چۆن خۆم كردە نووسه‌ر یان كردمیانە نووسەر!
ئاسۆ کەریم/ نووسەر و وەرگێڕ/ هەولێر
له يه‌كى ناوه‌ندى هه‌وه‌ڵ كتێبێك كه هى ده‌رس و ده‌ور و قوتابخانه نه‌بێ- بەینی خۆمان بێ تا لە سەرەتایی بووم هەر شەش ساڵ یەكەمی پۆلەكەم بووم- له كتێبخانه‌ى گشتى لە هەولێر خوێندبمه‌وه (چل توتى) بوو. ئيدى هه‌ر ده‌رفه‌تم بۆ هه‌ڵكه‌وتبا ده‌چوومه كتێبخانه‌ى گشتيى شار كە زۆر نزيكى قوتابخانه‌ى صه‌لاحه‌دين بوو، جاده‌یان به‌ين بوو لە تەنیشت فندق اربیل السیاحی و، نێزيكى چايخانه‌ى بايز و ئێسته بووه‌ته پاركى ترومبێله‌كانى ديوانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيران و سه‌رده‌مێكيش ببووه (أمن البلده)ى به‌عس و كتێبى كوردیم وەردەگرت، زێتريش شيعر و ئه‌ده‌بياتم ده‌خوێنده‌وه. لە قۆناخی سەرەتاییش كتێبم خوێندبووەوە، بەس لە بیرم نەماون.
خووم بە كتێبان گرت و هه‌رچم لە برادەران به‌ده‌ست كه‌وتبا يان گيرفان يارمه‌تيده‌ر با دەمكڕی
له پۆلى چواری ئامادەییشه‌وه، كه بوومه ئه‌ندامى يه‌كێتيى قوتابيانى گشتى لە عێراق، له‌سه‌رمان فه‌رز بوو كه ده‌بێ كتێب، بە تایبەتی كتێبی ماركسی بخوێنينه‌وه و لە كۆبوونەوە شتێكی لێ باس بكەین… كتێبى ماركسييش به كوردى ئێ‌كجار كه‌م بوو، ئیدی به‌و عه‌ره‌بييه شه‌ق و شڕه‌ى خۆم، بەناچاری ملم له‌به‌ر كتێبان نا، چەندی تێ دەگەیشتم ئەوە هەر بۆ خۆی دەزانێ. پاش ئەوە خووم بە كتێبان گرت و هه‌رچم لە برادەران به‌ده‌ست كه‌وتبا يان گيرفان يارمه‌تيده‌ر با دەمكڕی، ده‌مخوێندنه‌وه. له زانكۆش هه‌روا بووم. بێ له كتێبه‌كانى دار التقدم و الفارابي و هيتر… جا چم نه‌ده‌خوێنده‌وه، بەس بۆنی فیكری پێشكەوتنخواز و سەردەمانەی لێ هاتبایە، له سه‌لامه موساوه بگره تا نه‌وال سه‌عداوى، له مه‌كسيم گۆرگييه‌وه تا كتێبه ته‌رجه‌مه‌كراوه‌كانى جۆرج ته‌رابيشى، يان كتێبه‌كانى صادق جه‌لال عه‌زم و عه‌فيف الاخضر، مونير شه‌فيق و ئه‌لياس مه‌رقه‌س و حوسێن مروه و مه‌هدى عاميل و فرانز فانون و ريجيس دۆبريه و كتێبه ته‌رجه‌مه‌كراوه‌كانى هۆشى مين و جه‌نه‌راڵ جياب… (بير‌ى نوێ) و (طريق الشعب) و (التاخي) و (به‌يان) و (ڕۆژى كوردستان) و (رۆشنبيرى نوێ) و (الهدف) و (الحرية) و…له بوارى فه‌لسه‌فه‌شدا وه‌ك دێته‌وه بيرم: أسس الفلسفه الماركسيه- جۆرج پۆليته‌زه‌رم خوێندبووەوە. پێش ئه‌وه‌ى بچمه ڕێزى پێشمه‌رگايه‌تيش (1978) خووم دابووه فه‌لسه‌فه‌ى يۆنانى و وەكوو كتێبى (قصه الفلسفه اليونانيه)ى زه‌كى نه‌جيب مه‌حموود و یەك دوو كتێبی عبد الفتاح امام. يه‌كه‌مين ديمانه‌ى ڕۆژنامه‌گه‌رى كه له‌گه‌ڵه من و هاوڕێم عومه‌ر حاجى سازكرابێ، كوڕێكى هه‌له‌بجه‌يى ناو (غه‌فار كه‌ريم- كه له هه‌مان قۆناخ بووين، به‌ڵام ئه‌و له كۆليجى ده‌رمانسازى ده‌يخوێند و به داخه‌وه به‌عس بێسه‌روشوێنى كرد) له باره‌ى بزووتنه‌وه‌ى قوتابيان و كارى ڕيكخراوه‌يى بووه و له 1975 له بير‌ى نوێ بڵاوكرايه‌وه (ئەو وێنەیەی دامناوە لە حەفتەنامەكە بڵاوببۆوە).
