەکەون و کە دەمرێت مرۆڤ لەبیرەوەرییەکانی و لە جەستەی دادەبڕێت، دارەکەش لکەکانی دەبڕن.

 

(بێکەس) لەنێو وشەدا وێناکردنێکی دیکەی خۆیمان بۆ نمایش دەکات

 

مردن کردەیەکی بەردەوامی ڕۆژانەیە

 

(لاکس ناریان) لە ساڵی ٢٠١٧ لەسەر شانۆ لەبارەی مردن و کاریگەریی ڕۆژانە لەبەردەم ملیۆن و نیوێک کەسی ئامادەبوو، گوتی: “وەک چۆن ئەم وتارەم پێشکەش دەکەم، لە ماوەی دە خولەکدا سەد ملیۆن لە خانەکانم دەمرن و زیاتر لە دوو هەزار خانەکانی مێشکم، لە ماوەی یەک ڕۆژدا دەمرن و ناگەڕێنەوە. بۆیە دەتوانیت بڵێیت کە مردن بیرکردنەوەیەکی پاشکۆ نییە، بەڵکو شتێکی بەردەوامە و ئێمە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبینەوە و هەستی پێ دەکەین”. (https://www.aljazeera.net/midan/miscellaneous/2018/).

(بێکەس) خۆی وەکو مردووێکی زیندوو نمایش دەکات، بۆ؟ مرۆڤ گاڤێک ئیرادە و هەستەکانی ناتوانن کاریگەریی دروست بکەن، هەموو شتێک، نەک مرۆڤ، تەنیا ژینگە و سروشتیش دەمرن و ئەو ناتوانێت هیچ بکات، خۆی بە مردووێکی هەقیقی و زیندووێکی وەهمی نمایش دەکات، واتە مردنێکی بەردەوام و هەمیشەیی دەژیت، دەڵێت:

ئەو گومانە چییە نازانم
ئەو شەڕانە چین نایزانین
ئەوە چ مردنێکی چێژبەخشە
ئەمە چ ژیانێکە وا بێرەنگە (١٧٠)

بێگومان مرۆڤ لەنێو گوماندا دەژیت، گومانێک کە هانی دەدات بیر بکاتەوە و هەست بکات و ژیرانە بژیت. ئەو (مردنێکی چێژبەخش) پێشوازی لێ دەکات. (مردنی تاڵ و نەگیرس) و (مردنی چێژبەخش و خۆش). ئەو مردن بە بەهاو و چاک دەزانێت و ژیان بێ رەنگ. (بێکەس) مردن وەکو کردەیەکی ڕۆژانەی باوی نێو ژیان وەسف دەکات.

(بێکەس) مەسەلەی مردن وەکو کردەیەکی ڕۆژانە بەم دۆخە دەبەستێتەوە، کە دۆخێکە شیعر وەسفی دەکات و بەوشە دەگوترێت، هیچ ئاسان نییە لەدەرەوەی شیعردا هەستی پێ بکرێت:

تۆ کە نەتوانی چۆلکەی برسی تێر بکەی
نەتوانی سەگێک لە شێلان خاوەنداری بکەی
خەندە بۆ منداڵێک بگێڕییەوە
گوڵەگەنمێک لە سوتان بپارێزی
بۆ نەمردووی
کاتێ ئەو هەموو مردووە دەبینم
تێدەگەم بۆچی گۆرانییەکان
هێندە بەدەنگی بەرز دەگوتران (١٦١)

ئەمە هۆکار بۆ تێگەیشتن لە کێشەی هەبوون و نەبووندا، (مردن و زیندوو) پێویستیی و خواستی مردن، لەنێو ئەو هەموو مردوانەی هەن. لە ڕاستیدا ئەوەی ڕوودەدات کردەی مردنە لە نێو مردنی ڕۆژانەدا. شاعیر لەنێو وشەدا هەموو ئەو پەیوەندییە بە مردوو، هەموو ئەو هەستانە بە مردوو، توانا و هێزەکان بە مردوو، تەنیا خودی مردووش بە مردوو وێنا دەکاتەوە. لەپێناو سەلماندنی بوون و هەبووندا. ئەو نایەوێت بمرێت لەپێناو کۆتایی جەسەتە و هەبووندا، نەخێر ئەو لەنێو مردندا هەبوونێکی دیکەی جیاواز لە هەبوونی ئاسایی دەبینێت، وەکو چۆن دەوروبەر بە مردوو و کەسەکان بە مردوو دەبینێت، چونکە کارێک ناکەن سوودی گشتی لەخۆ گرتبێت.

