شانۆی پۆستمۆدێرنیزم
تێڕوانینێك له هه‌وڵه مۆدێرن و پۆستمۆدێرنه‌کان له بواری شانۆدا
دانا ڕەئووف
شانۆکار، دراماتۆرگ، نووسەر و توێژەری بواری شانۆ- ستۆکهۆڵم
دەستپێک
تا ئێستا بەشێکی زۆری ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر شانۆ کراون و ئەو گفتوگۆیانەی بە درێژاییی مێژوو باسیان لە شانۆ کردووە، ڕەوتێکی ئەدەبی لەخۆ گرتووە. لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ فەلسەفییەکان سەبارەت بە شانۆ، بۆ نموونە لای (ئەریستۆ، گۆتە، لسینگ، دیدرۆ)… هتد تایبەت بووە بە تەکنیک و هونەری دراما، کارەکتەر، ڕووداو و ستراکتوری پێوەدانگە درامییەکان و دراماتۆرگی. ئەم تێڕوانینە بۆ شانۆ و ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەم کولتوورە دەوڵەمەندەی شانۆی ئەوروپی، تا ئێستایش لە چەقی ناوەندگیری و تێڕوانینی شانۆکاران و شانۆ و ڕێپۆرتواری ساڵانەی شانۆکاندایە. بەڵام، ئەم ستراکتورە بەهێزەی شانۆ، لە سەرەتای شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، دووچاری تەوژمێکی تری شانۆ، پۆست دراما و شانۆی پۆستمۆدێرنیزم بۆتەوە، بەمەیش فۆرم و شێوازێکی تریان بە شانۆ بەخشیوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا شانۆی مۆدێرن و پۆستمۆدێرنیزم، ڕەگ و ڕیشەیەکی دێرینی هەیە و بێ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕەگ و ڕیشەیە، ناکرێت لە ستراکتور و بنەما هونەری، هزری و ئێستاتیکییەکانی بگەیت. هەموو سەدە و سەردەمێکیش لە ڕووی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، فەلسەفی، هونەری، ئاکاری، سیاسی و سیکۆلۆژییەوە، کاریگەرییان لەسەر فۆرمەلەکردنی چەمکەکانی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم هەبووە. هەر بۆ نموونە له سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (١٩٠٠)ه‌كانه‌وه لەژێر کاریگەرێتی ئەم گۆڕانکارییانەوە، ته‌وژمێكی جیاوازی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بڵاو دەبێتەوە.
کاریگەرێتی لێكۆڵینه‌وه له بواره‌كانی نەست و به‌هاكانی خه‌وندا به‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه
جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی له ڕووی بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، بازرگانی، هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه، بواره‌كانی زانیاری و ته‌كنیكه‌وه بەرپا کرد، ئەم گۆڕانکارییانەیش هەل و مەرجەکانی دنیایان بەتەواوی گۆڕی. دیارە ئه‌ده‌ب و هونەریش بەدەر نەبوون لەم گۆڕانكارییانە و چەندان دەرگایان بە ڕوودا کراوەتەوە، هەروەها بوارەکانی زانستە مرۆییەکانیش هەنگاوی گەورەیان ناوە. نابێت ئەوەیشمان لەبیر بچێت، کە کاریگەرێتی لێكۆڵینه‌وه ده‌روونیه‌كانی پزیشكی ده‌روونی سیگمۆن فرۆید ١٨٥٦-١٩٣٩ له بواره‌كانی نەست و به‌هاكانی خه‌وندا به‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه، بە تایبەتیش لەم قۆناخەدا زۆر گرینگ بوون.
سروشت و سەرچاوەکانی ئەدەب
به‌ر له‌م قۆناغه و له‌كاتی گه‌شه‌كردنی ڕۆمانتیكیه‌تدا سروشت بۆ نووسەر و هونەرمەندان و دۆزینەوەی ئامڕازی نوێ و ڕێگاکردنەوە بۆ دیاردەیەکی تازە لە ئەدەب و هونەردا، ببووە سەرچاوەی سروش – ئیلهام-. لەم ڕەوشەیشدا ڕۆمانتیکییەکان ئەوەیان دووپات ده‌كرده‌وه، كه ژیانی ڕۆژانه‌مان له خه‌ونه‌كانماندا جوانتر ده‌رده‌كه‌ون وه‌ک له ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا، ئەمەیش لە بەرهەمی نووسەر و هونەرمەندەکانی سەر بەم ڕێبازەدا بە ڕوونی دەردەکەون. ئه‌م دیده هونەری و لە هەمان کاتدا فه‌لسه‌فییه‌ی ڕۆمانتیکییەکان بووه بنه‌مایه‌كی فیكری گه‌وره بۆ بیروبۆچوونه‌كانی کەسێکی دەروونناسی وەک (فرۆید)، هه‌ر له‌م ده‌روازه‌یه‌شه‌وه سیمبۆلیزم و سوریالیه‌كان هێدی هێدی له‌فه‌ره‌نسا ده‌ركه‌وتن، بێگومان ته‌وژمی هونه‌رمه‌نده‌كانی سه‌ر به ڕێبازی دەربڕینخوازی (ئێكسپرێشیونیزم)یش دەرکەوتەیەکی گرینگی تری ئه‌م قۆناغەیە.
