عه‌ونی یوسف : ڕووناكبیرێكی گه‌وره و سیاسه‌تمه‌دارێكی كارامه
د . صەباحی غالب. نووسەر – لەندەن
عه‌ونی یوسف یه‌كێك بوو له ڕۆڵه به ئه‌مه‌ك و دیاره‌كانی شاری هه‌ولێر، هێنده به جه‌وهه‌ر بوو له چالاكی سیاسه‌تێكی خاوێنی بۆ كورد سووتاو، كاریگه‌ری له‌و شاره‌دا دیاربوو. ئه‌و یاده‌وه‌ری یا گه‌نجینه‌ی بیر و باوه‌ڕی خۆی، ته‌نیا له كۆڵانه‌كانی هه‌ولێردا كۆنهكردبۆووه، له‌گه‌ڵ ئهوانهيشدا، سه‌وداسه‌ری ناسینی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك، شه‌قام و بنهبهستهكان، قه‌یسه‌ری و بازاڕه‌كانی هه‌ولێر بوو، جارێك له سلێمانی سه‌ری ده‌رده‌چوو، جارێكیش له‌هه‌ولێر، ئه‌وجا كه‌ركوك، ئه‌و ڕێبواری شاخ و داغی نیشتمان بوو، به دۆڵ و هه‌وراز و نشێودا سه‌روخواری ده‌كرد، له كانیاوی كام سه‌رچاوه سافی مێژوو هه‌بوو ئاوی خواردبۆوه، دار به دار، ڕه‌گ به ڕه‌گی، كام لقه‌ی به‌رز بوو، پێیگه‌یشتبوو، كام لاسكی شۆڕه‌وه‌بووی ناسكی هه‌بوون، بۆنی كردبوون، سه‌ری له مه‌یدانی جه‌نگه‌كان و له‌شكری كورد و سوپای داگیركه‌ری كوردستانیش هه‌ڵێنابوو، له زانین و له ئاگادارییه‌وه گه‌یشتبووه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه له‌و مێژووه‌دا، نه‌ك هه‌ر حه‌قیقه‌تی كورد، به‌ڵكو ناخ و سێبه‌ری كوردیش پهرتكرابوو، گیانی مرۆڤی كوردیش یا نامۆ یا دهستهمۆكرابوو، له‌وه‌دا هێنده‌ی داگیركه‌ر و دوژمنانی به تاوانبار ده‌زانی، داخی له كوردیش ده‌خوارد، بۆیه دوای تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتن، هه‌میشه ده‌یوت: “جه‌ناب كورد مه‌غدووره”
دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار، عه‌ونی یوسفی ته‌نیا وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌ك ته‌ماشا نه‌ده‌كرد، زۆر له‌وه گه‌وره‌تر ده‌یبینی، به ئه‌ندازه‌یه‌ك وایده‌زانی كه عه‌ونی یوسف دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی سییه‌كان و چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بوو، به‌ڵگه و هه‌ڵكه‌وته‌ی كوردایه‌تی ڕۆژگاری خۆی بوو، هێنده كاریگه‌ری و سامی پیاوه‌تی و جوامێری تێدا بووه، چاوپێكه‌وتنێكی ئه‌و، ئاواتی كوڕگه‌لی هۆشیاری هه‌ولێریان بوو، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ستی لوتف و گه‌وره‌یی بگەيشتایهته سه‌ر سه‌ری یه‌كێك، ئه‌وه ده‌بووه شه‌رفێكی گه‌وره بۆ ئه‌و كه‌سه.
ده‌سته‌وشه‌ی “جه‌ناب كورد مه‌غدووره” لای عه‌ونی یوسف، بۆ ئه‌وه نه‌بوو هه‌ر بیڵێ و بیڵێته‌وه، بۆ ئه‌و بوو كورد بگاته قۆناغێك و خۆشی بگاته قه‌ناعه‌تێك كه بڵێ: “نا جه‌ناب كورد مه‌غدوور نییه”، كورد ده‌توانێ مه‌غدوورییه‌ت له‌سه‌ر خۆی لابه‌رێ، به‌ڵام نه‌ك ئه‌و، وه‌چه‌ی دوای ئه‌و پیاوه گهورهیهيش كه ئێمه مانانین، هه‌ر هیوای ئه‌وه‌مانه خۆر له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌ڵبێ، كه‌چی یا هه‌ڵنایه یا ئه‌گه‌ر هه‌ڵیش بێ، پێش دوژمنان، نه‌زان و سیاسه‌تمه‌داری نه‌فام و ناحاڵی، بهریدهگرن و ده‌بنه كه‌وا سووری به‌ر له‌شكری دوژمن، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ و زلله‌ی ڕووداوه‌كانه پێمان ده‌ڵێ: جه‌ناب كورد مه‌غدووری ده‌ستی خۆیه‌تی، هاوكات، جه‌ناب كورد مه‌غدووری داگیركه‌ران و دوژمنانی خۆیه‌تی.