 

ئەگەری بوون و  مردن

 

بزربووێکی ون و نادیار، هەبوونێکی نادیار و بوونێکی بزر هەرگیز ناتوانین مردن تێپەڕێنن. “مردن ئەوەی هیچ سنوورێکی نییە، ڕەهایە. ئەمەش ئەگەرێکی ڕەهایە،  بۆیە لەبەر ئەوەی ئەمە ئەگەرێکی ڕەهایە، ئەوا مردنیش ئەگەرێکی ڕەهایە. بەمەش دەردەکەوێت مردن توخمێکی جەوهەرییە لە هەبوون.  (  https://ibn-rushd.org/wp/ar/2010/12/10/hazem-khairy  ).

 

بۆیە لەنێوان هەبوون و مردن، کەس ئارەزووی ئازادانەی مردن ناکات، مردن تۆقێنەرە

 

بێکەس دەبێژێت:

چەندە جیاوازە تۆ لە مردن بترسێیت و
جورئەتی خۆکوشتنت نەبێ
مرۆڤ هەمیشە دەیەوێ
لە مردن ڕابکات
وەکو ئاسک وایە بۆ مردن
لە ژیاندا چەشنی گورگ وایە ( ١٥٩)

ئایا بەڕاستی مرۆڤ لە چەمکی مردن وەکو (فەلسەفە و هەقیقەت و شتێکی سەپێنراوی دوور لە ئیرادە و خواست) گەیشتووە، یان مردن مۆتەکەیەکە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤ، ناڵێم گیانەوەران چونکە تەنیا مرۆڤ مێژووی مردن و هۆکار و ترس لە مردن دەگێڕێتەوە. ئەوانەی خۆیان دەکوژن، دەزانن ژیانێکی ئارامتریان لە نێو مردن، نەک لەنێو ژیان دەست دەکەوێت؟!. بێگومان گریمانەی ناوێت کەس نییە مردنی خۆش بووێت، کەسیش نییە ئەزموونی ئەم کارەساتە دڵتەنگە تۆقێنەرە نەکات، بەڵام کەس نازانێت مردن چۆنە و چی دەقەومێت و چۆن ڕوودەدات و چەند دەخایەنێت و پرۆسەکە چەندە ئازار بەخشە، یان بەپێچەوانە هیچ نییە و مردوو هەست بەمردنی خۆی ناکات. بۆیە لەنێوان هەبوون و مردن، کەس ئارەزووی ئازادانەی مردن ناکات، مردن تۆقێنەرە، ترسناکە. مرۆڤ وەکو مامز لە مردن ڕادەکات، هەمیشە لەنێو سێرەی مردن دایە. (بێکەس) مرۆڤ لە دڕندەیی لەنێو ژیان وەکو گورگ وەسف دەکات و لە بەردەم مردنیش وەکو (مامز) وایە. بۆیە هیچ کاتێک مرۆڤ بەشێوەیەکی ئاشتەوایانە لەنێوان هەبوون و مردن هەڵسوکەوت ناکات. مردن بزربوونێکی نادیارە، جەستە و گۆڕەکەت دەمێنێت، بەڵام خۆت وەکو هەبوون ون دەبیت و دەسڕێیتەوە. ئەمە چ جەنگێکی قورسە. تەنیا گورگ ئاساکانیش دەسڕێنەوە و دەمرن و ناتوان بەسەر مردندا زاڵ بن.

(مەحمود دەروێش) بە زمان و ڕۆنان و ئارگومێنت لەگەڵ مەرگدا گفتوگۆیەکی گەرم و سەرنجڕاکێش دەکات. (دەروێش) دیدگای نەریتی مەرگی بەجێ نەهێشتووە تاکو ئێستاش وەک ڕاوچییەک سەیری دەکات و هیچی تر (بۆ ڕاوچییەکی بەڕێز بێت کە لەنزیک کانییەکدا ئاسکێک ڕاو ناکات)، مرۆڤیش ئاسکێکە لە هەر ساتێکدا ڕاوچییە. (https://aawsat.com/home/article/1618366/%D9%83%D9%8A%D ). (بێکەس)یش مرۆڤ بە ئاسکێک دەچووێنێت، کە لەمردن ڕا دەکات. هەندێکجار مرۆڤ بەئاگایی، یان بە بێ ئاگایی شتێک دووبارە دەکاتەوە، یان وێنەیەکی شیعری دروست دەکات، کە ڕەنگە لای کەسانی دیکەش هەبێت. مرۆڤ یەکتر تەواو دەکەن و کارتێکردن و کارلێکران ڕوو دەدات. مرۆڤ هەندێک جار نەک قسەی نێو کتێبان، یان دەقی دیکە وەردەگرێت، ڕەنگە گفتوگۆی ئاسایی قسەکەر و ئاخێوەری ئاسایی بکاتە جوانترین دەق.