هێما ڕۆڵ دەبینێت و لە تەوژمەکانی واقیعیەت و سرووشتگەرایی دوورە و هەر لە فۆرمەکانی شانۆی بووکەڵەوە چەمکە سیمبۆلیزمەکانی خۆی دەدۆزێتەوە
سەرهەڵدانی درامایەکی مۆدێرن
هەر له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (١٩٠٠)ه‌كاندا درامایه‌كی مۆدێرن سه‌رهەڵ دەدات؛ له ناتورالیزمه‌وه بۆ ڕیالیزم و دواتریش سیمبۆلیزم. ڕێبازی ڕیالیزم و سیمبۆلیزم له‌شانۆنامه‌كانی (هێنریک ئیبسن) ١٨٢٨-١٩٠٦ و (ئاگۆست ستریندبێرگ) ١٨٤٩-١٩١٢دا گرینگ‌ترین دیارده‌كانی ئه‌و ته‌وژمه مۆدێرنه‌یه. ئه‌م دوو شانۆنامه‌نووسه هه‌ردووكیان له باكووری ئه‌وروپاوه، نه‌رویژ و سوید، ده‌ركه‌وتن و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر تێكڕای درامایه‌كی مۆدێرنی ئه‌وروپییه‌وه دەبێت. به‌ڵام ته‌وژمه سیمبۆلیزمه‌كه و ڕێبازی سیمبۆلیزم له‌ناوجه‌رگه‌ی ئه‌وروپاوه، لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی دەیەی ١٨٨٠ وە تا سەرەتا و ناوەڕاستی دەیەی ١٨٩٠، لە پاریس ده‌ركه‌وت.
نووسه‌ری گه‌وره‌ی به‌لچیكی مۆریس مەتەرلینگ ١٨٢٩-١٩٤٩ بە هێماگەل و وێنە و ئاماژە و بێدەنگی، دەقەکانی ڕۆدەنێت و دەبێت بە گرینگ‌ترین دەنگ و ناوی دراما و دەستپێکی شانۆیه‌كی سیمبۆلی. بەرهەمەکانی ئه‌م نووسه‌ره له‌فه‌ره‌نساوه، وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی گرینگی ڕۆشنبیریی ئەودەمە، زۆر به خێرایی بڵاو بووەوە و كاریگه‌رییه‌كانیشی بووه سه‌ره‌تایه‌كی پتەوی شانۆیه‌كی سیمبۆلیزم له‌ئه‌وروپادا. شانۆنامەکانی ئەم نووسەرە، بۆ نموونە (کوێرەکان) و (پێلیس و مێلاندە)… هتد دەبنە کەرەسەیەکی دەوڵەمەندی تەوژمە سیمبۆلیزمەکانی فەرەنسا و دواتریش شانۆکارانی وەک ستانێسلاڤسکی و مایرهۆڵد لە ڕووسیا. مەتەرلینگ تەکنیک و شانۆی بووکەڵە زۆر سەرنجی ڕادەکێشێت، لەم شانۆیەدا هێما ڕۆڵ دەبینێت و لە تەوژمەکانی واقیعیەت و سرووشتگەرایی دوورە و هەر لە فۆرمەکانی شانۆی بووکەڵەوە چەمکە سیمبۆلیزمەکانی خۆی دەدۆزێتەوە.
شانۆی سیمبۆلیزم توانی یەکەم هەوڵە ئەزموونگەر و ناتەباکانی کولتوورێکی نوێی شانۆیی لە ئەوروپا دابمەزرێنێت، شانۆکارە سیمبۆلیزمەکان دەیانویست، سەرلەنوێ شانۆ لە فۆرمێکی تردا دروست بکەنەوە و لە هەمان کاتدا بە ئاڕاستەیەکی تر و جیاوازیشدا بیبەن. سیمبۆلیزمەکان خوازیار بوون بنەما سەرەتاییەکانی شانۆی نەریتگەرای ئەوروپی، بە تایبەتیش لە ڕووی هونەری نواندن، ستراکتوری شانۆ و بنەماکانی دیالۆگی شانۆنامەکانەوە، بگۆڕن.
شانۆی ڕووسی هه‌نگاوی بەرچاوی، له‌ئاستی دراما و هونه‌ری شانۆ ده‌نا
شانۆی ڕووسی و سەرەتاکانی مۆدێرنیزمە
شانۆی ڕووسی لە هەردوو ڕووی دراما و دید و تەکنیک و بنەماکانی هونەری شانۆوە، ڕۆڵێکی گرینگ‌یان لە بەرەوپێشەوەچوونی چەمک و فەلسەفەی مۆدێرنیزمە و پۆستمۆدێرنیزمدا دیوە، بۆ نموونە ڤلادیمیر مایکۆڤسکی١٨٩٣-١٩٣٠ بە دەقە ئەڤانگارد و بۆچوونە ڕادیکاڵەکانی، یاریدەدەرێکی گەورەی مایرهۆڵد دەبێت و ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. یه‌كێك له‌ده‌نگه هه‌ره گرینگه‌كانی تری مۆدێرنیزم له‌شانۆ و درامای ڕووسیدا، ئه‌نتوان چێخەف ١٨٦٠-١٩٠٤ە. هەرچەندە دەقەکانی چێخەف بەدواچوونێکی قووڵ و ڕیالیزمیانە بۆ ژیانی مرۆڤ، بەڵام سیمایەکی سیمبۆلیزمیان پێوە دیارە و هەروەک مەتەرلینگ بە قووڵی لە ئەنجامەکانی هێماگەل دەگات و لەنێو ستراکتورە ڕیالیزمەکەیدا بەرجەستەیان دەکات.