قۆناغی ژیانی عه‌ونی یوسف، 1908 ـ 1988، بۆ نه‌ته‌وه‌كانی ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی، قۆناغی هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بوو. پێش ئه‌و كاته و له سه‌رده‌می كۆتایی میرنشینی بابان‌دا، گه‌وره شاعیر و ڕووناكبیر له ناو كورددا ههڵكهوتبوون. مه‌ولانا خالیدی كوردیی شاره‌زووری، سالم، وه‌ره بۆ حاجی قادری كۆیی، به‌درخانییه‌كان، ئه‌وجا بۆ پیره‌مێردی شاعیر و محه‌مه‌دئه‌مین زهكیی مێژوونووسی گه‌وره، هه‌ر یه‌كه سه‌رگه‌رمی بیركردنه‌وه بۆ كورد و خولیای ئازادی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بوون، هه‌بوونی ئه‌وان، وه‌ك هه‌بوونی ئاو بوون، به‌ڵام بهراوێك نه‌بوو، هه‌مووی ڕه‌قه‌ن بوو، سیاسه‌تمه‌دارێكی وا هه‌ڵنه‌كه‌وت كه‌ڵك له‌وان ببینێ، به به‌رنامه‌یه‌كی عه‌قڵانی و تێگه‌یشتنه‌وه، سیاسه‌ت له مێژوو، له زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی و له قانوون ئاوێته و هاوته‌ریب بكا. عه‌ونی یوسف خۆی به قوتابی ئه‌وانه ده‌زانی، هه‌ر له مێر منداڵییه‌وه له‌ناخه‌وه هه‌ڵوه‌دای سیاسه‌ت بوو، هاوهه‌ستی غهدرلێكراوان و هه‌ژاران بوو، هه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وه بۆ خوێندنی قانوون، كهمهركێشی كرد.
عه‌ونی یوسف په‌له‌ی بوو ڕۆژێك زووتر كۆلێژی حقوقی زانكۆی به‌غدا ته‌واوبكا، به جۆرێك خۆی له سیاسه‌ت و له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ڕه‌ش و ڕووت ئاڵاندبوو، به هیوا بوو له‌و مهغدورییهتهی كورددا، هه‌موو هاوبیر، هاوهه‌ست، به‌یه‌كڕیزی و یه‌ك به‌رنامه‌یی و به پێشه‌وایه‌تی یه‌ك پێشه‌وا، گۆڕانكاری گه‌وره دروستبكا، به‌ڵام ڕۆژگار به ئاره‌زووی ئه‌و و هه‌زارانی وه‌ك ئه‌و هه‌ڵنه‌سووڕا و چاوی به كلی ئه‌ویش و ئێمه‌يش، كلچێوكی تێدا شكا.
له بیری ئێمه‌دایه كه له ساڵی 1964، له گه‌رمه‌ی شۆڕشی ئه‌یلولدا، له ڕۆشتن به‌ره‌و ئاسۆدا، له ده‌وڵه‌مه‌ندی و به‌رچاو تێری قافڵه‌ی شه‌هیداندا، له بوونی زۆرترین خوێنده‌واری ناو ڕیزه‌كانی پارتیدا، له كاتی گفتوگۆ و دانوستاندا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عه‌بدولسه‌لام عارف، له پڕێكدا، پارتی دیموكراتی كوردستان، شۆڕشی ئه‌یلول، له‌وه‌يش كاره‌ساتتر هه‌موو كورد دووبه‌ره‌كی تێكه‌وت، سه‌ری كێوانی تاریك كرد، تا دوێنی عه‌ونی یوسف ده‌یوت: “جه‌ناب كورد مه‌غدووره”، ئه‌و پیاوه چووه سه‌ردانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی كه دۆستێكی نزیكی یه‌كدی بوون، له قسه و باسی نێوانیاندا، ناڕه‌حه‌تی به هه‌ردووكیانه‌وه دیاربوو، چی وترا و چی بیسترا ئه‌نجامدرا، له‌و باسانه‌دا دهستهوشهیهكی دیكه‌ی پڕ مانا كه له بیری قووڵ و لێكدانهویهكی به‌رز و له ناخێكی به سوێوه، له ئازارێكی به هێز و له تاساوی عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا و وتی: “جه‌ناب مه‌قایس نه‌ماوه”، ئه‌و قسه سێ وشه‌یه، پڕ به پڕی هه‌ژانی عه‌قڵی هه‌موو دڵسۆزانی كورد بوو. لهمهيشدا عه‌ونی یوسف به هیوای ئه‌وه بوو كه ڕۆژێك دابێ بڵێ و بڵێته‌وه: “جه‌ناب مه‌قایس به‌ركه‌ماڵه”، نه‌ك ئه‌وه فێرنه‌بووین مه‌قایس بگێڕینه‌وه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانمان، به‌ڵكو هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه مانای (مه‌قایس)مان له ژایندا هه‌ڵگرت، بێ بوونی مه‌قایس، شیرازه‌ی هه‌موو شتێك له گرێژه‌نه ده‌چێ، وه‌ك لای كوردی لێدێ.
عه‌ونی یوسف ئه‌و پیاوه بوو كه هه‌ولێر به ئه‌و و ده‌یان و سه‌دانی وه‌ك ئه‌وه‌وه، تاجی گه‌وره‌یی له‌سه‌ر نابوو، ئه‌و تاجه‌ی كه نه به داگیركه‌ران و نه به لێنهزانانی خۆ به سیاسه‌ت خه‌ریككردنی هه‌ندێك داناگیرێ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و تاجه‌ی كه خۆی و خۆیان و خه‌ڵك كردبوویه سه‌ریان، بۆیه هه‌ر به‌سه‌ریانه‌وه ده‌مێنێ، ئه‌و تاجه‌ی ئه‌وان كردبوویان به تاج، تاج به‌وه شه‌ره‌فمه‌ند بوو كه له سه‌ری عه‌ونی یوسف و وه‌ك عه‌ونی یوسفهكاندا بێ.
له‌نده‌ن ـ 28ی نیسانی 2024