فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕۆمان و غەفڵەت

حەمەفەریق حەسەن

ئەگەرچی ژانرە ئەدەبییەکان بە قەبارە، ژمارە و چەندێتی نین، بەڵکو بە چۆنێتین؛ لەگەڵ ئەوەشدا، من تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر کورتە چیرۆکم نووسیوە. هەر سەبارەت بە ئەدەبی گێراونەوە، سێ ڕۆمانیشم نووسیوە. وەلێ بە نیازی پێداچوونەوە بۆ بەرهەمەکانم، پێش بڵاوکردنەوەیان یەک دەقیشم پیشانی هیچ شارەزایەک، یان هیچ خوێنەرێکی ئاشنای خۆم نەداوە. بەڵکو هاوڕێکانیشم وەک خوێنەری ئاسایی، لە بڵاڤۆکەکاندا دەقی منیان دیوە و خوێندووەتەوە. یان دوای چاپکردنی لە بیچمی کتێبدا بەرچاویان کەوتووە.

ڕۆماننووسیش مرۆڤە. مرۆڤ با خاوەن ئەزموونیش بیت، بۆی هەیە بکەوێتە هەڵەوە

 

یەک لەباری کورتەچیرۆک و وردیلەچیرۆک، چونکە کورتن و ڕووداوی کەمیان تیدایە، پێوست بەوە ناکات پێش بڵاوکردنەوە، پیشانی شارەزای بدەیت. بەڵام ڕۆماننووسی وڵاتان، دوای ئەوەی لە نووسینی ڕۆمانەکەی بووەوە، پیشانی هاوڕێیەکی بە ئەزموونی خۆی دەدات، تاکو بە وردی بیخوێنێتەوە و لەو غەفڵەتانەی، کە تێیکەوتووە ئاگاداری بکات. ئەمەیان سەبارەت بە ژانری ڕۆمان. ڕۆماننووسیش مرۆڤە. مرۆڤ با خاوەن ئەزموونیش بیت، بۆی هەیە بکەوێتە هەڵەوە.

من ئەم فاکتە ساکارە دەزانم. دەشزانم، کە کەم ڕۆمان لە دونیادا هەیە غەفڵەتی تێنەکەوتبێ. بە ڕۆمانی ئەو نووسەرانەشەوە کە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵن. لەگەڵ ئەوەشدا، من ئامادە نیم ڕۆمانی خۆم پیشانی هیچ شارەزایەک بدەم. (لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆیان)

 

باوەڕ بکەن دەقێکی هێندە پەڕپووت و وێران بوو، مانگێک لەگەڵیدا خەریک بووم،

هەڵبەت ئەم بۆچوونەش بێ مەڵامەت نییە و هۆکارێکی لە پشتەوەیە. هۆکارەکە پێوەندیی بە تایبەتمەندی و هەڵکەوتەی مرۆڤی کوردەوە هەیە. جا ئەو مرۆڤە لە هەر ئاستێکی ڕووناکبیریدا بێت. باوەڕتان هەبێت، لەم بوارەشدا، مرۆڤی کورد لە مرۆڤی میللەتانی دونیا ناچێت. ئەگەر خوانەخواستە، من ئەو هەڵەیەم کرد و بەر لە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەم، پیشانی یەکێکم دا؛ دیسان ئەگەر خوانەخواستە ئەو یەکە غەفڵەتێکی لێ دۆزییەوە، کە زۆر ئاسایییە، منیش بە قسەم کرد و غەفڵەتەکەم ڕاست کردەوە. ئیتر ئەو کەسە بەر لەوەی ڕۆمانەکەی من بڵاو ببێتەوە، قوو بە شاردا دەکات و هەر مرۆڤێک بناسێت لای باس دەکات و پێیان دەڵێت:

 

(تکایە گەلی برادەران، با هەموو لایەک ئاگاردار بن! فڵان کەس بەم زوانە ڕۆمانێک بە ناونیشانی (…) بڵاو دەکاتەوە، من پێداچوومەتەوە و سەرلەبەری هەڵەکانیم بۆ ڕاست کردووەتەوە! باوەڕ بکەن دەقێکی هێندە پەڕپووت و وێران بوو، مانگێک لەگەڵیدا خەریک بووم، هەتا بۆم کرد بە ڕۆمان!) دیارە هەموو خوێندەوارێک وا نییە، بەڵام لەم جۆرەمان زۆرە، کە کێچێک دەکەن بە گایەک. ئاوایە ئیتر. تۆ بە خێر و من بە سەلامەت.