مایرهۆڵد ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ڕۆژئاوا لە چێخەف-ەوە فێری دراما نووسین دەبن. چێخەف به‌وپه‌ڕی ڕێز و ستایشتەوە ده‌یڕوانییه ئیبسن؛ شانۆنامه‌ی (نەورەس)یش به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان كاریگه‌ریی چەمکە سیمبۆلیزمەکانی ئیبسنی پێوه دیاره، به‌تایبه‌تیش له به‌كارهێنانی سمبۆلی (باڵنده)دا. باڵندە، له شانۆنامه‌ی (مراویی كێوی) ئیبسن-دا، وەکوو سیمبۆلێكی گرینگ دەردەکەوێت؛ چ کارەکتەرێکی شانۆنامەکە هێمای مراوییەکی کێوییە و مراویی کێوی دەبێتە چ هێماگەلێکی شانۆنامەکە؟ ئەمە و کۆمەڵێک پرسیاری تر، کە ئیبسن وەڵامیان ناداتەوە و بۆ بینەرانیان بە جێ دەهێڵێت.
شانۆی ڕووسی له‌م قۆناغه‌دا گۆڕانكاریی گرینگ و هه‌نگاوی بەرچاوی، له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاسته‌كه، دراما و هونه‌ری شانۆ، زۆر به‌خێرایی ده‌نا. چێخەف به دەقەکانی و ناوه‌ندێكی گرینگیش بۆ نوێكردنه‌وه‌ی شانۆ، له شانۆی هونه‌ری مۆسكۆدا خۆی بینییەوە. بێگومان هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی وه‌ك كۆنستانتین ستانیسلاڤسكی ١٨٦٣-١٩٣٨ ڕۆڵێكی گەورە و فراوانی له‌م بواره‌دا هه‌بوو، ستانیسلاڤسكی هه‌موو ڕێگاكان تاقی ده‌كاته‌وه: سه‌ره‌تا ناتورالیزم، ڕیالیزم و دوای ئه‌وه‌یش له‌ده‌روازه‌ی شانۆنامه‌كانی ئیبسن و مەتەرلینگ-ەوە ڕوو ده‌كاته شانۆیه‌كی سیمبۆلیزم. ستانیسلاڤسكی دواتر زیاتر له ڕوانگه‌ی شانۆنامه‌كانی چێخەف-ەوە بره‌و به سیستێم و ڕێبازه‌كه‌ی خۆی ده‌دات، به‌ڵام ستانیسلاڤسکی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به سیستێمەکەی، سەبارەت بە (پێگه‌یاندنی ئه‌كته‌ر و هونه‌ری نواندن) ناسرا، وه‌ک له ئه‌كته‌ر و دەرهێنەر.
ستانیسلاڤسکی تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە شانۆی هونەریی مۆسکۆ برەو بە کار و پرۆژەکانی دەدات و هاوکارییەکی زۆری مایرهۆڵدیش لە شانۆی-ستۆدیۆ دەکات.
هونه‌ری سینۆگرافیا و ڕۆڵی دەرهێنەر و داڕشتە و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی وێنه‌یی بووه چه‌مكه‌كانی ئه‌م شانۆیه و له هه‌مان کاتدا دابڕانێكی سه‌رانسه‌ری له‌گه‌ڵ سروشتگەرایی و ڕیالیزمدا دروست كرد
شانۆی ئێکسپرێشونیزم
سەرهەڵدانی شانۆیه‌كی دەربڕینخوازی (ئێكسپرێشیونیزم) له‌شانۆی هاوچه‌رخی جیهانیدا، ده‌بێته وێستگه‌یه‌كی گرینگی چەمک و شێوازەکانی مۆدێرنیزم لە شانۆدا. ستریندبێرگ به‌شانۆنامه ئێكسپرێشیونیزمەکانی، وەکوو (خەونەنمایشێک) و (به‌ره‌و دیمه‌شق) هاوکات شانۆنامه‌كانی (ژوورەنمایش) بە تایبەتیش (کەڵک و سۆناتای تارمایی) قۆناغێكی گرینگی ئه‌م بواره ده‌بڕێت و دەروازەیەکی بەرین بە ڕووی ڕەووتی شانۆی ئەوروپیدا دەکاتەوە. ئه‌م ته‌وژمه‌یش هه‌وڵی دا له ڕوانگه‌ی دراماوه گوزارشت لەسەر هەموو ئاستەکان، بەتایبەتیش له لایه‌نه شاراوە و قووڵه‌كانی ژیانی مرۆڤەوە بكات. ئشانۆی ڕووسی له‌م قۆناغه‌دا گۆڕانكاریی گرینگ و هه‌نگاوی بەرچاوی، له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاسته‌كه، دراما و هونه‌ری شانۆ، زۆر به‌خێرایی ده‌نا
بە پێچەوانەوە ناتورالیزم یان سروشتگەرایی، کە له ته‌قه‌لای خستنه‌ڕووی ڕووكاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ژیاندا بوو، به‌ڵام ئێكسپرێشیونیزم (ده‌ربڕینخوازی) له‌ته‌قه‌لای به‌رجه‌سته‌كردنی لایه‌نه نادیاره‌كانی ژیان و نەستی مرۆڤدا بوو. هه‌ر له‌م ڕووه‌وه، بۆ نموونه هونه‌ری سینۆگرافیا و ڕۆڵی دەرهێنەر و داڕشتە و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی وێنه‌یی بووه چه‌مكه‌كانی ئه‌م شانۆیه و له هه‌مان کاتدا دابڕانێكی سه‌رانسه‌ری له‌گه‌ڵ سروشتگەرایی و ڕیالیزمدا دروست كرد.
