فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

“کینە ئەم” چۆن لە دایک بوو؟ لە زمان شڤانپەروەر’ەوە

“کینە ئەم” چۆن لە دایک بوو؟
لە زمان شڤانپەروەر’ەوە
سلێمان دڵسۆز/ نووسەر/ کەنەدا
لە حەوتووی ڕابردوودا ژیان ئەو هەلەی بۆ ڕەخساندم دوو جار بە ئاودەنگی چاوم بە شڤانپەروەر بکەوێ.
لە ئێوارە خوانێکدا کە هاوڕێیەکی باکووری کوردستان میوانداریی لێکردین و هەروەها لە کۆڕێکی خۆمانەی ماڵی کورددا لە تۆرنتۆ. لەو دوو دانیشتنەدا باسی زۆر شت کرا. سیاسەت، هونەر، جڤاکی کوردی لە هەندەران و زۆر بابەتی دی. بۆ من کە لە منداڵییەوە، لانیکەم چل ساڵە، گوێ لەو سترانبێژە مەزنە دەگرم و ڕەنگە هەزاران کاتژمێرم کاتی پر لە هەست و سۆز و خەم و خۆشەویستی لەگەڵ چریکە و لۆرین و زرینگەی تەموورەکەی ئەودا بەسەر بردبێ، گەلێکم پرسیار دە دڵدا بوون کە دامنابوو ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لە نزیکەوە بینیم وەڵامی لێ وەرگرم. بەڵام لە دانیشتنی وادا کە خەڵکی تریش هەن و هەموو حەز دەکەن لەگەڵی بدوێن و پرسیار زۆرن، دەرفەتی ئەوەندەت دەست ناکەوی بە دڵی خۆت هەرچی پرسیاری هەتن بیانپرسی. ئیتر بیر دەکەیەوە کامە پرسیار هەڵبژێری کە ساڵانێکە لە سەر دڵت بووەتە گرێ.
لە کۆڕەکەی پێرێ ئێوارێی ماڵی کورددا پرسیارێکم لێکرد کە لەمێژ بوو تامەزرۆ بووم وەڵامەکەی بزانم. گوتم: جگە لە پەیام و نێوەرۆکی گۆرانییەکانت کە کاریگەرییەکی زۆری لە ڕووی هۆشیاریی نەتەوەییەوە لە سەر گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان داناوە، خاوەنی ستایل و ڕێچکەیەکی تایبەت بە خۆتی. ئەمەش هەر لە سەرەتای کاری هونەرییەوە بە کارەکانتەوە دیارە بەڵام بە بڕوای من لە گۆرانی یان سروودی “کینە ئەم”دا ستایلی شڤانپەروەر بە تەواوی بیچم دەگرێ. پرسیم چۆن بوو ئەو ستایلەت دۆزیەوە یان با بڵێین دروست کرد؟
جگە لە پەیام  کاریگەرییەکی زۆری لە ڕووی هۆشیاریی نەتەوەییەوە داناوە، خاوەنی ستایل و ڕێچکەیەکی تایبەت بە خۆتی
شڤانپەروەر بەو چاوە ڕەشە بریقەدارە بچکۆلانەی چاوێکی لێکردم و دوای پشتڕاستکردنەوەی ئەوە کە خاوەن سەبک و شێوازی خۆیەتی هاتە سەر گێڕانەوەی چۆنیەتیی خوڵقانی “کینە ئەم”.
گوتی: تازە هاتبوومە ئەڵمانیا. لە کۆڵن بۆ ماوەی نۆ مانگ وانەی سۆڵفێژم بە پیانۆ خوێند، لە خانوویەکی چۆڵدا شەو و ڕۆژ خەریکی کاری هونەری بووم. هاوکات کتێبم دەخوێندەوە و دیوانەکەی سەیدایێ جەگەرخوین’م بە دەستەوە بوو و لەبەر خۆمەوە ورینگەم دەهات. ئەو شێعرەی “کیمە ئەز”م چەندین جار خوێندەوە و مرخم لێ خۆش کردبوو بیکەمە گۆرانی. جارێک وەها بە لاوک دەمگوت: (لێرەدا شڤانپەروەر دەنگی هەڵبڕی و لە سەر شێوازی لاوکێکی کلاسیک “کینە ئەزم”ی گوت، سەرێکی ڕاوەشاند و گوتی:) گوتم: “نا، نابە!” (دیسان لە سەر ئاوازێکی دیکە): “نچ! ئەوژی نابە!” دوایی تووڕە بووم گوتم: کینە ئەم؟”

شەو و ڕۆژ کارم لە سەر کرد تا ئاوازی کینە ئەمم تەواو کرد

(هەر بەو شێوازە کە دوایی هەموومان گوێمان لێ بووە) گوتی: گوتم “ئەها وسا دبە!” ئیتر شەو و ڕۆژ کارم لە سەر کرد تا ئاوازەکەم تەواو کرد. ئیزنم لە سەیدا جەگەرخوین وەرگرت لە جیاتی “کیمە ئەز” بیکەمە “کینە ئەم” بۆئەوەی مانای بەرفراوانتر بدا کە باسی نەتەوەی کوردە. هێشتا تۆمارم نەکردبوو. کۆنسێرتێک هەبوو لە کۆڵن. دوودڵ بووم. تۆ بڵێی خەڵک بتوانن ئەو شێوازە هەزم بکەن. چونکە “کینە ئەم” بۆ ئاگاداریتان یەکەم بەرهەمی “ڕاپ”ە لە هەموو جیهان. من بێ ئەوەی بزانم “ڕاپ” چییە، ئەسڵەن “کینە ئەم” زۆر پێش سەرهەڵدانی ڕاپ چێ بووە و ئەگەر کورد نەبام دەبووم بە باوکی ڕاپ!
“کینە ئەم” زۆر پێش سەرهەڵدانی ڕاپ چێ بووە و ئەگەر کورد نەبام دەبووم بە باوکی ڕاپ!
لە کۆنسێرتەکە لە ڕیزی پێشەوە پیرەپیاوێک دانیشتبوو گوتیان ئەمە مامۆستا هەژار’ە. سڵاو مامۆستا هەژار! باوەشمان لێک دا. بە بینینی گەلەک خۆشحاڵ بووم.
کاتێ لە کۆنسێرتەکەدا بۆ یەکەم جار “کینە ئەم”م چڕی ئەو خەڵکە هەموو هەیەجان بوون و پێشوازییەکی زۆری لێکرا و ئیتر دڵم حەسایەوە.
ماوەیەک دواتر لە ستۆدیۆیەک کە ئەندازیارێکی ئەڵمانی لێبوو تۆمارمان کرد. ئەو ئەندازیارە لەگەڵ ئەوەی کوردی نەدەزانی لە کاتی تۆمارکردندا هەیەجان بووبوو و لەو جێگایەدا کە دەڵێم:
“تاکو کوردستان
ژار و پەریشان
کەتە بن دەستان،
مایکەکەی گرتەوە کە بە ئاماژەی دەستی من دیسان دەنگی مایکەکەی کردەوە، هەر بەو شێوەیەش بڵاومان کردەوە.