يه‌كه‌مين وتارێك كه به كورديم نووسيبێ، بۆ ئاهه‌نگى نه‌ورۆزى 1975 بووه
يه‌كه‌مين وتارێك كه به كورديم نووسيبێ، بۆ ئاهه‌نگى نه‌ورۆزى 1975 بووه كه ئێمه ده‌وروبه‌رى 30-35 خوێندكارێكى زانكۆى به‌غدا، كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و كریستیان و سابیئە، چووينه ناو بێستانه‌كانى بوهرز (لاى باقوبه)، بۆ ئه‌و موناسه‌به‌يه كۆمه‌ڵێ كۆپڵه‌ى شيعريى ئه‌م شاعير و ئه‌و شاعيرم كۆكردبۆوه و له‌وێ خوێنرانه‌وه، هه‌روا وتارى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ش هه‌ر من نووسيبووم كه خوشكى به‌ڕێز (دره‌خشان عه‌لى قادر- قوتابى به‌شى ئينگليزيى كۆليجى ئاداب و خه‌ڵكى شه‌قراوێ) بە دەسكارییەكی كەم خوێنديه‌وه. هەرچەند ئەودەم لەگەڵ بۆچوونەكانیشی نەبووم، سەرباریش كتێبەكانی مامۆستا مەسعوود محەمەدم دەخوێندەوە و وەك دێتەوە فیكرم بەشی یەكەمی كتێبی حاجی قادرم لە مووسڵ كە ئەودەم ئەندازیار بووم خوێندەوە، پێش ئەوەی ببمە پێشمەرگەش كتێبی كوردستان و كوردەكەی د. عەبدولڕەحمانی قاسملۆ و كتێبی كردستان والحركة القومية الكردية-ی مام جەلال-یشم خوێندبووەوە.
ساڵی ١٩٧٨ چووینە ناو شۆڕش و پەیوەندیمان بە قیادە موەقەتە کرد لەوێ لە ئێزگەی دەنگی کوردستان دەستم بە نووسین کرد
كه له 24 ى 9ى 1978يش لەگەڵ كۆمەڵێ دۆست چووینه ناو شۆرش و پێوەندیمان بە قیادە موەقەتەی پارتییەوە كرد، من و كاك شه‌ماڵ حه‌وێزى-يان بۆ ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان نارد و له تشرينى دووه‌مى 1978 له‌وێ ده‌ستمان به كار كرد وه‌كوو (وه‌رگێر، نووسه‌ر، پێشكه‌شكار و هه‌ر خۆشمان بەرنامەكانمان تۆمار ده‌كرد و سروودمان لەگەڵ دادەنان و… ئێزگه‌شمان ئيش پێ ده‌كرد)، واته شۆرش كردميه نووسه‌ر و خۆشم سەرم لێ دەخورا. له‌وده‌مه‌وه هاتمه ناو دنياى نووسين كه ئه‌مانه‌تێكى هاسان نييه. چۆنم هێناوە نازانم!
نامیلكەی (الشروح في المادية التأريخية) خوێنده‌وه، پاشان چونكە سادە و بە زمانێكی سادە نووسرابوو، ورده ورده كردمه كوردى و هه‌ر خۆشم تايپم كرد
يه‌كه‌مين ناميلكه كه له عه‌ره‌بييه‌وه ته‌رجه‌م كردبێ: زستانه‌كه‌ى 1978/1979، له كتێبخانه بچووكه‌كه‌ى ئێزگه (لە شاخەكەی بەرانبەر گوندی هەركێ بەدیوی عێراقدا) نامیلكەی (الشروح في المادية التأريخية)ی حزبی شیوعی كوبی بوو كه له لايه‌ن (دار ابن خلدون) چاپ و بڵاوكرابۆوه، خوێنده‌وه، پاشان چونكە سادە و بە زمانێكی سادە نووسرابوو، ورده ورده كردمه كوردى و هه‌ر خۆشم تايپم كرد…به‌ڵام تا حوزه‌يرانى 1982 چاپ و بڵاوم نه‌كرده‌وه، هاوڕێ (د. ڕه‌فيق سابير كە لە پێشمەرگایەتی كاوە-یان پێ دەگۆ) به كوردييه‌كه‌ى داچووە‌وه و له 70 لاپه‌ڕه زێتره و به ڕۆنيۆ ڕاكێشراوه و ئێستا دانەیەكی ئەو نامیلكە تەرجەمەكراوەم لە كتێبخانەكەمدا هەیە.