شانۆی ئێکسپرێشیونیزم زۆر به‌خێرایی به هه‌موو جیهاندا بڵاو بووه‌وه، جگه له ستریندبێرگ، نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی ئۆژین ئۆنێل ١٨٨٨-١٩٥٣ لەم بوارەدا ڕۆڵێکی گرینگ و له بەرچاویان هه‌بووە، بۆ نموونە شانۆنامەی (غۆرێلا، یان مەیموونە تووکنەکە) و (ئیمپراتۆر جۆنز)یش نموونەیەکی بەرزی شانۆیەکی ئێکسپرێشیونیزمی ئۆنێل و شانۆی ئەمەریکیشە. ئۆنێل بەم دەقانەیی و هەندێک لە دەقە شانۆییەکانی تری، وەک (پرسە شایەنی ئێلێکترایە) و (لەودیو ئاسۆوە) توانی لە ڕیالیزم و ڕیالیزمی سیمبۆلیزمەوە بپەڕێتەوە بۆ شانۆیەکی بەرزی پڕ لە هێما و ئێکسپرێشیونیزمێکی باڵا بخوڵقێنێت. هەرچەندە ئۆنێل کەوتبووە ژێر کاریگەرییەکی بەهێزی ستریندبێرگ-ەوە، بەڵام توانی، شێوازێکی تایبەت بەخۆی بە دەست بهێنێت و هەروەک ستریندبێرگ ببێتە شانۆنامەنووسێکی گەورە، کە چ لە بواری ڕێبازی ڕیالیزم و چ لە بواری شانۆیەکی ئێکسپرێشونیزمدا جێگای خۆی لە سەر نەخشەی شانۆی جیهانیدا بکاتەوە.
ئەنجامەکانی جەنگی جیهانی دووەم
شۆڕشی ئێكسپرێشیونیزم له‌شانۆدا، سه‌ره‌تایه‌كی پته‌و بوو بۆ تەوژمه ئه‌زموونگه‌ری و دواتریش ئەدەبی ئه‌پسوردیزمی په‌نجاكانی سەدەی ڕابردوو. دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م ڕێبازی ئه‌پسۆردیزم له‌هه‌موو ته‌وژمه‌كانی تر زیاتر ده‌ركه‌وت؛ كه بۆ یه‌كه‌م جار له‌ساڵی ١٩٥٣دا شانۆنامه‌ی (به ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆوه) نەمایش کرا، زایه‌ڵه‌ی زه‌نگی رێبازێكی نوێ، شێوازێكی جیاواز و فۆرم و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تری مۆدێرنیزم ده‌نگی دایه‌وه. بێگومان نووسه‌ری ئێرله‌ندی (سامۆیل بێكێت) ١٩٠٦-١٩٨٩ پێشڕه‌وی ئه‌و قۆناغه نوێیه‌ی دراما و شانۆیه‌كی مۆدێرنی جیهانی بوو.
بێكێت ڕێگای بۆ كۆمه‌ڵێک شانۆنامه‌نووسی تری نه‌وه‌كه‌ی خۆی، له‌وانه‌یش (یوژین یونێسكۆ) ١٩٠٩-١٩٩٤خۆش کرد، یونێسكۆ به‌شانۆنامه‌ی (كورسیه‌كان)، كه له‌ساڵی ١٩٥٦دا بۆ یه‌كه‌مجار نەمایش کرا، مه‌ودایه‌كی گه‌وره‌تر و به‌ردە‌وامییه‌كی پته‌وی به بزووتنه‌وه‌ی شانۆی ئه‌بسۆرد به‌خشی. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه چ لای بێکێت له (به ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆوه) و چ له‌لای یۆنێسكۆ له (كورسیه‌كان)دا، بێگومان دەقەکانی تریشیان، زمان به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه و ئه‌و زمانه لۆژیكییه‌ی شانۆی ڕیالیزم کاری لەسەر دەکرد، به‌ته‌واوی تێك ده‌شكێنرێت. له‌بری ئه‌وه زمانێكی جیاواز: وشه‌ی پچڕ پچڕ، ڕسته‌ی ناته‌واو، ده‌سته‌واژه‌ی كورت، بێدەنگی، دووبارەبوونەوە … هتد ده‌بێته به‌شێك له تەکنیک و بنەما هزرییەکانی ئه‌م نووسه‌رانه.
