فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

حەفتاو پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤ لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە؟

گەڕانەوە بۆ مێژوو
حەفتاو پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤ لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە؟
حامید گەوهەری/ نووسەر و وەرگێڕ/ سوێد
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت، ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤ لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە! ئەشکەوتی شانەدەر بە یەکێک لە بەناوبانگترین ئەشکەوتە دێرینەکانی سەرئاستی کوردستان و جیهان ناسراوە. دەکەوێتە دامێنی چیای برادۆست لە دەڤەری بارزان، بە دووری ١٢٥ کم لە شاری هەولێر و ٧٦٢ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە.
لە ساڵەکانی ١٩٥١- ١٩٦٠، لەلایەن نێردەیەکی شوێنەوارناسیی زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکی و بە سەرپەرشتی شوێنەوارناسی بەناوبانگ “ڕالف سۆلێلی” ئەم ئەشکەوتە هەڵکۆڵینی شوێنەواری بۆ کراوە. ئەم هەڵکۆڵینانە تا قوڵایی ١٤مەتر ڕۆیشتووە بۆ چوار چینی شارستانیی A,B,C,D لە سەرەوە بۆ خوارەوە و چاخەکانی بەردینی کۆن و ناوەند و نوێی لەخۆ گرتووە. لە ئەنجامی هەڵکۆڵینەکاندا، ئێسکە پەیکەر دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەیان بۆ ٦٠٠٠٠- ٨٠٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەم هەڵکۆڵینانە زانیاری گرنگیان دەربارەی سروشتی لایەنەکانی ژینگە و ئابووریی و مرۆیی چاخە بەردینە کۆنەکانی ناوچەی برادۆست خستەڕوو.
ئەنجامی لێکۆڵینەوە زانستیەکان ئەوەیان چەسپاند، کۆنترین جۆری ئادەمیزاد لەو ئەشکەوتە ژیابێت و ئەمەش بەهۆی فەراهەم بوونی گوزەرانی و سەرچاوە بنەڕەتیەکانی ژیان لەو ماوەیەدا و لە ڕووی سروشتی پێکهاتەکەشیەوە، دەرگای چونە ژوورەوەی لە شێوەی سێگۆشەیەکی فراوان بە پانی (٢٥م) و بەرزی (٨م)، ئەمەش وایکردووە تیشکی خۆر بە درێژایی ڕۆژ بچێتە نێو ئەشکەوتەکە و بۆ حەوانەوەی مرۆڤ بگونجێت. بەتایبەت لە کاتەکانی سەرمای زستانی چاخە بەردینە کۆنەکان.
بۆ ئاشناکردنی نەوەکان بە گرنگی ئەشکەوتەکە و دۆزینەوەکانیی، ڕاڵف سۆلێکی سێ پەرتوکی دەربارەی شانەدەر نووسیوە، یەکێک لەو پەرتوکانە بە ناوی “شانەدەر یەکەمین میللەتی گوڵ”ە، کە تێیدا گرنگی هەبوونی ئەشکەوتەکە و مێژووەکەی دووپات دەکاتەوە.
