ئێدمۆند هوسێرل فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەلمانیا
د. نەجمەدین کەریم
دکتۆرا لەبواری مێژووی فەلسەفە/ ستۆکهۆلم
هوسێرل فەیلەسوفێکی بەناوبانگی هاوچەرخی ئەڵمانییە ، ناوبراو لە نێوان ساڵانی ١٨٥٩ – ١٩٣٨ دا ژیاوە . ناوبراو مامۆستای زانکۆی گۆتینبێرگ و فرایبۆرگ بووە ، دامەزرێنەری ڕێباز و قوتابخانەی فینۆمینۆلۆژییە ، ئەو ڕێبازەی دەنگدانەوە و کاریگەرییەکی گەورەی لە فەلسەفەی هاوچەرخی ئەوڕوپی دا دروستکرد . بوو بە بناخەیەکیش بۆ هزر و ڕەوتی ئێکسیستێنسیالیزمی ئەڵمانی و فەرەنسی .
بنەماکانی هزری فەلسەفی هوسێرل لە ژێر کاریگەریی دیدە فەلسەفییەکانی ئەفلاتۆن و لایبنیتز سەرچاوەدەگرێت . ئامانجی سەرەکی ناوبراویش ئەوەبوو ، کە فەلسەفە بکات بە زانستێکی پتەو و لە بازنەی زانستە سروشتییەکانەوە بەرەو مرۆڤ و لایەنە کۆمەڵایەتیەکان بەرێت .
پێی وابوو هۆشیاری مرۆڤ دابڕاوە لە بوونی واقیع
شاکارەکانی ئەو کەلە پیاوەش / فێنۆمینۆلۆژیای ترانسێندێنتال و قەیران لە زانستی ئەوڕوپی دا ، فەلسەفەی یەکەمە ، کە لە نێوان سالانی ١٩٥٤ و ١٩٥٩ دا بلاوکراونەتەوە . ئامانجێکی تری هزری فەلسەفی هوسێرل لەوەدابووە ، کە لە هەوڵی دروستکردنی لۆژیکێکی شکلی دابووە بۆ پرۆسەی مەعریفی ، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە ، ناوبراو پێی وابووە ، کە چەمک و یاسا لۆژیکییەکان دەبێت بە شێوەیەکی تایبەت دیاریبکرێن . هەرچەندە ناوبراو بانگەوازی بێلایەنی دەکات ، بەڵام فەیلەسوف لەو باوەڕەدایە ، کە هۆشیاری مرۆڤ دابڕاوە لە بوونی واقیع و تایبەتمەندییەکی تەواوی زاتە ، ئەوەش هەر وەک دیدە ئیدیالییە بابەتەکەی ئەفڵاتۆن وایە ،کە گەوهەری شتەکان لە خودی خۆیدا دەبینێتەوە ، نەک واقیع.
هزری فەلسەفی هوسێرل بەرەو جۆرە ئیدیالیزمێکی زاتی ڕێدەکات
بە شێوەیەکی گشتی ، هزری فەلسەفی هوسێرل بەرەو جۆرە ئیدیالیزمێکی زاتی ڕێدەکات ، چونکە بابەتی مەعریفەت بۆ دەرەوەی هۆشیاری زات ناباتەوە ، بەلکو بۆ تەرکیزکردنی هەستەکان دەباتەوە ، هەڵچوونەکانی مرۆڤیش بە پێوەری راستی شتەکان دەباتەوە ، کە پاشان ئەم هزرە بە شێوازی جۆراو جۆر کاری لە بزاڤی ئێکسیستێنسیالیزمی هایدگەر و سارتەر کرد . جێگاو کاریگەریی هزری فەلسەفی هوسێرل لە فەلسەفەی هاوچەرخ دا بە ڕوونی دیارە ، لە ئۆنتۆلۆژی ڕەخنەگرانەی هارتمان دا بە ئاشکرا هەستپێدەکرێت .