بێجگە لە یونێسکۆ، ژان ژینییە ١٩١٠-١٩٨٦ و ئارتور ئەدامۆڤ ١٩٠٨- ١٩٧٠ دوو نووسەری تری گرینگی ئەم بوارەن. دابڕانی مرۆڤ، ته‌نهایی، كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگ و بێ هیوایی، نامۆبوون لە خۆ و له خێزان و كۆمه‌ڵگە، ده‌بن بە بەشێک لە بنه‌ما هزری و فه‌لسه‌فیه‌كانی ئه‌م نووسه‌رانه.
وشه‌ی پچڕ پچڕ، ڕسته‌ی ناته‌واو، ده‌سته‌واژه‌ی كورت، بێدەنگی، دووبارەبوونەوە، ده‌بێته به‌شێك له تەکنیک و بنەما هزرییەکان
مایرهۆڵد وێستگەیەکی گرینگی مۆدێزنیزم
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كاندا بزووتنه‌وه‌یه‌كی شانۆی مۆدێرن، به‌تایبه‌تی دوای ته‌قه‌لا زۆر ناتورالیزمیه‌كانی شانۆی سه‌ربه‌ست و ئه‌ندریه ئه‌نتوان له پاریس، ده‌ركه‌وت. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌یش گه‌شه‌كردن و به‌رده‌وامیه‌كی ڕاسته‌وخۆی شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ بوو. هه‌ر له بیسته‌كاندا دەرهێنەرێكی گه‌وره‌ی وه‌ك (ڤیسیڤۆڵد مایرهۆڵد) ١٨٧٤-١٩٤٢ ده‌ركه‌وت، ئه‌م هونه‌رمه‌نده گەنجە تەکنیکی بیۆمیكانیکی بۆ مەشق و ڕاهێنانی ئەکتەر داهێنا و هه‌وڵی دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ سەر بنه‌ما گەوهەری و سه‌ره‌تاییه‌كانی شانۆی گرێکی کۆن، شانۆی رۆژهه‌ڵاتی بە تایبەتیش شانۆی چین و ژاپۆن، هونەری پانتۆمایم، کۆمێدیای دیلارتی، شانۆی منداڵان… هتد. هەر لەم ڕووەوە بنه‌ما ئێستاتیكیه‌كان، بۆ خوڵقاندنی شانۆیەکی نوێ و جیاواز، تووخمێكی گرینگی مێتودی كاره‌كانی مایرهۆڵد بوو.
مایرهۆڵد ئەوەی بە تیۆر و پراکتیک دووپات دەکردەوە، کە سروشتگەراییەکان و ڕێبازە ڕیالیزمییەکەی شانۆی هونەریی مۆسکۆ بنەما گەوهەریی و سەرەکییەکانی شانۆیان لەبار بردووە و شانۆیان لە ڕووی تەکنیکی دەرهێنان و نواندنەوە بەرەو ڕێگایەکی داخراو بردوە. ئه‌م فۆرم و شێوازی كاركردنه‌ی مایرهۆڵد، کە بێگومان ناچێتە چوارچێوەی ڕیالیزمی سۆشیالیزمەوە، نابێته جێگای سه‌رنجی رووسیای ستالین، بۆیه ده‌گیرێت و زۆر به ئاسانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه دورده‌خرێته‌وه و دواتریش تیرۆر ده‌كرێت.
بنه‌ما ئێستاتیكیه‌كان، بۆ خوڵقاندنی شانۆیەکی نوێ و جیاواز، تووخمێكی گرینگی مێتودی كاره‌كانی مایرهۆڵد بوو
مۆدێرنیزمی ئەڵمانی
له ئه‌ڵمانیا (ماکس ڕاینهارت) ١٨٧٣-١٩٤٣ و (ئێرڤین بیسكاتۆر) ١٨٩٣-١٩٦٦ درێژه‌یان به ڕێبازه‌كه‌ی مایرهۆڵددا، به‌ڵام شانۆكه‌ی بیسكاتۆر دواتر ڕێچكه‌یه‌كی تری وه‌رگرت و بووه شانۆیه‌كی ڕامیاری و مه‌به‌ستی بوو، كه له ڕێگای چەمک و فۆرمەکانی شانۆی دۆکیومێنتاریی و تۆمارییه‌وه هانی چینی پرۆلیتاریا بدات تا شۆڕش هه‌ڵگیرسێنن. بیسکاتۆر تەکنیکی سینەمای هێنایە ناو شانۆوە و هەوڵی ئەوەی دەدا، سەر تەختەی شانۆ و هۆڵی بینەران پێکەوە ببەستێتەوە و ڕۆڵێکی تر ببەخشێت بە شانۆ. بیسكاتۆر له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (١٩٣٠)دا و له‌ڕێگای سویسراوه ئه‌ڵمانیا به جێ ده‌هێڵێت و دواجار له تاراوگەی ئه‌مریكا ده‌گیرسێته‌وه.