بەر لەو وتارەم، چەند لێکۆڵینەم لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر، لە کتێبی ئەزموون و مستەفا بارزانی پێشمەرگە سەرۆک و فەیسبووکدا بڵاوکردوەتەوە و چەند جار لەگەڵ دۆست و برادەرانم ئەشکەوتی شانەدەرم لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠- ٢٠١٣دا بینیوە. لە پەیوەندیی لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانمدا، ڕۆژی ٢٠١٣/١٠/٢٧، لەگەڵ خاتوو زبێدە محەمەد میرخان یەکێک لە دانیشتوانی ئەو ئەشکەوتە و کاک ئیبراهیم ئەحمەد قادر دانیشتوانی گوندی شانەدەریی چاوپێکەوتنم کرد. زبێدە خانم و مام ئیبراهیم دایک و باوکی برای بەڕێزم کاک سابیر ئیبراهیم شۆفیری بەشی پرۆتکۆلی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
لەگەڵ خاتوو زبێدە محەمەد میرخان و مام ئیبراهیم ئەحمەد قادر چووم بۆ نێو ئەشکەوتی شانەدەر. مام ئیبراهیم لەبەر زارکی ئەشکەوتەکە، بە بەرزایی نزیکەی چوار مەتر لە باسکی چەپی چوونە نێو ئەشکەوت، سێ قەڵش بە ڕیز لەسەر بەردێک پێشاندام و گوتی:
– پیاوێک بەناوی ساڵح ئەحمەد بەگ، نزیکەی ٧٠ ساڵ لەمەوبەر. لەو کونەی نێوەڕاستدا، دەفتەرێکی لە پێستی بزن دۆزیوەتەوە کە نازانم چەند لاپەڕە بوو، بەڵام وەک من لە باوکم و خەڵکی گوندم بیستوە هەندێک ئەستور بوو. نوسراوەکانی بە شتێکی نوک تیژ لەسەری سوتێنرابوو. ساڵح دەفتەرە چەرمەکە دەباتە مزگەوتی گوندی هەنارەی خەلیفان لە نێو سورچییەکان و بە مامۆستای ئەو مزگەوتەی پێشان دەدات و پێیوابووە قورئانە و لەسەر پێست نوسراوە. مامۆستای ئەو مزگەوتە دەڵێ: “ئەوە قورئان نییە و سەنەمە واتە سێحرە و لێرە بیبە دەرەوە.” ساڵح پێستە نوسراوەکە دەبات و فڕێی دەدات نێو ڕوبار. دواتر دەرکەوت کە ئەو نوسراوانە مێژووی ئەشکەوتی شانەدەر و خەڵکی ئەم دەڤەرە بووە.) لە درێژەی وتەکانیدا، مام ئیبراهیم دەڵێت: (لەو سەردەمانەدا شایی دوو تەبەق داب بوو. ئێمەش لێرە ئەو شاییەمان دەکرد، پیاو، و ئافرەتە زل و بەخۆوەکان لە ژێرەوە و ئەوانەی لاواز لە سەرەوە هەڵدەپەڕین. ئەو شاییە بە زۆری هی هەرکێی بنەجێیە، بەڵام گەردییەکان و شێروانییەکان و مزورییەکانیش بەو شێوە هەڵدەپەڕن(١).) هەروەها دەڵێت: (ساڵی ١٩٥٨، ئینگلیزەکان هاتن و دوو جەنازەیان لە ئەشکەوتی شانەدەر دەرهێنا و جەنازەکانیان لەگەڵ خۆیان برد. یەکێک لە جەنازەکان پیاو و ئەویتریان ژن بوو. پیاوەکە شیری لەسەر سنگ بوو و ژنەکە لۆل و مەرجان و هەردوویان پێستی حەیوانیان لەبەر بوو. ئینگلیزەکان، هەروەها هەندێک خوڵ و بەردیشیان لەگەڵ خۆیان برد. ئەوکاتە من بچووک بووم، بەڵام بەچاوی خۆم جەنازەکانم دی. دەڵێن ئێستاش ئاسەواری زۆر لە ئەشکەوت‌دا هەیە، حکومەت پاوانی کردوە و کەس ناتوانێ کاری هەڵکەندنی تێدا بکات. ئینگلیزەکان، چواردە مەتریان لە نێوەڕاستی ئەشکەوتەکە هەڵکەند. ئەشکەوتەکە ساف بوو، بەڵام دوای ئەو هەڵکەندنە هەموو خۆڵەکەیان لە قوڵایەکە نەکردەوە و دواتریش خەڵک حەیوانی تێدەکرد و ئێستا کەندوکۆی تێکەوتووە. دوای ئینگلیزەکان، زۆر شتی وەک قابڵەمەی بەردیی و قەلیان و دیزە و کەلوپەلی تری بەردیی تێدا دۆزرایەوە.)