 

ئاشتەوایی و ڕێککەوتن لەگەڵ مردن

 

(ڕازۆل) لە وەڵامی (هایدگەر) دەڵێت: مەرگ ڕەوشێکی تاکەکەسی بەسەر ئامادەبووندا دەسەپێنێت، بەجۆرێک ئەم تاکڕەوییە دۆخی بوونم ئاشکرا دەکات”. ( هایدگەر) پێی وایە ئەم بەدەستهاتنە بەسە بۆ لەناوبردنی وابەستەییمان بە پێوەر و پراکتیزە کولتوورییەکان، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن شێوازی ژیانێکی دروستمان بۆ دابین دەکەن و هیچی تر. کەواتە ڕێککەوتن و ئیتفاق لەگەڵ مردن ڕێگەمان پێ دەدات بەرپرسیارێتی خۆمان لە ئەستۆ بگرین”. (https://www.hindawi.org/books/26090380/)

(بێکەس) دەڵێت: من وا ڕاهاتووم
ئێواران بەو ڕێگایە نەگەڕێمەوە
کە سپێدان پێیدا ڕۆیشتبووم
لە چاوەڕوانی هاتنەوەی تۆدا دادەگیرسێم
یان دەڵێت:
تکایە تۆ وەرەوە
بەڵێنت پێ دەدەم بێ تۆ
نەچمە هیچ شوێنێک (٢٢٨).

 

(بێکەس حەمە قادر) دوای بڵاوبوونەوەی ئەم دیوانە شیعرییە، بەکردەوە مردن تەجرەبە دەکات

مردن لەکردەوەدا ئاشکراکردنی ژیانە، مرۆڤ بەردەوام لەگەڵ مردن لە گفتوگۆیە، بۆیە پێویستە بەئاشتەوایی لەگەڵ مردن رێکبکەوێت و کۆتایی بەو نیگەرانی و  دڵەڕاوکێ و ترس و نەزانینە بهێنێت. باشە ئەگەر مردن سزادانی ژیان بێت، بؤ دەبێت جارێکی دیکە لەنێو مردن بژین و بژیێنەوە و ئەو ترسە بەردەوام لەگەڵمان بژیت؟. ئەگەر مردن سزا بێت، ڕێککەوتن و دانوستان و گفتوگۆی بۆ چییە؟ ئەگەر مردن سڕینەوەی سنوورەکان و  جەستە و بوون و بیرکردنەوە و بیرەوەری بێت، چاوەڕوانی بۆ چییە؟ نەخێر مردن ڕەفتارێکی تاکڕەوانەی تاکەکەسییە، ئەمە دەبێتە نیشاندان و ناساندنی ژیانی کەسەکان. مردن ، مردن مردن.

(بێکەس حەمە قادر) دوای بڵاوبوونەوەی ئەم دیوانە شیعرییە، بەکردەوە مردن تەجرەبە دەکات، مردنێک هێندە دژوارە ڕێککەوتن و ئیتفاق نازانێت، من پێم وایە ئەو لەنێو شیعر و لە واقیعیشدا پیاسایەکی درێژی بەنێو مەرگدا کردووە. مردن وەکو سێبەر، سێبەرێکی بێ هەتاو و تاو، مردن وەکو سێەرێکی بێ هەبوون لەگەڵ بێکەسدا هەست پێ دەکرێت.

 

گەشبینی

 

“زۆربەی کات ئەو ڕێگایەی شاعیران دەیکێشن، ئەو ڕێگایەیە کە پڕە لە هیوا و گەشبینی، کار بۆ سووککردنی خەم و پەژارەی مرۆڤ و چەسپاندنی هێز و ئیرادە دەکات، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی بەدبەختی و ئازاری مەرگ”. (د. محمد عبداللە القواسمة، https://www.addustour.com/articles/12).  (بێکەس) کە باسی مردن دەکات، هیچ کاڤێک مەبەستی کوشتنی بەختەوەریی مرۆڤەکان و خۆی و دەوروبەری خۆی نییە، ئەو بەپێچەوانە دەیەوێت یەکبوونێکی ئاسوودەی ئاشقانە بسازێنێت، ئەو لەپێناو ژیان باسی مردن دەکات، ئەو گریمانەی مردن وەکو گێڕانەوەی بیرکردنەوە لە ژیان و نایەکسانی و کەسانی دابڕاو لە هەستە ئینسانییەکان دەکات.

 

سوێندت لەسەرم نییە ڕەنگە لە (میرڕۆستەمە) کە گوندی شاعیرە کتێب، تاقە کتێبێکی شیعریش نەبووبێت، بەڵام ئەو دەبێتە شاعیر

دەتوانین بڵێین ئەم دیوانە شیعرییەی (بێکەس حەمە قادر) هی تەنیا کوڕێکی هەرزەکاری گوندی، کە تازە خەتی سمێلی دانابێت، نییە کە ڕاپەڕین و سیاسەت و خواستی ڕۆژانە دەیهێنێتە شار و دواتریش لەخوێندنەوەدا ژیانێکی نوێ دەدۆزێتەوە و سوێندت لەسەرم نییە ڕەنگە لە (میرڕۆستەمە) کە گوندی شاعیرە کتێب، تاقە کتێبێکی شیعریش نەبووبێت، بەڵام ئەو دەبێتە شاعیر.