ڕاینهارت-یش ڕۆڵێکی گەورەی لە داهێنان و گەشەکردنی تەکنیک و ئامڕازە شانۆیی و کردەییەکانی هونەری شانۆ و تەکنیکی تەختەی شانۆدا گێڕاوە، بۆ نموونە داهێنانی تەختەیەکی شانۆی بزۆز، کە لە کاتی پێویستدا و بۆ گۆڕینی دیمەنەکان خولاوەتەوە. له‌م زنجیره گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تیانه‌ی شانۆی هاوچه‌رخدا یان مۆدێرندا، (برتۆڵد برێشت) ١٨٩٨-١٩٥٦ ده‌بێته به‌شێكی زۆر گرینگ و کاریگەر؛ برێشت توانی له‌ڕێگای شانۆ داستانی و فێرگه‌ییه‌كه‌یه‌وه هه‌ناسه‌یه‌كی نوێ ببه‌خشێته هونەری شانۆ. هه‌رچه‌نده ڕه‌گ و ڕیشه‌ی شانۆی داستان یان ته‌كنیک و فه‌لسه‌فه شانۆییه‌كه‌ی برێشت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مایرهۆڵد و دوای ئه‌وه به‌رده‌وامییه‌كی ڕاسته‌وخۆی بیسكاتۆر. به‌ڵام برێشت داهێنه‌ری یه‌كێك له گرینگ‌ترین تەکنیک و چه‌مكه‌كانی شانۆی هاوچه‌رخه، کە بە (نامۆبوون) ئاماژەی بۆ دەکرێت و شانۆی داستانی برێشتی لە چەمک و بنەماکانی شانۆی ئەریستۆ جیا دەکاتەوە، ئه‌م چه‌مكه ئێستێتیکیەیش تێگه‌یشتنی هاوكێشه و پرۆسه شانۆییه‌كانی بەته‌واوی گۆڕی.
برێشت بۆ پراکتیزەکردنی ڕێبازه شانۆییه‌كه‌ی خۆی كۆمه‌ڵێک دەق و شانۆنامه‌ی ناوازە و زۆر گرینگیش دەنووسێت، له‌وانه: ئۆپێرای دوانزە قو‌رشی، دایكه ئازا و منداڵه‌كانی، بنه‌ما و ده‌ره‌كی، مرۆڤی پاک، پۆنتێلا و ماتی، بازنەی تەباشیری قەوقاز، ژیانی گالیلای… هتد.
پیته‌ر بروک له‌كتێبی (پانتایی بۆش)دا گرینگییه‌كی زۆری به برێشت داوە و به كلیلی شانۆی هاوچه‌رخی داده‌نێت. هه‌روه‌ها بروك ئاماژه بۆ ئەوەیش ده‌كات، كه زۆر گرانه بۆ هه‌ر یه‌كێک به‌ڕاستی له بواری شانۆدا كارده‌كات، ئاوڕ له برێشت نه‌داته‌وه. بروک دەیەوێت کلیلی مۆدێرنیزمەی شانۆی هاوچەرخی جیهانی ببەخشێت بە برێشت و لە تەکنیکی نامۆبوونەوە چەمکی شانۆیەکی مۆدێرن بۆ شانۆی جیهانی دەستەبەر بکات.
بروک دەیەوێت کلیلی مۆدێرنیزمەی شانۆی هاوچەرخی جیهانی ببەخشێت بە برێشت و لە تەکنیکی نامۆبوونەوە چەمکی شانۆیەکی مۆدێرن بۆ شانۆی جیهانی دەستەبەر بکات
سەردەمێکی گڵۆباڵ و شانۆیەکی پۆستمۆدێرنیزم
ئه‌مڕۆ واقعی مرۆڤی هاوچه‌رخ یان مرۆڤی ئه‌م سەردەمە پۆستمۆدێرنیزمە، شان به‌شانی گڵۆباڵیزم و گۆڕانكارییه خێراكانی تری جیهان، ڕووبه‌ڕووی جۆرێكی جیاوازی هونه‌ر و شانۆ بۆته‌وه. شانۆیش له گێژاوی ئه‌م گۆڕانكاریە خێرایانه‌دا، به‌هه‌مان شێوه هه‌نگاوی خێرای ناوه؛ له (ئه‌ڤانتگه‌رته‌وه) بۆ (پۆستمۆدانیزم) و له‌وێشه‌وه بۆ فۆرم و شێوازەکانی (پێرڤۆرمێنس).
مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه بێ هیچ گیروگرفتێک له‌نێوان ئاكار و ترادیشونه ته‌قلیدییەکان و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ئاكارانه‌دا هاتووچۆ ده‌كات. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه بۆ كردنیشه ئه‌وه‌یه، كه له‌م پرۆسه‌یه‌دا دید و ناوه‌رۆكی شته‌كان، یاخود ده‌قه‌كان، ئاستی نەمایشه‌كان دیاری ناكات، به‌ڵكوو خودی نەمایشه‌كان گه‌مه‌ی پرۆسه‌كه ده‌خاته‌گه‌ڕ. شانۆی پۆستمۆدێرنیزم یەکێک لە بنەما گرینگەکانی داب و نەریتە قووڵ و دێرینەکەی شانۆی ڕۆژئاوای تێک شکاندووە؛ بۆ نموونە، کە لە ڕێگای وەهمەوە ڕاستییەکانمان سەبارەت بە واقیع و ڕەوشی مرۆڤ و کۆمەڵگە بۆ بەرجەستە دەکرا، بەتەواوی بوونی نەماوە. دەقە شانۆییه‌كان له پرۆسه پۆستمۆدێرنیزمەکاندا هه‌ڵده‌وه‌شێنرێن و سه‌رله‌نوێ له بوونیادی نەمایشه‌كاندا، بە شێوەیەکی تر ڕۆ ده‌نرێته‌وه و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه زه‌مه‌نێكی خه‌ونه‌ئامێز له‌خۆ ده‌گرێت. هاوکات ئەو پەیوەندییە بەهێز و قووڵەی لەنێوان دەق/ئەکتەر/کارەکتەر دا هەیە و بنەمایەکی گرینگی پرۆسەی نەمایش و کاری شانۆیە، لای شانۆیەکی پۆستمۆدێرنیزم، ئەو بەها بەرجەستەکارییەی نامێنێت.