تا ئێسته بێ له سه‌دان وتار و لێكۆڵينه‌وه، ئەوە مەدحی خۆم نییە، جا چ نووسينى خۆم بێ يان ته‌رجه‌مه‌كراو، كه له (ئێزگەی دەنگی كوردستان، ڕێگاى كوردستان، ڕێبازی پێشمەرگە، بير‌ى نوێ، برايه‌تى، كوردستانى نوێ، ئاڵاى ئازادى، خه‌بات، نيشتمان، التاخي، گۆڤارى هه‌فتانه، گۆڤارى گوڵان، هه‌ولێر، گۆڤارى شرۆڤه، وشه….سايتى پێنووس) بڵاوكراونەتەوە، هەروا (25) كتێبم نووسيوه و ته‌رجه‌مه و ئامادە كردووه. گرنگترينيان: 1) به‌رگى شه‌شه‌مى چيرۆكى شارستانيه‌ته‌كه‌ى ويل ديورانت-ه كه دوو به‌شه و به‌يه‌كه‌وه 1324 لاپه‌ڕه‌يه، 2) ريفرانده‌م و سه‌ربه‌خۆيى باشوورى كوردستان- 208 لاپه‌ڕه‌يه و نووسين و ته‌رجه‌مه‌يه؛ 3) ده‌ستوور، مافى چاره‌ى خۆنووسين، فيدراليزم و ڕيفرانده‌م-271 لاپه‌ڕه‌يه و نووسين و ته‌رجه‌مه‌يه؛ 4) مسؤولية الدولة الجنائية عن جرائم الحرب المرتكبة في النزاعات الداخلية المسلحة (العراق نموذجا)- نامه‌ى ماسته‌ره- 367 لاپه‌ڕه‌يه و له بێروت چاپ بووه؛ 5) فه‌نده‌مێنتاليزمى ئيسلامى له جيهانى عه‌ره‌بيدا- 280 لاپه‌ره‌يه و ته‌رجه‌مه‌يه؛ 6) قانوونى نێوده‌وڵه‌تيى مافه‌كانى مرۆڤ- چه‌ند دۆكيومێنتێكى سه‌ره‌كييه-344 لاپه‌ره‌يه و ته‌رجه‌مه‌يه، 7) فەرهەنگۆكی سیار، كوردی- كوردی، 708 لاپەڕەیە و 2021 چاپ بووە… لاپەڕەكانی (123 و 124 و 125) ی بەرگی یەكەمی كتێبی ئینیسكلۆپیدیای نووسەرانی هەولێر (6 بەرگە و كاك عەبدولڕەحمان مەعرووف ئامادەی كردووە) بۆ ژیان و بەرهەمەكانی من تەرخان كراوە. یەك دوو كتێبی تەرجەكراویش هێشتا چاپ نەكراون و ئامادەن.
سەرباری ناوی نهێنی زۆر وتاریشم، چ لە سەردەمی شاخ و چ لە شاردا، بێ ناو نووسیوە
شایانی گوتنە، تا ئێستا بەم ناوانە وتار و لێكۆڵینەوە یان كتێبم نووسیوە یان كردووە بە كوردی: ئاسۆ كەریم، كەمال مەجید (زێتر لە گوڵان بەو ناوەم نووسیوە)، شوان (لە پێشمەرگایەتی بەم ناوەم نووسیوە)، عەلی ڕەزا (نامیلكەیەك بەم ناوە لە بارەی ئیسلامی سیاسی بۆ گفتوگۆ نووسیوە)، سیار محەمەد سالح ….زۆر وتاریشم، چ لە سەردەمی شاخ و چ لە شاردا، بێ ناو نووسیوە.
پێم وایە، هەتا ئاوم لەدوو بێڵی بێ، واز لە خوێندنەوە و نووسین و تەرجەمە ناهێنم و لێم بووەتە مەراق و خووم پێوە گرتووە… بەڵام شەش حەفت ساڵ پترە، بەو پیریە زێتر بام داوەتەوە سەر زمان و فۆلكلۆر و كولتووریی كۆنینەی كوردەواریی ناوچەكانی دەشتی هەولێرێ…كە ڕەنگە هەندێ ئاشنا ئەوەیان پاش ئەو حەمكە ساڵەی “سیاسەت و میاسەت”، پێ سەیر و عەنتیكە بێ!