 

دەقە شیعرییەکان بە کۆتایی خاوەن شیعرەکە کۆتاییان نایەت و بەردەوام دەژین

شاعیری (ژن و شەراب و ژیان و مردن)، شیعرەکە ڕەنگدانەوەی ژیانی دوای مردنی گریمانەیی خاوەن گوتارە شیعرییەکەیە. ” کەسانێک  کاتێک دەمرن، وا دەزانن جیهان کۆتایی دێت،  ئەمە ڕووداوێکی ڕۆژانەیە کەسێک دەمرێت و کەسێکی دیکەش لە ژیاندا دەمێنێتەوە، بەڵام خاوەن گوتار ئەگەری مردنی خۆی دەکاتە کارنامەیەکی گەورە”.  (Emily Dichinson,  If I should die, https://www.supersummary.com/if-i-should-die/analysis/).

دەقە شیعرییەکان بە کۆتایی خاوەن شیعرەکە کۆتاییان نایەت و بەردەوام دەژین، وەکو چۆن شاعیر دەیەوێت نەمری بەدەست بهێنێت. جەستە ڕۆژانە بەشێک لە ئەندامەکانی لەش و مێشکی دەمرن، وەکو چۆن بەردەوام بەشێک لە بیرەوەرییەکانمان دەمردن.

 

سەرچاوەکان

 

جاک شورون،الموت فی الفکر الغربی، ترجمة کامل یوسف حسین، مراجحة د. امام عبدالفتاح امام، دار المعرفة، ٧٦، ینایر ١٩٧٨.

د.عماد عبد الرزاق ، جدلية الموت والخلود في فلسفة إرنست هوكنج، https://www.omandaily.om/%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%86%D9%88%

جمیلة بسو، مفهوم الموت وتطورە بین کل من الطب و الفلسفة والدین، مجلة الحکمة للدراسات الفلسفیة، موءسسة کنوز الحکمة للنشر والتوزیع، العدد١، ٢٠٢٠.

https://www.merriam-webster.com/dictionary/die

فلسفة الموت عند طرفة بن العبد، https://alarab.co.uk/%D9%81%D9%84%D8%B3%D9%81%D8%A9

عماد ابو الفتوح، محاضرات ملهمة ترشدک نحو التصالح مع الموت،     https://www.aljazeera.net/midan/miscellaneous/2018/1/12)

https://www.vocabulary.com/dictionary/die

Ben Nemtin, Dave Lingwood, Buncan Penn and Jonnie Penn, What Do You Want To Do Before You Die?, Published in slightly different form by Artsan in 2012

https://ibn-rushd.org/wp/ar/2010/12/10/hazem-khairy/

د. حازم خیری، مشکلة الموت فی الثقافة العربیة، دیسمبر ١٠- ٢٠١٠،
https://ibn-rushd.org/wp/ar/2010/12/10/hazem-khairy/

عارف الساعدی، کیف تعامل الشعراء المحدثون مع ثیمة الموت؟ قسم منهم اعتبروە وحشا کاسرا او صیادا واخرون زائرا، جردیة شرق الاوسط، ٦ مارس ٢٠١٩، https://aawsat.com/home/article/1618366/%D9%83%D9%8A%

عارف الساعدی، کیف تعامل الشعراء المحدثون مع ثیمة الموت؟ قسم منهم اعتبروە وحشا کاسرا او صیادا واخرون زائرا، جردیة شرق الاوسط، ٦ مارس ٢٠١٩، https://aawsat.com/home/article/1618366/%D9%83%D9%8A%.

ولید ظاهری، موت الاخلاق.. کیف رسخ فریدریک نیتشە للعدمیة؟ https://www.aljazeera.net/blogs/2019/9/7/%D9%85%D9%88%).

مصطلحات الفلسفة الوجودية عند مارتن هايديجر: معجم ودراسة، https://www.hindawi.org/books/26090380/8/ ).

(https://www.hindawi.org/books/26090380/8/

(https://www.aljazeera.net/midan/miscellaneous/2018/1/12/%D9%85%D8%

د. محمد عبداللە القواسمة، الشاعر وتمني الموت، جریدة الدستور، ٨  تموز ٢٠٢٢، https://www.addustour.com/articles/12

 

Emily Dichinson,  If I should die, https://www.supersummary.com/if-i-should-die/analysis/

(https://aawsat.com/home/article/1618366/%D9%83%D9%8A%D