چی تر کاری ئەکتەر بەرجەستەکردنی ڕۆڵ و کارەکتەرەکەی نییە، بەڵکوو لە بری ئەوە ئەکتەر/ڕۆڵ/کارەکتەر دەبێتە بەشێک لەو دیدە هەمە لایەن و وێنە جیاواز و خوێندنەوەیەی دەق، کە لەم ڕەوشەدا تێک شکێنراوە و بوون بە بەشێکی بچووک لە وێنە گشتگرە گەورەکە. دەق ڕێگا لۆژیکییەکەی خۆی لە خوێندنەوە و بەرجەستە کردندا ناگرێت، بەڵکوو دەبێت بە بەشێکی، هەندێک جار مینیاتری لە میکانیزمی نەمایشەکەدا. زۆر جار پێناسەی ئەکتەر لە شانۆی پۆستمۆدێرنیزمدا، بەوە دەکرێت، کە لە پاڵ ڕۆڵەکەیدا، خۆیشی وەک ئەکتەر/مرۆڤ ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە. ئەکتەر مامەڵە لەگەڵ ڕۆڵەکەی (کارەکتەر) بە هەمان شێوەی شانۆی نەریتگەرا ناکات و هەمیشە بوارێک لەنێوان خۆی و ڕۆڵەکەیدا هەیە. بەم شێوەیە ڕۆڵەکە بەردەوام بە تەنیشت ئەکتەرەکەوەیە، ئەکتەر و کارەکتەرەکە لە هێڵێکی تەریبی و لە دیدی دەرهێنەر و بنەما ئێستاتیکییەکەی نەمایشەکەدا، درێژ دەبێتەوە.
ئەکتەر و کارەکتەرەکە لە هێڵێکی تەریبی و لە دیدی دەرهێنەر و بنەما ئێستاتیکییەکەی نەمایشەکەدا
خاڵێکی تری گرینگ، کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین، ئەوەیە کە نەستی تاک و کۆ، لە نەمایشە شانۆییە پۆستمۆدێرنیزمەکاندا، دەچێتە نێو پانتاییەکانی هەستەوە، بەمەیش خۆمان دەبینە وێنەیەک، یان بەشێک لە فیگور و کارەکتەرەکان. بێگومان زمانی جەستە لە شانۆی پۆستمۆدێرنیزم دا زاڵە، ئەم زمانە جەستەییە گوزارشت لە هیچ شتێکی شاراوە، یان نەستی ناوەوەمان ناکات، بەڵکوو بەشێکە لە زمانە شانۆییە بینراوەکەی، لەو ساتەدا لەسەر شانۆ و لە پرۆسە هونەرییەکەدا پیشان دەدرێت. تەکنیکە باڵاکانی شانۆی هاوچەرخ و مۆدێرنیش، جۆرە مەودا و جیاوازییەک لەنێوان ڕواڵەت و قووڵیدا دروست دەکات.
ئه‌وه‌ی پۆستمۆدانیزمه‌كان لە شانۆدا باسی ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تاكه‌ی به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دید و بیروبۆچوونه تیۆرییە‌كانی (ئەنتۆنان ئارتۆ) ١٨٩٦-١٩٤٨ و دواتریش (گرۆتۆڤسكی) ١٩٢٢-١٩٩٩ ئه‌و دیده جیاوازه شانۆییانه، ئه‌مڕۆ له پرۆسه‌ی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی زه‌مه‌ندا گه‌یشتونەتە قۆناغه‌كانی پۆستمۆدێرنیزم. هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ناوه‌نده گرینگه‌كانی شانۆیه‌كی پۆستمۆدێرنیزم شكاندنی هه‌موو به‌ربه‌سته ته‌قلیدییه‌كان و گه‌مه‌كردنه به‌و سنوره داڕێژراوه‌ی، كه له‌نێوان بینه‌ر و ته‌خته‌ی شانۆدایه. جووڵانه‌وه‌ی پۆستمۆدێرنیزم له حه‌فتاكاندا سه‌ری هه‌ڵداوه و ئه‌مڕۆیش گه‌یشتۆته ئاستێكی به‌رز، دەرهێنەری ئینگلیزی (ڕۆبێرت ویلسون) و (ڕۆبێرت لێباش)ی كه‌نه‌دی دوو ده‌نگی گرنیگی شانۆیه‌كی پۆستمۆدێرنیزمن. ئه‌م دوو دەرهێنەره به‌رده‌وام له‌سه‌ر زۆربه‌ی شانۆی وڵاته ئه‌وروپیه‌كان كارده‌كه‌ن و پلاتفۆرمێکی پۆستمۆدێرنیزمیان بۆ شانۆی ئەوروپی خوڵقاندووە و کاریگەریەکانیشیان بەسەر شانۆکارانی دنیا و ڕەوتی شانۆی جیهانییەوە بە ڕوونی دیارە.