زبێدە محەمەد میرخان، کە بنەماڵەکەی لە ئەشکەوتی شانەدەردا ژیاون و خۆی لە ئەشکەوتدا لەدایک بووە و لەوێشدا بە بووک چووە، دەڵێت: (من لە ئەشکەوتی شانەدر لە دایک بووم و بۆ ماوەی شازدە ساڵ تێیدا ژیاوم و لەوێش بە بووک چووم. ئەو ئەشکەوتە پشت و پەنای خەڵکی گوندەکانی ژاژۆک، گۆڕەتوو، ئەشکەفتێ، بنەبێ، بێستری، ماڵە سوار، سپیندار، کوران و بامێ بوو. هەرکاتێک حکومەت پەلاماری گوندەکانی دەدا و گوندەکانی خراپ دەکرد، خەڵکی ئەو گوندانە کە هەرکامیان سێ چوار ماڵ بوون، پەنایان بۆ ئەشکەوتی شانەدەر دەهێنا. حەیوانیشمان لەگەڵ خۆمان دەهێنا، ئەو کاتە زیاتر بزنی ڕەشمان هەبوو. بزنی ڕەش، لەم چیایانەدا زۆر بەتاقەت بوون و مەڕ و بزنی مەرەزی سپی تاقەتیان نەدەهێنا. بە دار و بەرد و پوش کەپرمان لە ئەشکەوتەکەدا بۆخۆمان دروست کردبوو، و هەرچی بوومان پێکەوە دەمانخوارد. خواردنەکەمان: ماست، جۆ، هەرزن، سەرگوڵ، بەڕو و گیا بوو. ئەوانەمان لەم بەردانەدا دەکوتا و بۆ زستان ڕاماندەگرتن. خۆراکی گەرممان نەبوو، ڕۆژانە دەچووین دار و پوشمان کۆ دەکردەوە. دارەکان بۆ گەرم ڕاگرتنی ئەشکەوتەکە و پوشەکانیش بۆ حەیوانەکانمان. ژمارەیەکی زۆر، بزنی ڕەشمان هەبوو. بە ئەستێ و بەرد و پوش، ئاگرمان دەکردەوە. باوکم ٧٣ ساڵی بوو کە دوکتۆر بینی، هێشتا ددانەکانی ساخ بوون و دوکتۆر پێی گوت ساخ مانی ددانەکانت هی ئەو شیر و ماستەیە.)
لە درێژەی وتەکانیدا، زبێدە محەمەد دەڵێت: (ئەوکاتە خەڵک فەقیر بوون، خواردنی ئێمە هەرزن، بەڕو، قەزوان، جۆ و گیا بوو. ئەوانمان لەو بەردانەدا کە چواردانە بوون و بە دوو بنەماڵە یەک دانەیان بەردەکەوت، دەکوتا. تەنانەت گۆشتیشمان لەو بەردانەدا دەکوتا و دەمانبرژاند. لەو ئەشکەوتەدا نزیکەی ١٥٠ کەس بە حەیوانەوە دەژیان. ئاگرمان لەسەر ئەو بەردە بە ئاگر قەڵشوە، دەکردەوە و ئەشکەوتەکەمان پێ گەرم دەکرد. ئەشکەوتەکە بە زستانان گەرم و بە هاوین ساردە. مێش و مەگەس و جانەوەر لە ئەشکەوتەکەدا نییە. کاتی شەڕەکانی ١٩٦١- ١٩٧٥یش ئێرە جێی بریندار و ژیانی ئاوارەی شەڕەکان بوو.)
لە درێژەی وتەکانیدا ناوبراو دەڵێت: (ماڵی باوکم محەمەد میرخان مەرعان لێرە لەم ئەشکەوتەدا لە باسکی ڕاستە دابوو، و ئێمە نۆ کەس لەو جێیە دەژیان. دەوری ئێرەمان بە دار و پەلەدار گرتبوو. هەموو ماڵەکان بەوجۆرە بوون. لە چوار جێی ئەشکەوتەکەدا ئاگرمان دەکردەوە. سەر ئەم بەردە پانانە جێی ئاگر کردنەوە بوون. ئەم سووچەش کە کەوتووەتە باسکی ڕاست و گۆشەی ڕاستی ئەشکەوتەکە جێی شیو دروست کردن بوو. حەیوانەکانمان لە باسکی چەپ جێی تایبەت بە خۆیان هەبوو.)
لە بەشی سەرووی ئەشکەوتەکەدا دوو کونی بچووک هەیە کە تەڕ و شێدارن و مرۆڤ دەتوانی خۆی کۆم بکاتەوە و پێیدا بڕوا. خۆڵ هەندێک ژێر کونەکەی گرتبوو، و بۆ من بچووک بوو، و نەمتوانی پێیدا بچم، بەڵام مام ئیبراهیم و زبێدە چووبوون، گوتیان نزیکەی سێ مەتر دەڕۆی و دەگەیە نێو ئەشکەوتێکی تر کە ئەویش هەر هەندێک لەم ئەشکەتە ئەسڵییە بچووکترە.
لە دوا لێکۆڵینەوەکاندا، زانکۆی کامبریج وێنەی ئافرەتێکیان لە ڕووی کللەسەرێکی دۆزراو لە ئەشکەوتی شانەدەر بڵاوکردەوە کە ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە کوردستان ژیاوە و بەو جۆرە دەرکەوت کە کوردستان ناوەند و سەرچاوەی پەیدابوونی مرۆڤایەتی و شارستانییەکانی جیهانە!