له شانۆی پۆستمۆدێرنیزمدا ئاستێكی گرینگی جیاوازتر له پرۆسه شانۆییه‌كاندا ده‌به‌خشرێته پێگە و به‌های بینه‌ران و له دووتوێی كۆمه‌ڵه ڕووداوێكی ناته‌با، نالۆژیكی و كۆلاشئاسادا، بینه‌ر و شانۆ هه‌موو په‌یوه‌ندییه ته‌قلیدیه‌كانی خۆیان له‌ده‌ست دەدەن. كاره‌كته‌ره‌كان، هه‌ریه‌كه وه‌ك خودی سه‌ربه‌خۆ و دوور له یه‌كتری و له دەرەوەی بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه، بەوپەڕی سەربەستییەوە ده‌جووڵێنەوه.
ستراكتۆره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌م شانۆیه، وێنه‌ییه و کردەی (بینین) ڕۆڵێكی گرینگتری هه‌یه وه‌ك له کردەی (گوێگرتن). هەر لەم بنەمایانەیشەوە دەتوانین بڵێن، کە شانۆی پۆستمۆدێرنیزم گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ بنه‌ما ڕیتواڵی و داستان و ئه‌فسانه‌كان، بەڵام بە ئاڕاستەیەکی تر و پێچەوانەدا.
جگه له‌و دوو دەرهێنەره‌ی لای سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆ كرد، كۆمه‌ڵێک گرووپی تری گرینگیش له وڵاته‌كانی ئه‌وروپادا هه‌ن، بۆ نموونه گروپی Tg Stan، کە گرووپێکی به‌لچیكییە، له‌م بواره مۆدێرنه‌ی شانۆدا هه‌نگاوی گه‌وره و فراوانیان ناوه. ئەم گروپە به هه‌ناسه‌یه‌كی پۆستمۆدێرنیزمی درێژخایەن كارده‌كه‌ن، یه‌كێک له نەمایشه گرینگه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییان شانۆنامه‌ی (Poguelin) بوو، کە لە هه‌شت شانۆنامه‌ی جۆراوجۆری (مۆلییر)ه‌وه ئاماده‌یان کردووە. ئەم گرووپە لەم نەمایشەدا لەسەر تێکشکاندنێکی تەواوی زمانی دەقەکان کاریان کردووە و زمانێکی مەجازی تەکنیکی و فۆرمێکی نزیک لە پێرڤۆرمێنسیان بە کار هێناوە.
په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌موو جۆره ئایدۆلۆژیه‌تێكیش به‌هاكانی خۆی به‌ته‌واوی له ده‌ست داوه
ڕه‌خنه‌گره‌كان له شڕۆڤەی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ئه‌وه‌یان دووپات کردۆتەوە، كه به‌كارهێنانی زمان و بەو شێوەیە، ببووه یه‌كه‌یه‌كی گرینگی نمایشه‌كه: وشه‌ی پچڕ پچڕ، به‌كارهێنانی ڕیتواڵ، مۆسیقا، ده‌نگی جیاواز، پانتۆمیم، سەما و زمانی جەستە، ڕیتم، ته‌رتیله‌ی دینی و فۆلكلۆری و دابه‌شكردنی ده‌یالۆگەکان… هتد. ئه‌مه ته‌نها نموونه‌یه‌كه له‌نێوان هه‌زاره‌ها نموونەی پرۆژه پۆستمۆدێرنیزمەکاندا و مه‌سه‌له‌ی پۆستمۆدێرنیزمیش گه‌یشتۆته كۆتایی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه گه‌وره‌كان.
ئه‌وه‌ی له‌م نه‌خشه نوێیه‌دا گرینگە ئاماژه‌ی بۆ بكرێت، ئەوەیە، کە په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌موو جۆره ئایدۆلۆژیه‌تێكیش به‌هاكانی خۆی به‌ته‌واوی له ده‌ست داوه.
ئه‌كته‌ر و هونه‌ری نواندنیش له‌م پرۆسه پۆستمۆدێرنیزمه‌دا جێگای سه‌رنج و بایه‌خپێدانه؛ ئه‌كته‌ره‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕۆڵی یان كاره‌كته‌ری ترادیشۆنی و نەریتگەرا نابینن، به‌ڵكوو له‌بری ئه‌وه زۆر به ڕوونی و ئاشكرا به بێلایه‌نی و دووره‌په‌رێزی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆڵه‌كانیان ده‌كه‌ن. هه‌ندێک له ڕه‌خنه‌گره ئه‌وروپیه‌كان، به‌زمانێكی گاڵته‌ئامێزه‌وه ده‌ڵێن (پۆستبرێشتیزم)، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ته‌كنیكی نامۆبوون و دوور وه‌ستانی ئه‌كته‌ر له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كانیاندا، هەروەک له شانۆ داستانییەکەی برێشتدا پەیڕەوی دەکرێت.
ئه‌وه‌مان له یاد نه‌چێت، کە ئه‌م پۆستبرێشته نوێیه، مەبەستم (پۆستمۆدێرنیزم)، به پێچه‌وانه‌ی برێشت-ه‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك پەیڕەوی بنەما سیاسییەکان، نە چەپ و نە ڕاست و نە لیبرالیزم، ناکات و هیچ جۆره ئایدۆلۆژییه‌تێک له‌خۆ ناگرێت.